قەشە ئەنیس یەعقووب سولا لە كەنیسەی شەهیدانی شەقڵاوە بۆ گوڵان: مەسیحییەكان بۆیە كۆچیان بەرەو كوردستان كردووە، چونكە پێكەوەژیان لە نێوان كوردستان و عێراقدا ئاسمان و ڕێسمان جیاوازی هەیە
سەرۆك بارزانی لای ئێمە وەكو مەرجەعێكی گەورەی كوردستانییە و هەموو مەسیحییەكانی دونیاش هەر لە پاپای فاتیكان و كریستیانەكانی جیهان پاڵپشتی و پشتگیری سەرۆك بارزانی دەكەن
پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستاندا مێژوویەكی كۆنی هەیە، سەرۆك بارزانی بەردەوام كار بۆ گەشەكردنی ئەم پێكەوە ژیانە دەكات، لە نووسینەوەی دەستووری كوردستان و دەستووری هەمیشەیی عێراقدا سەرۆك بارزانی گرنگییەكی زۆری بە جێگیركردنی مافەكانی نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان داوە، لە هێرشی داعش بۆ سەر مووسڵ و دەشتی نەینەوا سنوورەكانی هەرێمی لە بەردەم مەسیحییەكاندا واڵا كرد و بە هانای هەزاران خێزانی مەسیحی و ئایینزاكانی دیكە و نەتەوە جۆراوجۆرەكانەوە هات. گۆڤاری گوڵان لەسەر ئەم پرسە چەند پرسیارێكی ئاراستەی قەشە ئەنیس یەعقووب سولا لە كەنیسەی شەهیدانی شەقڵاوە كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* جیهان بە چاوی ڕێزەوە لە پێكەوە ژیانی ئایین و ئایینزاكانی هەرێمی كوردستان دەڕوانێت، چەندین ئایین و ئایینزاش لە هەرێمەكەدا هەن، ئێوە وەكو مەسیحییەكان چۆن سەیری ئەم پێكەوە ژیانە لە هەرێمی كوردستان دەكەن؟
- مەسیحییەكانی كوردستان بە چاوی ڕێزەوە دەڕواننە ئەو پێكەوە ژیانەی لە هەرێمی كوردستاندا لە نێوان ئایین و ئایینزاكان هەیە، لاپەڕەكانی مێژوو سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن كە كەلتووری پێكەوە ژیان و لێبووردەیی مێژوویەكی چەند قووڵی هەیە و لە كۆنەوە لە لایەن باپیرانمانەوە دەوڵەمەند كراوە، هەر لە كۆنەوە هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان لە هەرێمی كوردستاندا تەواوكەری یەكتر بوون و هاوبەش بوون لە خۆشی و ناخۆشیی یەكتر لە هەموو بارێكی ژیانەوە. ئەگەر لاپەڕەكانی ئایین و ئایینزاكانی هەرێمی كوردستان هەڵ بدەیتەوە، بە ڕوونی ئەو ڕاستییەت بۆ دەردەكەوێت كە هەمووان پێكەوە بێ جیاوازی بەشدار بوون لە خەبات و شۆڕش، ئەمەش هەمووی بۆ ئەو مێژووە دەگەڕێتەوە كە لە بواری كۆمەڵایەتی و كەلتووری و ڕۆشنبیری و پێكەوە ژیان لەگەڵ یەكتر بوون و گرفتی ئایینی و ئایینزایی و ململانێیان نەبووە، هەمووان پێكەوە ژیاون و لە ڕووی ئابووری و كار و كاسبییەوە تێكەڵاوییەكی باشیان هەبووە، هەمووان پێكەوە هەوڵی پێشخستنی نیشتمانەكەمان داوە و لە رۆژە خۆش و ناخۆشەكاندا پێكەوە بووین و ئەم كەلتووری پێكەوە ژیان و لێبووردەییە لە كوردستان بووەتە هەوێنی جوانی و سەركەوتن و جیهانیش بە چاوی ڕێزەوە لێی دەڕوانێت.
