پسپۆڕانی بواری پەروەردە خوێندنەوەی جیاواز بۆ خولی هاوینەی قوتابییان دەكەن

پسپۆڕانی بواری پەروەردە خوێندنەوەی جیاواز بۆ خولی هاوینەی قوتابییان دەكەن

 

ساڵانە لەگەڵ كۆتاییهاتنی وەرزی خوێندن و دەستپێكردنی پشووی هاوینە، خولەكانی بەهێزكردن و خوێندنی مەنهەجی قوتابخانە و فێر بوونی زمان بە ڕووی قوتابییان دەكرێنەوە، ژمارەیەك لە پەروەردەكاران لەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان، لایەنی ئەرێنی و نەرێنیی ئەو جۆرە خولانە بۆ بەخێوكاران دەخەنەڕوو.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

«گومانی تێدا نییە، خول و ڕاهێنانی هاوینە كە لە قوتابخانە و پەیمانگاكانی ڕاهێنان و ناوەندەكان دەكرێنەوە، سوود و قازانجی زۆر گەورە و نایابی جۆراوجۆری هەیە، چ لە بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و كار و پسپۆڕی و چ لە وەرگرتن و گواستنەوەی زانیاری و چ لە بەدەستهێنانی شارەزایی زیاتر و گەشەپێدانی تواناكانی خودی كەسانی بەشداربووی خولەكان، دەرئەنجام نەوەیەكی تێگەیشتوو و پێگەیشتوو و پڕ چەك لە زانست و وشیار و بەهێز و بەتوانا لەو خولانە دەردەچن، كە ئەویش لە ئەنجامی سوودوەرگرتن لەوانە و بابەتەكانی پەروەردەیی و ڕۆشنبیرین كە خۆی لە خۆیدا تەكانێكی چۆنی و پێویست لە توانای بەشداربووان بەدی دەكرێت، دوای تەواوكردنی خولەكە، بە مەرجێ چاودێریی بابەتی لەسەر كۆی گشتی خول و ڕاهێنانەكان هەبێت، هەڵسەنگاندن بۆ پەرەپێدان و گەشەپێدانی داهێنان و تواناكان بكرێت».

ئەوە بەشێك لە وتەكانی بەكر كەریم حەسەن بوو، كە هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە كارگێڕی پەروەردەیی. جەختیش لەوە دەكاتەوە كە «سەركەوتنی ئەو جۆرە خولانە خۆی لە خۆیدا بە دەستهێنان و جێبەجێكردنی ئامانجە گشتییەكەیە، ئەویش لە ئەنجامی بەدواداچوون و چاودێریكردنی بەردەوام دەبێت، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەكان، كە پێویستە بەردەوام لێپرسینەوە و بەدواداچوون هەبێت لە چۆنیەتی دانانی پلان بۆ ئەو جۆرە خولانە و دواتریش میكانیزمی جێبەجێكردن لە ڕووی مامۆستای وانەبێژی بابەتەكان و پڕۆگرامی ئامادەكراو، چۆنیەتی بەرێوەچوونی خوێندنی بابەت و وانەكان و ئیدارەدانی خولەكان لە ڕووی شوێن و كات و كادیرانی پەروەردە و فێركردن و قوتابیانی بەشداربوو، هەروەها چۆنیەتی بەدەستهێنانی بەرهەم و ئامانجی داواكراو و مەبەستدار لە كردنەوەی ئەو جۆرە خولانە، چونكە مافی سرووشتیی هەموو قوتابییەكە لە هاوین بەشداری لەو جۆرە خولانە بكات، بۆ ناساندنی خودی خۆی و چەسپاندنی ناسنامەی نیشتمانی و پەرەپێدانی بەردەوام و بنیادنانی كەسایەتیی بەهێز و هاوسەنگ و هاوكێش بۆ قوتابیان بەگشتی، گەشەپێدانی گیانی هاووڵاتی بوون بۆ خاك و نیشتمان و قایمكردن و مكومكردنی چەمكی پارێزگاریكردن لە شكۆ و سەروەریی نیشتمان و وڵات و سەقامگیریی نیشتمان و پەرەپێدانی كارامەییەكانی ژیان و چەسپاندنی بەها كۆمەڵایەتی و پەروەردەییەكان، جیا لە هەموو ئەوانەش، ئەو خولانە دەبنە هۆی پاراستنی قوتابی لە شوێنەوار و ئاسەوار و بۆشایی نەرێنی».

