د. محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان بۆ گوڵان:   1612 پڕۆژەی وەبەرهێنان پەسەند كراون و مۆڵەتمان بە 280 پڕۆژە داوە و نزیكەی 200 هەزار هەلی كار دابین كراون

د. محەمەد شوكری  سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان بۆ گوڵان:     1612 پڕۆژەی وەبەرهێنان پەسەند كراون و مۆڵەتمان بە 280 پڕۆژە داوە و نزیكەی 200 هەزار هەلی كار دابین كراون

 

 

 

 

لە چوار ساڵی تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە گەشەیەكی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینیوە، پڕۆژەكان لە ڕووی ئاراستەكردنیانەوە بەرەو سێكتەرەكانی (كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری) هەنگاوی گەورەیان ناوە، گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی تایبەت بە وەبەرهێنانی لەگەڵ دكتۆر محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان تاوتوێ كرد و بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

 

 

* وەبەرهێنان بنەمای سەرەكیی بەهێزبوونی ئابووری و دۆزینەوەی هەلی كار و خۆشگوزەرانییە، سەرەتا با لەو پرسیارەوە دەست پێ بكەین، لە چوار ساڵی دامەزراندنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بارودۆخی وەبەرهێنان لە چ ئاستێكدایە؟