لە شۆڕشی ئەیلوول مەسیحییەكان وەكو برا موسڵمانەكان پێكەوە لە دەوری مەلا مستەفا بارزانی بوون و لە نزیكەوە بەشداریی شۆڕشیان كردووە، ئەمڕۆش سەرۆك بارزانی وەكو ڕابەر و مەرجەعی كورد و كوردستانییەكان درێژە پێدەری هەمان ڕێبازی مەلا مستەفا بارزانییە و ڕێز و خۆشەویستییەكی زۆری لەناو هەموو پێكهاتە ئایینی و ئایینزاكاندا هەیە. سەرۆك بارزانی لای ئێمەی مەسیحییەكان وەكو مەرجەعێكی گەورەی كوردستانی دادەنێین و هەموو مەسیحییەكانی دونیاش هەر لە پاپای فاتیكان و كریستیانەكانی جیهان پاڵپشتی و پشتگیری سەرۆك بارزانی دەكەن. لە بیرمە لە بەهاری ساڵی 1991 لە شاری كۆیە جەنابی سەرۆك بارزانی فەرمووی: «ئەگەر هەر كاتێك نەمتوانی بەرگری لە ماف و بەرژەوەندیی مەسیحییەكانی كوردستان بكەم، ئەوە كوردستان بەجێ دەهێڵم»، ئەو وتە زێڕینەی جەنابی سەرۆك وای كردووە، مەسیحییەكانی كوردستان هەست بە دڵنیایی و متمانە بكەن و بتوانن لە مومارەسەی ژیان و لە رێوڕەسمەكانی خۆمان بێبەش نەبین و بەشداری و هاوبەشی ڕاستەقینەی حوكمڕانی و ناو دامەزراوەكان بین.
* ستراتیژیەتی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان درێژەپێدان و پشتگیریكردنی تەواوی ئەو پێكەوە ژیانەیە، هەر لە ماوەی كابینەی نۆیەم قەداسەتی پاپای فاتیكان سەردانی هەولێری كرد، ئەمەش ڕووداوێكی گەورە بوو لەسەر ئاستی جیهان، ئایا ستراتیژیەتی كابینەی نۆیەم بۆ زیاتر قووڵكردنەوەی گیانی برایەتی و پێكەوە ژیان لە كوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
- بابەتی پێكەوە ژیان و لێبووردەیی لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا قسە و باسێكی زۆر هەڵدەگرێت، دەكرێت لێرەدا ئاماژە بە چەند وێستگە و بابەتێكی گرنگ بكەم. ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبێ جیاوازی لە نێوان پارێزگا و شار و شارۆچكەكان و بە دادپەروەرانە لە نێوان هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان كار بۆ هەموو كوردستانییان دەكات، پلان و بەرنامەو كاری كابینەی نۆیەمی بە جۆرێك ئاراستە كردووە، پڕۆژە و خزمەتگوزارییەكان و كاروچالاكییەكانی كابینەكە بە بێ جیاوازی بۆ هەموو هەرێم بێت، لە بواری ئایینی و ئایینزایشەوە بەڕێزیان جیاوازی ناكات لە نێوان نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان، بۆیە دەبینین لە پاڵ دروستكردن، یان نۆژەنكردنەوەی مزگەوتێكدا، گرنگی بە كەنیسە و پەرستگا و شوێنە پیرۆزەكانی دیكەش دەدات، ئەم كارانەی ڕێزدار سەرۆكی كابینەی نۆیەم وای كردووە، پێكەوە ژیان لە قۆناغێكەوە بۆ قۆناغێكی دیكە زیاتر گەشە بكات، ئەمەش ئەوەی لێ هاتەدی كە لە مێژووی عێراقدا بۆ یەكەمجارە قەداسەتی پاپای فاتیكان بە شەخسی خۆی سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستان بكات و نوێژی قەداسی لە گۆڕەپانی شەهید فەرەنسۆ هەریری ئەنجام دا. هاتنی پاپای فاتیكان بۆ هەولێر ددانپێدانان و پاڵپشتییەكی بەهێزی نێودەوڵەتییە بۆ بەهێزی و جوانیی هەرێمی كوردستان و پشتگیریكردنی ئەو پێكەوە ژیان و لێبووردەییە كە لە ناو پێكهاتە و ئایین و