مەلەكان بابفڕن وباڵیان مەشكێنن!
مەلەكان بابفڕن وباڵیان مەشكێنن!
زاگرۆس نانەكەلی
مەلە جوانەكانی با لەئاسمانی شینی وڵات باڵەفڕكە بكەن وبفڕن وباڵیان مەشكێنن،هەڵفڕین ئارامی و توانای دەوێت،بەڵام قسەیەكی پێچەوانە و دژ ، باڵەكان دەشكێنێ،میدیای وەرزشی كوردی پێویستی بە هزر و توانا و بیر و مەلی جوانی نوێ هەیە،بۆ ئەوەی زەمەنَی لەگەڵ ئێمەمانان و ئایندە لێك گرێدەن و نیشتمانێكی میدیای وەرزشی بنیاد بنێن.
رێكخراوی (میتان بۆ پەرەپێدانی میدیای وەرزشی) كە ئەمساڵ مۆڵەتی وەرگرت وبڕیاری كارگێڕی بۆ دەركرا،لەیەكەم هەنگاویدا بەرەو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كەشتیەكەی كەوتە رێ و لەوێ لەنگەری گرت،راستە ئێمەبەرەنگاری ئالینگاری زۆری ئەم رۆژگارە بووینەوە،قەیران و كەمی هەناسەی گوزەران و پەككەوتنی ڕەوڕەوەی داهێنان و لەباربردنی پرۆژە و هزر و لۆژیكی ژیان.
سەرەڕای ئەمانەش خودی خۆت و هاوڕێكانت بەگەورەترین پاڵپشت بزانن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەكان،چونكە دەستەوەستان وگلەیی و كارنەكردن و بیرنەكردنەوە لە ریزی مردووەكان خۆت دەدۆزیەوە،مەبەستمان مەلە جوانەكانی وڵات فێری فڕین بكەین ونەهێلین باڵیان بشكێنن،بۆیە زۆزگ وكۆڕەك و هەندرێن و برادۆستمان بڕی و لەگەڵ كۆمەڵێك مەلی جوانی ئاسمانی شینی وڵاتەكەم و بۆ ماوەی دوو رۆژ لەگەڵ هاوكارانم و هاوڕێیانمان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران خولێكی فێربوونی میدیای وەرزشیمان بۆ كردنەوە.
رێكخراوی میتان سەرەتا ویەكەم هەنگاویشی بوو،دوا هەنگاویشی نابێت،بەرنامە وپلانمان ئەوەیە هەموو وڵات پڕ بكەین لە جولە و خول و كاركردن بەخۆڕایی و بێ ماندووبوون،چونكەخزمەتی نیشتمان ئەركی هەموومانە نەك منەت بێت،ناوەستین تا نەگەینە لوتكەی ئارامی و شكاندنی هەموو قەیرانەكان،لە سۆرانیش ئەوەی دڵخۆشی كردین گوڵبژێرێك كچ وكوڕی وڵاتەكەم بەو پەڕی خۆشحاڵی وپەرۆشی بەشداری خولەكەیان كرد ولەچاویان دەخوێندرایەوە چەند هۆگری میدیای وەرزشین،ئەوەی بێزاری كردین فێربوونی میدیای وەرزشی بەبێ ئامادەبوونی میدیاكاران و دەزگاكانی میدیای وەرزشی بوو و تەنها دوو دەزگا نەبێت!.