د. كامەران یونس سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین بۆ گوڵان:   زانكۆ نەوەیەك پەروەردە دەكات كە لە چوارچێوەی پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستاندا نیشتمانەكەی خۆی خۆش بوێت و ڕێز لە گەلەكەی بگرێت

د. كامەران یونس  سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین بۆ گوڵان:     زانكۆ نەوەیەك پەروەردە دەكات كە لە چوارچێوەی پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستاندا نیشتمانەكەی خۆی خۆش بوێت و ڕێز لە گەلەكەی بگرێت

 

 

زانكۆی سەڵاحەدین وەكو گەورەترین زانكۆكانی كوردستان وێڕای ئەركەكانی لە بواری خوێندنی باڵا و فێركردن، لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانیشدا ڕۆڵێكی گرنگی هەیە، سەبارەت بەم پرسە و چەند تەوەرەیەكی دیكەی پەیوەندیدار، گوڵان دیدارێكی لەگەڵ دكتۆر كامەران یونس سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین ئەنجامدا و، بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

 

 

* زانكۆی سەڵاحەدین وەكو زانكۆی دایك و دێرینترین زانكۆی كوردستان، لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا تا چەند لە ڕووی پەرەپێدان و پڕۆژەكانەوە گرنگیی پێ دراوە؟

- بەو پێیەی زانكۆی سەڵاحەدین كۆنترین و دێرینترین زانكۆی كوردستانە و خاوەنی 16 كۆلێژ و زیاتر لە 25 هەزار قوتابییە، بەردەوام لە گەشەكردن و بووژانەوە و هاندان و پاڵپشتیكردنی زانستدا ڕانەوەستاوە، لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی ڕێزدار مەسرور بارزانی گرنگییەكی زۆر بە هەردوو كەرتی پەروەردە و فێركردن و خوێندنی باڵا دراوە، لەم ڕووەوە بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتیی دارایی و زانستیی زانكۆكەمان زۆر چووەتە پێشەوە، بۆ نموونە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا لە 70%ی داهاتی زانكۆكان بۆ خۆمان بێت و لە بواری پەرەپێدان و پێشخستن و بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و مەعریفی و دابینكردنی پێداویستییەكاندا بەكاربهێنرێتەوە، ئەمە لەكاتێكدا زۆربەی وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەم ڕێژەیە لە نێوان 5-8% دەبێت. هەروەها بۆ دووەم ساڵ دەچێت مانگانە نزیكەی 7 ملیار دینار وەكو پاڵپشتی دارایی بۆ دەرماڵەی قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگەكانی كوردستان خەرج دەكرێت، یەكێك لە پڕۆژە گەورە و ستراتیژییەكانیش ئەوە بوو كە بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندیی دەربڕی بۆ دانانی بەردی بناغەی كەمپی زانكۆ و بەم نزیكانە بەردی بناغەی دادەنرێت، ئەمە وێڕای ئەوەی لە ڕێگەی ئەو گۆڕانكارییانەوە كە لەسەر ئاستی بەڕێوەبردنی زانكۆ و كۆلێژەكان دەكرێت، بەردەوام لەسەر هەر دوو ئاستی كارگێڕی و زانستی كۆلێژەكانمان بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێت، لە ئێستادا زانكۆی سەڵاحەدین لەسەر ئاستی زانكۆكانی جیهان لە ڕیزبەندی 3000 ـەكانە كە بەر لە دەستبەكاربوونم لە ئاستی 4000ـەكان بوو، لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستانیش زانكۆی سەڵاحەدین لە ناو زانكۆكانی حكوومی و ناحكوومییەكاندا لە ڕووی توێژینەوەی مامۆستایانەوە لە ڕیزبەندی یەكەم دێت و لە ئاستێكی زۆر باشدایە.

* لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی تاقیكردنەوەكانی كورسیی خوێندن بۆ دیپلۆمی باڵا و ماستەر و دكتۆرا، چاوەڕوان دەكرێت زۆرترین قوتابی بۆ ئەمساڵ وەربگیرێت، ئایا ئەم پرۆسەیە بە كوێ گەیشتووە؟

- لە ئێستادا وادەی پێشكەشكردنی خوێندن بۆ دیپلۆمی باڵا و ماستەر و دكتۆرا تەواو بووە و چاوەڕوان دەكەین 12ی حوزەیران لە گشت زانكۆ و پەیمانگەكانی كوردستان تاقیكردنەوەی توانستی زانستییەكان بكرێت، بەمەش زانكۆی سەڵاحەدین بوار بۆ ژمارەیەكی زۆری قوتابیانی دەرچووی پەیمانگە و زانكۆكان دەڕەخسێنێت تاوەكو لە دیپلۆمی باڵا و ماستەر و دكتۆرا بخوێنن.

