بەختیار حەیدەر سەرۆكی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان: ڕێكخستنەوەی ناوخۆی خۆمان لە ڕووی یاساییەوە مەترسییەكی گەورە لە هەرێمی كوردستان دوور دەخاتەوە
بەختیار حەیدەر جیا لەوەی سەرۆكی سەندیكای پارێزەرانی كوردستانە، یەكێكیشە لە پارێزەرە دێرینەكانی كوردستان و ئەزموونێكی گەورەی لەگەڵ یاسا و جێبەجێكردنی یاسا و دادگاكانی كوردستان هەیە، لە ئێستاشدا بە حوكمی كارەكەی پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆی لەگەڵ هەموو دامودەزگاكانی دەسەڵاتی دادوەری و پەرلەمان هەیە، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئالنگارییەكانی بەردەم سەروەریی یاسا لە هەرێمی كوردستان بەم جۆرە بیروبۆچوونەكانی خۆی خستە ڕوو:
ئەم گفتوگۆیە دەرفەتێكی زۆر زۆر باش بوو بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەم هەموو پسپۆڕ و دادوەر و ئەكادیمیستانە باس لە پرسێكی زۆر گرنگ بكەین، كە ئەویش «ئالنگارییەكانی بەردەم سەروەریی یاسا لە هەرێمی كوردستاندا»یە، ئێمە وەك هەرێمی كوردستان زۆر پێویستمان بە سەروەریی یاسا هەیە، هەروەها پێویستمان بە دامەزراوەی بەهێز و خۆڕێكخستنەوەی ناوخۆمان بە یاسا هەیە، ئەم باسە بە ڕاددەیەك گرنگە كە دەتوانم بە ڕاشكاوی جەخت لەسەر ئەوە بكەمەوە، كە بۆ ئێمە ڕێكخستنی كۆمەڵگە و دامەزراوەكان بە یاسا زۆر گرنگە، چونكە بوونی پاشاگەردانی و پێشێلكردنی یاسا و نەبوونی سەروەریی یاسا گەورەترین دوژمنە بۆ ئایندەی قەوارەی هەرێمی كوردستان و، ئەگەر لەم لایەنەدا سەركەوتوو بین، ئەوا دوژمنەكانمان هەرچەند و هەر چۆنێك بن، ناتوانن زەفەرمان پێ ببەن، بۆیە دەبێت زۆر بە بایەخەوە كار بۆ ڕێزگرتن لە یاسا بكەین و ئەم ڕیزگرتنەش دەبێت لەسەر ئاستی تاك و كۆی دەسەڵات و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بێت و، دەبێت ناوەندی دروستكردنی بڕیار بڕوای بە سەروەریی یاسا و ڕێزگرتن لە یاسا هەبێت.
زیگمۆند فڕۆید گەورە فەیلەسوفی فەرەنسی دەڵێت: «فەلسەفە فێری كردم ئارەزوومەندانە پابەندی پرانسیپە یاساییەكان بم و ڕێزیان لێ بگرم، ئەمە لە كاتێكدا خەڵكانێكی دی بە سزا ناچار كراون پابەندی یاساكان بن». من وای دەبینم ئێمە زۆر پێویستمان بەو فەلسەفەیە هەیە بۆ ئەوەی ئارەزوومەندانە فێری ڕێزگرتن لە یاسا ببین.
