ئاراس .. لە نەستەلۆژیای نەتەوەییەوە بۆ دیفاکتۆی سەرکەوتن
76 ساڵ بەر لەئەمڕۆ وشەی (ئاراس ) و واتەکەی هاتونەتە نێو ژیانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئەدەبیاتی شۆرشگێری و نیشتیمانی نەتەوەیی کورد و کوردستان.
خودی وشەکە ناوی گەورەترین روباری ناوچەی قەوقازە کە درێژییەکەی( 666) میلە . نەتەوەکانی ناوچەکە کورد و تورک بە ( ئاراس ) گۆ- تەلەفوزی دەکەن و فارس بە (ئارس) وئازەر بە (ئاراز) و ئەرمەنییەکانیش وەک یۆنانییەکان بە( ئاراکس) گوزارشتیان لەو روبارە مەزنە هاوبەشە کردووە کە دەرژێتە نێو سنووری وڵاتانی تورکیا وئەرمینیا وئێران وئازەربێجان .
لەنێو ئەدەبیاتی کوردیدا ئەم وشەیە (ئاراس) لەدوای رۆژی 18-6-1947 وە مانا سادەکەی خۆی دەبوارێنێ و مانای( ئاماژەیی و هێما و سیبمبوڵی) وەردەگرێیت و لەنێو زانستی زمانەوانی و میدیایی دا بۆ مێژوو دەبێتە سیمۆلۆژیا وسیماتیک وبە روخسارو سیماو ناوەرۆکێکی دیکە خۆی دەرازێنێتەوە و دەبێتە ناوێکی ماناداری ئاماژە بە پرۆسەیەکی نیشتیمانی شۆرشگێڕی .
قەدەری کورد لەکۆماری کوردستان لە مەهاباد لە 1947 هەروا کەوتەوە کە هزرو نەخشەو پیلان وپلانی وڵاتانی زڵهێزو داگیرکاران لە هزرونەخشەو دبلۆماسیەتی کورد بەهێزترو کاریگەرتربێ ، مەهابادیش بە گەمەی سۆڤیەتی لەناوبچێ وشکست
ونشوستییەکی تر دوای شکستییەکانی شێخ مەحمودی حەفیدزادەو شێخ عبدوسەلام بارزانی و پێشتریش شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری قەدەرو چارەنووسی کورد بخاتە بەردەم دووڕیانی ( خۆبەدەستەوە دان -خۆچەماندنەوە ) یا (بەرخودان و بەردەوام بوون ) .
لەونێوەندەدا بارزانی نەمر ، وەک زۆربەی هەرە زۆری سەرچاوە ئەدەبی ومێژوویی و دیکۆمێنتییەکان ئاماژەیان پێداوە خاوەنی ستراتیژیەتیی رابەرایەتی کردن وئایندە
خوازی بووە وهەمیشە ( بەرخودان و بەرگری) بۆ مانەوەو درێژە پێدان بەخەباتی وەک دیفاکتۆ و ئەڵتەرناتیفی سەرکەوتن بینیووە وهیچ کاتێ هزری( چەمانەوەو خۆبەدەستەوەدان )ی وەک ئەگەری( مانەوە و بەردەوام بوون )هەڵنەبژاردووە .
بۆسەلماندنی راستی ئەم بۆچوونەش ئەزموونی خەبات وتێکۆشانی مستەفا بارزانی لە شۆرش و ڕاپەڕینەکانی بارزاندا لەناوچەی بارزان و بەرخودان و بەرگری قارەمانە لەکۆماری کوردستان- مەهاباد 1946 لەشەڕی قارەمانانەی ( قاڕاوە ) دا باشترین بەڵگەی زیندوون کە مستەفا بارزانی خۆی بەدەستەوە نادات و بۆ رۆژگاری جەوروستەم ودژوار ناچەمێتەوە .
هەرواش کەوتەوە، دوای پیلانگێڕی نێودەوڵەتی و شکستپێهێنانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد ، بارزانی خۆی بەدەستەوەنادات ، داوا لە پێشەوا قازیش دەکات پێکەوە درێژە بەخەبات و تێکۆشان بدەن وخۆی بەدەستەوە نەداو و بەشێوەیەکی کاتی مەهاباد جێ بهێڵێ و بە شێوەیەکی دیکە درێژە بەخەبات بدات جا گەر بارودۆخی پێشەوا جیاوازبووبێ یا دیسان قەدەری کورد وای بۆ کۆماری ساوا نەخشاندبێ ، ئەوەیان بابەتێکی دیکەی تایبەتی شۆڕشگیڕی و هەڵوێستی نیشتیمانییانەی تایبەت بە پێشەوا قازی محمدەو و هیچ تێگەیشتنی دیکەی دژە نیشتیمانانە ی دژ بە ڕۆڵی مەزنی پێشەوا هەڵناگرێ .
