سعــود مــستــۆ نــەجــم بــەڕێوەبــەری گـشتیی كاروباری ئێزدییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بۆ گوڵان: كەس خۆی بە خاوەنی ئێمە نەزانیوە تەنیا پارتی و بارزانی نەبێت

سعــود مــستــۆ نــەجــم  بــەڕێوەبــەری گـشتیی كاروباری ئێزدییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بۆ گوڵان:  كەس خۆی بە خاوەنی ئێمە نەزانیوە تەنیا پارتی و بارزانی نەبێت

 

 

ئێزدییەكان پێكهاتەیەكی دانەبڕاو و گرنگی كۆمەڵگەی كوردستانن و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش درێغی نەكردووە لە هەوڵەكانیدا بۆ بەدیهێنان و بەرجەستەكردنی مافەكانیان، بۆ تاوتوێكردنی ئەم پرسە و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ سعود مستۆ نەجم بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری ئێزدیەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی ئەنجام دا، لێرەدا دەقی وتەكانی بڵاو دەكەینەوە.

 

* یەكێك لە جوانییەكانی هەرێمی كوردستان كە بووەتە جێگای شانازی بۆ هەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان، ئەو پێكەوە ژیانەیە كە دێرزەمانەوە لە كوردستان بووە و هەیە، هەموو جیهانیش بە چاوی ڕێزەوە سەیری ئەم لێبوردەیی و پێكەوە ژیانەی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان دەكەن، ئایا ئێوە وەك ئێزدیەكان چۆن سەیری ئەم پێكەوە ژیانەی هەرێمی كوردستان دەكەن؟

- بە شێوەیەكی گشتی كۆمەڵگەی كوردەواری بەهرەمەند بووە لە فەرهەنگی لێبووردەیی و پێكەوە ژیان و ئێمەش شانازی پێوە دەكەین. پێكەوە ژیانی نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولی مەزندا زیاتر بەرجەستە بوو، كە موسڵمان و كریستیان و ئێزدی شان بە شانی یەكتر بەشداربوون لەو شۆڕەشە مەزنەی ڕزگاریخوازیی گەلی كوردستان بۆ هێنانەدی ئازادی و مافی گەلی كوردستان. هەر ئەو پێكەوە ژیان و هاوبەشییەی نێوان پێكهاتە و ئایین و ئایینزاكان لە بەهاری ساڵی 1991 بوو وای كرد، خەڵكی باشووری كوردستان ڕاپەرن و ئازادی و دیموكراتی و حكومەت و پەرلەمانی كوردستانی لێ بێتەدی و ئێزدی و ئێزدیایەتی لەژێر سێبەری ئەو ئازادی و حكومەتی كوردستانە لە ناوچە ئازادەكانی كوردستان گەشەی كرد و ئازادانە ژیانی خۆیان مومارەسە كرد. لە دوای ئازادیی عێراقیش لە ساڵی 2003 لە باشووری كوردستاندا بە باشترین شێوە ئێزدییەكان نەك تەنیا لە ناوچەكانی خۆیان، بەڵكو لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بە باشترین شێوە ژیان و گوزەرانی خۆیان مومارەسە كردووە و لە سایەی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان و حكومەتەكانی یەك لە دوای یەكی هەرێم، تەواوی ئازادی و بەشداریمان لەناو كۆمەڵگەی كوردستاندا هەبووە. دەبێت جەخت لەوە بكەینەوە كە هەموو كات جەنابی سەرۆك بارزانی لەسەر ڕێچكە و ڕێباز و هزری بارزانیی نەمر كاری كردووە، بۆ ئەوەی پێكەوە ژیان و لێبووردەیی لە كوردستاندا زیاتر گەشە بكات و بچەسپێت، كە هەر ئەوەشە وای كرد، پێكەوە ژیانی نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان لە هەرێمی كوردستان ببێتە نموونەیەكی جوان و سەرنجڕاكێشی هەموو وڵاتانی دونیا، ئێمەش وەك هەموو دونیا شانازی بەو پێكەوە ژیانەی هەرێمی كوردستان دەكەین، كە تاكە نموونەیە لەسەر ئاستی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نموونەیەكی دیار و جێی شانازییشە لەسەر ئاستی هەموو دونیا. 