- لە دەستپێكی دامەزراندنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كارنامەكەیدا گرنگییەكی زۆری بە وەبەرهێنان دا، ئەمەش لەو ڕوانگەیەوە دێت كە وەبەرهێنانی بیانی و نێوخۆیی و هاوبەش هەموو پێكەوە بنەمایەكی سەرەكیی بەهێزبوونی ئابوورین و، زۆرترین هەلی كاریش لە كەرتی تایبەت و وەبەرهێنان، بەتایبەتی لە پڕۆژە گەورەكانەوە دەستەبەر دەبێت، لە ماوەی چوار ساڵی تەمەنی كابینەكەدا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بوو كە توانی هەرێمی كوردستان و خەڵكی لە قۆناغێكی هەستیار و پڕ لە مەترسی بپەڕێنێتەوە بۆ كەناری ئارامی، لە كۆرۆنا و داشكانی بەهای نەوت و بڕینی بودجە و قەیرانی دارایی گەلەكەی دەرباز كرد و، بەو پەڕی دڵسۆزی و وەفاوە ئەركی خۆی بەجێ گەیاند، كە خزمەتكردنی هاونیشتمانیانی لە پێش هەموو ئەركەكانی دیكەی دانابوو، بگرە هاووڵاتیی بە میحوەری سەرەكیی ئەرك و كارەكانی داناوە، هەروەكو بەڵێنیشی دابوو، بەوەی هەرچی لە پێناو خزمەتكردنی هاووڵاتیاندا بێت، درێخی نەكات. ئێمەش لە دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان بە پاڵپشتیی بەڕێزیان وەكو سێكتەرێكی گرنگی ئابووری، بەو ستراتیژیەتە و لەسەر ڕاسپاردەكانی جەنابی كارمان كردووە، ئیدارەدانێكی باشی وەبەرهێنانمان كرد بەرەو سێكتەرەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری، ئاراستەی وەبەرهێنانی بیانی و نێوخۆییمان كرد و، وەبەرهێنانمان لە چەقبەستوویی بەگەڕخستەوە و چەندین پڕۆژەی نیشتەجێبوون كە بە هۆی قەیرانی داراییەوە وەستابوون، بەكار خرانەوە و ئەوانی دیكەشمان چارەسەر كرد، لە هەمووشی گرنگتر كەموكورتی و گەندەڵی بوو لە هەندێك پڕۆژە كە لێپرسینەوەی جددی بەرانبەر كرا، ئەم دیاردەیە لە كابینەی نۆیەمدا بە ڕاددەیەكی زۆر كەم بووەوە، هەموو ئەم هەنگاو و كار وچالاكییانە كاریگەرییەكی باشی لەسەر بەهێزبوونی ئابووری و خۆشگوزەرانیی خەڵكی هەرێمی كوردستان هەبوو، هەموو داتا و زانیارییەكانی چوار ساڵی ڕابردوو ئەوە دەسەلمێنن كە دەستكەوتی گەورە لە بواری وەبەرهێنان لەم كابینەیەدا بەدەست هاتووە، زیاتر لە 1612 پڕۆژەی وەبەرهێنان پەسەند كراون و لە قۆناغی ڕاییكردنی مامەڵەكاندایە و 213 پڕۆژە مۆڵەتی پێ دراوە، لەم پڕۆژانەش ئاراستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوە بووە، زیاتر گرنگی بە هەرسێ كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتیاری بدەین، ئەم سێ كەرتەش ڕێگەخۆشكەر دەبێت بۆ گرنگیدان بە كەرتەكانی دیكە، تەنانەت پڕۆژەكانی دیكەی بازرگانی و بانكی و پەروەردەیی و خوێندن و زانكۆ و تەندروستی و خزمەتگوزاری و ڕۆشنبیری و كارەباشمان فەرامۆش نەكردووە و بە چڕی كارمان لەسەر كردووە، با لێرەدا زیاتر بە داتا و زانیاری قسە بكەین، لە ساڵی 2919 تەنیا مۆڵەت درابوو بە 15 پڕۆژە و لە ساڵی 2020، 71 پڕۆژە و لە ساڵی 2021، 70 پڕۆژە و لە ساڵی 2022، 94 پڕۆژە و تاكو مانگی 7ی ساڵی 2023، 30 پڕۆژە و كۆی گشتی پڕۆژەی مۆڵەتدراو لە مانگی 7ی ساڵی 2019 تاكو مانگی 7ی ساڵی 2023 دەگاتە 280 پڕۆژە، بە سەرمایەی 13 ملیار و 526 ملیۆن دۆلار، هەنگاوی جددیشمان ناوە بۆ جێبەجێكردنی پلانی 20-20 كە پلانێكی ستراتیژیی گشتگیر بوو، هەروەها توانیمان لە ڕێبەری وەبەرهێنان و دواتر ڕێبەری وەبەرهێنانی سەوز 2000 دەرفەتی نوێی وەبەرهێنان بۆ كەرتی تایبەت بخەینە بەردەستی وەبەرهێنەران و بازرگانی و كەرتی تایبەتی ناوخۆ و دەرەكی. لە ئێستاشدا كار لەسەر نەخشەی وەبەرهێنان دەكەین، تاوەكو لە داهاتوودا بتوانین پڕۆفایلی تایبەت بە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دروست بكەین و هەنگاو بەرەو نەخشەی وەبەرهێنان بنێین، لەم كابینەیەدا مۆڵەتدان بە زیاتر لە 280 پڕۆژە سەركەوتنێكی گەورەیە و دەگاتە 20%ی تێكڕای ئەو مۆڵەتانەی وەبەرهێنان كە لە ماوەی 17 ساڵدا دراون، ئەمەش گۆڕانكاریی گەورەی دروست كردووە و 13 ملیار دۆلاری ئەمریكی سەرمایەی بەگەڕ خستووە و هەلی كاری گەورەی بۆ گەنجان ڕەخساندووە. لەلایەكی دیكەوە پەیوەندییە باشەكانمان لەگەڵ وەزارەت و فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوێنی ئاراستەكردنی وەبەرهێنان بووە بەرەو پڕۆژە ستراتیژییەكان، لەوانە دامەزراندنی ناوچە پیشەسازییەكان، لەم ماوەیەی دواییشدا بەردی بناغەی چەندین پڕۆژەی گرنگی وەكو كارگەی چیمەنتۆ و كارگەی شیرەمەنی و بەنداو و بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر و كارگەی دیكەی جۆراوجۆرمان دانا.

