خەونێكی گەورەیە بۆمن بوون بە یاریزانێكی باش

خەونێكی گەورەیە بۆمن بوون بە یاریزانێكی باش

دلستان محەمەد یاریزانی كاراتێ‌ یانەی شێروانە
یانەی شێروانەی قەزای كەلاری سەر بە ئیدارەی گەرمیان یەكێك لەو قەزایانەی كە گرنگی زۆر بە بواری وەرزشی دەدەن لە سەر هەردوو ئاستی كچان و كوڕان، تیپی كاراتێ‌ یانەكەكەش یەكێك لە تیپە هەرە بەهێزەكانی سەر ئاستی كوردستان و عێراقە، ساڵانە لەگەڵ كردنەوەی خولە جۆراوجۆرەكان بەردەوام لە كێبڕكێ دابوونە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە و شەڕكردن لەسەر بەدەستهێنانی نازناوەكانی كوردستان و عێراق، یەكێك لە كچە یاریزانەبەتواناكانی یانەكەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەگەڵ یانەی شێروانە دلستان محەمەد-ە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2003 و پێشووتر یاری بۆ هەریەك لە یانەكانی قەرەداخ و سەیدسادق كردوە ئێستاش بەردەوامە لە تیپی كاراتێ‌ یانەی شێروانە ، گۆڤاری گوڵان لە نزیكەوە چەند پرسیارێكی ئاراستەكرد، ئەویش وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
دیمانە: كارزان كانەبی
*چۆن بوو هاتیتە نێو جیهانی وەرزشی؟
- من حەزم لە وەرزشەكەیە و خەونێكی گەورەیە بۆمن بوون بە یاریزانێكی باش، بۆیە وەرزشەكەم هەڵبژاردوە هونەری جەنگ هونەرێكی یەكجار گرنگە كە من یان هەر كەسێكی تر فێری بێت، وە بۆ ئەم هونەرە كارتێم.
*لە نێو ئەم هەموو وەرزشە چۆن بوو یاری كاراتێت هەڵبژارد؟
- هەڵبژاردنەكە لە ڕووی جەستییەوە، وە لە ڕووی مێشكەوە زۆر چاڵاكم دەكات.
*هەست ناكەی یارییەكی قورست هەڵبژاردوە؟
-یارییەكی قورسە شەڕكردن بە تایبەت بۆ ئافرتان، بەڵام وەكو گوتی هونەر بەرگری كردنە كە ئەمەش زۆر گرینگە بۆ تاكەكەس.
*ئاستی یارییەكانی كاراتێ چۆن دەبینی لە كوردستان؟
-لە كوردستان بە شێوەیەكی گشتی وەرزش گرینگی ئەوتۆی نەبووە، بەڵام لە ئێستادا ئەوەی بتوانێ‌ ووڵات پێش بخات وەرزش و هونەرە، هیوادارم ئەو یاریزانانەی كە بەتوانان پشتگوێ نەخرێن لە كوردستان.
*چی بكرێت باشە بۆ بەرەووپێشبردنی ئاستی ئەم یارییە؟
-پێویستە ئەم یارییە نیشان بدەین، ساڵانە زۆرترین پاڵەوانێتی بكرێتەوە یاریزانەكانمان هەڵبژێرین بۆ دەرەوەی كوردستان.
*ڕاستە دەلێن یانەكانی كوردستان تیپی كاراتێ‌ كچانیان لە یانەكانیان پشتگوێ خستووە؟
-بە دڵنیاییەوە ڕاستە كچان لە ڕووی وەرزشی كاراتییەوە پشتگوێ خستوە، ئێمە چەندەها یاریزانی كچمان هەیە زۆر بەتوانان، بەڵام وەك پاڵەوان هەر لە شوێن خۆیان ماونەتەوە بەهۆی ئەوەی پشتگیرییەك نەكراون بۆ ئەوەی لە دەرەوە یاری بكەن.
*بەرنامەت چیە بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە پاڵەوانێك؟
-بەرنامەم وایە لە داهاتوودا بتوانم ببم بە یاریزانێكی باش لە بوارەكەی خۆم.
*سەركەوتن چ هەستێكت پێ دەبەخشێ‌؟
-بەڕاستی هەستێكی خۆشە سەربكەویت لە كارێك كە پێوە ماندوو بوویت.
*كێ بە ڕكابەری خۆت دەزانی؟
-چەندەها یاریزانی لە من باشتر هەیە، یاریكردن خۆی ڕكابەریەتیە لە نێوان یەكتری دا.
*هیواو ئاواتت وەكو كچە وەرزشكارێك؟
-بەهیوای ئەوەم رۆژێك لە ڕۆژان ببم بە پاڵەوان لە یەكێك لە یانە ئەوروپییەكان.
*بۆچی كچان بە كەمی ڕوو لەم وەرزشە دەكەن؟
-بە كوردستان بە گشتی كچ لە وەرزشدا كەمە وە بە تایبەت وەرزشی كاراتێ‌ كە بە شتێكی نەگونجاو تێگەیشتوون بۆ ئافرەت، وە ئەمەش وا دەكات رێژەی كچ لە ناو ئەم وەرزشە كەم بێت.
*هیچ یانەیەك گرێبەستی پێشكەش نەكردووی؟
-لەبەر ئەوەی یاریزانێكی زۆر كۆن نیم، وە لەبەر ئەوەی من یاری بۆ شارەكەی خۆم دەكەم ، ڕەنگە گەر گرێبەستیشم پێشكەش بكرێت قورس بێت قبول كردنی.
*خانەوادەكەت تا چەند هاوكارتن بۆ وەرزش كردن؟
-خانەوادەكەم زۆر هاوكارمن هەمیشە سوپاسیان دەكەم كە پاڵپشتی منیان كردوە لە كۆمەڵگەیەكی دواكەوتوو، لە ڕووی وەرزشەوە پشتیان بەرنەداوم.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
- دەست خۆشی بۆ گۆڤاری گوڵان كە بەردەوام و بەبێ‌ جیاوازی خزمەتی سەرجەم وەرزشكارانی شارەكانی كوردستان دەكات.

 

Top