قەشە ئەلئەب جبرائیل گۆركیس تۆما لە سنووری قەزای سێمێل بۆ گوڵان: بڕیاری سەرۆك بارزانی بە بەشداریی نوێنەرانی پێكهاتەكان لە نووسینەوەی دەستووری كوردستاندا متمانەیەكی یاساییە بۆ پێكەوەژیان لەم هەرێمەدا
پێكەوەژیانی نێوان نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان جوانترین سیماكانی گەلی كوردستانە كە لە دێر زەمانەوە لەم نیشتمانە هەمووان پێكەوە دەژین و هیچ گرفت و كێشەیەكی ئایینی و نەتەوەیی نەبووە، مەسیحییەكان لە ناو ئەم كەلتوور و پێكەوەژیانەدا بە ئومێدەوە دەڕواننە پارێزگاریكردن لە مافەكانیان، ئەوان نایانەوێت تێكەڵی موزایەدەی سیاسی بكرێن. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم بابەتە گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ قەشە ئەلئەب جبرائیل گۆركیس تۆما لە سنووری قەزای سێمێل سازدا.
* ئەو پێكەوە ژیانەی لە هەرێمی كوردستان هەیە هەموو جیهان بە چاوی ڕێزەوە سەیری دەكەن، ئایا ئێوە وەك مەسیحییەكان چۆن سەیری ئەم پێكەوەژیانەی هەرێمی كوردستان دەكەن؟
- لە دوای ساڵی 1991 و ڕزگاربوونی هەرێمی كوردستان لە ڕژێمی بەعس، پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی نموونەیەكی زۆر جوانی كوردستانە، تەنانەت لەو كاتەی تیرۆریستانی داعش پەلاماری عێراقیان دا و كوردانی ئێزدی و مەسیحی و هاووڵاتیانی عەرەب لە شاری مووسڵ و دەشتی نەینەوا و بەغدا ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كرد، لێرە هەمووان دڵنیابوون كە گەلێك و سەركردەیەكیان هەیە كە بە چاوی ڕێز و خۆشەویستی دەڕوانێتە هەموو نەتەوە و پێكهاتەكان، ئەو هەرێمەی لە دێر زەمانەوە بووەتە سیمبولی پێكەوەژیان و لانكەی مرۆڤایەتی، لە كاتێكدا ئەو ئاشتی و پێكەوەژیانەی لێرە هەیە لە زۆر وڵاتانی جیهاندا نییە، بە چاوی خۆمان بینیمان كە چۆن دەرگای مزگەوت و شوێنە گشتییەكان بۆ ئاوارە مەسیحی و ئێزدی و موسڵمانەكان كرانەوە و، لە ڕۆژە سەخت و تاریكەكاندا جوانترین ڕێز لە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاكان نرا، ئەمەی لە كوردستان ڕووی دا، لە هیچ شوێنێكی دنیا نەبووە، ئەمەش بنەماكانی پێكەوەژیانی زۆر پتەوتر و گەورەتر كرد و سەرنجی وڵاتانی دنیا و ڤاتیكانی بۆ لای خۆی بە درەوشاوەیی ڕاكێشا و، بووە هۆكاری ئەوەی كە ڕێكخراوەكانی ناحكوومیی چەندین وڵات و ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بێنە هەرێمی كوردستان و سەردانی كەمپی ئاوارەكان بكەن، تا بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشدار بن لە پڕۆسەی هاوكاریكردنی ئاوارەكان، ئێمە وەك مەسیحییەكانی هەرێم و عێراق و دنیاش بە چاوێكی گەورەیی و سوپاسەوە سەیری ئەو پێكەوەژیانە جوانەی هەرێمی كوردستان دەكەین و دەبینین ساڵ لەدوای ساڵیش زیاتر بەهێز و سەرنجڕاكێشتر بووە، ئەمە وێڕای ئەوەی هەندێك جار لێرە و لەوێ كێشە و گرفت دروست دەبێت، بەڵام ئەمە بەو واتایە نایەت هەموو ئەم كێشە و گرفتانە بێ چارەسەر دەمێننەوە، لە بابەتی پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان پێویستە حكومەتی عێراقیش هەمان هەنگاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان بگرێتەبەر و سوود لەم ئەزموونە وەربگرێت، عێراقیش چەندین نەتەوە و ئایین و ئایینزای تێدایە كە تا ئێستا دڵنیا نین لە ژیان و ماڵی خۆیان و ئازاد و سەربەست نین لە مومارەسەكردنی كەلتوور و بۆنە و پیرۆزییەكانی خۆیان، لە عێراق تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت دەمارگیری و توندوتیژی لەلایەن گرووپە تیرۆریست و شۆڤینییەكانەوە زاڵە و زوڵمێكی زۆر دەرهەق بە ئایین و