* لایەنێكی گرنگی وەبەرهێنان بوونی ژمارەیەكی زۆر لە كۆمپانیاكانە، تا چەند ئەم ئاسانكاری و گۆڕانكارییانەی كە لە بواری وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان پێشكەش كراوە، بووەتە هۆی بووژانەوەی كاری كۆمپانیاكان لە هەرێمی كوردستاندا؟

- لە چوار ساڵی ڕابردوودا كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەلی كاری بۆ 528 كۆمپانیای نوێ ڕەخساندووە، وەبەرهێنان فراوان بووە و پانتایی كاری كۆمپانیا خۆماڵی و دەرەكییەكانیش فراوانتر بووە، ئەوەتا لە هەرێمی كوردستاندا زیاتر لە 32 هەزار كۆمپانیا كار دەكات و بە هۆی كارئاسانییەوە لە ماوەی چوار ساڵدا 582 كۆمپانیا مۆڵەتی كاركردنیان وەرگرتووە و بە سەدان هەلی كاریان دابین كردووە، كاری كۆمپانیاكانیش زیاتر بەسەر بوارەكانی (خۆراك، بیناسازی، ڕستن و چنین، كانزاكان، كیمیاوی، پلاستیكی، خزمەتگوزاری و گەشتیاری و كشتوكاڵی و پیشەسازی و ...هتد) دابەش بووە.

 

* لەم كابینەیەدا لە دەستەی وەبەرهێنان پڕۆژەی ستراتیژیی پلانی 20-20 تان ڕاگەیاند، ئایا تا چەند ئەم پڕۆژە ستراتیژییە جێبەجێ كراوە و گرنگیترینی ئەو پرۆژانە چین كە لەم چوارچێوەیەدا ئەنجام دراون؟

-   پڕۆژەی پلانی 20-20 بە چەند قۆناغێك جێبەجێ دەكرێت، هەر خۆی لەخۆیدا ئەم پڕۆژەیە لەو پرۆژانە پێك هاتووە كە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و ئیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشنیاریان كردووە، تاوەكو لە ڕێگەی كەرتی تایبەتەوە جێبەجێ بكرێت، ئەوە بوو لە قۆناغی یەكەمدا 1055 پڕۆژەمان ڕاگەیاند و خۆشبەختانە هەر لە ساڵی یەكەمدا بەشێكی زۆری ئەو پڕۆژانە لە ڕێگەی كەرتی تایبەتەوە پرۆپۆزەڵیان لەسەر پێشكەش كرا. لەمەش گرنگتر لە ئێستادا كار دەكەین بۆ ئامادەكردنی نەخشەی وەبەرهێنان تایبەت بە هەموو پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان، چونكە بڕوامان وایە تا هەرێمی كوردستان نەبێتە خاوەنی نەخشەی وەبەرهێنان، ناتوانین كۆتایی بەو ڕۆتینە بهێنین كە دێتە بەردەم مۆڵەتدان بە پڕۆژەیەكی وەبەرهێنان.

* باسی ناوچە پیشەسازییەكانت كرد، یەكێك لە دەستكەوتەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ناوچە پیشەسازییەكانە، بەتایبەتی ناوچە پیشەسازییەكانی خۆراك كە ڕۆڵی هەیە لە گەشەكردنی هەردوو كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵی، ئەم هەنگاوانە بەكوێ گەیشتوون؟

