سۆران سابیر: دوو ساڵە لە خانەی بێسەرپەرشتان بە خۆبەخش وانە بەو منداڵانە دەڵێمەوە كە نەیانتوانیوە بچنە قوتابخانە

سۆران سابیر:  دوو ساڵە لە خانەی بێسەرپەرشتان بە خۆبەخش وانە بەو منداڵانە دەڵێمەوە كە نەیانتوانیوە بچنە قوتابخانە

 

 

سۆران سابیر گەنجێكی چالاكی خاوەن پێداویستیی تایبەتە، بەڵام ئەوە نەبووەتە ڕێگر لە بەردەم جۆش و خرۆشی بۆ خزمەتكردنی ئەوانەی پێویستییان بە هاوكاری هەیە، وەك خۆی باسی دەكات، بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی 18 ساڵی قاچەكانی لە دەست داوە، ئێستاش وەكو مامۆستایەكی خۆبەخش لە خانەی بێسەرپەرشتانی شاری هەولێر وانە بەو قوتابییانە دەڵێتەوە كە نەچوونەتە قوتابخانە.

 سۆران سابیر دەرچووی كۆلیژی شەریعەی زانكۆی كۆیەیە، ئەندامی كۆمەڵەی ژینی تایبەت بە كەمئەندامانە و خاوەنی كۆمەڵێك بڕوانامە و ڕێزلێنانە. لە دیمانەیەكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان دیوە شاراوەكەی ژیانی خۆی بۆ خوێنەران باس دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

سۆران سابیر دانیشتووی گوندی(بنبێرس)ی سەر بە شاری هەولێرە، ساڵی 1988 لەو گوندە لە دایكبووە، بەمجۆرەش باسی سەرەتای كەمئەندامبوونی دەكات و دەڵێت: «لە پۆلی 12ی ئامادەیی بە هۆی نەخۆشییەوە قاچەكانم وردە وردە توانای ڕۆیشتنیان نەما، لەو كاتە بە دواوە زۆر بە سەختی قۆناغەكانی خوێندنم بەڕێ كرد، بەڵام هاوڕێ و هاوپۆلەكانم زۆر هاوكارم بوون، لێرەوە سوپاسیان دەكەم. لە سەرەتای نەخۆشكەوتنم سەردانی چەند پزیشكم كرد، بەڵام لێرە چارەسەرم نەبوو، پزیشكەكان وتیان چارەسەرم لە وڵاتی ئەڵمانیا دەكرێت. لە ساڵی 2013 قۆناغی خوێندنی زانكۆم تەواو كردووە، بەڵام تاوەكو ئێستا لە دەرفەتی دامەزراندن سوودمەند نەبووم و ئەو هەلەم بۆ نەڕەخساوە، لەو ماوەیەدا چەندین بڕوانامەی ڕێزلێنانم وەرگرتووە، كە لەسەر ئاستی كۆمەڵەی ژین ئەنجام دراون، هاوكات لە خولێكی پەیمانگەی هانا بەشدار بووم كە خولی كۆمپیوتەر بوو، پلەی یەكەمم بەدەست هێنا، سەرەتا بەڵێنی ئەوەیان پێدام كە ئەگەر پلەی یەكەم بە دەست بێنم ڕاستەوخۆ دامدەمەزرێنن، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەو قەیرانەی كە بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتەوە، بە هۆی شەڕی داعش دامەزراندن ڕاوەستا، بە خۆشحاڵییەوە ماوەی دوو ساڵە لە خانەی بێسەرپەرشتانی كوڕان وەكو مامۆستایەكی خۆبەخش وانە بەو منداڵانە دەڵێمەوە كە بە یەكێك لە هۆكارەكان نەیانتوانیوە بچنە قوتابخانە، ژمارەیان 9 قوتابییە، ئێستاش ماوەی چەند مانگێكە مانگانە 200 دۆلارم بۆ خەرج دەكرێت، تەنانەت منداڵەكانی دیكەش كە دەچنە قوتابخانە، ئەگەر لە وانەكانیان هاوكارییان پێویست بێت، ئەوا بەپێی پێویست یارمەتییان دەدەم، لەگەڵ منداڵانی خانەی بێسەرپەرشتان وەكو یەك خێزان واین و منداڵەكانم زۆر خۆش دەوێت، ئەوانیش بە هەمان شێوە منیان خۆش دەوێت، لە پێناو دڵخۆشكردنیان لە ڕۆژی جیهانیی منداڵان دیاریم پێشكەشی منداڵەكان كردووە. تەنانەت بەڕێوەبەری گشتی (مامۆستا یوسف چاوشین) وەكو مامۆستایەكی چالاك ڕێزی لێ نام و پێی گوتم، قوتابییەكانی من لەو قوتابییانەی كە لە قوتابخانە دەخوێنن زیرەكترن، بە خۆشحاڵییەوە بەڕێوەبەری گشتی بەڵێنی ئەوەی پێ داوم كە ئەگەر دامەزراندن دەست پێ بكاتەوە، من دابمەزرێنێت، هەروەها بەڕێوەبەری خانەی بێسەرپەرشتان كاك شێروان زۆر هاوكارمە و هەمیشە دەستخۆشیی كارەكەم لێ دەكات.

ئەگەرچی ماوەی ئەو دوو ساڵە بە سەختی لە دەرەوەی شارەوە هاتوچۆ دەكەم، بەڵام دڵخۆشم بەوەی كە توانیومە خزمەتی كۆمەڵێك منداڵی بێسەرپەرشت بكەم، زۆر ئاسوودەم لەگەڵ قوتابییەكانم، هەروەها ئەوانیش لەگەڵ من زۆر ئاسوودەن بەیانیان كە دێم بەرەوپیلم دێن و تەوقەم لەگەڵ دەكەن و ماچم دەكەن، چونكە من دڵیان ناشكێنم».

ئەو مامۆستا خاوەن پێداویستییە تایبەتە وەك خواست و داواكاریی خۆی تەنیا گوتی: «داواكاریم ئەوەیە كە جگە لەو كارەم كارێكی دیكەم هەبێت، تاوەكو لەو گۆشەگیری و بێكارییە بێمە دەرەوە، نامەوێ بێكار دابنیشم، حەز دەكەم هەر كارێك هەبێت، بیكەم لە قەدەر توانای خۆم بێت، چونكە لە ماڵەوە زۆر بێزارم و هەر ئیشێك هەبێت ئامادەم بیكەم».

 

Top