پ. د.عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق بریكاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ گوڵان:   سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە دەستی بە چاكسازی كرد

پ. د.عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق  بریكاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ گوڵان:     سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە دەستی بە چاكسازی كرد

 

 

 

لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا دوو پڕۆژەی زانستی ستراتیژی لە زانكۆی ئەمریكی لە دهۆك ڕاگەیێندرا

 

 

لە هەرێمی كوردستان 18 زانكۆی حكوومی و 19 زانكۆی ئەهلی و 12 پەیمانگای تایبەتی ئەهلی هەن، لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشدا گرنگییەكی زۆر بە كەرتی خوێندنی باڵا دراوە و تا دێت ژمارەی قوتابییانی زانكۆ و پەیمانگەكان زیاد دەبێت و بەردەوام هەوڵی گۆڕین و گونجاندنی پڕۆگرامەكانی خوێندن دەدرێت، بۆ ئەوەی دەرچووانی زانكۆكانی كوردستان لەگەڵ گۆڕانكاری و پێشكەوتنەكانی بازاڕی كاردا بگونجێن، لەگەڵ ئەمەشدا پرۆسەی خوێندنی باڵا بێ گرفت و ئاستەنگ نییە، گۆڤاری گوڵان لەسەر ئەم پرسە و چەند تەوەرەیەكی دیكەی پەیوەندیدار دیدارێكی لەگەڵ پڕۆڤیسۆر دكتۆر عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق مەحموود بریكاری وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ساز دا.

 

 

* هەمیشە وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایدەگەیەنێت كە زۆرترین دەرفەتی وەرگرتنی قوتابییان لە زانكۆ و پەیمانگا حكوومییەكان دەڕەخسێنێت لەم ڕووەوە پلان و پێوەری ئەمساڵی وەزارەت چییە؟

- بەو پێیەی كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بایەخ و گرنگییەكی زۆری لەناو هەموو كۆمەڵگە پێشكەوتووەكان هەیە، لەم ڕوانگەیەوە بەڕێز مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی زۆری بە خوێندنی باڵا داوە، هەر خۆی لە خۆیدا چاكسازی و پەرەپێدان لە هەردوو كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵاوە دەست پێ دەكات، ئەوەتا وڵاتێكی وەكو مالیزیا لە دواكەوتووترین وڵاتی كشتوكاڵییەوە بەرەو پێشكەوتووترین وڵاتی پیشەسازیی هەنگاوی هەڵگرت، مەهاتیر محەمەد سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەو وڵاتە لە پەروەردە و خوێندنی باڵاوە دەستی بە چاكسازی كرد و بودجەیەكی باشی بۆخوێندنی باڵا تەرخان كرد، لە كاتێكدا ڕاوێژكارەكانی پێیان دەگوت دەبێت بودجە بۆ كەرتی كشتوكاڵ تەرخان بكەیت.  

مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو كارە گرنگ و ستراتیژییانەی كە دوو ساڵ پێش ئێستا ئەنجامی داون، دوو پڕۆژەی زۆر پێویست و گرنگی ڕاگەیاند لە زانكۆی ئەمریكی لە دهۆك، یەكەمیان: دروستكردنی دەستەیەك بوو بە ناوی (دەستەی متمانەبەخشین بە پڕۆگرام و دامەزراوەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا)، دووەمیان: (تاس ڤۆڕس)ێك دامەزرا بۆ پێداچوونەوە بە پڕۆگرامەكان و خوێندنەوەی بازاڕی كار و چۆنیەتی گونجاندنی پڕۆگرامەكانی خوێندنی باڵا، تاس ڤۆرسەكەش گرووپێكن بەردەوام كۆبوونەوە و كاری لەسەر دەكەن، واتە ئەو تێگەیشتنەی سەرۆكی حكومەتی كوردستان تێگەیشتنێكی ستراتیژییە بۆ داهاتوو، كاریگەریشی لەسەر هەموو كەرتەكانی دیكە دەبێت. سەبارەت بە دەرفەتی خوێندنیش لە ساڵی ڕابردوودا دەرفەتی خوێندنمان لە خوێندنی باڵا بۆ هەموو دەرچووانی قۆناغەكانی كۆتایی فەراهەم كرد، بەمەش 40 هەزار قوتابی لە زانكۆكانی حكوومی و ئەهەلی وەرگیران، ئەگەرچی هێشتا 20 هەزار كورسی مایەوە، ئەمساڵیش وەزارەتی خوێندنی باڵا ئامادەیی هەیە كە كورسیی خوێندن بۆ هەموو قوتابیان دابین بكات، بەڵام بە هۆی ئەم ژمارە زۆرەی قوتابییانەوە لە داهاتوودا كێشەی بازاڕی كارمان دەبێت، كە توانای وەرگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی دەرچووانی نابێت، بەڵام وەزارەتی خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان ئەركیەتی هەر كەسێك ئارەزووی خوێندنی هەبێت، كورسی بۆ دابین بكات، تاوەكو لە خوێندن بێبەش نەبێت.   

