فاكتەر و ئالنگارییەكانی بەشداریی سیاسیی ئافرەتان

فاكتەر و ئالنگارییەكانی بەشداریی سیاسیی ئافرەتان

 

 

 

بێگومان ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان، بەراورد بە ناوچەكانی دیكه‌ی عێراق و وڵاتانی دراوسێ هەنگاوی باشیان ناوە، لە بەشێكی گرنگی سێكتەرە هەستیارەكاندا ڕۆڵ و پێگەیان دیارە، تەنانەت لە زۆربەی حزبە سیاسییەكان و جومگەكانی حوكمڕانی و دەستەڵاتی یاساداناندا بە شێوەیەكی گونجاو سیستەمی كۆتا جێبەجێ كراوە، ئەوەی گرنگە هەنگاوی زۆر باش نراوە، بەڵام ڕەنگە ئەمە لە ئاست چاوەڕوانیی ئافرەتانی كوردستان نەبێت، چونكە ئافرەتانی كورد بەتوانان و شایەنی ئەوەن زۆر زیاتر ڕۆڵ و پێگەیان پێ بدرێت، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا تا ڕاددەیەكی باش هەنگاو نراوە، چونكە نابێت ئەوەمان لە یاد بچێت، گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتییەكان لە ئاستێكی زۆر لەسەرخۆ هەنگاو دەنێن، بەشداریی ئافرەتانیش لە هەر كایەیه‌ك لە كایە جیاوازەكانی كۆمەڵگەدا پەیوەستە بە دابونەریتە كۆمەڵایەتییەكانه‌وه‌، بەڵام لێرەشدا پێویستە ئەوە له‌به‌ر چاو بگرین، بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو تا ڕاددەیەكی زۆر باش هەنگاوی گرنگ نراوە و توانراوە بە سەر كۆسپ و تەگەرە كۆمەڵایەتییەكاندا زاڵ بین .

فاكتەر و قۆناغەكان

لێرەدا كۆمەڵێك فاكتەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەن، كە دەبنە هۆی پێشكەوتنی تواناكانی ئافرەتان و بەشدارییان لە پرۆسە جیاوازەكاندا، به‌ڵام سەرەتا پێویستە كار بۆ دامەزراندنی میكانیزمێك بكرێت كە یارمەتیی تەندروستی بدات لە كۆمەڵگه‌كاندا بۆ بەشداریكردنێكی یەكسان و دادپەروەرانە لە هەموو بوارەكانی ژیانی گشتیدا، بەتایبەتی بواری سیاسی، سەرەتاش پێویستە ئەم خاڵانە پەیڕەو بكرێن:

• لایەنی پەروەردەیی و كه‌لتووری: پێویستە گرنگی بە بابەتی پەروەردە و هۆشیاریی تەندروستی بدرێت بۆ خوێندن و فێربوون تا ئەو كاتەی بەرزترین بڕوانامەی ئەكادیمی بەدەست دەهێنن و نەك تەنیا دەخوێننەوە، دەنووسن، یان بەس نین بە كەمترین پلەی خوێندن و دواتر دەست بكەن بە كاریگەری كردنیان لە ڕێگەی گرنگیدان بە توانایی ئافرەتان، چونكە بواری پەروەردەكردن سەرەكیترین هەنگاوی دروستكردنی توانایی ئافرەتانه‌، چونكە نەبوونی پەروەردەیەكی تەندروست هۆكارێكی سەرەكییە لە كەمیی بەشداریی ئافرەت لە سێكتەری سیاسیدا، واته‌ لایەنی پەروەردەیی هۆكارێكی سەرەكی و گرنگە لە بەهێزكردنی توانا و بواری پەرەپێدانی سیاسیی ئافرەتاندا.

• بەهێزكردنی لایەنی كۆمەڵایەتی: ئەمەش پێویستی بە هەوڵی زیاتر هەیە، لە ڕێگەی كۆنفڕانس و سیمینارەكان دەتوانرێت كار لەسەر توانا و هێزی ئافرەتان بكرێت و، وەبەرهێنانی دەروونی و كۆمەڵایەتی لە هزری ئافرەتاندا دروست بكرێت بۆ بەشداری لەكایەی سیاسی، گواستنەوەی توانا هزرییەكانی ئافرەتان و پەرەپێدانی میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی تواناكانیان لە ڕێگەی پلانی كرداری و واقیعی و لەسەر زەوی.

