حافز نازم سەرۆكی ئەنجومەنی كاروباری سابیئەی مەندائی/ لقی هەولێر بۆ گوڵان:   كاریزمایی و مرۆڤدۆستیی سەرۆك مسعود بارزانی گەشەی پێكەوەژیانی لە هەرێمی كوردستان زیاتر كردووە

حافز نازم  سەرۆكی ئەنجومەنی كاروباری سابیئەی مەندائی/ لقی هەولێر بۆ گوڵان:     كاریزمایی و مرۆڤدۆستیی سەرۆك مسعود بارزانی گەشەی پێكەوەژیانی لە هەرێمی كوردستان زیاتر كردووە

 

 

پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان وای كردووە، جگە لەو ئایین و ئایینزایانەی كە لە كۆنەوە لە هەرێمی كوردستان هەن، ئایین و ئایینزای دیكەش ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن. سابیئەی مەندائی كە یەكێكە لەو ئایینانەیە كە لە دوای سەرهەڵدانی توندوتیژی لە عێراق لە 2006ـەوە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و، بە ئازادانە مومارەسەی سرووتی ئایینی و بۆنە پیرۆزەكانی خۆیان دەكەن و، خاوەنی پەرستگا و شوێنی ئایینی تایبەت بە خۆیانن، بۆ قسەكردن لەسەر سابیئەی مەندائی و پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ حافز نازم سەرۆكی ئەنجومەنی كاروباری سابیئەی مەندائی/ لقی هەولێر سازدا.

 

 

* ئێوە وەك سابیئەی مەندائی چۆن سەیری ئەو پێكەوەژیانە دەكەن كەلە هەرێمی كوردستان هەیە و سەرنجی هەموو دنیای بۆ لای خۆی ڕاكێشاوە؟ ئەو پێكەوەژیانەی هەرێمی كوردستان بۆ كەی دەگەڕێتەوە؟

- هەموو ئایینەكان پەیامێكی خوداییە و بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی هاتووە و گرنگیی زۆریان بە بنەماكانی خۆشەویستی و ئاشتی و ڕێزگرتن لە مرۆڤایەتی داوە، ئەمەش وادەكات هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان بەشێوەیەكی ڕاستگۆیانە و ڕێزگرتن لە پیرۆزییەكانی یەكتر لەگەڵ یەك بژین. لە هەرێمی كوردستاندا بەپێی ئەو دەق و دۆكیومێنتارە كۆنانەی هەن، بە لایەنی كەمەوە مێژووی پێكەوەژیان بۆ (100)ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی لە سەرەتای شۆڕشی ڕزگاریخوازیی گەلی كوردستان و بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و ستەم، ئەو سەردەمە هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی هەرێمی كوردستان پێكەوە كاریان كردووە و لە هەموو خۆشی و ناخۆشییەكانی یەكتردا بەشدار بوون. ئێمە وەك سابیئەی مەندائی یەكێك لەو ئایین و ئایینزایانەین كە لە ڕیزبەندی پێشەوەین كە بانگەشەی پێكەوەژیان دەكەین، لە ئایینی ئێمەدا نییە هیچ كەسێك لە ئایینێكی دیكەوە بهێنینە ناو ئایینەكەمان، ئایینی سابیئەی مەندائی باوەڕی بە توندوتیژی و كوشتن نییە، هەموو هەوڵ و كار و بنەمای ئایینەكەمان بۆ پێكەوەژیان و ئاشتی و لێبوردەییە، لە وڵاتی نێوان دوو ڕووبار كە عێراقە دەژین، بەتایبەتی لە شارەكانی عەممارە و ناسرییە و بەسرا، لە پاش دروستبوونی دەوڵەتی عێراقیش چەندین خێزان بۆ شاری بەغدا كۆچیان كردووە و لە پەنجاكانی سەدەی ڕابردووەوە چەندین خێزانمان كۆچیان بۆ كوردستان كردووە، لە ئێستادا چەندین خێزانمان لە شارەكانی هەولێر و كەركووك و سلێمانی و دهۆك دەژین، بەڵام لە دوای ئەو توندوتیژییەی لە ساڵی 2006 لە عێراق ڕووی دا و ئایینزاكانی سابیئەی مەندائی لەبەر ئەوەی زۆربەیان دەوڵەمەند بوون و پیشەی زێڕینگەریمان هەبوو، زیاتر ڕووبەڕووی توندوتیژی بووینەوە، ئەمەش وای كرد، ڕوو لە ناوچە و وڵاتێكی ئارام و سەقامگیر و خاوەن سەروەریی یاسا وەكو هەرێمی كوردستان بكەین. لە هەرێمی كوردستان بەگشتی و شاری هەولێر بەتایبەتی زۆر هەست بە متمانە و دڵنیایی و ئاسوودەیی دەكەین، لێرە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پێكەوەژیان و لێبوردەیی زیاتر گەشە دەكات. ئەم هەرێمە بووەتە نموونەی پێكەوەژیان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و سەرنجی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاكێشاوە. من سەردانی چەندین وڵاتم كردووە و لە ئێستادا لە وڵاتی كەنەدا دەژیم، پێم وایە هەرێمی كوردستان نموونەی پێكەوەژیانێكی سەركەوتوو و پڕ ئاشتییە لە ناوچەكە و دنیادا، ئەمەش لە سایەی حەكیمی و دونیابینی و هەوڵ و كۆششی جەنابی مسعود بارزانی سەرۆكی گەلی كوردستانە. 