ئایینزاكانی جیاواز دەكرێت، لە كوردستان هەموو ئەم پێكەوەژیانە ڕەنگدانەوەی لە بیر و عەقیدەی بارزانیی نەمر دروست بووە، كە لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵاندا چەندین كوردی ئێزدی و مەسیحی بەبێ جیاوازی بەشداربوون و خوێنی خۆیان بەخشیوە بەم خاك و نیشتمانە كە بەرهەمەكەی ئەمڕۆ حكومەت و پەرلەمانی كوردستانی ئازادە، كە هەموومان بە كورد و مەسیحی و ئێزدی و ئەرمەنی و كاكەیی و شەبەك و موسڵمان و .. تاد، لە ئەرك و مافدا تێیدا بەشدارین، لە ئەمڕۆدا هەموو دنیا بۆیان دەركەوتووە كە حكومەت و دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان جێگەی متمانە و دڵنیاییە بۆ پێكەوەژیان و ئاشتی و لێبوردەیی.
* لەو كاتەی تیرۆریستانی داعش پەلاماری عێراقیان دا، بەتایبەت ناوچە و شارەكانی كوردی ئێزدی و مەسیحییەكان، خەڵكێكی زۆر لەوانە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كرد، لەو كاتەدا جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی بڕیاری دا كە دەرگە و سنووری هەرێمی كوردستان بە ڕووی ئاوارەكاندا بكرێتەوە و خزمەتیان بكەن، ئایا ئێوە ئەم هەڵویست و بڕیارەی سەرۆك بارزانی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
- هەڵویستی جەنابی سەرۆك بارزانی و سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كردنەوەی دەرگەی هەرێمی كوردستان و پێشوازیكردن و حەوانەوەی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكان، جێگەی پێزانین و ستایشە و ئەو هەڵویستە گەیەنرایە وڵاتانی دنیا، بەتایبەت بە جەنابی قەداسەتی پاپای ڤاتیكان، بۆیە بە چاوی خۆمان بینیمان كە قەداسەتی پاپا سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستانی كرد و نوێژی قوداسی لە گۆڕەپانی شەهید فرانسۆ هەریری لە هەولێری پایتەختی كوردستان ئەنجام دا، هاتنی قەداسەتی پاپا تەنیا بۆ لای مەسیحییەكان نەبوو، بەڵكو بۆ دیتنی ئەو واقیع و پێكەوەژیانە جوانە بوو كە لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان سەرنجی وڵاتان و پاپای ڤاتیكانی ڕاكێشابوو، سوپاسگوزار بوو لەو پێكەوەژیانەی لە هەرێمی كوردستان هەیە، لە پاش گەڕانەوەشی بە نامە سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەركردایەتی سیاسیی كوردستان و جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی و ڕێزداران نێچیرڤان بارزانی و مسرور بارزانی نارد، بە تەئكید ئەو هەڵویست و بڕیارەی سەرۆك بارزانی، هەروەها ئەو یاسایانەی لە پەرلەمانی كوردستان دەردەچن، جێگای شانازیی ئێمەیە و بووەتە هۆی ئەوەی هەموومان بە یەكەوە هاوبەش بین لە خۆشی و ناخۆشیی كوردستاندا و دەستكەوتەكانمان لەو قەوارە جوانەی هەیە بیپارێزین، لەلایەكی دیكەوە بینیمان هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە بەشداریی ڕاستەوخۆی جەنابی سەرۆك بارزانی كە لە بەرەكانی جەنگ لە دژی داعش سەرپەرشتیی شەڕەكانی دەكرد، بووە هۆی ئەوەی هاونیشتمانیانمان لە دەشتی نەینەوا و چەندین شوێنی دیكە پارێزگارییان لێ بكرێت و، لە كۆتاییشدا هەر پێشمەرگە بوو كە ناوچە و شارەكانی ئێمەیان ڕزگار كرد، ئەمە بەڵگەیەكی گفتوگۆ لەسەركردن نییە كە هەرێمی كوردستان و سەرۆك بارزانی و حكومەتی كوردستان بۆ هەموومانن، بە تایبەت ئەو پێكەوەژیانەی كە هەیە كوردستان جوانتر دەكات. هەر ئەو هەڵویست و بڕیار و كارانەی جەنابی سەرۆك بارزانی بوو كە وای كرد، لەو كاتەی سەردانی ئەوروپا و ڤاتیكانی كرد، وەك سەرۆكی دەوڵەتێك پێشوازی لێ كرا و مەراسیمەكانی گەیشتن و پێشوازی لە جەنابیان لە ئاستێكی زۆر پایەدار و گەورە و شكۆدار بوو.
