پڕۆفیسۆری ئولریك بروكنەر بۆ گوڵان:   شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا شەڕێكی هەرێمایەتی نییە و لەسەر خاكیش نییە

پڕۆفیسۆری ئولریك بروكنەر بۆ گوڵان:     شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا شەڕێكی هەرێمایەتی نییە و لەسەر خاكیش نییە

 

 

ئولریك بروكنەر، پڕۆفیسۆری دیراساتی ئەورووپیە لە زانكۆی ستانفۆرد لە بەرلین. پێشتر مامۆستا بووە لە بەشی زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی بەرلینی ئازاد و وانەبێژ بووە لە زانكۆی فودان لە شانگهای، زانكۆی سابانجی لە ئەستەنبول و زانكۆی لیوبلیانا لە سلۆڤینیا. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد كە پەیوەست بوون بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و بەرەوپێشچوونی ئەم شەڕە و هۆكارەكانی درێژەكێشان و بەردەوامبوون و دەرئەنجام و دەرهاویشتەكانی.

 

 

 

* پێش هەڵگیرسانی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا زۆر كەس پێیان وابوو كە شەڕێكی لەم چەشنە دوورە لەوەی ڕوو بدات، دوای بەرپابوونیشی هەندێ پێشبینی هەبوون كە شەڕەكە درێژە ناكێشێت و لە ماوەیەكی كەم و لە زەمەنێكدا كورتدا كۆتایی پێ دێت و یەكلا دەبێتەوە، بەڵام ئەوە بوو ئەم شەڕە هەڵگیرسا و ئەوەتا درێژەشی كێشاوە، خوێندنەوە و شرۆڤەی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟

- سەرەتا دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم، هەر كەسێك كە پێی وا بووبێت كە ئەم شەڕە كورتخایەن دەبێت و لە ماوەیەكی كەمدا یەكلا دەبێتەوە، ئەوا لەسەر كۆمەڵێك ئەگەر و گریمانەی ناڕوون ئەم پێشبینییەی كردبوو. ئەمە جگە لەو كەسانەی كە پێشبینییەكانیان لەسەر ئەو بنەمایە بنیاد نابوو كە ئۆكرانییەكان ئیرادە و گیانی بەرهەڵستی و شەڕكردنیان نییە و ئەگەر هەشیان بێت، ئەوا ئامرازە و چەك و پێداویستییان بۆ ئەم شەڕە نییە، بەم شێوەیە شەڕەكە لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا كۆتایی پێ دێت و تەواو دەبێت. بە چەشنی ئەوەی لە ساڵی 1966دا بەسەر وڵاتی هەنگاریادا هات، یان ئەوەی لە پراگ ڕووی دا لە ساڵی 1968دا، یان خەفەكردنی ڕاپەرینی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات، كاتێك یەكێتیی سۆڤیەت لە ڕێی تانكەكانەوە دەستێوەردانی كرد و دۆخەكە لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا كۆتایی هات. لێرەدا مەبەستم ئەوەیە كە ئەمە پاشخان و بنەمای بیركردنەوەی ئەو شرۆڤەكارانەیە كە پێیان وابوو ئەم جارەش ڕووسیا بە ئاسانی و بە ماوەیەكی كەم دەتوانێت دۆخەكە كۆنتڕۆڵ بكات و لە بەرژەوەندیی خۆی یەكلای بكاتەوە. ئەوەی ئەم شرۆڤەكارانە لەبەر چاویان نەگرتبوو، دۆخی سوپای ئۆكرانیا و ڕاددەی ئامادەیی ئەم سوپایە و هەروەها كاریگەریی كەسایەتیی سەرۆكی ئۆكرانیا (ڤیودۆر زینلیسكی) بوو كە توانی یەكهەڵوێستی و یەكگرتوویی لە نێو گەلەكەیدا بێنێتەئاراوە و ئەو هەستەی لای خەڵكەكەی خوڵقاندووە كە هەموو كەسێك پاڵەوانە و هەموو كەسێك ئامادەیی تێدایە گیانی بەخت بكات بۆ وڵات و نیشتمانەكەی. كە پێم وایە ئەمە پرسێك بوو لەبەرچاو نەگیرابوو لە كاتی پێشبینیكردنی ئەوەی تا چەند ئەم شەڕە ئەگەری ئەوە هەیە درێژە بكێشێت. هەروەها پرسێكی دیكە كە ئەو شرۆڤەكارانە پێشبینییەكانی خۆیان لەسەر بنیاد نابوو، ئەوە بوو كە ڕووسیا هێزێكی باڵایە- سوپەر پاوەر- و ئۆكرانیاش ماوەیەكی زۆر نییە كە وەك دەوڵەتێكی نەتەوەیی بوونی هەیە و لە ئارادایە.