* ئەو بڕیار و هەڵوێستەی جەنابی سەرۆك بارزانی چۆن تەماشا دەكەن كە لە كاتی هێرشی تیرۆریستانی داعش و پێشتریش دەرگا و سنووری هەرێمی كوردستانی بە ڕووی ئاوارەی شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق كردەوە، لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان لە قەیرانێكی گەورەی داراییدا بوو، بە هۆی بڕینی مووچە و بودجەی خەڵكی هەرێم لە لایەن حكومەتی عێراقەوە؟

- جوامێری و مرۆڤدۆستیی كاك سەرۆك مسعود بارزانی هەڵوێستێكی چاوەڕوانكراوە، بەڕێزیان لە هەموو بارودۆخێكی خراپی عێراق و ناوچەكەدا وەكو سەركردە و تێكۆشەرێكی نیشتمانی و مرۆڤایەتی هەڵویستی جوامێرانەی خۆی چەسپاندووە، ئەو بڕیارەی كاك مسعود بارزانی لە كاتی شەڕی داعش دەری كرد، كە هەرێمی كوردستان دەرگا و سنووری بە ڕووی خەڵك و ئاوارەی كوردانی ئێزدی و مەسیحی و شەبەك و كاكەیی و سابیئەی مەندائی زۆر گرنگ و لە كاتی خۆیدا بوو. خۆ ئەگەر هەڵویستی سەرۆك بارزانی نەبووایە، تیرۆریستانی داعش زیاتر جینۆساید و قەتڵوعامی خەڵكی سڤیل و بێگوناهی ئایین و ئایینزاكانی دیكەیان ئەنجام دەدا، بەڵام لە سایەی ئەو بڕیارە و پێشوازی و حەوانەوەی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان، زۆر لە خێزانەكانی ئایین و ئایینزاكانی ڕزگاركرد، لەناو كەمپەكانیشدا بەپێی پێویست خزمەتگوزارییەكانیان بۆ دابین كردن. حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ڕێگاخۆشكەر بوو، بەوەی ڕێكخراوە ناحكوومییەكانی دونیا و ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بتوانن هاوكاریی ئاوارە و پەناهەندەكان لە كەمپەكاندا بكەن، نابێت ڕۆڵی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە بیر بكەین، كە لە یەكەم هەنگاوی هاتنی پەنابەر و ئاوارەكان بۆ شارەكانی هەرێمی كوردستان تا ئێستاكەش لە هەموو بوار و سێتكەرێك خزمەتگوزارییان بە پەنابەر و ئاوارەكان گەیاندووە.