* ستراتیژیەتی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دریژەپێدان و پشتگیریكردنی تەواوی ئەو پێكەوە ژیانەیە و هەر لە ماوەی كابینەی نۆیەم قەداسەتی پاپای ڤاتیكان سەردانی هەولێری كرد، ئەمەش ڕووداوێكی گەورە بوو لەسەر ئاستی جیهان، ئایا ستراتیژیەتی كابینەی نۆیەم بۆ زیاتر قووڵكردنەوەی گیانی برایەتی و پێكەوە ژیان لە كوردستان چۆن دەبینن؟

- كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان لەو كاتەی ڕێزدار كاك مەسرور بارزانی كارنامەی خۆی لە پەرلەمان پێشكەش كرد، لە چەندین خاڵ و شوێنی كارنامەكە بە ڕوون و ئاشكرا جەختی لەسەر گرنگیدان بە پێكەوە ژیانی نێوان پێكهاتە و ئایین و ئایینزاكان كردووە، لە ڕووی پێدان و پاراستنی مافی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكانی كۆمەڵگەی كوردستان، هەروەها لەو كابینەیەدا بۆ یەكەم جار وەزارەتێك دامەزرا بۆ كاروباری پێكهاتەكان. سەرۆكی حكومەتی كوردستان زۆرترین و گرنگترین پۆستی بە پێكهاتەی ئێزدییەكان داوە، بۆ یەكەم جارە پیاوانی ئایینیی ئێزدی وەك پیاوانی ئایینی موسڵمانان لە هەرێمی كوردستان مووچە و ئیمتیازاتیان بۆ بڕاوەتەوە. ئەمەش لە هەموو كابینەكان بووە، بەتایبەت لە كابینەی نۆیەمدا، خزمەتگوزاریی گرنگ بە پەرستگا و شوێنە ئایینی و نیشتەجێیەكانی ئێزدیان بەتایبەتی بە پەرستگای لالش دراوە، كە پڕۆژەی ستراتیژی و بەردەوام بۆ پەرستگای لالش ئەنجام دراوە، كە تاكە پەرستگای پیرۆزی ئێزدییانە لەسەر ئاستی هەموو جیهاندا، هەڵبەتە هاتنی قەداسەتی پاپای ڤاتیكان بۆ هەرێمی كوردستان ڕووداوێكی مێژووی بوو، لەوەش گرنگتر ئەوە بوو كە پاپا سەردانی عێراقی فیدڕاڵی كرد و گلەیی و گازادنە و داخوازی زۆری لێیان هەبوو، بەڵام لە هەرێمی كوردستان دەستخۆشی لە حكومەتی كوردستان و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانی كرد، بۆ ئەو گرنگیدانە بەو شێوەیە كە بووەتە هۆی پێكەوەژیانێكی باش و جوان كە سەرنجی پاپا و هەموو دونیاشی بۆ لای خۆی ڕاكێشاوە.

* لە پرۆسەی نووسینەوەی دەستووری كوردستان، سەرۆك بارزانی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە پێویستە نوێنەری نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان خۆیان مافەكانی خۆیان لە دەستووری كوردستاندا بنووسنەوە و، بە ئاستێك بێت كە خۆیان پێی ڕازی بن. ئایا ئێوە وەك ئێزدییەكان دەتانەوێت مافەكانتان لە دەستووری كوردستاندا دیاری بكرێت؟