* ستراتیژیەتی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان درێژەپێدان و پشتگیركردنی تەواوی ئەو پێكەوەژیانەیە، ئایا ستراتیژیەتی كابینەی نۆیەم بۆ زیاتر قووڵكردنەوەی گیانی برایەتی و پێكەوەژیان لە كوردستان چۆن دەبینیت؟
- ستراتیژیەت و پلان و بەرنامەی كابینەی نۆیەم هەر لەگەڵ خوێندنەوەی كارنامەكەی حكومەت لەناو پەرلەمان لەلایەن ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، ئەو خاڵ و بڕگە و پڕۆژە و گرنگیپێدانەی بە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكان زۆر ڕوون و ئاشكرا بوو، بەتایبەت لە بەشداریی نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان وەك ئەندامی پەرلەمان و نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان و بوونی و بەشداریی پێكهاتەكان لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان و دامەزراندنی وەزارەتێك بە ناوی وەزارەتی هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان، بۆ یەكەم جار لەو كابینەیەدا، هاوكات لە ناو وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی چەندین بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و دامەزراوەی دیكە دامەزراون بۆ كاروباری پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی جیاجیا لە هەموو سێكتەرەكاندا بە ناوچە و دەڤەر و پەرستگە و كەنیسەكان و دابینكردنی مووچە بۆ هەموو پیاوانی ئایینی، هەر وەك مامۆستایانی ئایینی ئیسلامی پیرۆز و وەك مەسیحی چەندین كەنیسە لە دەڤەر و شوێنی جیا جیای كوردستان لەلایەن كابینەی نۆیەم نۆژەن كراونەتەوە، سەرەڕای دروستكردنی چەندین كەنیسەی گەورە و بەرفراوان لە سەنتەری شارەكانی هەرێمی كوردستان، هەموو ئەمانە و چەندین كار و پڕۆژەی گرنگ و خزمەتگوزاریی دیكە لەو كابینەیەدا بە بڕیار و فەرمانی جەنابی سەرۆك وەزیران بۆمان جێبەجێ كراون، یان لە ژێر ئەنجامدان و لە بەرنامەدان، هەموو ئەمانە هۆكارێكی گرنگن بۆ گرنگیدان بە پێكەوەژیان و زیاتر سەقامگیریی ئاشتی و لێبوردەیی لە هەرێمی كوردستان. هاوكات سەركەوتنێكی گەورەشە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەبێ ئەوەش بزانین كە حكومەتی هەرێم داری سیحریی لە دەستدا نییە، تاوەكو هەموو كێشە و گرفتە خزمەتگوزارییەكان بە یەكجار و بە ماوەی ساڵێك چارەسەر بكات، بەڵكو پێویستی بە پشوودرێژی هەیە.
