ناسك مەولوود: ئاواتم ئەوەیە بڕاندی تایبەت بە خۆم و كارگەیەكی گەورەی دروومانم هەبێت و دەرفەتی كاركردن بۆ چەندین كەس بڕەخسێنم

ناسك مەولوود:  ئاواتم ئەوەیە بڕاندی تایبەت بە خۆم و كارگەیەكی گەورەی دروومانم هەبێت و دەرفەتی كاركردن بۆ چەندین كەس بڕەخسێنم

 

 

ئافرەتان بە گشتی توانایەكی لە ڕاددەبەدەریان هەیە و دەتوانن لە یەك كاتدا چەندین كار و فرمان بە یەكەوە ئەنجام بدەن و، لە هەموو كارەكانیش سەركەوتوو بن، ئەو كاتانەش كە خێزان هاوكار و پاڵپشتی ئافرەت دەبێت، سەركەوتنەكانیان گەورەتر دەبێت.

ناسك مەولوود دانیشتووی هەولێری پایتەختە و ساڵانێكە لە بەشی نەشتەرگەری كاری پەرستاری دەكات، هاوكات دیزاینەرێكی پەنجە ڕەنگینە و كاری دروومانی جلوبەرگ دەكات. لەم دیدارەشیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، باس لە سەرگوزشتەی ژیانی پیشەیی خۆی بۆ خوێنەران دەكات.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

ناسك مەولوود لە ساڵی 2010 پەیمانگەی پزیشكی بەشی پەرستاری تەواو كردووە، لە بەشی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی هێلینای تایبەت بە چارەسەركردنی منداڵە ناكام و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان كاری پەرستاری دەكات، شانبەشانی كاری پەرستاری بە هاوەڵی هاوژینەكەی دووكانێكی گەورەی فرۆشتنی قوماش و دروومانی جلوبەرگ بەڕێوە دەبات، جەختیش لەوە دەكاتەوە كە ئافرەتی سەردەمی ئێستا زۆر ماندووترن، بە تایبەت ئەگەر ئافرەتەكە لە دەرەوەی ماڵ كار بكات.هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «ئافرەتی كورد لە هەموو سەردەم و بارودۆخێكدا كاری كردووە و هاوكاریی پیاوی كردووە، بۆ بارودۆخی ئێستاشمان كاركردنی ئافرەت نەك پێویستە، بگرە زۆر زۆر پێویستە، هەر خێزانێك بە تایبەت لە سەرەتای دروستكردنی خێزان، ئەگەر ئافرەتەكە كارێك و داهاتێكی نەبێت، ژیانیان زۆر قورس دەبێت، زۆر جار پیاوەكە ناتوانێت بە تەنیا هەموو پێداویستیی ماڵ فەراهەم بكات و دەرەنجام كێشە و گرفت ڕوویان تێ دەكات، لەبەر ئەوە بۆ بارودۆخی ئێستا كاركردنی ئافرەت زۆر بە پێویست دەزانم»، گوتیشی: «هەمیشە گوێبیستی ئەوە دەبین كە ئافرەتانی پێشوو لە ئێمە ماندووتر بوون، بەڵام من پێموایە ئافرەتی سەردەمی ئێستا زۆر ماندووترن، بە تایبەت ئەگەر ئافرەتەكە لە دەرەوەی ماڵ كار بكات، چونكە ئافرەتی كارمەند كە هاتەوە ماڵەوە، ئەركەكانی لێی دانابڕێن، ئەو كەیبانووی ماڵە هاوسەرە و دایكە و پەروەردەكارە و تەنانەت لە ڕاڤەكردنی وانەكانی قوتابخانە یارمەتیی منداڵەكانی دەدات، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئافرەت كە خاوەن داهات و پیشەی خۆی بوو، بڕوای زیاتری بە تواناكانی خۆی دەبێت و هێزی بەرەنگاربوونەوەی ماندووبوون و هیلاكیشی زیاتر دەبێت».

ناسك مەولوود بەمجۆرە باسی تێكەڵبوونی بە بازاڕی كار كرد: «هەر لە منداڵییەوە حەز و خولیای كاری دروومانم بوو، هاوكات كاركردنم بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیانیش پێویست بوو، دەستی شێوەكاری و وێنەكێشانیشم هەبوو، ئەوەش زۆر یارمەتی دام بۆ پێشخستنی كارەكەم، بە تایبەت لە كاتی دیزاین و نەخشكردن، ئەگەرچی سەرەتای دەستپێكردنی هەر كارێك هێندە ئاسان نییە، بەڵام هەر كارێك كە خولیات بوو و بەردەوامیت پێ دا، بە دڵنیاییەوە تێیدا سەركەوتوو دەبیت».

