بەشێك لە یانەكانی كوردستان گرنگی بەم یارییە دەدەن

بەشێك لە یانەكانی كوردستان گرنگی بەم یارییە دەدەن

لەرێ عەتار محەمەد یاریزانی تۆپی بالەی یانەی سلێمانی

بەشێك لە یانەكانی كوردستان گرنگی بەم یارییە دەدەن
یانەی سلێمانی یەكێك لەم یانانەی كوردستانە كەوا گرنگی بە وەرزشیی ئافرەتان دەدات بە شێوەیەكی گشتی، ماوەی چەند سالێكە یانەكە گرنگی زۆر بە یاری بالەی لاوان دەدات لە ئاستی كچان بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانن بەم تیپە كێبڕكێ لە سەر بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە بكەن لە سەر ئاستی عێراق و كوردستان، لە دواین پاڵەوانێتی بالەی لاوانی یانەكانی كچانی عێراقیش یانەی سلێمانی بۆ دووەم ساڵ لەسەر یەك نازناوی پاڵەوانێتیەكەی بۆ خۆی هێشتەوە و لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەكەمی بەدەستهێنا،، تیپی بالەی یانەكە خاوەنی چەندین یاریزانی بەتوانایە كە ئەم ساڵ ڕۆڵی گرنگیاتن گێڕا لە بەرزكردنەوەی نازناوەكە، یەكێك لە كچە یاریزانەبەتواناكانی یانەكەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەگەڵ یانەكەی لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق ئەویش لەرێ عەتار محەمەد-ە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2004ی پارێزگای سلێمانیە، ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
دیمانە: كارزان كانەبی
*چۆن لە نێو ئەم هەموو وەرزشە جۆراوجۆرە یاری تۆپی بالەت كردە یاری سەرەكی خۆت؟
-خولیایەكی زۆر هەبوو بۆ ئەم یارییە كاتێك لە تەمەنی منداڵیدا دەستە كرد بەم یارییە لە یانەی پێشمەرگەوە دەستم كرد بە یاری بالە، و لە ئێستادا لەگەڵ هەمان ڕاهێنەر و هەمان تیم لە یانەی وەرزشی سلێمانی ڕكابەری دەكەین.
*هەست ناكەی یاری بالە قورسە و تۆش وەرزشێكی قورست هەڵبژاردوە؟
- بەلێ دەزانم وەرزشێكی قورسم هەڵبژاردوە لە بەر ئەوەی ئامانجی من گەیشتنە لە ولوتكە لەم وەرزشەدا و گەیشتن بە پلە یەكی باشە.
*بۆچی یاری بالە لە ئاستی پێویستدا نییە؟
-لە بەر ئەوەی لە كوردستاندا ئاستەنگییەكی باش لە پێش ئەم یارییەدایە چەند كەم و كوڕییەكی هەیە لەوانه ش یاریگا و كەرەستەوكەلوپەل و یاریمەتینەدانی یانەكان لە ڕووی ماددی و مەعنەوی.
*بۆچی ئەم یارییە لە ئاستی كچان پێشوازی باشی لێنەكراوە لە شارەكانی كوردستان؟
-ئاستی ئەم یارییە دواكەوتووە لە شارەكانی كوردستاندا، بە پێی پێویست نییە لە هەموو ڕوویەكەوە لە پاڵپشتی كردنی یاریزانان، دابین نەكردنی پێداویستی ..هتد.
* ئاستی یاری بالە چۆن دەبینی بە شێوەیەكی گشتی ؟
- بەشێك لە یانەكانی كوردستان گرنگی بەم یارییە دەدەن و تیپیان هەیە و ساڵانە بەشداری كێبڕكێیەكان دەكەن، بەڵام هەتا خول و مەشق بەردەوام هەبێ ئاستی ئەم یارییە دەچێتە قۆناغی باشتر لە داهاتوودا.
*چی بكرێت باشە بۆ هێنانە پێشەوەی ئافرەتی وەرزشكار بۆ نێو ئەم یارییە؟
-پێویستە لەسەر دایك و باوكان هانی منداڵەكانیان بدەن لە تەمەنێكی بچووكەوە خولیای وەرزشیان بۆ پەیدا بكەن بۆ ئەوەی یاریزان لە تەمەنێكی كەمەوە دەست پێ بكات، بتوانێت كاتێك تەمەنی بەرەپێشچوو ئاستێكی وا پێش بكات كە جیاوازییەكی وای نەبێت لەگەڵ یاریزانی دەرەوەدا، چونكە ئەمە دەبێتە هۆی دروست كردنی كەسایەتیەكی باش لە كۆمەڵگەدا.
*بەرنامەت چیە بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە یاریزانێكی لاو لەم یارییە دا؟
-بەرنامەی من بۆ ئەم وەرزشە پێشكەوتنمە لەم وەرزشەدا و بتوانم بگەم بە ئاستێكی بارەچاو و باش و بەشداری پاڵەوانێتیەكانی دەرەوە بكەم.
*یانەی سلێمانی پاڵەوانی لاوانی بالەی عێراق چۆن هاوكاریتان دەكات؟
-یانەی سلێمانی یاریگامان بۆ دابین دەكات و هاوكاریشمان دەكات لە چەند ڕوویەكەوە، ئەمەش بۆ ئێمەی یاریزان زۆر باشە.
*گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی؟
-گرفتی ئەم یارییە لە ئاستی یاریزانەكاندا دەبینم، لەگەڵ نەبوونی چەند ئامێرێكی تایبەت بەم وەرزشە لە ووڵاتی ئێمەدا بوونی نییە، لەگەڵ خراپی باری دارایی یاریزانەكان كە نەتوانن پێشبكەون تیایدا، یارمەتی نەدانی یانەكان بە یاریزانان كە ئەویش بەربەستێكە بۆ یاریزان بۆ پێشكەوتن، پاڵپشتی نەكردن دەبێتە هۆی دووركەوتنەوەی یاریزان.
* خەونی وەرزشیت چیە وەكو كچە یاریزانێك؟
-بتوانم پەرە بە ئاستی خۆم بدەم و لە پاڵەوانێتیەكانی دەرەوە بەشداری بكەم.
*خانەوادەكەت تا چەند هاوكارتانن بۆ وەرزش كردن؟
-زۆر پشتگیریم دەكەن بۆ ئەم وەرزشە و هانم دەدەن كە بەردەوام بم لە وەرزش كردن سوپاسیان دەكەم، خێزان بڕبڕەی تواناكانتە ئەگەر پاڵپشت نەبوو دڵنیابە ئەنجامت بوونی نییە.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتاییدا؟
-زۆر سوپاس بۆ م ئالانی ڕاهێنەر كە زۆر یارمەتیدەر بووە لە پێشكەوتنم لەم بوارەدا هەموو كات هەوڵی تەواوی داوە بۆ ئەوەی ئێمە بگەینێ‌ بەم ئاستە، سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵانی ئازیز كە بەردەوامە لە خزمەتی وەرزشیی ناوخۆیە.

 

Top