• لایەنی یاسادانان: ئەو شوێنەی كە پێویستە یاسادانان ئامادە بكرێت و پەسەند بكرێت، كە پەیوەندی بە كێشەكانی جیاكاریی ئەرێنی هەیە، تا ڕاددەیەك لە هەرێمی كوردستان یاسای نایاب دانراوە، نموونەش دیاریكردنی كۆتایە كە لە ئێستادا ڕۆڵێكی كاریگەری بۆ بەشداریی ئافرەتان هەیە .

• مەرجە لایەنی جێبەجێكاری تایبەتمەند بە ئافرەتان كە خۆی لە چەند دامەزراوەیەك دەبینێتەوە، هەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوەكانی تایبەت بە ئافرەتان بكات و هەنگاوی هاوبەشیان بۆ پێشكەوتنی تواناكانی ئافرەتان هەبێت، بۆ نموونە وەزارەتە تایبەتمەندەكانی ئافرەتان دەتوانن ڕۆڵی كاریگەر لەم بوارەدا بگێڕن.

• ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لەم چوارچێوەیەدا دەبێت ڕۆڵێكی ڕاستەقینە و بەرچاویان هەبێت، چونكە ڕۆڵی ئەم ڕێكخراوانە بەرچاو و كرداری نابێت، تەنیا لە ڕێگەی هەڵمەتی هۆشیاریی بەردەوامەوە نەبێت، بگرە دەبێت بەردەوام هەوڵەكانیان بۆ چالاكیی جۆراوجۆر لە هەموو ناوچەكان تەرخان بكەن.

ئافرەتان و گۆنگرەی چواردە

بێگومان بە درێژایی خەباتی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە سەرجەم كایەكاندا ئافرەتان ڕۆڵ و پێگەیان دیار بووە، تەنانەت پارتی دیموكراتی كوردستان وەك یەكەم پارت لەسەر ئاستی ناوچەكە ئافرەتی گەیاندە ئاستی سەركردایەتی، لە هەموو كۆنگرەكاندا ئافرەتان ڕۆڵ و پێگەیان دیار بووە، هەمیشە بە درێژایی مێژوو لە ئاستی سەركردایەتیی پارتی ئافرەت ڕۆڵیان هەبووە، ناهیدە شێخ سەلام دیارترین ئافرەتە كە توانیویەتی لە پەنجاكانی سەدەی ڕابردوودا بگاتە ئاستی سەركردایەتیی پارتی .

كۆنگرەی چواردەی پارتی، جارێكی دی ئەوەی سەلماندەوە كە ئافرەتان خاوەنی ڕۆڵ و پێگەی خۆیانن و ڕێژەی بەشداریی ئافرەت لەم كۆنگرەیه‌ 25% بـوو، هەروەها لە سەركردایەتیش ڕێژەكە بۆ 15% زیاد كرا، ئەمەش هەنگاوێكی مێژوویی مەزنه‌ لە وێستگەی خەباتی ئافرەتان لە نێو ڕیزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان. هەروەها لە ڕوانگەی ڕاسپاردەكانی كۆنگرە، بە شێوەیەكی بەرچاو ئافرەتان بەرپرسیارێتی ئۆرگانە جیاوازەكانی پارتی دەگرنە ئەستۆ، ئەمەش جارێكی دی نیشانەی دڵخۆشییە..

 ئەوەی من ده‌ركم پێ كردبێت، بە لای زۆربەی ئافرەتانی كوردستان و بەتایبەتیش ئافرەتە چالاكەكانی نێو پارتی، هیوایەكی گەورەمان هەڵچنیوە بۆ ئەوەی ئەم دەرفەتە مێژووییە كە سەرۆك بارزانی و سەركردایەتیی پارتی و ئەندام و لایەنگرانمان ڕەخساندوویانە بۆ بەشداریكردنی ئافرەت، ببێتە مایەی هەنگاوی مەزنتر و بەگەڕخستنی توانای زیاتر و چنینەوەی بەرهەمی ئەم هەنگاو و دەستكەوتە لە نێو كایەی حزبی و بەتایبەتی لە ئۆرگانەكانی پارتیماندا ڕەنگ بداتەوە و، هەلی زیاتر بڕەخسێندرێت بۆ هاتنە پێشەوەی ئافرەتان و، بایەخ بەو هەنگاوە بدرێت كە سەرۆك بارزانی بە بوێرییەوە دەرگای بە ڕووی بەشداریكردنی ئافرەتان لە نێو پارتی دیموكراتی كوردستان كردەوە.

 

 

د. مەیادە نەجاڕ

 

Top