- لە ئێستادا كار لەسەر 16 ناوچەی پیشەسازی دەكرێت و بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان توانراوە هەنگاوی باش بچینە پێشەوە، بەتایبەتی لە بواری دابینكردنی زەوی و بونیادنانی ژێرخانی ئەم ناوچە پیشەسازییانە، فرەچەشنكردنی ئابووری و گەڕان بە دوای سەرچاوەی دیكەی داهات (جگە لە داهاتی نەوتی)، بە یەكێك لە دەستكەوتەكانی ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دادەنرێت، وێڕای گرنگیی ئەم دەستكەوتە بۆ بونیادنانی ژێرخانی ئابووریی هەرێم و بەهێزبوونی ئابووریی هەرێمی كوردستان، هاوكات زۆرترین هەلی كاریش بۆ گەنجەكانمان لەم دوو كەرتە دابین دەبێت، بۆیە دروستكردنی ژمارەیەكی زۆری ناوچەی پیشەسازی چووەتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە و ژمارەیەكیان بەردی بناغەی بۆ دانراوە، وەكو ناوچەی پیشەسازیی زاخۆ و ئەوانی دیكەش قۆناغ بە قۆناغ دەكرێنەوە، لە دهۆك ڕێژەیەكی بەرزی ناوچەی پیشەسازیی خۆراك تەواو بووە و 330 شوێنی بۆ كارگەی خۆراك ئامادە كراوە، هەرچی ناوچە پیشەسازییەكانی دیكەی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان هەیە لە پلاندایە، لە لایەكی دیكەوە دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان مۆڵەتی كاركردنی بە زیاتر لە 55 كارگە داوە و كارگەی زۆر گەورەی لەخۆ گرتووە، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی مۆڵەتەكان بە كەرتی پیشەسازی بە ڕاددەیەك لە ساڵی 2019 تاكو ساڵی 2020 مۆڵەتمان بە 81 پڕۆژەی پیشەسازی داوە بە سەرمایەی یەك ملیار و 962 ملیۆن و 898 هەزار دۆلار، كە لە دوای پڕۆژەكانی گەشتیاری و نیشتەجێبوون لە ڕووی سەرمایەوە بە پلەی سێیەم دێت. بە شێوەیەكی گشتی لە ئێستادا كار دەكەین لەسەر جێبەجێكردنی ناوچە پیشەسازییەكان، چونكە تا ئێمە نەبینە خاوەنی ئەم ناوچە پیشەسازییانە و ژێرخان و هەموو خزمەتگوزارییەكانی بۆ دابین نەكەین، ناتوانین لە ماوەیەكی كەمدا مۆڵەتی وەبەرهێنان بدەینە پڕۆژەی كارگەیەك و لە ڕووی كرداریشەوە لە ماوەیەكی كەمدا كارگەكە بونیاد بنرێت. یەكێك لەو پڕۆژانەی وەبەرهێنان لە كەرتی پیشەسازیدا پڕۆژەی بەبازاڕكردنی گەنم و دروستكردنی ئارد و شیرەمەنی و كشتوكاڵی بوو، كە خەڵكێكی زۆر سوودیان لەم پڕۆژانە وەرگرتووە، دانانی بەردی بناغەی كارگەی جووتیار و ناوچەی خواردەمەنی لە دهۆك و پڕۆژەی ئاژەڵداری و بەرهەمی سپی لە دهۆك و كارگەی شیر لە هەولێر و دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی (دابین) بۆ كارگەی چیمەنتۆ و دەیان پڕۆژەی دیكە، كە ڕێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی بۆ دانان و بەشێكی كردنەوە، ئەمە بەرەو ئەو كوردستانە بەهێزەی بردین كە تێیدا نەوت تەنیا سەرچاوەی داهات و ئابووری نەبێت و پشت بە خۆمان ببەستین و كۆمەڵگەیەكی بەرهەمهێن بونیاد بنێین .

* وەكو ئاشكرایە ڕۆتین و دواكەوتنی مۆڵەتدان بە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان بە یەكێك لە گرفتەكانی وەبەرهێنەران دادەنرا، ئایا لە ڕووی كەمكردنەوەی ڕۆتین و خێرا بەڕێوەچوونی كارەكان چیتان كردووە؟