ئایینزاكانی هەرێمی كوردستاندا بە پاڵپشتیی سەرۆك بارزانی بونیاد نراوە، پێكەوە ژیانی كوردستانییان لە ناوچەیەكی پڕ لە كێشمەكێش و ئاڵۆزدا، پاڵپشتییەكی بەڵگە نەویستی پاپای فاتیكانیشە بۆ بەدیهاتنی خەونی سەدان ساڵی گەلی كوردستان بۆ گەیشتن بە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی، ئەم سەردانەی پاپای فاتیكان بە قەڵەمی زێڕین لە مێژوودا دەنووسرێتەوە، بەوەی مەسیحییەكان لە كوردستاندا پێكهاتەیەكی ڕەسەن و سەرەكی و هاوبەش و كاریگەرن و بەشدارین لە پەرلەمان و حكومەت و دامەزراوەكاندا، پاپای فاتیكان پەیوەندییەكی بەهێز و ڕێز و خۆشەویستی لەگەڵ ڕێزداران سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە، بە شێوەیەكی گشتی سەردانەكەی پاپای فاتیكان وای كرد، ئێمەی مەسیحییەكانی كوردستان دڵنیایی و متمانەمان بە دواڕۆژی خۆمان و نەوەكانمان هەبێت و متمانەشمان بە هەرێمی كوردستان و حكومەت و دامەزراوەكانی هەبێت، تاوەكو لەم هەرێمەدا بە ئاسوودەیی بژین.
* لە پرۆسەی نووسینەوەی دەستووری كوردستاندا، سەرۆك بارزانی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە پێویستە نوێنەری نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان خۆیان مافەكانی خۆیان لە دەستووری كوردستاندا بنووسنەوە و بە ئاستێك بێت كە خۆیان پێی ڕازی بن، ئایا ئێوە وەك مەسیحییەكان دەتانەوێت مافەكانتان لە دەستووری كوردستاندا دیاری بكرێت؟
- سەرۆك بارزانی وەكو مەرجەع و كاریزما ڕابەری گەلی كوردستانە، بۆیە بە یەك چاو دەڕوانێتە هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزكان و جیاوازی لە نێوان پارێزگا و ناوچە جیاجیاكانی كوردستان ناكات، هەمووان لای سەرۆك بارزانی هاووڵاتی پلە یەكن و جەنابی سەرۆك دەیەوێت نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان خۆیان لە لێژنەكانی نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستووری كوردستان بەشدار بن، تاوەكو خۆیان ماف و بەرژەوەندیەكانیان كە لە لایان گرنگ و گرنترە تۆمار بكەن، هەر بۆیە ئێمە ئەو هەڵوێستەی ڕابەر و مەرجەعمان بە گرنگ و دڵسۆزی و خەمخۆری دەزانین و تا ئەو پەڕی توانا و هەستی مرۆڤایەتی ڕێزی لێ دەگرین.
* هەتا ئێستاش لە هەرێمی كوردستاندا تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان پشتگیری تەواو و ڕاستەقینەی هەموو پێكهاتەكان دەكات، ئایا ئەمە بۆچی وایە؟
- پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لە فكری مەلا مستەفا بارزانی و ئایدیۆلۆژیەتی خۆیەوە باوەڕی بە پێكەوە ژیان و برایەتی و تەبایی هەبووە و هەیە، ئێمە وەك كریستیانەكانی هەرێمی كوردستان سەرفراز و سەربڵندین بەو گرنگیدانەی كە جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی و هەموو سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان و جەماوەرەكەی بەو پێكەوە ژیان و لێبووردەییە دەدەن لە هەرێمی كوردستان، بەڵكو زۆرجار دەبینین هەڵویستی پارتی لە عێراقیش هەر بەو شێوەیە بووە، بۆیە كارو بڕیارەكانی پارتی هەموو كات جێگا و كاریگەریی خۆیان هەیە.