گەڕانەوەی بارزانی و هەڤاڵانی بۆعێراق و شەڕوپێکدادانی دژوار لەسەرسنوور لەگەڵ ئێران -عێراق – تورکیا و پەڕینەوە لەروباری ئاراس و چوونە نێو خاکی سۆڤیەت ، داستانێکی قارەمانانەیە لە مێژووی هاوچەرخی مرۆڤایەتی دا لەکات وساتی خۆیدا 76 ساڵ بەر لەئەمرۆ جیهانی بەخۆیەو سەرسام و خەریک کرد . بەجۆرێ وڵاتانی رۆژئاوا و رۆژهەڵات وناوچەکە پەندو وانەیەکی کوردی كوردستانی بۆ بەرخودان وبەرگری و مانەوە لە مستەفا بارزانیەوە وەربگرن و بۆ ئایندەی پرسەکە وەک ژمارەیەکی سەنگینی هاوکێشەکان مامەڵەی لەگەڵدا بکەن .
ئیدی لەوێ رۆژێوە ،ژیانی بارزانی نەمرو یاوەرانی شۆڕشگێری لە شاران و وڵاتانی سۆڤیەت لەگەڵ گرفت وچەرمەسەرییەکانی (باقیرۆف )ەکانی ئەوسا دا ئەوە
(ئاراس ) ناوە سادەکەی خۆی دەبوارێنێ و دەبێ بە نازناو و ناونیشان و سیمبول و هێمای مانەوەوبەردەوام بوون بۆ بەرخودان و مانەوە وەک دیفاکتۆو ئەڵتەرناتیفی سەرکەوتن .
ئاراس، لە رۆژی 18-6-1947 بەدواوە وە بۆکورد داستانە، ڕەهەندی شۆڕشگێڕی وبەرخودانی نیشتیمانی و نەتەوەیی هەروا ئەدەبی بەرگری وشۆرشگێری وەرگرتووە و ئامادەیی کاراو زیندووی لە نێو هزری تاک و کۆی کۆمەڵگای کوردستانی و ژیانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی وکەلتوری کوردستانی داهەیە .
ئاراس وداستانی پەڕینەوە، لەوساوە بۆ بارزانی باوک بۆتە رابەرایەتی کردنی پرسی مەزنی کوردستان ولەنێو هزرو مێژوودا نەک هەرنەستەلۆژیای نەتەوەییە ، بەڵکو دیفاکتۆی شۆرشگێری چەسپاوە ، هێماو سیمبوڵی بەرخودان و سەرفرازی نیشتیمانی وسەروەت وسامانێکی شۆرشگێڕی مەزنە بۆبارزانی کوڕ و بارزانییانی نەوەی سەردەم .
لەم ڕوانگەیەوە دەبێ هەردەم دەبێ واسەیری (ئاراس ) بکەین وبیخوێنینەوە :
پەڕینەوە لە (ئاراس) ڕیفڕاندۆمی سەرفرازی وخۆنەچەماندنەوەی نیشتیمانی گەل ونەتەوەیێکە ،کە 76 ساڵ بەرڵە ئەمڕۆ بۆ عەوداڵی سەربەخۆی سنووری زەبەلاحی پڕ لەمەترسی سێ وڵاتی ترسناکی جیهانی بڕی و بەدەستێکی پۆڵاین لە دەرگای کرملینی دا .
ئاراس بۆ ئەمڕۆ ، وانەی مێژوویی شۆڕشگێڕیی تەواوی کوردستانیانە هەڵسانەوەی نێو نشوستییە ، پۆست مەهابادەو بە پەیامی گەرماوگەرمی چوارچراوە هێنانە ئارای دەرفەت و هەل و مەرجی تازەیە بۆ سەرفرازی و سەربەخۆیی بۆ کورد و لە قۆناغی ئەمرۆی دوای ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی لە 2017 وە بۆ ئێستا و لەمڕۆوەش بۆ ئایندە. نەستەلۆژیایی نەتەوەییە گەر دیفاکتۆ و ئەڵتەرناتیفەکانی ئەمرۆ لە چاو ئەوێ رۆژێیی پەڕینەوە لە ڕووباری ئاراس دژوارتریش بێ و دەوروبەریش پڕاوپڕی (جەعفەر باقیرۆف - بارگینۆف ) بێ خۆری ئازادی و سەرفرازی بۆ کورد نزیکەو دوور نییە .
هەولێر 20-6-2023