- ئەگەر كریستیانەكانی جیهان پشتیوانی كریستیانەكان بن، موسڵمانەكانی دونیاش پاڵپشتی موسڵمانەكان بن، ئەوا ئێمەی ئێزدی تەنیا كوردستان پشتیوانمان بووە، لە كوردستانیشدا ئێمە وەك ئێزدییان تەنیا سەرۆك بارزانی بە پشت و بە پشتیوانی خۆمان دەزانین، لە مێژووی عێراقدا بۆ یەكەم جار بوو، سەرۆك بارزانی وای كرد، ماف و داواكاریی ئێزدییەكان لە دەستووری عێراق بنووسرێت و جێگیر بكرێت، هەر بۆیە دڵنیاین لە سایەی جەنابی سەرۆك بارزانی و ئەو پشتیوانییەی لە ئێمەی دەكات، هەموو ماف و بەرژەوەندی و ئەوەی پێویست دەكات بۆ ئێمەی ئێزدی لە دەستووری كوردستان دادەنرێت و جێگیر دەكرێت و، سەرۆك بارزانی وەك مەرجەعییەتی گەلی كوردستان و وەك داكۆكیكارێكی سەرسەختی دیموكراتیەت و مافی مرۆڤ لە هەموو جیهاندا ناسڵەمێتەوە لە جێگیركردن و پێدانی مافی نەك تەنیا ئێزدییەكان، بەڵكو مافی یاسایی و بەرژەوەندیی هەموو پێكهاتەكان بە نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانەوە بە بێ جیاوازی لە دەستووری كوردستاندا جێگیر دەكات. ئێمە لەو كارە دڵنیاین، چونكە دیرۆك ئەوەی سەلماندووە، كە 74 جار ئێزدییان كۆمەڵكوژ كراون و لە ساڵی 2014 لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش، ئێزدییان هەموو ناوچەكانی خۆیان لەدەست دا و جارێكی دی كۆمەڵكوژ كران، لە پاشان ئەوە یەكەم جارە لە مێژوودا ڕوو بدات، كە بە سەركردایەتی و سەرپەرشتیی میدانی و ڕاستەوخۆی سەرۆك و مەرجەعی گەلێك كە جەنابی سەرۆك بارزانییە، بە خوێنی گەشی پێشمەرگە قارمانەكانی كوردستان، هەموو ناوچە و شوێنەكانی ئێزدییان لە دەستی داعش ڕزگاركران و بۆیان گەڕێندراینەوە، كە ئەمە لەو كاتەدا دێت كە جەنابی سەرۆك بارزانی بەڵێنی دابوو، كە ئەو ناوچانە ڕزگار دەكرێت و جەنابیشیان بەڵێنەكەی خۆی هێنایەدی.

* كورسیی كۆتای نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان، زۆر جار لە ناو پەرلەمان لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی هاوهەڵوێستن، ئەمەش وای كردووە كە حزبەكانی دیكەی كورد، بەوە تاوانباریان بكەن كە ڕاوبۆچوونیان 100% لەگەڵ پارتییە. پرسیار ئەوەیە بۆچی لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان هاوهەڵوێستن؟

- پارتیبوونی ئێزدییان هی ئەمڕۆ و دوێنێ نییە، بەڵكو پارتیبوونی ئێزدییان عەقیدە و بیر و باوەڕە، هەر لە دەستپێكی شۆڕشی ئەیلوول بە سەركردایەتیی باوكی ڕۆحی نەتەوە مستەفا بارزانیی نەمر، ئێزدی شان بە شانی هەموو پێشمەرگەكانی دیكە بەشداری شۆڕشیان كردووە و لە پاشان بەردەوام بوون لە شۆڕشی گوڵان و تا ئێستاكەش لەلای ئێزدیان پارتیبوون بیروباوەڕێكی نەتەوەیی و سەروەرییە و لە هەموو قۆناغەكانی ژیاندا تا دەگاتە ئەنفال و دەربەدەربوون، لە هەموو قۆناغ و سەردەمێكی سەخت و دژوار و خۆشیشدا تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان خودانی ئێزدییان بووە و هیچ كەسێك خۆی بە كەس و خاوەنی ئێمە نەزانیوە، تەنیا پارتی و بارزانی نەبێت. لەلایەكی دیكەوە هەموو كاتێك دوژمنان هەوڵیان داوە، ناخۆشی و ناحەزی لە نێوان ئێزدی و پارتی دروست بكەن، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو بیروباوەڕەی لەلای ئێزدییان هەیە، حزبی نییە، بەڵكو هزر و بیروباوەڕی ڕێبازی بارزانییە، بۆیە كەس ناتوانێت دووبەرەكی و ململانێ لە نێوان پارتی و ئێزدی دروست بكات، باشترین بەڵگەش بۆ ئەوە واقیعێك دەخەینە ڕوو لە هەڵبژاردنی 2020ی پەرلەمانی عێراقدا، سەرەڕای كۆمەڵكوژی و ئەو ماڵوێرانییەی تووشی هاتووە و فشاری حەشدی شەعبی و چەندین هێزی چەكداری دیكەی وەك پەكەكە، ئەوە سێ كورسی بۆ قەزای شنگال دانرابوو، ئەو سێ پەرلەمانتارەی دەنگیان هێنا بە دەنگی ئێزدییان هەر سێكیان پاڵێوراوی پارتی دیموكراتی كوردستان بوون، سەرەڕای ئەوەی كە لەو ناوچەیەدا پارتی بانگەشەی تێدا نەكردبوو و تێدا دەسەڵاتداریش نەبوو.