- ئەوەی جێگەی شانازی بوو لەم كابینەیەدا كەمكردنەوەی پەسەندكردن و مۆڵەتدان بوو بە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان، كە پێشتر چەند ساڵێكی دەخایەند، بەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بەراورد بە پێشتر لە ئێستادا لە ماوە و كاتێكی كەمدا پڕۆژەكانی وەبەرهێنان پەسەند دەكرێن و مۆڵەتیشیان پێ دەدرێت، كاریش دەكەین بۆ ئەوەی بتوانین لە ماوەی هەفتەیەكدا مۆڵەتێكی وەبەرهێنان بدەین و وەبەرهێنان بەرەو ئاراستەیەكی دروستتر ئاراستە بكەین، تا ئەم ڕۆتینانە زۆر كەمتر بكەینەوە. بۆ كەمكردنەوەی ڕۆتین دەسەڵات و مۆڵەت و جێبەجێكردنی پڕۆژەكانمان شۆڕكردووەتەوە بۆ سنووری پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان، ئومێدەوارم وەزارەتەكانیش ئەم دەسەڵاتانە شۆڕ بكەنەوە بۆ خوارەوە، چونكە كاریگەریی لەسەر دواكەوتنی پڕۆژەكان و وەبەرهێنانیش دەبێت.

* هەروەكو لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشدا هاتووە، بە شێوەیەكی یەكسان و دادپەروەرانە پڕۆژە و كارەكان لە نێوان پارێزگاكان و ناوچە جیاجیاكانی كوردستاندا ئەنجام بدرێت، ئایا لەم ڕووەوە چیتان كردووە بۆ ئەوەی ناوچەیەك كە گەشەی ئابووریی لاوازە گرنگیی زیاتری پێ بدرێت؟

- لە هەموو بەرنامە و پلان و ڕێبەری وەبەرهێنان و پڕۆژەی پلانی 20-20 و كارەكانماندا جەختمان لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و تەنانەت قەزا و ناحیەكانیشدا دەرفەتی وەبەرهێنان و پڕۆژەكانی كەرتی تایبەت زیاد بكەین، دواجار وەبەرهێنانیش بەدوای بازاڕ و ناوچەی ئارام و سەقامگیردا دەچێت، بۆ ئەوەی هانی وەبەرهێنان بدەین ڕوو بكەنە ناوچە دوورەدەستەكانیش، هەر ڕاسپاردەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و تیمی ئەنجومەنی وەزیران وایە كە پلانی وەبەرهێنان و ئاراستەی كارمان بەو شێوەیە بێت، هەر ناوچەیەك گەشەی ئابووریی كەمترە، گرنگیی زیاتری پێ بدرێت، تەنانەت بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لەو ناوچانە ئاسانكاری و پاڵپشتیی زیاترمان كردووە.

* لەسەر ئاستی كۆبوونەوەكان و گفتوگۆكان لەگەڵ شاندە بازرگانییەكان، ئایا تا چەند هەرێمی كوردستان بووەتە پێگەیەكی گرنگ لای شاندە بازرگانییەكان و وڵاتانی جیهان؟