* بەڵام ئێستا و لە ڕاستیدا پێشتریش دەركەوتووە، ئەمە شەڕێكە ڕووسیا ناتوانێت بە ئاسانی و بە ماوەیەكی كەم بۆ بەرژەوەندیی خۆی یەكلایی بكاتەوە، ئیتر بۆچی ڕووسیا پێداچوونەوە بە بڕیار و هەڵوێستی خۆیدا ناكات و بۆچی بە ئاراستەیەكدا كار ناكات كە ببێتە هۆی گرتنەبەری ڕێگاچارەیەكی دیكەی ناسەربازی بۆ یەكلاكردنەوەی شەڕەكە؟

- لە ڕاستیدا من دەمەوێت ئەوە بڵێم كە هەر خودی هەڵگیرساندنی شەڕەكە بۆ زۆر كەس و بە خۆشمەوە مایەی سەرسامی و سەروسوڕمانە، چونكە بۆچی ڕووسیا كە گەورەترین وڵاتە لە ڕووی ڕووبەرەوە، دێت شەڕ بەرپا دەكات بۆ دەستبەسەرداگرتنی خاكی دەوڵەتێكی دراوسێی؟ مەبەستم ئەوەیە ڕووسیا پێویستی بە داگیركردن و كۆنتڕۆڵكردنی خاكی زیاتر نییە. لەم ڕوانگەیەوە من دەتوانم بڵێم ئەمە شەڕ و ناكۆكییەك نییە لەسەر خاك و شەڕێكی هەرێمایەتیش نییە، بەڵكو لەوە گەورەترە، بەڵام هەرچۆنێك بێت، پرسیارە بنەڕەتییەكە- هەروەك ئێوەش ئاماژەتان پێ كردووە- ئەوەیە تا چەند پوتین دەیەوێت درێژە بەم دۆخە و بەم شەڕە بدات.

* بەڵام ئەگەر پرسیارەكەی پێشوومان دووپات بكەینەوە و لە كۆتایی وەڵامەكەی ئێوەشەوە ئەو پرسیارە بكەینەوە، ئایا سەرۆك ڤلادمیر پوتین دەیەوێت بە درێژەپێدانی ئەم شەڕە چ دەستكەوتێك بە دەست بهێنێت، بەتایبەتی كە تا ئێستا ڕووسیا جگە لە زیانی سەربازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گوشاری دارایی و ئابووری دەستكەوتێكی گەورە و بەرچاوی ئەوتۆی بەدەست نەهێناوە؟

