پاسكیلسوارانی كوردستان ڕوو لە بەغداد دەكەن

پاسكیلسوارانی كوردستان ڕوو لە بەغداد دەكەن

پاسكیلسوارانی كوردستان ڕوو لە بەغداد دەكەن
هەر چەندە پێشووتر كۆمەلێك لە یانەكانی كوردستان گرنگی زۆریان بە بواری پاسكیلسواری كچان دەدا لە شارەكانی كوردستان، بەڵام لە ئێستادا زۆربەی یانە كوردییەكان تیپەكانیان هەڵوەشاندۆتەوە و كچە كوردەكانیش بە ناچاری ڕوویان لە شارەكانی بەغداد كردوە بۆ ئەوەی پەرەبەتواناكانی خۆیان بدەن لە بواری وەرزشی پاسكیلسواری، لە بارەی ڕوو كردن یانەكانی دەرەوەی كوردستانیش، یەكێك لەو كچانەی ڕووی لە شاری بەغداد كردوە ئەویش ئاڤان عەدنانی یاریزانی پێشووی یانەی برایەتیە، ئەو بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: لە ئێستادا پاڵەوانێتی كوردستان گرنگییەكی ئەوتۆی پێ نادرێت، ئەگەر لە پاڵەوانیەتیەكەش بەشداری بكەین بۆ خۆشی خۆمان و هیچ گرنگییەكی ئەوتۆی نییە، پێشووتر كە بەشداری پاڵەوانێتی عەرەبیمان دەكرد زۆربەی یانە كوردستانییەكان بوون و شەڕی بەدەست هێنانی ئەنجامی شایستەمان دەكرد كۆمەلێك یانە بوون، بەڵام ئێستا زۆربەی یانە كوردییەكان تیپیان نەماوە، ئێستاش بۆیە وەكو یاریزانێی كورد بەشداری لە پاڵەوانیەتیەكانی عێراقی دەكەم و یاری بۆ یانەیەكی عەرەبی دەكەم، چونكە یانە كوردییەكان هیچ پاڵپشتییەكمان ناكەن، هەر چەندە من دووەمی عێراقم و دەمەوێ زیاتر گرنگی بەتواناكانی خۆم بدەم و ئاستی خۆم زیاتر بەرەووپێشببەم، هیچ كێشەو گرفتێكیشم نییە، حەزم دەكرد یانەكانی كوردستان شەڕی بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستەیان بكردبایە.
كارزان كانەبی

Top