قەنە و باسك و سەبیل و دار جگەرە لە كوردەواریدا

قەنە و باسك و سەبیل و دار جگەرە لە كوردەواریدا

سەبیل یان باسك و دارجگەرە، جاران لەلایەن جگەرەكێشەكانەوە بۆ كێشانی جگەرە بەكاردەهێنرا، سەبیل شێوەیەكی سەر گەورە و دەمێكی كورتی هەبوو، دارجگەرەش درێژ و باریك بوو، هەندێك سەبیل لە گڵ دروست دەكرا و دوایی لە نێو ئاگردا سوور دەكرایەوە، بەشی دەرەوشی نەخشكاریی تێدا دەكرا. دارجگەرە لە سەردمی كۆنەوە لە نێو كوردەواریدا بەكارهێنراوە، كە وەك كەرەستەیەك بۆ كەمكردنەوەی زیانەكانی جگەرە بەكارهێنراوە، هەروەها وەك ڕەمزێكی كوردەواری بەكاریان هێناوە. دارجگەرە لە بادینان پێی دەگوترێت باسك، كە دارەكان دەهێنرێن و دەبەسترێت بە گیرە یان لە ژێر قاچدا دادەنرێت، كە بە چەقۆ پاك دەكرێت، دواتر بە شیشێك ناوەكەی كون دەكرێت بە شێوەیەكی ڕێك، سەرەكەی دەبڕدرێت و دارەكە بە سووڕاندن و چەقۆ لووس دەكرێت تاوەكو دەست نەبڕێت، پاشان سەری دارجگەرەكە چێ دەكرێت، تاوەكو لە دەمدا ئازاری لێوەكان نەدات، باسك لە چوار جۆر دار دروست دەكرێن، لەوانە: دار كەڤوك، هەلهەلوك، گەزوك و چەقولوك، هەرچوار دار دەبنە باسك، بەڵام داری كەڤوك باشترە و تامی جگەرەكەش خۆش دەكات، قەنە و سەبیلیش لە دار كنێر و بەڕوو و گوێز دروست دەكرێت، دوای چاككردن و خۆشكردن، هەروەها بڕینی دارەكان بە مەورەد(بڕبەن) و سیمپارە و چەقۆ بە شێوەیەكی جوان درووست دەكرێن، دواتر نەخشدار دەكرێت، دواتر نەخش و دیزاینی جۆراوجۆری لەسەر دەكرێت، تاوەكو وشك دەبێتەوە پاشان دەكرێتە دیاری یان لە بازاڕەكاندا دەفڕۆشرێت.

Top