هێنانی ڕاهێنەری بیانی بۆ وەرزشی عێراق زۆر پێویستە

هێنانی ڕاهێنەری بیانی بۆ وەرزشی عێراق زۆر پێویستە

خۆزی حەمید بەرێوەبەری تۆپی پێی كچان لە یەكێتی تۆپی پێی عێراقی

هێنانی ڕاهێنەری بیانی بۆ وەرزشی عێراق زۆر پێویستە
شاری دهۆك یەكێك لەو پارێزگایانەی هەرێمی كوردستانە كەوا گرنگی بە سەرجەم یارییە جۆراوجۆرەكان دەدات لە سەر ئاستی كچان، چەندین یانەی وەرزشیی لەم شارە بوونی هەیە لە یارییە جیاوازەكان، یاری فوتساڵیش شارەكە بەردەوام كێبڕكێ لەگەڵ سەرجەم یانەكانی كوردستان و عێراق كردیە بۆ بەدەست هێنانی ئەنجامی شایستە، یەكێك لەم ئافرەتە وەرزشكارانەی شارەكەش كە خزمەتی زۆری ئەو شارەی كردوە وەكو یاریزان و ڕاهێنەر كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لە سەر ئاستی كوردستان و عێراق ئەویش خۆزی حەمید-ە ،ناوبراو وەكو یاریزان یاری بۆ یانەكانی دهۆك و زاخۆ و گارە وسەنحاریب كردیە، وەكو ڕاهێنەریش لەهەریەك لە یانەكانی گارە و سێمێل و ئاكرێ و نەفتی میسان و دیفاع جەوی و یاریدەدەری هەڵبژاردەی عێراقیش بووە، ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 1986پارێزگای دهۆكە، خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد لە سەر وەرزشیی ئافرەتان، ئەویش وەڵامی سەرجەم پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: كارزان كانەبی
*چیتان كردوە بۆ وەرزشی تۆپی پێی ئافرەتان كە ماوەیەكە جەنابتان بەرێوەبەری ئەم یارییەی لە یەكێتی تۆپی پێی عێراقی؟
-ماوەیەكی كەمە ئەم پۆستەم وەرگرتوە لە یەكێتی تۆپی پێی عێراقی، لەو ڕۆژەی دەست بەكار بوومە پلانی خۆم داناوە بۆ ساڵەكانی داهاتوو، ئەو پلانەی من دامناوە ئەگەر 50%ی جێ بەجێ بكرێت تۆپی پێی كچان زۆر دەگۆرێت بۆ بەرەووپێشچوون، بەڵام بەداخەوە كارەكان زۆر بە هێواشی بەرێوەدەچن.
*بۆچی لە كوردستان یاری تۆپی پێی قۆناغی باشی نەبریوە هۆكاری چییە؟
- ئەو گرنگیەیەی بە تۆپی پێی كوڕان دەدرێت بە كچان نادرێت، چونكە تا ئێستا ئێمە لەوە تێنەگەیشتووین كە ئێستا تۆپی پێی بووە بە زانستەك لە هەموو دونیا نوێترین ڕێگاكان بەكار دێنن بۆ بەروو پێشبردنی ئاستی یاریزانەكان، ڕاهێنەرەكان دەبێت بە بەردەوامی خۆیان پێش بخەن، ناوبژیوانان دەبێ ئاستی خۆیان باش بكەن، دەبێ هۆڵ و یاریگای بە ئاستی پێویستمان هەبێت، بەڵام لەوە گرنگتر دەبێت لایەنی پەیوەندیدارەكان بەرنامە و پلانی خۆی هەبێت بۆ باشتركردنی یاری تۆپی پێی، نابێت هەر بە شێوازی كلاسیك كاربكەن، تۆپی پێی هەر بەرێوەبردنی قارەمانیەتیەك یان دوو قارەمانیەتی نییە كاری زۆری دەوێت لە هەموو بوارەكان.
*ئاستی تۆپی پێی لە چ ئاستێكە لە شارەكانی عێراق؟