* زۆرجار باس لە ئاست و كۆاڵێتیی خوێندن دەكرێت لەسەر هەر سێ ئاستی بەكالۆریۆس و ماستەر و دكتۆرا، ئایا وەزارەت تا چەند كار دەكات بۆ برەودان بە كواڵێتیی خوێندنی باڵا و تا چەند پێویستە لەم ڕووەوە پەرە بە توانای ستافی وانەبێژ و پڕۆگرامەكانی خوێندن بدرێت؟

- ئەركی وەزارەتی خوێندنی باڵایە ستافی ئەكادیمی و ژێرخانی خوێندنی باڵا دابین بكات، ناكرێت پاساو بۆ نەبوونی دەرفەتی خوێندن بدۆزینەوە، دەبێت هەموو هاووڵاتییەكی وڵاتەكەمان دەرفەتی خوێندنی بۆ بڕەخسێت، سەبارەت بە ئاست و كواڵێتیی خوێندن، بێگومان كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پرۆسەكە هەیە، بۆ چارەسەری ئەم گرفتەش سەردانی وڵاتەكانی بەریتانیا و یۆنانمان كرد، بۆ ئەوەی بتوانین ئاست و كواڵێتیی خوێندن زیاتر و هاوچەرخ بكەین، ئەم پرۆسەیەش پرۆسەیەكی بەردەوامە هەر لە بەرزكردنەوەی كوالێتیی خوێندنەوە تاوەكو بەرزركردنەوەی ئاستی مامۆستایان و ستافی ئەكادیمی، بۆ ئەم مەبەستە خولی پێداگۆییمان هەیە كە ماوەكەی شەش مانگە و بۆ بەشداری لەم خولەش دەبێت ئاستی زمانی ئینگلیزی باش بێت و بڕوانامەی لە زمانی ئینگلیزی هەبێت و مەبەست لە خولەكانیش ئەوەیە مامۆستا و قوتابی بكەینە چەقی خوێندن و مەعریفە، هەروەها ئامادەكردنی ژێرخانی زانكۆ و كۆلیژەكان و تاقیگەكان و ئامێرەكانی تاقیگەكان و...تاد، هاوكات دەبێت بەردەوام پڕۆگرامەكانی خوێندن پێداچوونەوەیان بۆ بكرێت و لەگەڵ بازاڕی كاردا بگونجێندرێت.

* ئەو پرسەیەی كە بەردەوام جەختی لەسەر دەكرێتەوە، ئەوەیە كە پێویستە خوێندن بتوانێت پێداویستیی بازاڕ پڕ بكاتەوە، تا چەند وەزارەت ئەم پرسەی بە هەند هەڵگرتووە و هەنگاوی كرداریی بۆ ناوە؟