- شاندە بازرگانییەكانی وڵاتانی جیهان بە گرنگییەوە دەڕواننە هەرێمی كوردستان، ئەوەتا بەریتانییەكان لە دواسەردانی شاندە بازرگانییەكەیاندا جەختیان لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستاندا كرد و هیوایان خواست ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەر دوو لا بەرز بكەنەوە، لەلایەن خۆشمانەوە بەردەوام جەختمان لەسەر پێشكەشكردنی ئاسانكارییەكان كردووەتەوە، لەلایەكی دیكەوە بـە نـوێـنـەرایـەتـیی سـەرۆكـی حـكـومـەتـی هـەرێـمـی كـوردسـتـان بـەشـداریـمان لـە كـۆنـفـڕانـسـی سـاڵانـەی ئـەنـجـومـەنـی كـاروبـاری بـەریـتـانـی - عـێـراقـی (IBBC) لـە لـەنـدەنی پـایـتـەخـتـی شـانـشـیـنـی بـەریـتـانـیـا كرد، لـە كـۆنـفـڕانـسـەكـەدا بـابـەتـەكـانـی ئـابـووریی و بـازرگـانـی و وەبـەرهــێـنـان و گـەشـەی ئـابـورویی عـێـراق خـرایـە بـەر بـاس و گـفـتـوگـۆ و، بۆ لایەنی بەریتانیمان ڕوون كردەوە، كە كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری چ دەرفەتێكی وەبەرهێنانی تێدایە و گەشەی باشی بە خۆیەوە بینیوە، بۆیە هانی خاوەنكار و بزنسمان و وەبەرهێنەرانی بەریتانیامان دا، سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن و لـە نـزیكـەوە دەرفـەتـەكـانـی وەبـەرهــێـنـان بـەسـەر بـكـەنـەوە و ئـەزمـوونـی كـۆمـپـانـیـاكـانـیـان لـە كـاری وەبـەرهــێـنـان بـۆ كـوردسـتـان بـگـوازنـەوە. ئەم پەیوەندییە لەگەڵ كۆمپانیاكانی وڵاتانی توركیا، ئیسپانیا، ئەمریكا، چین، لوبنان و كەنەدا و چەندین وڵاتی دیكە بەستووە، هاوكات ئاراستەی ئێمە بۆ شاندە بازرگانی و پیشەسازییەكان زیاتر بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە گەورەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و پڕۆژەكانی دۆستی ژینگەیە، وەكو پڕۆژەی بەرهەمهێنانی 25 مێگاواتی كارەبا بە وزەی خۆر، كە ڕێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پارێزگای هەولێر بەردی بناغەی بۆ دانا.

لەلایەكی دیكەوە گرنگییەكی زۆرمان بە پێشانگە نێودەوڵەتییەكان داوە و بەشداریی كارامان هەبووە لەم پێشانگەیانەدا كە لە نێوخۆی كوردستان و لە دەرەوە دەكرێنەوە، پێشانگەی نێودەوڵەتیی تەكنەلۆژیـــــــای HITEX2023 نموونەیەكی ئەم بوارەیە و هانی وەبەرهێنەرانمان داوە تاوەكو لە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان سوود لە تەكنەلۆژیای مۆدێرن و سەردەم وەربگرن.

* لە ڕووی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ، بەتایبەتی دوای ڕێككەوتنە گرنگەكەی نێوان هەردوو حكومەت لەم ڕووەوە چ هەنگاوێكتان ناوە؟

- دوای ڕێككەوتنە مێژووییەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق (محەمەد شیاع سوودانی) پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و عێراق چووەتە قۆناغێكی پێشكەوتووەوە، ئێمەش لە دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان پلان و بەرنامەمان هەیە بۆ هاندانی زیاتری پتەوكردنی ئەم پەیوەندییانە، كە خۆشبەختانە وێڕای هەموو ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی بەردەمی، ئومێدی گەورەی لێ چاوەڕوان دەكرێت بۆ گەلانی عێراق و كوردستان، ئەوەتا لە وەبەرهێنانی نێوخۆدا كۆمپانیا عێراقییەكان ڕۆڵێكی باشیان لە هەرێمی كوردستان هەیە و لەگەڵ وڵاتانی چین و توركیا و كەنەداش پڕۆژەی هاوبەشیان لە هەرێمی كوردستان هەیە، كاتێك پەیوەندییەكان بەهێز دەبێت، بازاڕ بۆ كارگە و بەرهەمی ناوخۆ زیاد دەبێت و وەبەرهێنەری زیاتر كارگە و پڕۆژە لە هەرێمی كوردستان دەكەنەوە و عێراقیش سوودمەند دەبێت لە كەمكردنەوەی هێنانی كاڵا و كەلوپەلەكان لە دەرەوەی وڵات و، وەبەرهێنەرە عێراقی و كوردستانییەكانیش لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق و كوردستان پڕۆژەی زیاتر ئەنجام دەدەن، جموجووڵەكانی بازرگان و بزنسكارانی ناوخۆ و عێراقی زیاتر بووە، لەم ماوەیەدا لەگەڵ سەرۆكی كۆمەڵەی بانكە ئەهلییەكانی عێراق كۆبووینەوە و ئامانج لەم كۆبوونەوەیە پەرەپێدانی كەرتی بانكی بوو، كە بڕیارە لەم نزیكانە كۆنفڕانسێكی تایبەت بە كەرتی بانكی لە عێراق ساز بدرێت.