* زانكۆی سەڵاحەدین بانگهێشتی شاری شاریقە كرا بۆ بەشداریكردن لە كۆنفڕانسی یەكێتیی زانكۆكانی عەرەبی – ڕووسیا، ئایا ئەم بەشداریكردنە بۆ چ مەبەستێك بوو و چ بڕیار و هەماهەنگییەكی لێ كەوتەوە؟

- كۆنفڕانسی یەكێتیی زانكۆكانی عەرەبی – ڕووسیا بە یەكێك لە كۆبوونەوە گەورەكانی زانكۆكانی وڵاتانی عەرەبی و وڵاتی ڕووسیا دادەنرێت و ناوبەناو كۆنفڕانسی زانستیی بەرفراوان ساز دەدەن، هەماهەنگییەكی گەورە بۆ گۆڕینەوەی زانیاری و زانست و ئاڵووێری مامۆستایان و قوتابیان لە ناو زانكۆكانی ئەندام لەم یەكێتییە هەیە، لە ساڵی 2019 ئەم كۆنفڕانسە لە وڵاتی ڕووسیا ئەنجام درا، بۆ ئەمساڵیش لە شاری شاریقە لە زانكۆی شاریقە بوو كە كۆنفڕانسی یەكێتیی زانكۆكانی عەرەبی – ڕووسیا سازدرا، ئەم زانكۆیە لەسەر ئاستی جیهان بە پلەی 150 هەمین لە زانكۆ پێشكەوتووەكانی جیهان دێت و جێگری سەرۆكی شاریقە لە دوبەی سەرۆكی زانكۆكەشە، ئێمەش وەكو زانكۆی سەڵاحەدین لەسەر بانگهێشتی یەكێتیی زانكۆكانی عەرەبی – ڕووسیا بۆ ئەمساڵ لەگەڵ هەر یەك لە زانكۆكانی (دهۆك و زاخۆ و سۆران و هەولێری پزیشكی و پۆلەتەكنیكی سلێمانی و تیشك) بەشداریمان كرد، یەكێك لە دەستكەوتەكانی ئەم بەشداریكردنەمان دروستكردنی پەیوەندی و هەماهەنگییەكی باش بوو لەگەڵ زانكۆی شاریقە و بڕیارە شاندێكی ئەو زانكۆیە سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن، هەروەها چەندین ڕێككەوتن و هەماهەنگیمان بۆ ئاڵوگۆڕكردنی مامۆستایان و قوتابیان و بەشداریكردن لە خول و كۆنفڕانسە زانستییەكان واژوو كرد.

* زانكۆ و خوێندنی باڵا لە سەرجەم وڵاتانی جیهاندا پێگەیەكی بەهێزیان هەیە لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكاندا، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئێوە چ هەنگاوێكتان ناوە بۆ ئەوەی لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی هەرێمی كوردستاندا ڕۆڵ و پێگەی خۆتان هەبێت؟

