لە ڕۆژی جیهانیی لاواندا: ڕۆڵی لاوان لە پاراستنی ژینگە و كەشوهەوادا  

لە ڕۆژی جیهانیی لاواندا:  ڕۆڵی لاوان لە پاراستنی ژینگە و كەشوهەوادا   

 

 

دوازدەی ئابی هەموو ساڵێك ڕۆژی جیهانیی لاوان و گەنجانە و، ساڵانە لەم ڕۆژەدا لە سەرتاسەری جیهاندا ئەم یادە بەرز ڕادەگیردرێت.

 گومان لەوەدا نییە كە كێشەكانی ژینگە لە ئەمڕۆدا زۆربەی هاووڵاتیان هەستی پێ دەكەن و، ئاسەوار و كاریگەرییەكانیشی بە چاوی خۆیان دەبینن، لە نێو هاووڵاتیاندا، دەتوانرێت بگوترێت كە توێژی لاوان و گەنجان لە هەمووان كاریگەرترن، ئەگەر هەڵ و دەرفەت و خول و بنیادنانی تواناكانیان لەبەرچاو بگیردرێت، لەبەر ئەوەی لاوان و گەنجان زۆر سیفەت و تایبەتمەندێتیی خۆیانیان هەیە، وەك:

 یەكەم: هێزێكی كۆمەڵایەتیی چوست و چالاك و زیندوو و پڕ جووڵەن بە پلەیەكی بەرز.

دووەم: ئەو توێژەن كە لە هەمووان زیاتر حەز لە نوێگەری و ڕوانینە نوێكارییەكان دەكەن.

سێیەم: هەمیشە لە هەوڵدان بۆ بنیادانی فۆڕمێكی كەلتووریی تایبەت بە خۆیان و پێداویستی و ئارەزووەكانیان.

چوارەم: سەرچاوەی گۆڕانكارین لە كۆمەڵگەدا، ئەگەر هاوكاریی بكرێن لە ناسینی ئاراستەی ڕاستەقینەی ڕێگەی گۆڕانكاریی ئەرێنی بەگشتی و ژینگەپارێزی بەتایبەتی.

پێنجەم: لە زۆر شوێنی جیهاندا زۆرینە، یان نزیك لە زۆرینەی دانیشتووان پێك دەهێنن.

لە رۆژی جیهانیی لاواندا كە ساڵانە لە 12 ی مانگی ئابدا لە سەرتاسەری جیهاندا یادەكە بەرز ڕادەگیردرێت، لە توانادایە ئێمەش بەرچاوڕوونی بدەینە لاوان و گەنجان، بە مەبەستی هاتنە نێو كایەی باشتری پڕۆسەی پاراستن و چاككردنی ژینگە و، بەشداربوون لە هەوڵەكانی پەیوەست بە كەمكردنەوەی هۆكارەكانی گۆڕانی كەشوهەوا و، خۆگونجاندن لەگەڵ ئاسەوارەكانیدا لە ڕێگەی ئەم هەنگاوانە و هاوشێوەكانیان:

یەكەم: كاركردن بەو بەرنامە و پڕۆگرامەی كە نەتەوە یەكگرتووەكان دایڕشتووە بۆ بەشداریپێكردنی لاوان و گەنجان لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشەكانی ژینگە.

دووەم: زاڵبوون بە سەر كێشەكانی لاوان و گەنجان، وەك خراپ بەسەربردنی كات و كەم دەرامەتی و نەبوونی دیدگایەكی ڕۆشن و لاوازیی چەمكی دیموكراسی لە وڵاتەكانیاندا.

سێیەم: بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام لە بواری گۆڕینی هەڵسوكەوتی لاوان و گەنجان لە ژیانی ڕۆژانەدا، بە ئاراستەی زیاتری ڕۆشنبیریی ژینگەیی و ژینگەدۆستی.

چوارەم: دۆزینەوەی هەلی كار بۆ لاوان و گەنجان بەگشتی و بۆ دەرچووانی زانستەكانی ژینگە بەتایبەتی، لە كەرتی گشتی بێت، یان تایبەت.

پێنجەم: هەستانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بە گەشەپێدانی هزریی ژینگەدۆستی لە ڕێگەی:

1. زیادكردنی بەرنامە ژینگەییەكان لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندنی بیستراو و بینراو و خوێنراو.

2. سازدانی پێشیڕكێی ژینگەیی بۆ لاوان و گەنجان.

3. هەماهەنگیی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لەگەڵ دەستەی ژینگە، بە مەبەستی كردنەوەی خول و وۆركشۆپی هۆشیاركردنەوەی ژینگەیی.

4. هەماهەنگیی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لەگەڵ ڕێكخراوە ژینگەییە نێوخۆیی و جیهانییەكان، بۆ ئاشناكردنی زیاتری لاوان و گەنجان بە كەلتووری ژینگەپارێزی.

5. زیندووڕاگرتنی ڕۆژەكانی تایبەت بە ژینگە لەسەر ئاستی جیهان و هەرێمی كوردستان.

6. كاراتركردنی ڕۆڵی بنكەكانی لاوان و یانە كۆمەڵایەتی و كەلتوورییەكان لە گرتنەخۆی تواناكانی لاوان و گەنجان، لە بواری ژینگەدۆستی و ژینگەپارێزیدا.

7. بەشداربوون لە هەڵمەتەكانی هۆشیاری لەگەڵ پۆلیسی ژینگە و دارستان، بۆ ئاشنابوون و ناسینی ژینگە وەك فاكتەرێك و بەشێك لە ئاسایشی نیشتمانی.

8. سوودوەرگرتن لە چەمكی ئابووریی سەوز و وەرگرتنی قەرزی بچووك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی، كە یەكێك لە ئامانجەكانیان كەمكردنەوەی هەژاری و بێكارییە.

9. بەشداربوون لە چالاكییەكانی ئەندازەی باخچە و پاركەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی بۆ زیادكردنی ڕووبەری سەوزایی.

10. خوێندن لە بەشی زانستەكانی ژینگە لە كۆلێژەكانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و، سوودوەرگرتن لەو توێژینەوە ژینگەییانەش كە بۆ چارەسەركردنی گرفتە ژینگەییەكانی كۆمەڵگە لە زانكۆكاندا ئامادە دەكرێن.

11. بەشداربوون لە هەوڵەكان بۆ كەمتر بەكارهێنانی پلاستیك و كیسەی نایلۆن.

12. بەشداربوون لە هەڵمەتەكانی هۆشیاری لە بارەی هاندان بۆ سوودوەرگرتن لە سەرچاوەكانی وزەی نوێبووەوە و بەكارهێنانی گواستنەوەی گشتی و پابەندبوون بە ڕێنماییەكانی گەشتیاریی ژینگەیی.

 

Top