* هەڵبەتە ژمارەیەكی زۆری پڕۆژەكانی وەبەرهێنان پێویستیان بەوە هەیە لەگەڵ وەزارەت و دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیوەندیی باشتان هەبێت، ئایا لەم ڕووەوە هەماهەنگی و پەیوەندییەكانتان لە چ ئاستێكدایە؟

-  لە سەرەتای دەستبەكاربوونمان لە دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان لە كابینەی نۆیەمدا، بە ڕاوێژ لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەكان پەیوەندییەكی باشمان هەبووە، لە پێناو چارەسەركردنی گرفت و كێشەكانی بەردەم وەبەرهێنەران و، بۆ هاندانی كەرتی تایبەت، تاوەكو لەسەرجەم سێكتەرەكاندا وەبەرهێنان بكرێت و كەرتی تایبەت هاوكار و پاڵپشتێكی باشی گەشەكردنی سێكتەرە جۆراوجۆرەكان بێت، بەتایبەتی بۆ جێبەجێكردنی پلانی ستراتیژیی 20-20، یەكێك لە دەستكەوتەكانی ئەم كابینەیە كاری پێكەوەیی بووە و هەموومان وەكو یەك تیم لە خزمەتی ئابووری و بونیادنانی ژێرخان و خزمەتكردنی هاووڵاتیاندا بووین.

* وەبەرهێنان تەنیا بۆ بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان نییە، یەكێك لە ئامانجەكانی وەبەرهێنان دابینكردنی هەلی كارە بۆ گەنج و دەرچووەكانی زانكۆ، ئایا تاچەند توانیوتانە دەرفەتی كار بۆ گەنجەكانی كوردستان دابین بكەن لەم پڕۆژانەدا، چونكە باس لەوە دەكرێت خەڵكێكی زۆری بیانی سوودمەندن لەم بوارەدا؟

- وەكو ئاماژەم پێدا بە هۆی ئاسانكارییەكانەوە 213 پڕۆژە مۆڵەتیان پێ دراوە و نزیكەی 200 هەزار هەلی كار ڕاستەوخۆ دابین كراوە و ناڕاستەوخۆش ژمارەیەكی زیاتر هەلی كاریان دەست كەوتووە، 32 هەزار كۆمپانیا لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن و زۆربەیان لە بواری پیشەسازی و كشتوكاڵی و گەشتیاریی گەورەدا كار دەكەن و هەلی كاری زۆریان دەستەبەر كردووە، هەر سرووشتی وەبەرهێنان مامەڵەكردنە لەگەڵ پڕۆژەی گەورەدا و لە تەنیشت ئەم پڕۆژانەش چەندین كارگە و پیشەوەر و بازرگان و كاسبكار و كرێكار و شوفێر و خەڵكی دیكە لێی سوودمەند دەبن، بۆ نموونە لە دروستكردنی تاوەرێكی نیشتەجێبووندا لانیكەم 2000 كەس كاریان دەست دەكەوێت، كۆمپانیاكانیشمان پابەند كردووە، بەوەی 75%ی هەلی كار بۆ خەڵكی خۆمان بێت و 25% بۆ دەستی كاری بیانی بێت، زۆر لە كۆمپانیاكان نەك هەر پابەندن بەم ڕێژەیەوە، بەڵكو ژمارەی دەستی كاری خۆماڵییان زۆر لەو ڕێژەیە زیاترە، بۆ نموونە كارگەی داس بۆ بەرهەمە پیشەسازییە خۆراكییەكان، جگە لەوەی جووتیاران لێی سوودمەند دەبن، 75%ی هەلی كاری بۆ كرێكارانی ناوخۆ دابین كردووە و 25%ی دیكەش بۆ كوردستانییانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای كوردستانە.

 

Top