ئەو خاتوونە زیاتر باسی ژیانی خۆی دەكات و دەڵێت: «بە حوكمی ئەوەی لە ڕابردوودا زۆربەی ئافرەتەكان مەكینەی دروومانیان بۆ كاروباری خۆیان هەبوو و، زۆربەی ئافرەتانیش كەم تا زۆر دەستی دروومانیان هەبوو، دایكیشم یەكێك بوو لەو ئافرەتانە و مەكینەیەكی جۆری پەپوولەی هەبوو، زۆرجار دەستكاریم دەكرد و شتم پێی دەدووری، تەنانەت چەند جارێكیش دەرزیم لە دەستی خۆم داوە، بەڵام ئەو حەز و خولیایەی منداڵیم گەشەپێ دا و دانەبڕام، تا گەیشتمە ئەو ئاستەی كە ئێستا پێیدا تێپەڕ دەبم، كارەكەی خۆمم زۆر خۆش دەوێت و هەمیشە لە كارەكەم هەوڵم داوە تازەگەری بكەم و داهێنانم هەبێت، بۆ ئەوەی لەگەڵ كەسانی هاوپیشەم جیاواز بم. من یەكەم جار لە ماڵەوە دەستم پێ كرد، سەرەتا جلوبەرگم بۆ بوكەڵەكانم دروست كرد، دواتر بۆ ئەندامانی خێزانەكەم، لە ئێستاشدا شوێنی تایبەت بە خۆمم هەیە و تمووحم زۆرە و ئاواتم ئەوەیە كە بڕاندی تایبەت بە خۆمم هەبێت، كارگەیەكی گەورەی دروومانم هەبێت و دەرفەتی كاركردن بۆ چەند كەسێك بڕەخسێنم». گوتیشی: «من وەكو خۆم كە هەم دایكم و كچ و كوڕێكی دووانەم هەیە كە تەمەنیان 14 ساڵە، هەمیش پەرستارم و ئەركی خزمەتكردنی نەخۆشم لە ئەستۆدایە، ئەگەر هاوكاری و یارمەتیی خێزانەكەم بە تایبەت هاوژینەكەم نەبێت، ناتوانم كارەكانم ڕایی بكەم، ئەو هەمیشە هاوكارمە لە ڕپەڕاندندنی كارەكانم و كارئاسانیی زۆری بۆ كردووم و لەم دووكانە بەیەكەوە كار دەكەین، هەروەها دایكم و منداڵەكانیشم زۆرجار یارمەتیم دەدەن، دەتوانم بڵێم لە هەندێك كار یارمەتیم دەدەن و لە هەندێكیش چاوپۆشی دەكەن، بەیانیان لە نەخۆشحانەم، نیوەڕۆ كە دەگەڕێمەوە ماڵەوە كارەكانی ماڵەوە ڕادەپەڕێنم و بە هەماهەنگی خێزانەكەم هاوسەنگییەكی باشم ڕاگرتووە، بە هەمان شێوە لە دووكانەكەش هەموومان بە یەكەوە كار دەكەین».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئایا لە نێوان پەرستاری و دیزاینەری كامەت خۆشتر دەوێت؟ ناسك مەولوود گوتی: «زۆر جار ئەو پرسیارەم لێ كراوە، من بەشبەحاڵی خۆم هەر دوو كارەكەم خۆش دەوێت، بەڵام كاری دروومان خەون و خولیای ئێستا و ڕابردووشمە، هەموو كارێكیش گرفتی هەیە، بەڵام زۆر كەم ڕووبەڕووی كێشە و گرفت بوومەتەوە لەگەڵ كڕیارەكانم، لە بەرنامەی كارەكانمدا هەیە كە خولی فێركاری بۆ گەنجان بكەمەوە، بەڵام بە هۆی سەرقاڵیم تا ئێستا ئەو هەلەم بۆ نەڕەخساوە».

ناسك مەولوود لە كۆتایی وتەكانیدا سەبارەت بە جۆری كارەكەی خواستی كڕیاران گوتی: «هەموو جۆرە جلێك دەدوورین، جلی كوردی و مۆدە و جلی ئاهەنگەكان، هەروەها قوماشیش دەفرۆشین، جلوبەرگی كوردی خواستی زۆری لەسەرە تەنانەت عەرەبی عێراقی و مەغریبی و ئوردنیش جلی كوردیم بۆ دووریون، جگە لە جلی كوردی تایبەت بە باشووری كوردستان لە پارچەكانی دیكەی كوردستانیش خانمان سەردانم دەكەن و بە شێواز و دەستووری جلوبەرگی كوردی هەولێری جلوبەرگەكانم بۆ دروست كردوون، لە ئێستادا جلوبەرگی كوردی زیاتر لەسەر مۆدێلی كۆن دروست دەكەین و ئەو مۆدێلە كۆنانە لەلایەن خانمانەوە خواستی زۆری لەسەرە».

 

Top