- بۆ ئەم مەبەستە لە مانگی10 یان 11ی ئەمساڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كۆنفڕانسێكی زانستی بۆ پێداچوونەوە و پەرەپێدانی پڕۆگرامەكانی خوێندن ڕێك دەخات، بۆ ئەوەی بە شێوەیەك بێت كە لەگەڵ بازاڕی كاردا بگونجێت، بێگومان هەندێك جار لە زۆر بواردا دابڕانێك هەیە لە نێوان خوێندنی باڵا و زانكۆكان و كۆمەڵگە، ئەگەرچی توێژینەوەكانمان و ماستەر و دكتۆرایەكانمان پێویستە كێشەیەك لە كێشەكانی كۆمەڵگەكەمان چارەسەر بكەن و باس لە كەرتێك لە كەرتەكان و بەرەوپێشەوەچوونی كەرتەكان بكەن. لە كۆنفڕانسەكەدا چەندین شارەزا و پسپۆڕانی نێودەوڵەتی و زانكۆی پێشكەوتوو پرسیان پێ كراوە و بەشداریش دەبن، زانكۆی دەندی ئۆسكۆتلەندی ئامادەیی خۆی نیشان داوە لە كۆنفرانسەكە ئامادە بن و، ئەو كار و ئەزموونەی خۆیان كە زۆر زانستی و سەركەوتووە پیشانی ئێمەی بدەن، هەندێك لە شارەزا و پسپۆڕانی زانكۆكانی ئەمریكا بە هەمان شێوە لە كۆنفڕانسەكەی ئەمساڵی ئێمە بەشدار دەبن. مەبەست لەو كۆنفرانسە بۆ ئەوەشە كار بكەین بۆ بەدەستهێنانی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان لەناو پڕۆگرامەكانی خوێندنی زانكۆكانی خۆمان جێگایان بكەینەوە، تاوەكو بتوانین متمانەی نێودەوڵەتی وەربگرین. لە لایەكی دیكەوە دونیای ئێستای تەكنەلۆژیا جیهانی گۆڕیوە و شێوە و هەڵسوكەوتی ژیانی ئێمەشی گۆڕیوە، بۆیە دەبێت ئێمەش لە زانكۆكان ئەو گۆڕانكارییانە بە هەند وەربگرین، تاوەكو بازاڕی كار بۆ دەرچووەكانمان دروست بكەین.

* ئەمساڵ تاقیكردنەوەی زانستی بۆ خوێندنی ماستەر و دكتۆرا ئەنجام درا، ئایا تا چەند ئەم پرۆسەیە سەركەوتوو بوو. ئایا ئەو گرفت و كێشانە چی بوون كە هاتنەئاراوە و چۆن دەكرێت لە ئایندە چارەسەریان بكەن؟

- لە وەزارەتی خوێندنی باڵا هەموو هەوڵێكمان دا، ئەو دوو پێوەرە (شەفافیەت و داپەروەری)یە فەراهەم بكەین لەناو پرۆسەكەدا و پرۆسەكەش بە سەركەوتوویی كۆتایی هات، لەگەڵ ئەوەش هەموو پرۆسەیەك تێبینی و سەرنجی لەسەر دروست دەبێت، لە پرۆسەی داهاتوودا كە بڕیارە لە مانگی نۆدا جێبەجێ بكرێت، دووبارە دەرفەت دەڕەخسێنین بۆ خوێندنی ماستەر و دكتۆرا بۆ زیاتر دادپەروەری و شەفافییەت ئەو سەرنج و تێبینییانەی دیاری كراون، چارەسەری بكەین و ئەو تاقیكردنەوەی لە پێشوو ئەنجام درا، هەندێ گۆڕانكاری بە سەردا دێت، بۆ زیاتر دابینكردنی دادپەروەری و شەفافییەت.

*  هەر لە پەیوەندی بە وەرگرتن لە ماستەر و دكتۆرا و بۆ پڕكردنەوەی كورسییە بەتاڵەكان وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری دا، ئەو كەسانەی لە تاقیكردنەوەی توانستی زانستیدا (10)یان هێناوە وەربگیرێن، ئایا ئەم بڕیارە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە و لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەكانی چین؟

- دەرچوونی قوتابی مەرجێك بوو بۆ وەرگرتن لە تاقیكردنەوە زانستییەكە، بەڵام لە هەندێك لە بەشە زانستییەكان زۆر كورسیی بەتاڵ مابوون، بۆ نموونە لە بەشە زانستییەكانی پزیشكی دەرچوون زۆر كەم بوو و لە بەش هەبوو یەك قوتابی دەرنەچووبوو، لە هەندێ لە بەشە پزیشكییەكان لە هەشت كورسی تەنیا یەك كەس دەرچووبوو و ئەو بەشە زانستی و پزیشكییانەش زۆر پێویستیان بە مامۆستای ماستەر و دكتۆرا هەیە، لە بەشە هاوشێوەكانیش كەسی زیاد نەبوو تا بیگوازینەوە بۆ ئەو بەشانەی كە كورسیی بەتاڵیان هەبوو، هەندێ لە كۆلێژ و زانكۆكان خۆیان داوایان لە وەزارەت كرد، كە پێویستیان بەو پسپۆڕییانە هەیە.

