هیوا و ئاواتم ئەوەیە كە بتوانم وەكو باوكم بەشداری لە پاڵەوانێتیە نێودەوڵەتیەكان بكەم

هیوا و ئاواتم ئەوەیە كە بتوانم وەكو باوكم بەشداری لە پاڵەوانێتیە نێودەوڵەتیەكان بكەم

تاژان شێخ نەسرەدین ڕاهێنەر و یاریزانی ئەسپ سواری

هیوا و ئاواتم ئەوەیە كە بتوانم وەكو باوكم بەشداری لە پاڵەوانێتیە نێودەوڵەتیەكان بكەم
یاری ئەسپ سواری یارییەكی جیهانییە و ساڵانە چەندین پاڵەوانێـتی لەسەر ئاستی جیهان بەرێوە دەچێت ژمارەیەكی زۆری ووڵات بەشدارن لە چاڵاكییەكان، بەڵام لە كوردستان و بگرە لە عێراقیش وەكو پێویست گرنگی بەم یارییە نەدراوە، خزمەت كردن و بەرەوپێشبردنی ئەم یارییە زیاتر هەوڵەكان تاكە كەسین ، یانەی سوارچاكی كۆڕاز لە پارێزگانی سلێمانی ماوەیەكی زۆر گرنگی بە یارییەكانی ئەسپ سواری دەدەن و چەندین یاریزان و ڕاهێنەری بە ئەزموون لەم یانەیە كار دەكەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەم یانەیە بكەنە نموونەیەكی بەرزی یاری ئەسپ سواری لە سەر ئاستی پارێزگای سلێمانی و كوردستان و عێراقیش، یەكێك لە یاریزانە بەتواناكان و كۆنەكانی یانەكەش كچە یاریزان و ڕاهێنەر تاژان شێخ نەسرەدین بەهادین-ە ئەو یاریزانی یانەی جەیش و ڕاهێنەری ئەسپ سواری یانەی كۆڕازە ناوبراو لە دایك بووی پارێزگای سلێمانییە و خاوەنی بڕوانامەی بە كالۆریۆسە لە كارگێڕی كار، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیاریكمان لێ‌ كرد ئەوەیش بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە:كارزان كانەبی
*بۆچی یاری ئەسپ سواریت هەڵبژارد؟
- سوارچاكی خولیای باوكم بوو هەر لە منداڵیەوە ڕاهێنانی پێ دەكردین، حەزو خۆشەویستی باوكم وایكرد ئێمە ئەم بوارە هەڵبژێرین.
* لە كوردستان ئاستی یاری ئاسپ سواری لە چ ئاستێكدا دەیبینی؟
- لە ئێستادا بە خۆشحاڵییەوە بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، هەوڵی تاكە كەسی باش دراوە بۆ بەرەووپێشچوونی ئەم بوارە، بەڵام هێشتا پێویستی بە كاری زیاترە بۆ زیاتر برەوپێدانی.
*بۆچی وەكو پێویست گرنگی بەم یارییە نادرێت؟
- چونكە هەوڵەكان تاكە كەسین و ئەو كەسانەی كە هەوڵی بەرەوپێشچوونی دەدەن كەمن، بەهۆی كەمی یاخود نەبوونی كەسانی پسپۆڕ و شارەزا بەهۆی ئەوەی لە ناو كۆمەڵگەی ئێمە ئەم وەرزشە نوێیە و خەڵك پێ ئاشنانییە ئەوانە هەمووی هۆكارەكانن.
* چی بكرێت بۆ ئەوەی ئەم یارییە بچێتە قۆناغێكی باشتر؟
- زۆر شت هەیە دەبێت بكرێت، لەوانە دروست كردنی كادیر و كەسانی بە ئەزموون و شارەزا لە بوارەكە، كردنەوەی خول بۆ دروست كردنی ڕاهێنەر و دادوەری شارەزا و بە ئەزموون.
*هەست ناكەی یارییەكەی قورست هەڵبژاردوە؟
ڕاستە زۆر جار هەست بە قورسی یارییەكە دەكەم بە تایبەت لە سەرەتای فێربوون و یاریكردنم، چونكە تەنها من بووم كچ لە ناو هەموو یاریزانەكاندا، بەڵام خۆشەویستی من بۆ ئەسپ و یارییەكانی سوارچاكی و، پاڵپشتی زۆری باوكم وایكرد كەوا هەست بە قورسی نەكەم و بەردەوام بم.