لە ڕووی یاساییەوە بمانەوێت، یان نەمانەوێت كۆمەڵێك هۆكار هەن كاریگەرییان لەسەر ئێمە هەیە، ئێمە خۆمان كۆمەڵێك یاسامان هەیە كە خۆمان لە پەرلەمانی كوردستانەوە دەرمان كردوون، هەروەها چەند یاسا و بڕیارێك هەن لەسەر ئاستی فیدڕاڵی كە گشتین بۆ هەموو عێراق و ئێمەش دەبێت جێبەجێیان بكەین، ئەم یاسایانە زۆربەیان یاسای زۆر باشن، بەڵام كە دەیانخەینە بواری جێبەجێكردن تووشی كۆسپ دەبێت و ناتوانرێت جێبەجێ بكرێن، ئەمەش بەربەرستی هەرە سەرەكییە لە بەردەم جێبەجێكردنی یاسا لە هەرێمی كوردستاندا، ئێمە هەندێك یاسامان هەیە لەگەڵ یەكدی هاودژییان هەیە، كە دێین سەیری یاساكان دەكەین، دەبینین هەر یەكەیان لەگەڵ ئەوی دیكە یەك ناگرێتەوە و دژی ئەوی دیكەیە، یان لە حاڵەتێكدا بەیەكداچوون (تدخل)ی لە یاساكەی دیكەدا كردووە. من نموونەیەك باس دەكەم، ئێمە دەزگایەكمان هەیە كە داواكاری گشتییە، كەچی دەزگایەكی دیكەمان دامەزراندووە كە دەزگای دەستپاكییە و هەردووكیان یەك كار دەكەن، هەر بۆیە من لە یەكەم ڕۆژی دامەزراندنی ئەم دەزگا تازەیەوە گوتم زۆر باشترە دەزگای داواكاری گشتی زیاتر ئەكتیڤ بكرێت و دەسەڵاتی زیاتری پێ بدەین، نەك دەزگایەكی تازە دابمەزرێنین كە هاودژی لە نێوانیان دروست ببێت، هەتا ئەگەر هاودژیش دروست نەبێت، نەتوانن هەماهەنگی لەگەڵ یەكتری بكەن. هەر ئێستا لە كاری ڕۆژانەیاندا لەبەر ئەوەی یەك كار دەكەن، لەوانەیە جۆرێك لە ئیزدواجییەت لە كارەكانیاندا دروست ببێت، ئەمەش خۆی لە خۆیدا زیان بە سیستمی یاسایی لە هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت، بۆیە پێویستە هەموو ئەو لایەنانەی پەیوەندیدارن لەم پرسەوە هەر لە (دەسەڵاتی دادوەری، پەرلەمان و حكومەت) كار لەسەر ئەوە بكەین چۆن لە ڕووی یاساییەوە خۆمان ڕێك بخەینەوە، بۆ ئەمەش چەندین هەوڵ دراوە و چەندین كۆبوونەوە لەسەر ئەم پرسە ئەنجام دراوە، بەڵام هیچ ئەنجامێكی نەبووە، ئەمە لە كاتێكدا پێویستە چاو بەو یاسایانەدا بخشێنینەوە كە ئەسڵەن ناتوانرێت جێبەجێ بكرێن.
ئامادەبووان زۆر جوان باسیان لەوە كرد كە پێویستە یاسا، هەڵقوڵاوی كۆمەڵگەی خۆمان بێت و پێداویستیی كۆمەڵگە ئەو یاسایەی دروست كردبێت، ئەگەر یاسا ئەم سیفەتەی تێدا بوو، هاووڵاتیان و كۆمەڵگە و دەسەڵاتیش پێوەی پابەند دەبن و هەموولایەك ڕێزی دەگرن، بەڵام كە ئەو سیفەتەی تێدا نەبوو، دەبێتە كۆسپ و گرفت بۆ كارەكان دروست دەكات. ئێمە وەك سەندیكای پارێزەرانی كوردستان دەمێكە كار لەسەر ئەوە دەكەین كە هەموو لایەنەكان پێكەوە كار لەسەر ئەم پرسە بكەین، بۆیە ئەم گفتوگۆیەش بە دەرفەت دەزانم بۆ ئەوەی دەستپێشخەرییەك ڕابگەیێنم و، داوادەكەم كە كۆبوونەوەیەكی فراوانی (دەسەڵاتی دادوەری، حكومەت، پەرلەمان، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، یەك لەو ڕێكخراوانە (سەندیكای پارێزەرانی كوردستان) پێكەوە كۆببینەوە و خۆمان لە ڕووی یاساییەوە ڕێك بخەینەوە، ئەگەر ئەم كۆبوونەوەیە نەكرا، با ئەو لایەنانە كۆببنەوە كە زیاتر پەیوەندییان بە جێبەجێكردنی یاساوە هەیە، وەك (دەسەڵاتی دادوەری، وەزارەتی داد، وەزارەتی ناوخۆ، داواكاری گشتی، سەندیكای پارێزەران)، ئەم چەند لایەنە با لانیكەم پێكەوە دابنیشین بۆ ئەوەی ئەو ئاستەنگانە دێنە بەردەم سەروەریی یاسا دەستنیشانیان بكەین، هەوڵ بدەین ئەو هەماهەنگییەی پێویستە لە نێوان دەزگا پەیوەندیدارەكان هەبێت، دروستی بكەین .