گوتیشی: «لە بیرمان نەچێت، هەموو باوك و دایكێك ئاواتەخوازن و هەوڵی بەردەوام دەدەن، تا منداڵەكانیان خۆشترین ژیان بە سەربەرزانە بەڕێ بكەن، بۆیە گەورەترین سوودگەیاندن كە بتەوێ پێشكەشی منداڵەكان بكرێن، ئەوەیە فێركردن و فێربوونیان بەردەوام بێت، تا بتوانن لە پاشەڕۆژ كەسێكی ژیر و زیندوو و بەئاگا بن بۆ كۆمەڵگە و بەرپرسیاریەتی هەڵبگرن و بە جوانترین شێوە پەروەردە كرابن، هەرگیز سازش و مساوەمە لەسەر مافە نەتەوایەتی و نیشتمانییەكان نەكەن و خاوەنی بەرزترین كارامەیی و توانا و بەها بەرزەكانی ڕەوشت بن».

د. بەهزاد تاهیر سەلیم مامۆستای زانكۆیە و سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «ئەگەر سەیری مێژووی وڵاتە ھەرە پێشكەوتووەكان بكەین، ئەو وڵاتانەی كە سەدان ساڵە شارستانیەت و كەلتوور و فەرھەنگێكی بەرزیان ھەیە و، لە ھەموو ڕوویەك پێشكەوتوون، بگرە لە ھونەر و مۆسیقا و زانست و وەرزش و كایەكانی دیكەی پێویستی ژیان. ئەو پێشكەوتووییە ھەروا بە بێ ھەوڵ و ماندووبوون و بەرنامە و پلان دەست نەكەوتووە، بەڵكو زادەی ساڵانێكی درێژە لە بەرنامەڕێژی و بوونی ئیمان و ئیرادە بۆ ڕۆشنبیریی خۆیان و كۆمەڵگەكەیان، ئەوەش بە بێ بوونی سەنتەر و پەیمانگا و شوێنی تایبەتی و پرۆفێشنال لە بازاڕدا دروست نابێت».

د. بەهزاد ڕای وایە: «خوێندنی زانكۆیی شێوە و ھەیكەلیەتی بە شێوەیەكە كە ھیچ تاكێك بە تایبەتی لەسەر پیشە، یان ھونەرێكی دیاریكراو ڕاناھێنن و، قوتابیان كۆمەڵێك زانیاری و زانستی پێویست وەردەگرن، بەڵام وای لێ ناھێت كە بتوانن ئەنجامی ئەو چەند ساڵەی خوێندن بكەن بە پیشەیەك و بە كرداری سوودی لێ ببینن. بۆیە كاری پەیمانگا و سەنتەرەكان بە تایبەت بۆ وەرزی ھاوین بریتییە لە ڕاھێنانی قوتابیان و كەسەكان بۆ فێربوونی پیشە، یان بوارێكی تایبەت بە پێی حەز و خواست و توانای خۆیان، تاكو بتوانن بیكەن بە پیشەی داھاتوویان و ببێت بە سەرچاوەی دابینكردنی داھات بۆیان».

گوتیشی: «لەم سەردەمەی زیرەكی دەستكرد و ئەنتەرنێتدا بە بێ پارەدان و بە شێوازی ئۆنڵاین و بە بەكارھێنانی چەندین تەكنیك و پلاتفۆرمی جیاواز لە ئەنتەرنێت دەتوانی ھەر پیشەیەك، یان ڕاھێنانێك لە ھەر بوارێك كە دەتەوێت، بە خۆڕایی بە دەست بێنی. بەڵام بەگشتی كۆرسەكانی ھاوێنە سوودی زۆریان ھەیە وەك بەرەوپێشبردنی زانست و زانیاری و لێھاتوویی، یارمەتیدەریشەە بۆ ناسین و دۆزینەوەی ھەلی كار لە بازاڕدا، هەروەها یارمەتیدەرە بۆ لادانی خاڵە لاوازەكان و پەرەپێدانیان بۆ خاڵی بەھێزی و یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی لە تەمەنێكی گەنج توانا و بەھرەی خۆت بدۆزییەوە».

محەمەد عوسمان كەریم مامۆستای وانەبێژە و لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەكانی خولی هاوینە بەمجۆرە دەستنیشان دەكات:

لایەنە نەرێنیەكانی خولی هاوینە :

1- دابیننەكردنی كاتی پێویست لەلایەن خێزان بۆ منداڵەكانیان لەكاتی خوێندنی قوتابخانە، وادەكات فێرخواز تووشی بێهێزیی عەقڵی و لاوازیی بیركردنەوە ببێت.

2- ڕێكلامی بێ سنووری ڕاگەیاندنەكان بۆ ئەم خولانە وادەكات، فێرخواز وەك پێویست ئەركەكانی لە قوتابخانە جێبەجێ نەكات و ئاستی لاواز بێت، لە دواییدا بۆ گەڕاندنەوەی ئاستی بەشداری لەم خولانە بكات.