* لێكدانەوەتان چییە بۆ ئەو بڕیارەی جەنابی سەرۆك بارزانی كە لە كاتی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر مووسڵ و چەند شارێكی دیكەی عێراق و دەشتی نەینەوا هەموو دەروازە سنوورییەكانی بە ڕووی كریستیانەكان و هەموو ئاوارەكانی نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی دیكەی عێراق كردەوە؟
- لەو كاتەدا كە تیرۆریستانی داعش پەلاماری عێراقیان دا، ئەگەر هەرێمی كوردستان نەبووایە ئەو خەڵكە بۆ كوێ دەچوون و چییان بەسەر دەهات؟ تاكە جێگا كە بە هانای ئەو خەڵكە زۆرەی ئاوارەكان هات، خەڵكی كوردستان و جەنابی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان بوون كە پێشوازییان كرد لە ئاوارەكانی كوردی ئێزیدی و كریستیانەكانی مووسڵ و دەشتی نەینەوا و ئایین و ئایینزاكانی دیكە تا دەگاتە ئاوارەكانی برا عەرەبەكان كە هاتنە كوردستان. بڕیار و فەرمانی سەرۆك مەسعود بارزانی بوو كە هەموو دەروازە و سنوورەكان بە بێ لێپرسینەوە لە بەردەمی ئەو شاڵاوە زۆرەی ئاوارەكان كرانەوە، هەرگیز هەڵوێستی مرۆڤانە و بوێرانەی جەنابیان لەبیر ناكەین، چونكە توانی بەو پەڕی لەخۆبووردەیی پێشوازی لەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكان بكات و شوێنی حەوانەوە و خواردن و خواردنەوەیان بۆ دابین بكات.
* ئایا بوونی عەنكاوە لە ناحیەوە بۆ قەزا مانای چییە و تا چەند كاریگەری لەسەر پێكەوە ژیانی هەرێمی كورددستان هەیە؟
- ئەمەش یەكێك لە گرنگیدانەكان دیكەی هەرێمی كوردستان بە كریستیانەكان و بە پێكەوە ژیان لەو هەرێمە دەستووری و یاساییەدا كە بوونی عەنكاوەیە بە قەزا، ئەمەش گرنگیدانی زیاترە بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان لەو شوێنە و لە ڕووی كارگێڕیشەوە دابەزاندنی دەسەڵاتەكانە لە حكومەتەوە لە سەرەوە بۆ خوارەوە، تاوەكو بتوانرێت ئەوەی خۆیان لە چوارچیوەی قەازكە و لە نزیكەوە دەیبینن و پێویستە دەستنیشانی بكەن و كێشە و گرفتەكان چارەسەر بكەن.
* ئایا جیاوازیی پێكەوە ژیان لە نێوان هەرێم و عێراق چۆن دەبینیت و بۆچی بەم جۆرەیە؟
- جیاوازیی پێكەوە ژیان لە ئێستادا لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقدا جیاوازیی نێوان ئاسمان و ڕێسمانە، چونكە هەرێمی كوردستان ئێستا نموونەیەكی سەركەوتووی پێكەوە ژیانە لە ناوچەكە و لە دونیاشدا، بەڵام پێكەوە ژیان لە عێراق هەر نییە، بەڵكو حكومەتی عێراق شوێنێكی مەزهەبی و تائیفییە و ئەو دەستوورەشی هەیانە، نەیانتوانیوە، یان نایانەوێت جێبەجێ بكرێت، هەر ئەم جیاوازیەشە وای كردووە، زۆربەی مەسیحیەكانی عێراق ڕوو لە شارەكانی هەرێمی كوردستان بكەن.