زۆر بابەتی یاسایی هەن بە ڕاستی دەمەوێت باسیان بكەم، پێشتر ئاماژەم بە هاودژیی نێوان یاساكان كرد، بەڵام پرسەكە ئەوە نییە یاسا و ڕێنمایی هەیە، لەوانەیە لاتان سەیر بێت كە دەڵێم ڕێنمایی هەیە یاسای ڕاگرتووە، ئایا ئەمە لە یاسادا بە خەتی سوور لە قەڵەم نادرێت؟ چۆن دەبێت ڕێنمایی یاسا ڕابگرێت؟ لەسەر ئەمەش باس لە نموونەیەكی بەرچاو دەكەم، لەسەر بابەتێكی دیاركراو كە پەیوەستە بە پارێزەرانەوە و سێ یاسامان هەیە كە بریتین لە (یاسای ئەنجومەنی دادوەری، یاسای ئەنجومەنی شورا، یاسای پارێزەران)، سەبارەت بە خزمەتی پارێزەرایەتی، هەر سێ یاساكە دەڵێن خزمەتی پارێزەرایەتی خزمەتێكی فیعلین، بۆ نموونە ئەوەی دەبێتە ڕاوێژكار لە ئەنجومەنی شورا دەبێت 20 ساڵ خزمەتی پارێزەرایەتی هەبێت، ئەوەی دەبێتە جێگری ڕاوێژكار دەبێت خزمەتی 15 ساڵی هەبێت، تەنانەت چەندین پارێزەر وەك ڕاوێژكار و دادوەر دامەزران بە 20ساڵ خزمەتی پارێزەری، ئێستا دەیانەوێت ئەو خزمەتە بخەنە سەر خزمەتی كاری فەرمانبەریی خۆیان، بەڵام بەپێی ڕێنمایی وەزارەتی دارایی تەنیا 10 ساڵی بۆ حیساب دەكەن، ئەمەش تەنیا نموونەیەكی سادەیە لە بەیەكداچوون و هاودژی لە ناو یاساكانی هەرێمی كوردستاندا، پرسیار ئەوەیە ئەمە لە كوێی سیستمی یاسادایە كە ڕێنمایی یاسایەك ڕابگرێت؟
ئەم واقیعەی بارودۆخی یاسایی ئێمەی تێدایە لە هەرێمی كوردستان، پێویستی بەوە هەیە، زۆر بە وردی و بابەتییانە گفتوگۆی جددی لەسەر بكەین، پێویستی بەوەیە بە بوێری هەموو هۆكار و فاكتەكانی دەستنیشان بكەین، بۆ ئەوەی بە بەرچاوڕوونییەكی زۆرەوە بتوانین ئەو ئاستەنگانە لابەرین كە ئێستا لە جێبەجێكردنی یاساكان دێنە ڕێمان و كۆسپن لە بەردەم سەروەریی و ڕێزگرتنی یاسا لە هەرێمی كوردستاندا، بە تێڕوانینی من وەك سەرۆكی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان، ڕێكخستنەوەی ناوخۆی خۆمان لە ڕووی یاساییەوە مەترسییەكی گەورە لە هەرێمی كوردستان دوور دەخاتەوە و دەتوانین باشتر ڕووبەڕووی ئەو هەڕەشە و تەحەددییانە ببینەوە كە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، جارێكی دیكە دووبارەی دەكەمەوە هێندەی پاشاگەردانی و كەموكورتی یاسایی و نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان دامەزراوەكان مەترسییە بۆ سەر هەرێمی كوردستان، هێندە دوژمنەكانمان مەترسی نین، بۆیە گرنگە هەموو هەوڵەكان چڕ بكەینەوە بۆ چاوخشاندنەوە بە یاساكانماندا و بۆ بەهێزكردنی دامەزراوەكانمان بۆ ئەوەی بتوانین زەمینەیەك بڕەخسێنین تا هەموومان پێكەوە لە تاكێكەوە تا گەورەترین دەسەڵات، ڕێز لە یاسا بگرین