مرۆڤدۆستی و كاریزمایی سەرۆك بارزانی بۆ ڕێباز و عەقیدەی بارزان دەگەڕێتەوە، بەڕێزیان لە خێزانێكی تێكۆشەر و پێشكەوتنخواز و مرۆڤدۆستە و ئەو هەڵویستەی جەنابیان لە حەوانەوەی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەناهەندە بنەما و كار و تێكۆشانێكی دیكە بوو، بۆ زیاتر گەشەكردن و بەرجەستەبوونی پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان. لەو سەردەمەی هێرشی داعشدا هەڵوێستی مرۆڤانەی بارزانی ڤۆكس و سەرنجی وڵاتانی دنیا بەتایبەتی وڵاتانی پێشكەوتوو و ڕۆژئاوای زیاتر بە دوای خۆیدا ڕاكێشا و بۆیان دەركەوت، ئەوەی لەو هەرێمە هەیە و مومارەسە دەكرێت، لە سایەی ئەو پلان و بەرنامەیەیە كە بۆ پێكەوەژیان لەلایەن سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بەتایبەت كاك مسعود بازرانی داڕێژدراوە .

* ئایا ڕۆڵی كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان چۆن دەبینن لەوەی كە پلان و بەرنامە و ستراتیژیەتێكی ڕاست و دروستی بۆ پێكەوەژیان داناوە، تاوەكو ئەو پێكەوەژیانە زیاتر پەرە بسێنێت و جوانتر بێت؟

- هەموو كات پێویستمان بە هۆشیاریی كۆمەڵایەتی هەیە و هیچ كاتێك ئەو هۆشیارییە نایەتەدی ئەگەر لایەنی دووەم و بەرانبەر لەگەڵت هاوكارو هەماهەنگ نەبێت، بۆ هاتنەدی ئەمانەش دەبێت سەركردە و پێشەوای بوێر و بەتوانا و نیشتمانپەروەر سەركردایەتیت بكات، بۆیە لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا پێویستە ئاماژە بەوە بكەین، ئێمە لە سایەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەتایبەتی لە كابینەی نۆیەم بە سەرۆكایەتیی ڕێزدار مسرور بارزانی وەك سابیئەی مەندائی بە هەموو مافەكانی خۆمان شاد بووین. لەوانە هەقی ئەوەمان پێ دراوە، مومارەسەی بۆنە و پیرۆزییە ئایینیەكەمان بكەین و خاوەنی پەرستگا و و شوێنی ئایینیی تایبەت بە خۆمانین و مافی ئەوەمان بۆ دابین كرا، خانوو و زەوی بكڕین و بە ناوی خۆمانی بكەین و ڕێگامان پێ درا، مۆڵەتی كاركردن و پیشە و كۆمپانیا بە ناوی خۆمان بەدەست بێنین، سەرەڕای ئەمانەش لە هەموو مامەڵەیەكی دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاسانكاریمان بۆ دەكرێت و لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بەتایبەت لە كابینەی نۆیەم گرنگییەكی تایبەت نەك تەنیا بە ئێمە، بەڵكو بە هەموو ئایین و ئایینزاكان دراوە و نوێنەر و دامەزراوەی تایبەت بۆ كاروبارەكانمان دانراوە، ئەمەش ستراتیژیەت و هەنگاوێكی دیكەی بەهێزە لە بنەماكانی بەرجەستەبوون و گەشەكردنی پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستاندا كە جەنابی مسرور بارزانی سەركردایەتی دەكات.