- هەروەم ئاماژەم پێ كرد، ئێمە لە بنەڕەتەوە نازانین هۆكاری ڕاستەقینەی هەڵگیرساندنی ئەم شەڕە چییە بۆ ئەوەی لەسەر ئەم بنەمایە شرۆڤەكاری و خوێندنەوە بكەین بۆ شەڕەكە. چونكە ئەگەر ئێمە لە چەندین لێدوانی سەیر و سەمەرەی ڕووسیا بڕوانین، وەك ئەوەی دەبێت ئۆكرانیا لە نازیەت دابماڵدرێت- ئەمە سەرباری ئەو ڕاستییەی كە خودی سەرۆكی ئۆكرانیا كەسێكی جوولەكەیە-، هەروەها پێداگریی ڕووسیا لەسەر ئەوەی دەبێت ئۆكرانیا لە چەك دابماڵدڕێت، كە ئەمەش لێدوان و پێداگرییەكی بێمانایە، بەتایبەتی ئەگەر ئەوە لەبەرچاو بگرین كە ئۆكرانیا ڕووبەڕووی دەوڵەتێكی دراوسێی دەستدرێژیكار بووەتەوە و پێشێلكارییەكی گەورەی یاسای نێودەوڵەتی بەرانبەر كراوە. مەبەستم ئەوەیە هەر وڵاتێك ڕووبەڕووی ئەم پێشێلكاری و دەستدرێژكارییانە ببێتەوە، ئەوا هێندەی دەتوانێت بەرهەڵستی و بەرگری دەكات. كەواتە ئەوە تێڕوانینێكی بێ مانایە كاتێك باس لەوە دەكرا كە ئۆكرانیا بووەتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسی بە هۆی ئەوەی ئەو وڵاتە بووەتە وڵاتێكی نازی. كەواتە مەسەلەكە ئەوە نەبوو كە ڕووسیا هەڕەشەیەكی وجوودی لەسەر بێت بە هۆی ئەوەی ناتۆ لە ڕێی ئۆكرانیاوە هەڕەشە و مەترسی لەسەر ڕووسیا دروست بكات، بەڵكو مەسەلەكە ئەوەبوو كە ئۆكرانیا بەرەو دۆخێكی باشتر هەنگاوی هەڵدەگرت، كاتێك پێی وابوو ئایندەی وڵاتەكەی باشتر دەبێت، ئەگەر بێت و لە ڕۆژئاوا نزیك ببێتەوە. واتە ئەمە دەبووە هۆی باشتركردنی باروگوزەران و ژیانی ئۆكرانییەكان بەراورد بە ژیانی ڕووسەكان، كە ئەمەش لە دەرئەنجامدا دەبووە هۆی ئەوەی خەڵكی ڕووسیا ژیان و گوزەرانی خۆیان بە خەڵكی ئۆكرانیا بەراورد بكەن، كە ئەم كارەش سەری دەكێشا بۆ لاوازبوونی میسداقییەتی دەسەڵاتی ڕووسیا لە تێڕوانینی خەڵكەكەیەوە. من پێم وایە ئەمە زیاتر ڕێی تێدەچێت وەك لەو بانگەیەشەی كە ڕووسیا برەوی پێ دەدا كە گوایە ڕووبەڕووی هەڕەشە و مەترسیی نەمان بووەتەوە لەلایەن ناتۆوە، چونكە پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی ناتۆ دێت و هێرش دەكاتە سەر ڕووسیا، كە ئەمە ڕێی تێ نەدەچوو. چونكە دەوڵەتە ئەندامەكانی ناتۆ سیستمی پەرلەمانین و هیچ پەرلەمانێكی ئەو دەوڵەتە ئەندامانە دەنگی نەدەدا بۆ ئەوەی وڵاتەكەی بەشدار بێت لە هێرشكردنەسەر گەورەترین هێزی ناوكی لە ڕۆژهەڵاتی كیشوەرەكەیانەوە. ئەمە هیچ لۆژیكێكی تێدا نییە، مەبەستم ئەوەیە هیچ یەكێك لەو وڵاتانە خوازیاری ئەوە نەبووە كە ڕووسیا تێك بشكێنێت و نەیدەویست هەوڵی داگیركردنی ڕووسیا بدات كە پێنج تەوقیتی كاتی جیاواز لە وڵاتەكەیدا هەیە. كەواتە ئەمانە هەموو بانگەشەی بەتاڵ بوون و ڕووسیا تەنیا مەبەستی ئەوە بوو كە ترس و نیگەرانی و دڵەڕاوكێی خەڵكەكەی بورووژێنێت، بۆ ئەوەی خەڵكی ڕووسیا ئایندەی خۆیان بكەنە قوربانیی بێ ماناییەك كە تەنیا لە شەڕێكی لەم چەشنەوە سەرچاوە دەگرێت. هەر چۆنێك بێت لە ئێستادا دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵكی ڕووسیا بەرەو خراپ دەچێت، بەڵام سەرۆك پوتین دەیەوێت ترس و دڵەڕاوكێ لای خەڵك دروست بكات، بۆ ئەوەی بتوانێت لە دەوری ئەركێكی هاوبەش كۆیان بكاتەوە، لەم ڕووەوە پێم وایە سەرۆك پوتین پێی وایە هەڵگری ئەرك و پەیامێكە كە دەبێت بیهێنێتەدی و ئەمەش كاری وڵاتانی ڕۆژئاوا دژوارتر دەكات، چونكە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەیانەوێت لە ڕێی هاوكاریكردنی ئۆكرانیا باجی شەڕەكە لەسەر ڕووسیا قورستر و گرانتر بكەن، بەڵام كێشەكە ئەوەیە كەسێك، یان سەرۆكێك كە پێی وایە سەرگەرم و سەرقاڵی جێبەجێكردنی ئەركێكە نایەت لەو زیانانە ورد ببێتەوە كە ڕووبەڕووی بووەتەوە، لە دەرئەنجامدا بە ئاراستەیەك بیر ناكاتەوە كە ببێتە هۆی پێداچوونەوە بە بڕیاڕی شەڕەكە و ئەگەری گۆڕینی بڕیارەكەش. چونكە ئێمە دەزانین كە كەسانی وەك جۆزێف ستالین ئەم كارەیان نەكرد، هیتلەریش بەم شێوەیە بیری نەكردەوە، ئیتر بۆچی پوتین كارێكی لەم چەشنە بكات. ئێوە بڕوانن كە سزاكان بارێكی سەخت و دژواری بۆ خەڵكی ڕووسیا دروست كردووە، بە بێ ئەوەی كاریگەریی ئەوتۆ بكاتەسەر بڕیاربەدەستانی ئەو وڵاتە، هەروەها ئەم دۆخە نەبووەتە هۆی ئەوەی سەرۆك پوتین دەست لە بە قوربانیكردنی هەزاران گەنجی گەلەكەی و ئایندەی وڵاتەكەشی هەڵبگرێت.

Top