3- ئاستی جیاوازیی چینایەتی لەنێو كۆمەڵگە وادەكات برەوی زیاتر بەم خولانە بدرێت.

٤- بوونی بەرژەوەندیی تایبەت لەلایەن كەسانێكی پەروەردەیی و پیشەیی، كە ئەمە وادەكات لە بەرژەوەندیی گشتی دوور بكەونەوە.

٥- دروستبوونی كێشەی كۆمەڵایەتی لەنێو خێزانەكان بەهۆی بوونی نرخی بەرز لەم جۆرە خولانە، بە بیانووی مامۆستای پسپۆڕی زیرەك و ناوبانگ و شوێنی دامەزراوەكان.

 لایەنە ئەرێنییەكانی خولی هاوینە:

١- هەندێك جار بە هۆی هۆكاری لەناكاوی نەخۆشی، یان جەنگ لە وڵات، كە لە قوتابخانەكان ناتوانرێ وەك پێویست وانەی تێدا بخوێندرێ، ئەوا ئەم خولانە پێویستە بۆ تاكەكان بۆ ئەوەی ئاستیان دانەبەزێت.

٢-بوونی بونیەی هەندێ كەس كەوا لە وانەیەك لاوازیی هەیە و ناتوانێ وەكوو پێویست بێت لە قۆناغەكانی خوێندن، بۆیە لە ڕێگەی ئەم دەمەزراوانە بەرەوپێش دەچێت.

٣- بوونی ئەو پەیمانگایانەی كەوا خولی پیشەیی دەكەنەوە، دەبێتە هۆی ئەوەی تاكەكانی كۆمەڵگە بتوانن ببنە خاوەن پیشەك لە ڕێگەی ڕاهێنان وهەوڵدان و دەبنە هۆی سەرچاوەی بەدەستهێنانی داهاتێك بۆ تاكەكان.

٤- فێربوونی زمانی دیكە لەم دامەزراوانە دەبێتە هۆی ئەوەی تاكەكان زیاتر لە زمانێك شارەزا بن و قسەی پێ بكەن بۆ پێویستیەكانی خۆیان، بە مەرجێك نەبێتە هۆی لاوازبوون، یان لەبیرچونەوەی زمانی دایك».

هێمن ساڵح، كۆمەڵناس و ڕۆژنامەنووسە و جەخت لەوە دەكاتەوە كە «ئەم خولانە زیاتر بوون بە خولی تیجاری و پارەپەیداكردن و زۆر كەم خولێك ماوە كە منداڵ و قوتابی بە باشی پەروەردە بكرێن»، گوتیشی: «دەفەكە بووەتە پارە لای زۆربەی سەنتەرەكان، ئەوەش كاریگەریی خراپی دەبێت، چونكە هەر ئامانجێك پەرەوەردە و فێركردن نەبێت، ئیتر بەرەو لایەنی نەرێنی دەڕوات. من پێشتر دەمبینی ئەو خولانەی سەرەتا كە دەكرانەوە لەبەر ئەوەی كەم بوون و سەرەتا بوون، شتی باش هەبوون، بەڵام دواتر وردە وردە كوالێتییەكانیان زۆر دابەزیوە».

ئەو كۆمەڵناسە پێداگری لەسەر ئەوە دەكات كە «ئەگەر منداڵێك خۆی بە تواناو بەهرەدار و زیرەك بوو، پێویست بەو خولانە ناكات، با لێ گەڕێن بەو هاوینە پشوو بدات و لە ماڵەوە جەدوەلێكی بۆ دابنێن بۆ یاری و سەیركردنی تەلەفزیۆن، هەروەها هەوڵ بدەن منداڵەكە ژینگەیەكی بۆ دروست بكەن لەو وەرزەدا كە سوود لە ناوماڵەكەی وەربگرێت. لە ئێستادا بە دەیان كەناڵی فێركاریی باش هەن، بۆ نموونە بۆ فێربوونی زمان و بۆ پەروەردەكردن، دەتوانرێت لە ڕێگەی ئەوانەوە، ئەگەر كاتیان بۆ دیاری بكرێت و هەڕەمەكیانە نەبێت، منداڵ زۆر زیاتر سوود وەربگرێت. ئەم خولانە دەبێتە هۆی بێزاریی منداڵ لە خوێندن و چوونە دەوام، بۆیە گرنگە دراسە بكرێت، ئەگەر منداڵەكە لە ئینگلیزی خراپە ببرێتە ئەو خولە، یان خولێكی تەرفیهی بۆ مەلەوانی، یانی هەر بوارێكی وەرزشی، ئەمانە ڕەنگە شتی باشتر بن لەوەی بە زۆر بۆ خولی جۆراوجۆریان بنێرن».

Top