* لە پرۆسەی نووسینەوەی دەستووری كوردستاندا سەرۆك بارزانی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە پێویستە نوێنەری نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان خۆیان مافەكانی خۆیان لە دەستووری كوردستاندا بنووسنەوە و، بە ئاستێك بێت كە خۆیان پێی ڕازی بن، ئایا ئێوە وەك مەسیحییەكان دەتانەوێت مافەكانتان چۆن لە دەستووری كوردستاندا دیاری بكرێت؟
- ئەو هەڵویستەی سەرۆك بارزانی بۆ زیاتر گەورەبوون و قوڵبوونەوەی پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان بۆ ئەمڕۆ و بۆ داهاتووش لە هەموو كار و بڕیار و خزمەتگوزارییەك بۆ پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزكانی هەرێمی كوردستان گرنگە و، پێدانی متمانەیەكی زۆر گەورە و دیارە بە هەموو تاكێكی ئەو كۆمەڵگە ڕەنگاوڕەنگە، چونكە كوردستان وەك باخچە و مێرگێكە كە هەموو جۆرە گوڵێكی تێدایە و هەر گوڵێكیش بۆنی تایبەت بەخۆی لەو باخچەیەدا دەدات، هەر بۆیە جەنابی سەرۆك بارزانی دڵنیایە كە بەشداریی نوێنەری نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان لە نووسینەوەی دەستووردا دەبێتە هۆكاری ئەوەی:
یەكەم: هیچ نەتەوە و ئایین و ئایینزایەك لە داهاتوودا گلەیی لە ماف و بەرژەوەندییەكانی نەبێت.
دووەم: دڵنیایی و زیاتربوونی متمانەیە بۆ پێكهاتەكان كە ئەوان بەشێكی دانەبڕاون لە كۆمەڵگەی كوردستان و بەشدارن لە دانانی یاسا و پیادەكردنی ئەركەكانیشیان.
سێیەم: ئەو بڕیارەی سەرۆك بارزانی بۆ بەشداری لە نووسینەوەی دەستوور مانای ئەوەیە كە هیچ نەتەوە و ئایین و ئایینزایەك كەمینە نین، بەڵكو هەر هەموومان بە یەك چاو تەماشا دەكرێین و لە هەموو ماف و بەرژەوەندییەكی نیشتمانی و بەڕێوەبردنی ئەو دەوڵەتە هاوبەش و یەكسانین، هەر بۆیە ئەوەی لەو هەڵویستە زیاتر دەخوێندرێتەوە، ئەوەیە كە جەنابی سەرۆك بارزانی كاریزما و مەرجەعییەتی هەموو گەلی كوردستانە بە بێ جیاوازی، هەر بۆیە بڕیارەكانیشی بۆ هەموو كۆمەڵگەیە بە یەكەوە و بە یەكسانی.
* بوونی عەنكاوە بە قەزا، وەك یەكێك لە شوێنی مەسیحییەكان لە هەرێمی كوردستاندا چی دەگەیەنێت؟ ئیا تمووحی ئێوە لەوەدا دەوەستێت، یان ئومێد و ئایندەی زیاتر و گەورەتر لە حكومەتی كوردستان چاوەڕوان دەكەن؟
- بوونی ناحیەی عەنكاوە بە قەزا كە لە سنووری پارێزگای هەولێر و لە پاڵ سەنتەری شارەكەدایە، گرنگیدانێكی تایبەتە بە مەسیحییەكانی ئەو پارێزگایە و بە گشت مەسیحییەكانی هەرێمی كوردستان، چونكە لە ڕێگەی ئەوەی كە بووەتە قەزا دەسەڵاتی كارگێڕی و دارایی بۆ ئەو شارە زیاتر و زۆرتر دەبێت و، ئەمە وا دەكات سنووری شارەكە (عەنكاوە) لە ڕووی جوگرافیاوە بەرفراوان بكرێت، لەو كاتەشدا پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان لە هەموو سێكتەرەكاندا زیاتر گرنگییان پێ دەدرێت، هەرچەندە ئێمە تمووحی لەوە زیاترمان هەیە و هەر شتێك خێر و خۆشیی زیاتر بكات بۆ میللەت، ئێمە پاڵپشتی دەكەین، تمووحی هەموو میللەتێك ئەوەیە كیان و قەوارەی زیاتری بۆ دەستەبەر بكرێت، سەبارەت بەو بڕیارە هەرچەندە من خەڵكی عەنكاوە نیم، بەڵكو خەڵكی دەڤەری پارێزگای دهۆكم، بەڵام ئەو بڕیارەی ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان بۆ بەقەزابوونی عەنكاوە گرنگیدانێكی دیكەیە بە پێكەوەژیان و نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان، بەتایبەت بە مەسیحییەكانی كوردستان، بۆیە هەقی ستایش و دەستخۆشی و پێزانینی زۆرە.