ئەمیرە ئەسعەد: لە ئەمریكاش خواردنە كوردەوارییەكانم داواكاری زۆری لەسەرە بەتایبەت یاپراخەكەم

ئەمیرە ئەسعەد:  لە ئەمریكاش خواردنە كوردەوارییەكانم داواكاری زۆری لەسەرە بەتایبەت یاپراخەكەم

 

 

ئافرەتی كورد لە هەموو بارودۆخێكدا كۆڵنەدەر و زەحمەتكێش بووە و سڵی لە ماندووبوون نەكردووەتەوە، تەنانەت ئاوارەیی و غەریبیش نەیتوانیوە تواناكانی سنووردار بكات، بەڵكو ئاوارەیی بەهێزتری كردووە، تاوەكو ئەو ڕاددەیەی بە ئاسانی ڕووبەڕووی سەختییەكانی سەر ڕێگەی گەیشتنی بە ئامانج ببێتەوە.

ئەمیرە ئەسعەد هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە بواری پەروەردە، ساڵانێك لە كوردستان لە كەرتی پەروەردە مامۆستا بوو، ئەو دایكی كچێكە و لە ئێستادا لە وڵاتی ئەمریكا بە هاوەڵی هاوژینەكەی چێشتخانەیەكی ئیتاڵی تایبەت بە دروستكردنی پیتزا بەڕیوە دەبات، لە گفتوگۆیەكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باس لە هەوڵ و تەقەلاكانی كاركردنی لە هەردوو بواری پەروەردە و چێشتخانە دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

ئەمیرە ئەسعەد خانمێكی دەستڕەنگینی كوردە تەمەنی 61 ساڵە لە دایكبووی شاری كەركووكە و دانیشتووی وڵاتی ئەمریكایە، ئەو خانمە دەستڕەنگینە دەرچووی كۆلێژی پەروەردەی وەرزشی زانكۆی مووسڵە، وەك خۆی باسی دەكات، ماوەی 18 ساڵە لەگەڵ هاوژینەكەی كار دەكات و توانیویانە ژیانێكی شایستە بژین و بزنسێكی بچووكی سەركەوتووشیان هەبێت. 

ئەمیرە بەمجۆرە باس لە چیرۆكی ژیانی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەكات: «پێشەكی زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئەو بەسەركردنەوەیە تاوەكو لە وڵاتی غەریبییەوە باس لە هەوڵەكانم بكەم و بە ئافرەتان بڵێم كە هیچ شتێك مەحاڵ نییە و كاركردنیش بۆ خانمان هێندە زەحمەت نییە وەك ئەوەی بیری لێ دەكەنەوە، چونكە ئافرەتی كورد زۆر بەتوانان. من دوای تەواوكردنی قۆناغی زانكۆ لە شاری هەولێر لە قوتابخانەی ناوەندیی گارە وەكو مامۆستا دەست بە كار بووم، دواتر كە ژیانی هاوبەشیم پێكهێنا، چوومە سلێمانی و لەوێ‌ لە پەیمانگەی پێگەیاندنی مامۆستایان وەكو مامۆستای وەرزش كارم كرد. تاوەكو ساڵی 1995 چووین بۆ ئەمریكا، هەر لە سەرەتاوە هەوڵی كاركردنم دا و لە بواری خواردن دروستكردن و چێشتخانە كارم كرد، بەڵام هەمیشە بە دوای دەرفەتێكدا دەگەڕام كە لە بواری پەروەردە و فێركردن دەست بەكار بم، بەڵام ئاسان نەبوو، پێویستی بە بەراوردكردنی بڕوانامەكەم بوو، بەڵام كۆڵم نەدا و دواجار دەستم بە خوێندن كردەوە و بڕوانامەی ماستەرم لە بواری پەروەردە بە دەست هێنا، زیاتر لە 10 ساڵ كاری مامۆستاییم ئەنجام دا، هەر لەم ماوەیەشدا لەگەڵ هاوژینەكەم چێشتخانەیەكی تایبەت بە دروستكردنی پیتزامان دامەزراند، بەیانیان دەچووم بۆ قوتابخانە و ئێواران كە دەهاتمەوە لە چێشتخانەكە هاوكاری هاوژینەكەمم دەكرد، ئەو كات كچەكەم بچووك بوو، بە حوكمی ئەوەی لە ئەمریكا كەسم نەبوو تاوەكو پشتی پێ ببەستم، كچەكەشم لەگەڵ خۆم دەهێنا و لە چێشتخانەكە دەرسم پێی دەگوت، كە خەویشی دەهات هەر لەوێ‌ دەمنواند، تاوەكو درەنگی شەو دەمامەوە. لە ساڵی 2010 كارەكانمان زۆر بوون، هاوژینەكەم سەفەری كوردستانی بوو، بە ناچاری وازم لە كاری مامۆستایی هێنا، سەرەڕای ئەوەی كە ماستەریشم خوێندبوو، لە ئێستادا نزیكەی 10 كرێكارمان هەیە، كە هاوسەرەكەم سەفەر دەكات، من شەویش دەبێت لە چێشتخانەكە بمێنمەوە، كچەكەم لە تەمەنی 10 ساڵییەوە لە ڕاپەڕاندنی كاری چێشتخانە هاوكاریمان دەكات و جێی دەستی لە كاری چێشتخانەكەدا دیارە، لە ئێستادا ئەو ماستەری لە بواری ژمێریاری هەیە». گوتیشی: « 18 ساڵە ئەو كارە دەكەین. حەزم بۆ خواردن دروستكردن دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی كچێنیم هەمیشە لەگەڵ دایكم خوا عەفوی بكات دەچوومە مەتبەخ و خواردنم دروست دەكرد، كە هاوسەرگیریشم كرد، كەسوكار و هاوڕێكانم بە خواردنەكانم سەرسام بوون و هەمیشە ستایشی كابانییان دەكردم، تەنانەت لە ئەمریكاش خواردنە كوردەوارییەكانم داواكاری زۆری لەسەرە بەتایبەت یاپراخەكەم».

 ئەمیرە ئەسعەد لە درێژەی قسەكانیدا ستایشی توانا و لێهاتوویی ئافرەتی كورد لە كوردستاندا دەكات و دەڵێت: «دڵخۆشم كە دەبینم ئافرەتی كورد لە گۆڕەپانی كاركردندا بوونی خۆیانیان سەلماندووە و كار دەكەن، من لێرەوە دەستخۆشییان لێ دەكەم، تەنانەت ڕێژەی بەشداریكردنیان لە بواری حوكمڕانی و سیاسیدا لە ئاستێكی باشی چاوەڕواننەكراودایە. دەتوانم بڵێم ئافرەتی كورد لە ئافرەتی ئەمریكا پێشكەوتووتر و ئازادترن، چونكە لە ئەمریكا ئەگەر ژن كار نەكات، ناتوانێ بژی، لەبەر ئەوە كاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەكانی كەمترە، بەڵام ئافرەتی كورد دەرفەتی خۆپێگەیاندنیان زیاترە، حەز دەكەم هەموو ژنێك كار لەسەر تواناكانی خۆی بكات و خۆی دروست بكات، چاوەڕێی دەستی كەس نەبێت، من بەش بە حاڵی خۆم ئەگەر كار نەكەم، نەخۆش دەكەوم.»

 

ئەمیرە ئەسعەد:  لە ئەمریكاش خواردنە كوردەوارییەكانم داواكاری زۆری لەسەرە بەتایبەت یاپراخەكەم
Top