- ئێمە وەكو زانكۆی دایك و دێرینترین زانكۆی كوردستان بەردەوام لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكاندا لە ڕیزبەندی پێشەوە بووین، ڕاستە جاربەجار بەتایبەتی لە ساڵانی پێشوو ئەم گلەیی و ڕەخنەیە هەبووە، بە خۆشحاڵییەوە لە ئێستادا لەسەر ئاستی سەرجەم كۆلێژ و پەیمانگەكان بەشدارییەكی كارای سیاسی و یاسایی هەیە و لە زۆربەی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكاندا حزوورێكی باشمان هەیە، چ لە ڕووی وۆرك شۆپ و سیمینارەكانەوە بێت، یان لە ڕووی بەرزڕاگرتنی یادە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانەوە بێت، بەردەوام هاندەری مامۆستا و قوتابیان بووین بەوەی توێژینەوەكانیان لە ڕووی سیاسی و ئابووری و زانستی و كۆمەڵایەتییەوە لە خزمەتی پرسی گەورەی نیشتمان و نەتەوەكەماندا بێت، لە ئێستادا زانكۆكانی كوردستان و زانكۆی سەڵاحەدین بایەخێكی زۆر بەم پرسە نیشتمانی و نەتەوەییانە دەدەن. لەسەر ئاستی زانكۆی سەڵاحەدین جگە لەو توێژینەوانەی لەلایەن مامۆستا بەڕێزەكانەوە دەكرێت، چەندین سەنتەری پێشكەوتووشمان هەیە وەكو سەنتەری سەڵاحەدین لە كۆلێژی سیاسەت و، سەنتەرمان هەیە بۆ لێكۆڵینەوە لە كۆلێژی شەریعە و، سەنتەری دیراسات و لێكۆڵینەوە لە كۆلێژەكانی زمان و ئاداب هەن، ئەمانە هەمووی سەنتەری گرنگن و بە دەیان توێژینەوە و دیراساتی تێدا بەرهەم دەهێنرێت، ڕیزبەندیشمان بۆ ئەو بابەتانە داناوە كە قەوارەی هەرێم بپارێزرێت و خوێندنەوەی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ وێستگە گرنگەكانی مێژوو بۆ هەڵسەنگاندنی ڕۆڵی سەركردە مێژووییەكان و ئەو ڕۆشنبیر و بیرمەندانەی كورد كە ڕۆڵی گەورەیان لە دۆزی ڕەوای كورد هەبووە، لە ڕوانگەی زانست و ئابووریشەوە چەندین توێژینەوەمان هەبووە لەسەر زیادكردنی داهات و بەهێزكردنی لایەنی ئابووری و دارایی هەرێمی كوردستان، بۆ نموونە ئێمە كۆلێژی كشتوكاڵمان هەیە و لەم دوو سێ ساڵەی دواییدا گرنگییەكی زۆرمان پێ دا، بۆ ئەوەی توێژینەوە و نووسینەكانی زانكۆیی بەو ئاراستەیە بڕوات كە چۆن پشت بە بووژانەوە و داهاتی كشتوكاڵ ببەستین و چیتر ئەوەندە پشت بە داهاتی نەوت نەبەستین، زانكۆی سەڵاحەدین لە قۆناغی تێكەڵبوونی زانست بە واقیعی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئابووری و زانستەكانی دیكەدایە تاوەكو لەگەڵ كۆمەڵگە و لایەنی نیشتمانی و نەتەوەیی ئاوێتەی یەكتر بن و سوودمان بۆ قەوارەی هەرێم و خەڵكەكەی هەبێت و دامەزراوەكانی حكومەتیش سوود لەم توێژینەوانە وەربگرن. لە ئێستادا لە هەوڵی ئەوەداین كە چۆن دەرچووەكانی زانكۆمان لە ڕێگەی پڕۆژەی بچووك و پشتبەستن بە تواناكانی خۆیان لە كەرتی تایبەت كار بدۆزنەوە و داهێنانیان هەبێت، ئەوەتا لە كۆلێژی كشتوكاڵ كێڵگەی تایبەت بە خۆمان هەیە و بووینەتە خاوەنی بەروبوومی خۆمان، هەرچەندە ئەم بەرهەمانە سنووردارە، بەڵام داهاتی هەیە و پارەكەی بۆ ئەو كەسانەیە كە لەو كێڵگانەدا كار دەكەن.

* وەكو سەرۆكی زانكۆیەكی گەورەی كوردستان چۆن دەڕوانیتە پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان؟

قەوارەی هەرێمی كوردستان بە خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی گەلەكەمان بەدەست هاتووە، ئەمە پێش ئەوەی قەوارەیەكی دەستووری و یاسایی بێت و لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە ڕێز و پێگەی خۆی هەبێت، ڕێككەوتنی ئەم جارەی هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت كە بۆ پێكهێنانی كابینەكەی محەمەد شیاع سوودانی ساز درا و دواتر ڕێككەوتنی نێوان هەر دوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی بەدوایدا هات، هەمووی دەستكەوت و زامنێكی ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستانە، سەرۆك بارزانی پارێزەر و مەرجەعی گەلی كورد بە پاڵپشتیی خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكان هەرگیز سازشی لەسەر كوردستان نەكردووە و دروشمی (كوردستان یا نەمان)ی پەیڕەو كردووە، لە سایەی ئەم دەستكەوتە و قەوارەی هەرێمە كە ئێمە و ماڵ و حاڵمان پارێزراوە و دونیایەكی ئارام و سەقامگیری دوور لە كۆمەڵكوژی و دەركردن و ئاوارەبوون بۆ نەوەكانی داهاتوومان بونیاد ناوە، دۆست و دوژمن و نەیار شاهیدی جوامێری و فیداكاری بۆ نەتەوەی كورد دەدەن لە ناوچەیەكی پڕ لە كێشمەكێش و ئاڵۆزدا، هەر هێزێكی ناوخۆیی و كەسانێك لە ناو گەلی كورد لەسەر ئەم هێڵە گشتییە نەتەوەیی و نیشتمانییە لا بدات و دوای حەز و ئارەزوو و دەستكەوتی تەسكی تاكەكەسی بكەوێت و ئەجیندای دژ بە كورد جێبەجێ بكات، لە مێژوودا سەلمێندراوە كە هەر شكست و ڕووڕەشییان بۆ دەمێنێتەوە، پاراستنی قەوارەی هەرێم و ڕێزگرتن لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان لە ڕیزبەندی پێشەوەی بەرنامە و كاری نیشتمانپەروەرەكانە، لادانیش لە هێڵی گشتیی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری شكست و ڕووڕەشییە، مامۆستایان بەگشتی و مامۆستایانی زانكۆكانی كوردستان لەسەر ئەو عەقڵانی و ڕۆحییەتی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرییە قوتابی پەروەردە دەكەن كە نیشتمانیان خۆش بوێت و ڕێز لە قەوارەی هەرێمی كوردستان بگرن.

Top