* باس لەوە دەكرێت كە كواڵێتیی خوێندن لە زانكۆ حكوومییەكاندا باشترە بە بەراورد بە زانكۆ ئەهلییەكان، تا چەند ئەمە لێكدانەوەیەكی دروستە و ئەگەر وایە وەزارەتی خوێندنی باڵا وەك لایەنی چاودێر و سەرپەرشتیار بە سەر زانكۆ ئەهلییەكانەوە چۆن دەتوانێت ئەم ناهاوسەنگییە ڕاست بكاتەوە؟

- راستە ئاستی زۆربەی زانكۆ و كۆلیژە حكوومییەكان بەرزترە لە ئاستی زانكۆ ئەهلییەكان، بەڵام ئەمەش مانای ئەوە نییە كە زانكۆی ئەهلیی باشیشمان نەبێت، بەڵكو زانكۆی ئەهلیی زۆر باش هەیە و شان لە شانی زانكۆ باشە حكوومییەكان دەدات، لە پێوەرە نێودەوڵەتییەكانیشدا ئاستی باش و هاوچەرخی وەرگرتووە و لە پێش هەندێ زانكۆی حكوومیشە لە ڕووی ڕانكینگەوە، لەگەڵ ئەمەشدا بۆ ئەوەی چاودێری و بەدواداچوونیان بۆ بكەین، ئێمە لە ساڵی ڕابردوو سەردانی پەیمانگا تایبەتە ئەهلییەكانمان كردووە و چەندین سەرنج و ڕێنماییان پێ درا، لە پاش حەوت مانگ سەردانێكی دیكەی ئەو پەیمانگا ئەهلییانەمان كردەوە و دیتمان لە ڕووی ئەو ڕێنمایی و بەدواداچوونانەی بۆیان كراوە 90% گۆڕانكارییان تێدا ڕووی دابوو.

* زۆربەی زانكۆ حكوومییەكان كامپی تایبەت بە خۆیان هەیە، بەڵام ئەوەی جێی هەڵوەستەیە ئەوەیە كە هێشتا زانكۆی سەڵاحەددین خاوەنی كەمپ نییە، ئایا هۆكاری ئەمە بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

- تا ئێستا كە ماوەی زیاتر لە (40) ساڵە زانكۆی سەڵاحەدین هەیە، سەرەڕای ئەوەی كەمپەكە ماستەرپلانیشی تەواو بووە، بەڵام هەر وەك خۆی ماوەتەوە، ئەگەرچی پلان و بەرنامەشی بۆ دادەنرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی بودجەیەكی زۆری پێویستە و ئەمەش لەو كات و قەیرانانەی هەرێمی كوردستان ناتوانرێت بۆی تەرخان بكرێت، ئەگەر هەر ساڵێك یەك كۆلێژ باڵەخانەكەی دروست بكرایە، تا ئێستا هەموو كەمپەكە تەواو دەبوو، بۆیە ڕاوبۆچوونی من ئەوەیە كە هەر ساڵێك كۆلێژێك دروست بكرێت، كە چەند ملیۆن دۆلاری پێویستە و لە ماوەی چەند ساڵێكی دیكە دەتوانرێت بەشی زۆری كەمپەكە جێبەجێ بكرێت. لەلایەكی دیكەوە دەكرێت ئەو شوێن و زەوییە باش و نایابانەی ئێستا كۆلێژەكانی زانكۆی سەڵاحەدینی لێیە بفرۆشن و بەو پارەیانە باڵەخانەی چەندین كۆلێژ لەسەر ماستەرپلانی كەمپەكە دروست بكرێت.

Top