ئەژین ئیسماعیل: سوپاس بۆ خوا تا ڕاددەیەك توانیومە بە داهاتی كارەكەم بژێوی خۆم و خێزانەكەشم دەستەبەر بكەم

ئەژین ئیسماعیل:  سوپاس بۆ خوا تا ڕاددەیەك توانیومە بە داهاتی كارەكەم بژێوی خۆم و خێزانەكەشم دەستەبەر بكەم

 

 

وردبینی و بەسەلیقەیی و دەستڕەنگینیی ئافرەت بە شێوەیەكی گشتی ڕاستییەكی حاشاهەڵنەگرە و، بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی تاوەكو ئەمڕۆش ئافرەت و ماڵداری دووانەیەكی دانەبڕاون، لەم نێوەندەشدا ئافرەتی كورد لە هەموو بارودۆخێكدا پاڵەوانی سەردەمی خۆی بووە، وێڕای ئەركی هاوسەرداری و دایكایەتی كۆمەڵێك ئەركی دیكەشی بە بوێرییەوە ئەنجام داوە. ئەژین ئیسماعیل خانمە گەنجێكی بە سەلیقەی شارە جوانەكەی ڕانیەیە، دوای تەواوكردنی قۆناغی زانكۆ بە هۆی نەڕەخسانی دەرفەتی كاركردن لە كەرتی گشتی، بێ ئەوەی چاوەڕوانی دەستی كەس بكات، دەست دەداتە كاری دەستی و برەو بە توانا و بەهرەكانی دەدات، لەم دیمانەیەشدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باسی ژیانی تایبەتیی خۆی و كارەكەی دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

ئەژین ئیسماعیل، لە شاری ڕانیە لەدایك بووە و هەر لەوێش ژیان دەكات، دەرچووی كۆلیژی زانستە پراكتیكییەكانی زانكۆی هەڵەبجەیە، ژیانی هاوبەشی پێكهێناوە و نزیكەی نۆ ساڵە لە ڕێگەی كارە دەستییەكانەوە داهاتی خۆی دەستەبەر دەكات، لە هەمان كاتیشدا بە داهاتەكەی هاوكاریی خێزانەكەی دەكات. وەك خۆی باسی كرد، لە ئێستادا لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە كارە دەستییەكانی بە كڕیارە دڵخوازەكانی دەفرۆشێت، بەم شێوەیەش باس لە خەون و خولیاكانی دەكات:

«وەك دەبینن، تاوەكو ئێستا دانەمەزراوم، ئەگەرچی دەرچووی كۆلێژی زانستە پراكتیكییەكانی زانكۆی هەڵەبجەم، هەر بۆیەش پشتم بە خۆم و خولیاكانم بەستووە، لە دوای ئەوەی كە خوێندنم تەواو كرد، زیاتر هاتمە ناو ئەو دونیا ڕەنگاڵەی كاری دەستییەوە. هەتا ئێستاش لە كارەكەم بەردەوامم، جۆری ئەو كەلوپەلانەی دروستی دەكەین، بریتین لە كاری چنین و تەواوی كارە دەستییەكان لە هەموو بابەتەكان جگە لە كاری هەڵكۆڵین لەسەر دار و زێڕ و زیو». گوتیشی: «نزیكەی نۆ ساڵە خەریكی ئەم كارە دەستییانەم، زۆر حەزم لە كاری چنینە و هەر لە منداڵییەوە ئەو خولیایە لە مندا چرۆی كردبوو، بەڵام بە هۆی سەرقاڵیم بە خوێندنەوە نەمدەتوانی وەك بڕاندێك كارەكانم بخەمە بازاڕ، یانیش ببێتە كارێكی بەرداوامم، كە خوێندنم تەواو كرد، لەگەڵ چەند خانمی هاوڕێم بە گرووپ دەستمان پێ كرد، سەرەتای كاركردنم ئەوە بوو لە ڕێگەی پێشانگە و فیستیڤاڵی زانكۆ و پەیمانگەكانی دەڤەرەكەم بەرهەمی كارەكانمان بە بازاڕ دەكرد. دواتر كارەكانم لە ڕێگەی فەیسبووك و ئینستاگرامەوە بە دڵخوازانی ناساند».