* هەتا ئێستاش پارتی دیموكراتی كوردستان پشتگیری ئەوە دەكات كە هەڵبژاردنی كوردستان یەك بازنە بێت و دابەش نەكرێت، ئایا بۆچی گرنگە كورسیی كۆتاكان لە یەك بازنەدا دەنگی پێ بدرێت؟

- سیستمی یەك بازنەیی لە هەڵبژاردنەكاندا دەتوانێت ماف و دەنگی پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان بێنێتەدی و دەنگەكانیان نەفەوتێ و پەرشوبڵاو نەبێتەوە، چونكە پێكهاتە نەتەوەییەكان بەتایبەت و ئایین و ئایینزاكانیش لە هەموو شار و شوێنێكی كوردستان نین، ئەو سیستەمی یەك بازنەیە وادەكات زیاتر پێكەوە ژیان لە هەرێم گەشە بكات و بەبێ كێشە بمێنێتەوە، بەڵام ئەوانەی داوا دەكەن كە هەڵبژاردن بە فرەبازنەیی بێت، یان چەند بازنەیەك بێت، مەبەستیان تێكدان و دژایەتیكردنی ئەو پێكەوە ژیانەی هەرێمی كوردستانە، هەر بۆیەش پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پاراستنی ئەو پێكەوە ژیان و هاتنەدی مافی هەموو لایەك پێداگری لە هەڵبژاردنی یەك بازنەیی دەكاتەوە و، دەكرێت هەڵبژاردنیش لە كوردستان بە چەند بازنەیەك بێت، بەڵام بۆ پێكهاتەكان هەر یەك بازنە بێت.

* ئایا ڕێككەوتنی شنگال تا چەند گرنگە بۆ ئاساییبوونەوەی بارودۆخی شنگال و بۆچی تا ئێستا جێبەجێ نەكراوە؟

- پێشەكی جەنابی سەرۆك بارزانی و بەم دواییانەش لە كابینەی نۆیەمدا ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان درێخییان نەكردووە بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شنگال، تاوەكو ئاوەدان بكرێتەوە و ئاوارەكانیش بگەڕێنەوە سەر ماڵ و جێگای خۆیان، ئەو ڕێككەوتنەی نێوان حكومەتی هەرێم و عێراق كە ڕێككەوتنی شنگال ناسراوە، بە ئامادەبوون و چاودێریی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ ئاساییكردنەوی شنگال واژوو كراوە، هەر هەوڵ و كۆششی جەنابیان بووە، بەڵام لایەنی جێبەجێكاری ڕێككەوتنەكە حكومەتی بەغدایە، كە ئەویش ئیرادە و مەرامی جددی نییە بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە، بەڵكو لە چەندین لایەنەوە بە هۆی هێزی چەكداری جۆراوجۆر كێشە و گرفت بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە دروست دەكەن، بۆیە ئێمە وای دەبینین كە حكومەتی عێراق ئیرادە و مەبەستی نییە بارودۆخی ئێزدییان و قەزای شنگال ئاسایی بكاتەوە.

 

Top