یاری بالە تەنها لە وڵاتی خۆماندا لە ئاستێكی پێویستدا نییە

یاری بالە تەنها لە وڵاتی خۆماندا لە ئاستێكی پێویستدا نییە

دییە وەلی كچە یاریزانی كوردی تیپی تۆپی بالەی هەڵبژاردەی عێراق

یاری بالە تەنها لە وڵاتی خۆماندا لە ئاستێكی پێویستدا نییە
یانەی دەربەندیخانی سەر بە پارێزگای سلێمانی یەكێك لەو قەزایانەی كوردستانە كە گرنگی زۆر بە بواری وەرزشی دەدەن لە سەر هەردوو ئاستی كچان و كوڕان، تیپی بالەی یانەی درەبندیخانیش یەكێك لە تیپە هەرە بەهێزەكانی سەر ئاستی كوردستان و عێراقە، ساڵانە لەگەڵ كردنەوەی خولەكانی بالە بەردەوام لە كێبڕكێ دابوونە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە و شەڕكردن لەسەر بەدەستهێنانی نازناوەكانی كوردستان و عێراق، یەكێك لە كچە یاریزانەبەتواناكانی یانەكەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەگەڵ یانەی دەربەندیخان كچە یاریزان دییە وەلی محەممەد-ە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2006 و شارەكەیە قوتابی قۆناخی ئامادەیە، ناوبراو تەنیا یاری بۆ یانەی دەربەندیخان و هەڵبژاردەی كچانی بالەی عێراقی كردوە ، گۆڤاری گوڵان لە نزیكەوە چەند پرسیارێكی ئاراستەكرد، ئەویش وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
دیمانە: كارزان كانەبی
*چۆن بوو ئەم وەرزشەت هەڵبژارد؟
- كاتێك كە منداڵ بووم حەز و خولیایەكی زۆرم هەبوو بۆ وەرزش، كە تەمەنم گەیشتە 13 ساڵی دەستە بە یاری بالە كرد و تا ئێستا بەردەوامم.
*هەست ناكەی وەرزشێكی قورست هەڵبژاردوە؟
-ئەم یارییە خۆی یارییەكی قورسە، چونكە ئەگەر بتەوێت ببیتە یاریزانێكی سەركەوتووی بالە دەبێت تەكنیكت بەتەواوی ڕاست بێت ئەمەش چەند سالێكی زۆری دەوێ، بەڵام بۆ من قورس نییە، چونكە یارییەكەم زۆر خۆشدەوێت و تەواوی هەوڵی خۆم دەدەم لە یارییەكەم.
*بۆچی یاری بالە لە ئاستی پێویست دا نییە؟
-پێم وایە یاری بالە تەنها لە وڵاتی خۆماندا لە ئاستێكی پێویستدا نییە، وە بەتەواوی پەری پێنەدراوە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتەكەمان كە لێی دەژین گرنگی بە وەرزش نادەن.
*هەست ناكەی ئەم یارییە پێشوازی باشی لێنەكراوە لە شارەكان؟
- سەبارەت بە شاری تر بۆچوونێكی ئەوتۆم نییە، بەڵام لە دەربەندیخان وەكو پێویست كچان ڕوو لەم یارییە دەكەن ئەوەش جێگای دڵخۆشیە خەڵك بەم شێوەیە فكرەی فراوان بێت.
* ئاستی یاری بالە چۆن دەبینی لە كوردستان؟
-خراپ نییە، پەنا بەخوا باشتریش دەبێت بە هەوڵی ڕاهێنەرانی بەتوانا بۆ ڕەخساندنی ژینگەیەكی لە بار بۆ وەرزشوانان تا بتوانن تواناكانی خۆیان نمایش بكەن، وە دابین كردنی پێویستیە سەرەتاییەكان.
* چی بكرێت باشە بۆ هێنانە پێشەوەی ئافرەتی وەرزشكار بۆ نێو ئەم یارییە؟
- ئاسانكاری بكرێت بۆ ئافرەتان و ڕەخساندنی كەش و ژینگەیەكی وەرزشوانی كە تێدا هەست بكەن مافیان پارێزراوە.
* بەرنامەت چیە بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە یاریزانێك؟
-من وەك كچە یاریزانێك بەرنامەم ئەوەیە زیاتر پەرە بە وەرزشەكەم بدەم بە هەموو هەوڵ و توانای خۆمەوە بۆ ئەوەی بتوانم بە ئاواتەكانم بگەم.
*یانەی دەربەندیخان چۆن هاوكاریتان دەكەن؟
-بە پێی ئەوەی یانەی دەربەندیخان لە شارۆچكەیەكی بچووكە، سوپاس بۆ خوا هەتا ئێستا زۆر باشە ئەوەی لەتوانایاندا بێت درێغی ناكەن و باشتریش دەبێت.
* گرفتی وەرزشیی یاری بالە لە چی دەبینی ؟
- لە هەمو وەرزشێك كێشە هەیە، هیوادارم كێشە وەرزشییەكان بە گشتی چارەسەر بكرێت.
*خەونی وەرزیشت چیە وەكو كچە وەرزشكارێك؟
- هەرچەندە نامەوێ باسی بكەم، بەڵام هیوا و پلەی زیاترم هەیە لە وەرزشی بالە تەمەن باقی بێت و خوای گەورە ویستی لە سەر بێت هەوڵی بۆ دەدەم پێی دەگەم.
*خانەوادەكەت چۆن هاوكاریت دەكەن؟
-ئەوە خاڵە بەلای من زۆر گرنگە باشی بكەم، بەڕاستی خانەوادەكەم زۆر هاوكاری منن بە تایبەت باوكم هەموو كات لە پشتمە و هانم دەدات زۆر دڵخۆشە بە بەرەووپێشچوونی من لە بوارەكەم دا خۆشەویستیم هەیە بۆ هەموو ئەندامەكانی خێزانەكەم.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
- دەست خۆشی بۆ گۆڤاری گوڵان كە بەردەوام و بەبێ‌ جیاوازی خزمەتی سەرجەم وەرزشكارانی شارەكانی كوردستان دەكات.

 

Top