77 ساڵ خه‌باتی بێ وچان وخۆنه‌چه‌ماندن

77 ساڵ خه‌باتی بێ وچان وخۆنه‌چه‌ماندن

 

دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان  پێش 77 ساڵ لە سەردەستی مستەفا بارزانی رەمزوسیمبولی خەبات و كوردایەتیی و بەرخودانی نەتەوەیی قۆناغ بە قۆناغ و بە پێی هەڵومەرجە سیاسی و ناوچەیی و نێودەوڵەییەكان و بە ڕەچاوگرتنی بەرژوەندییە باڵاكانی كوردوكوردستان هەنگاویی هاویشتووە و پلان و دروشم و ستراتیژی جێبەجێكردووە ، هەرگیز بە بێ خوێندنەوەی وردبینانە ولۆژیكانە دەستی بۆ كاروپلان ودروشمێك نەبردوو كە تێیدا سەركەوتوو نەبوو بێت یانیش بە بێ ئەنجام بوو بێت ، هەر ئەو سیاسەت و دیپلۆماسیی ژیرانەی بارزانی و پارتی وەك قوتابخانەی كوردایەتی بوو كە توانی لەماوەی كەمتر لە 10 ساڵ بەڕێگەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول توانی گەورەترین دەستكەوتی مێژوویی كە ئەویش ڕێككەوتننامەی 11ی ئاداری 1970 بوو ڕژێمی دڕندە وپڕچەكی عێراقی ناچاركرد دان بەمافەرەواكانی كوردستان دابنێت .

 

خەونی دوژمنان و داگیركەران بە پیلانگێری وگەلەكۆمەكی لە دژی شۆرشی مەزنی ئەیلوول بە هەڵگیرسانی شۆڕشی پێشكەوتنخوازی 26ی گوڵان لە گۆڕنرا ، دواتر چەندین داستانی مێژوو لەماوەی 14 ساڵ دا دژی بە داگیركەران و ڕژێمی بەعسی رووخا ئەنجامدرا و ئەنجامەكەی راپەرینە مەزنەكەی ساڵی 1991 و هەڵبژاردن و ئینجا پەرلەمان و حكوومەت و فیدراڵی و قەوارەی هەرێمی كوردستانی لێكەوتەوە. پارتی دیموكراتی كوردستان بە رێبەرایەتی سەرۆك بارزانی لەماوەی 31 ساڵی رابردوو لە هەرێمی كوردستان پێشەنگ و هەوێن و دامەزرێنەری سەرەكی حكوومەتی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێم و لە سەر ئاستی عێراقیش هەردەم یەكەمی بێ ڕكابەر بووە ، لە رووی سیاسی و دیپلۆماسی و ئاستی پەیوەندییەكانی ، سەركەوتووانە توانیوێتی مامەڵە بكات لە پێناو بەهێزكردنی سەنگ و پێگەی كوردستان لە رووی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسییەوە و ئەوەش وایكردووە ساڵ بە ساڵ هەرێمی كوردستان لە گشت بوارەكاندا پێشكەوتنی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت .

هەروەها لەرووی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانی و بەرگریكردندا ، پارتی دیموكراتی كوردستان هەموو دەزگەی ئەمنی و پێشمەرگە و دژی تیرۆری كوردستانی بەو بەرپەری بەرپرسیاریەتییەوە لە پێناو فەراهەمكردنی ئاسایش و سەقامگیری ئەم قەوارە و گەلە و لە پێناو پارێزگاریكردن لە دیپلۆماتكاران و كۆمپانیا بیانییەكان وگەشتیاران و ئاشتی و پێكەوەژیان خستۆتە خزمەت ئەم حكوومەت و ئەزموونە ، هەر ئەوەشە وایكردووە كە لە زۆرێك لە قۆناغەكانی بەرگری و پەڵاماردانی كوردستان ، پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرترین ئەرك و بەرپرسیاریەتی نەتەوەیی و نیشتیمانی بكەوێتە ئەستۆ لە پێنا كوردستانێكی بەهێزتر و ئاسوودەتر.

پارتی خاوەن ڕێبەر و سەرۆكێكە كە بەدرێژایی تەمەنی ئەم قوتابخانەیە پێشمەرگە بووە، كە خاوەن كەسایەتیی بەهێز و ژیر لە رووی كۆمەڵایەتیی، سەربازی و دیپلۆماسی و سیاسی ، خاوەن هەڵوێست لە رووی نەتەوەیی و نیشتیمانیی، كە هەوێنی بەهێزی و پتەویی ئەم قوتابخانەیە كە ڕاشكاویی و خاكەڕێی و كوردپەوەری وخۆشەویستی نیشتیمان بەرهەمی پارتی و بارزانییە،بەكردەوە باوەری بە دروشمی ئاشتی و ئازادی و دیموكراسیە ، بەرامبەر هیچ دوژمن و داگیركەرێك خۆی نەچەماندۆتەوە .

پارتی، هەڵقوڵاویی جەماوەرێكی دڵسۆز و خۆراگر و نیشتیمانپەوەرە ، هەروەها ئەم قوتابخانەیە خاوەن پەیرەو و پرۆگرامێكی پتەو و مێژووییەكی پرسەروەری و شانازییە كە هەموو پارتییەك و كوردێك شانازی پێوە ەكات ،چونكە خەباتی پارتی وەك حیزبێك نەبووە لە نێو جوگرافیاییەكی دیاریكراو بەڵكو لە سەر ئاستی هەموو كوردستان و نەتەوەیی كورد جێگەی متمانە و ئومێدە ، پارتی پاشخانێكی دەوڵەمەندی لە خەباتی پێشمەرگایەتی و سیاسی ودیپلۆماسی هەیە كە وایكردووە كە خاوەن جەماوەرێكی ژیر وهوشیاری هەبێ و هەرگیز بە بیری تەسكی حیزبی مامەڵەی نەكردووە بەڵكو پارتی وەك قوتابخانەی نەتەوەیی و نیشتیمانیی قوتابیان و پەیرەوانی پەروەردە كردووە ، لە سەختترین باردۆخەكاندا هەرگیز لە سەركەوتن مەغروور نەبووە و لەشكستیش بێ ئومێد نەبووە و هەمووكات ئەرك و بەرپرسیاریەتیی سەختەكانی بە ئەستۆ گرتووە .

پارتی ،خاوەن سەدان داستان و مێژوویی پڕ شنازی و سەروەری و هەزاران شەهیدە , پارتی , درێژەپێدەر و زنجیرەی گڕێدراویی شۆڕش و راپەڕینەكانی نەتەوەیی كوردە ، هەر لە شۆڕشی یەكەم و دووەمی بارزان ،تا كۆماری كوردستان لە مەهاباد و شێخ مەحموود و شێخ سەعیدی پیران و شۆرشی مەزنی ئەیلوول و گوڵانی پێشكەوتنخواز و شۆڕشی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی و داستانی بەرگریكردن لە قەوارەی هەرێمی كوردستان لە بەرامبەر دڕندەترین رێكخراوە تیرۆریستی و میلیشاكان و ئێستا پارێزەری قەوارەی هەرێمی كوردستان ، كە رۆژ بەرۆژ لایەنگر و پەیروانی بەرفراوانتر و بەهێزتر دەبن و ئەوانەی كە بەدرێژایی خەونی نەمانی پارتی یان دەبینی ئەوا پووكانەوە و هەڵاكبوونی خۆیان بینی .

Top