* لە پرۆسەی نووسینەوەی دەستووری كوردستان، سەرۆك بارزانی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە پێویستە نوێنەری نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان خۆیان مافەكانی خۆیان لە دەستووری كوردستاندا بنووسنەوە و بە ئاستێك بێت كە خۆیان پێی ڕازی بن. ئایا ئێوە وەك سابیئەی مەندائی دەتانەوێت چۆن مافەكانتان لە دەستووری كوردستاندا دیاری بكرێت؟

- ئەو بابەتە زۆر گرنگە و پێویست بەوە دەكات هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان لە هەرێمی كوردستان لەسەری ڕاوەستن. ئەو هەڵوێستەی جەنابی سەرۆك بارزانی دەبێت بە ئاڵتوون بنەخشێنرێت، كەم سەركردەی دنیا هەیە و دەبێت، بەو چاوە ڕێز و قەدرگرانییە تەماشای هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان بكات كە لە وڵاتەكەیدا بەشدار بن لە نووسینەوەی دەستوور بە یەكسانی و هەماهەنگی لەگەڵ یەكتر. ئەو بڕیارەی سەرۆك بارزانی ئەوە دەسەلمێنێت كە بە چاوی كەمینە و زۆرینە تەماشای ماف و بەرژەوەندیی نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی هەرێمی كوردستان ناكات، واتە دەیەوێت خۆمان هەر نەتەوە و ئایین و ئایینزایەك لە ماف و بەرژەوەندییە باڵاكانمان دڵنیا بین و بە خۆمان لە ڕێگای نوێنەرانمان لە لێژنەكانی نووسینەوەی دەستووری كوردستان ئەو ماف و بەرژەوەندییانەی هەمانە، جێگیری بكەین. ئەوەی لێرەدا من دەتوانم و لە دەستم دێت ئاماژەی پێ بكەم، ئەوەیە كە ئەو هەڵوێست و بڕیارەی جەنابی سەرۆك بارزانی لە كاریزمایی خۆی و هەناوی مرۆڤایەتییەوە هەڵقوڵاوە، دەبێت وەك مەرجەع و سەرۆكی هەموومان ستایش و گوێڕایەڵی بین. چونكە هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزایەك لە زۆربەی وڵاتان كە هەبن، بەتایبەت ئەگەر كەمینە بن لە كاتێكدا سەرۆك و ڕابەری ئەو وڵاتە حەكیم و كاریزما و مرۆڤدۆست بێت و، بیەوێت پێكەوەژیان و ئاشتی و لێبوردەیی تێدا بەرقەرار بێت، ئەوە ئەو كات هەموو پێكهاتەكان بە یەك چاو ماف و ئەركیان بۆ دادەنێت و حیسابی كەمینە و زۆرینەیان بۆ ناكرێت، ئەمەی لە هەرێمی كوردستان هەیە و لە سایەی ئەو سەرۆك و كاریزمایەدایە كە كاك مسعود بارزانییە.

* ئایا ئێوە چۆن سەیری بنەماكانی مافی مرۆڤ و یاساكانی پەیوەست بە مافی پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان دەكەن؟

- لە هەرێمی كوردستان ڕێز لە ماف و بنەماكانی مافی مرۆڤ بە شێوەیەكی زۆر جوان و دروست گیراوە، هەموو ئەو یاسایانەی كە مافی پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان دەپارێزێت، جێگای دەستخۆشییە و دەتوانین بڵێین لە ناوچەكەدا ئەوەی لە هەرێمی كوردستان هەیە لە پێكەوەژیانی ئایینی، دەستپێشخەرییەكی زۆر گەورە و گرنگە بۆ ڕێزگرتن و بەدەستهێنانی مافی پێكهاتەكان، بەتایبەتی یاسای ژمارە(5)ی ساڵی 2015 كە ئەمە بە یاسای ئازادیی ئایینی و بیروباوەڕ ناسراوە، كە یاسایەكی گرنگ و كەم وێنەیە لەو ناوچەیەدا.

 

Top