*كێشەو گرفتان چیە لەم یارییە؟
- كێشەكان لە چاو ساڵانی پێشوو كەم ترن، بەڵام هەر هەیە، نەبوونی گۆڕەپانێكی سوارچاكی بە گشتی بۆ پاڵەوانەتییەكان، هەروەها نەبوونی ڕاهێنەر و دادوەری بەتوانا و بە ئەزموون لە بوارەكە.
*بۆچی ڕووت لە بواری ڕاهێنەری كرد؟
- چونكە بەشدارم لە زۆربەی پاڵەوانێتیەكانی ناوەخۆی كوردستان كرد و پلەی یەكەمم بەدەست هێنا، وە بەهۆی ئاست بەرزیم لەلایەن لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستانەوە ڕێگەپێدانی ڕاهێنەریان پێ بەخشیم.
* لە ئەسپ سواری ئێوە وەكو یاریزان و ڕاهێنەر هیچ كات دووچاری كێشە و گرفت بوونەتەوە؟
-بێگومان كێشە و گرفت هەر دەبێت لە كۆمەڵگەی ئێمە و كچیش بێت، بەڵام زۆر كاریگەری نەبوو لە سەر من، چونكە من باوكم و خانەوادەكەم بە گشتی پاڵپشت بوون.
*هیواو و ئاواتت وەكو كچە ئەسپسوارێك؟
-هیوا و ئاواتم ئەوەیە كە بتوانم وەكو باوكم بەشداری لە پاڵەوانێتیە نێودەوڵەتیەكان بكەم وەك یاریزان، وەكو ڕاهێنەریش هیوام وایە ئەو هەنگاوانەی لەم دواییانە دا ناومە بۆ دروست كردنی گروپێك یاریزانی كچ جێگای خۆی بگرێت و بتوانم كچانی شارەزا و بە ئەزموون بهێنمە ناو ئەم بوارەوە و جێگای دەستی خۆم لەم بوارە بەجێ بهێلم.
* بەرنامەی داهاتوو چیە بۆ ئەم وەرزشە؟
-وەكو یاریزان لە ئێستادا خەریكی مەشق كردنم لە سەر یاری رم بازی كەلەلایەن ڕاهێنەری نێودەوڵەتی مەشق و ڕاهێنانم پێ دەكرێت لە بەغداد.
*بڕیارت نەداوە تیپێك بۆ سلێمانی دروست بكەی؟
-ڕاستیەكەی پڕۆژەم هەیە كە گروپێك پێك بهێنم بۆ كچان كە بتوانن لە داهاتوودا ببنە هۆی بەرەوپێشچوونی سوارچاكی و شارەزا و بە ئەزموون بن، بەڵام تەنها سلێمانی نا بۆ كوردستان.
*بۆچی یاری بۆ یانەیەكی شاری بەغداد دەكەی؟
-چونكە ئەو یانەیەی ئێستا یاری بۆ دەكەم یارمەتیدەرمە بگەم بە خەونی گەورەی خۆم و باوكیشم، ئەویش كە یاری كردنە لە پاڵەوانێتیە نێودەوڵەتیەكان، هەروەها هەر لە سەرەتاوە پاڵپشتم بوون بۆ گەیشتن بەوەی دەمەوێت.
*چ یادگارییەكی شێخی باوكت هەموو كات شانازی پێوە دەكەی؟
-باوكم پێش كۆتایی هاتنی تەمەنی ئارەزوو ئاواتی تەواوكردن و كردنەوەی یانەی سوارچاكی كوڕاز بوو، كە ئەم یانەیە بۆتە گەورەترین و بەنرخترین یادگاری باوكم بۆ ئێمە، ئێمەش لەدوای باوكم هەر بەو هێز و گروتینەی باوكم بەردەوام دەبین تا تەواوكردنی و بە زیندوو هێشتنەوەی ئەو یادگارییە گەورەیە و زیندوو هێشتنەوەی ناوی باوكم.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
-زۆرسوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان، دەمەوێ سوپاسی هەموو ئەو كەسانە بكەم كە پاڵپشتمان بوون لە سەرەتاوە تا ئێستا ئومێدەوارم ئەم وەرزە زیاتر پێش بخەین هەموومان بەیەكەوە.

Top