ئەژین ئیسماعیل، باسی ئەوە دەكات كە لە ڕێگەی دانانی دووكانەوە سەركەوتوو نەبووە و ئەو بوارەشی تاقی كردووەتەوە. هەر لەو بارەیەوە گوتی: «سێ ساڵ پێش ئێستا دووكانێكی پڕ لە ئومێدم دامەزراند، بەڵام بە هۆی ئەوەی نەمدەتوانی بەردەوام لەوێ جێگیر بم، بەردەوام نەبووم، بۆیە بە ناچاری برێارم دا، لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە كارەكانم بە دڵخوازان بناسێنم و داواكارییەكانیان وەربگرم. سوپاس بۆ خوا تا ڕاددەیەك توانیومە بە داهاتی كارەكەم بژێوی ژیان بۆ خۆم و خێزانەكەشم دەستەبەر بكەم».

ئەو خاتوونە دەستڕەنگینە، جەختی لەوە كردەوە، كە خوازیاری ئەوەیە هونەر و بەهرەی خۆی بە كەسانی دیكەش فێر بكات، هەر لەو بارەیەوە گوتی: «هەر لە سەرەتاوە خولیام ئەوە بووە، بتوانم ئەو بەهرە و هونەرەی كە پێمە، بیگەیێنمە زۆرترین كەس، تاوەكو ئەوانیش بتوانن لە منەوە فێر بن. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو چەندین خولی فێركاریم لە فێرگە جیاجیاكانی ناوچەكەم كردووتەوە و بە دەیان كەس لێی سوودمەند بوون. زۆریش دڵخۆشم كە دەبینم چەندین كەس لەسەر دەستی من ئێستا بوونەتە خاوەن بزنێسی خۆیان و بگرە لە كارەكەیان لە منیش پێشكەوتووترن».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە لە سەرەتای كاركردنت كێ هاوكارت بوو، گوتی: «تەنیا خێزانەكەم هاوكار و یارمەتیدەرم بوون. پاڵپشتیی خێزان هۆكارێكی سەرەكییە بۆ سەركەوتنی كچەكەیان لە هەر بوارێكدا بێت، چونكە كچانی پشت ئەستوور بە خانەوادەكانیان دەتوانن هەموو بەربەستەكان تێك بشكێنن و ئەو ئەنجامەی كە دەیانەوێت بەدەستی بهێنن. سوپاس بۆخوا لە ئێستادا ئاستی تێگەیشتنی خەڵك لە بەرانبەر كاركردنی ئافرتان بەراورد بە ڕابردوو زۆر باشە، وردە وردە خەریكە ئەو تێگەیشتنە بەرانبەر ئافرەت دەگاتە ئاستێكی باشتر».

بەمجۆرەش باسی ئاستی ئازادی و كاركردنی ئافرەتی لە ڕانیە كرد: «لەو قوناغەی ئێمە دەستمان پێ كرد، هەندێك قورس بوو، بەڵام سوپاس بۆ خوا ئێستا وردە وردە خەریكە كچەكان لەو چواردیوارە دێنەدەر و دەبنە خاوەنكاری خۆیان، چونكە سەرەتا كە ئێمە دەستمان پێ كرد، قورس بوو، بە هۆكاری ئەوەی لەو سەردەمەدا كچان كەم دەهاتنە دەرەوە بۆ كاركردن، بۆیە سەرەتا تووشی توانج و قسەی ناخۆشی دەوروبەر دەبووین، بەڵام بە بەردەوامیدان بە كاركردنمان و هاوكاریی خێزانەكان توانیمان سەركەوتوو بین، تەنەنات ئەو كەسانەی كە قسەیان دژی كاركردنی ئافرەت دەكرد، توانیمان وایان لێ بكەین، كچەكانی خۆیان بنێرێنە لای ئێمە».

 

Top