-ئاستی تۆپی پێی بە شێوەیەكی گشتی لە عێراق لە ئاستێكی نزم دایە بە تایبەتی لە ڕووی هونەری، تەكتیكی هیچ چێژێك لە یارییەكان نابینی.
*ئەی لە ئاستی كوردستان چۆن دەبینی؟
-لە كوردستانیش نابینم زۆر جیاوازی هەبێت لەگەڵ شارەكانی تری عێراق لە ڕووی ئاستی هونەری یارییەكان، بەڵام دەتوانم بلێم ڕۆشنبیری وەرزشی كوردستان تۆزێك باشترە لە عێراق،بەڵام زۆر بەداخەوە بەم كۆتاییە دەبینین لە كوردستان زۆر ئاژاوەگێری و توندوتیژی لە یاریگاكان زۆر بووە، بەڕاستی ئەمە ڕوویەكی ناشیرین بە ئێمە دەدات و دەبێت ئەم ڕەفتارە نەمێنێ‌.
*دەتانەوێ چی بكەن بۆ بەرەووپێشچوونی ئەم یارییە؟
-بەڕاستی لە سەر بەرەوپێشچوونی یاری تۆپی پێی كچان زۆر هەوڵی خۆمان دەدەین، دەبَت جێگایە پەیوەندیدارەكانیش هاوكارمان بن لە سەر ئەم بابەتە لەگەڵ كاپتن سەردار بەرێوەبەری گشتی وەرزش قسەم كردیە بۆ ئەم بابەتە و بەلێنی داوە هاوكاربێت بۆ بەرەوپێشبردنی وەرزشی كچان، لە سەر قسەی جەنابی سەرۆكی حكومەتیش جەختی كردوە كەوا گرنگی بە وەرزشی كچان بدرێت و كاری جدی بۆ بكرێت.
*كچان بە چ شێوازێك ڕوو لە وەرزشیی تۆپی پێی دەكەن؟
- پێشتر كێشەی زۆرمان هەبوو لەم بابەتە كە كچان نەیان دەتوانی تۆپی پێی بكەن،جا لە بەر ڕێگری خێزان یان كۆمەڵگە، بەڵام ئێستا زۆر گۆڕاروە لە كوردستان دەتوانم بلێم دایك و باوك بەخۆیان منداڵەكانی خۆیان دەهێنن بۆ یاری كردن ئەمەش رێگا خۆشكردنێكە بۆ ئێمە كە ژمارەی یاریزانەكان زۆر بێت و تۆپی پێی كچانیش باشتر بێت.
*گرفتی ئێوە لەچی دەبینن؟
-گرفتی سەرەكی ئێمە نەگرنگیدانە بە وەرزشی كچان لەلایەن هەموو جێگا پەیوەندیدارەكان بە اتیبەت یانەكان هیچ هاوكار نین بۆ دروست كردنی تیپی كچان و هیچ گرنگی پێ نادرێت، دەبینین چەندین یانەكانی كوردستان و عێراق داهاتێكی زۆریان هەیە، بەڵام ئامادە نین بۆ دروست كردنی تیپی كچان بە ڕاستی ئەمەش بۆ بیرو رۆشنبیری ئەوان دەگەرێتەوە، ئەوان وا بیر دەكەنەوە كە تەنیا كوڕ وەرزش دەكات سەیر دەكەین گرێبەستی یەك یاریزانی كوڕ بە پارەیەكی خەیالی دەكەن، ڕەنگە نیوەی گرێبەستی یاریزانێكی پیاو مەسروفاتی تیپێكی كچان بێت بۆ یەك ساڵ، یەكێتیەكانیش هیچ جەخت لە یانەكان ناكەن بۆ دروست كردنی تیپی كچان، یانەكانیش بە كەیفی خۆیان دەكەن، بەداخەوە زۆربەی ئیدارەی یانەكان هیچ ئەندامێكی كچیان تێدا نییە بۆ ئەوەی داوای مافی یاریزانەكانی كچان بكات و تیپی كچان دروست بكات.
*خەونی وەرزشیت چیە وەكو ئافرەتاتێكی وەرزشكار؟
-خەونی زۆرم هەیە، لەسەر ئاستی كەسایەتی دەمەوێ بەرزترین بڕوانامەی ڕاهێنەری بەدەست بهێنم و بە پیشەگەری كار بكەم و حەزدەكەم رۆشنبیری دەرەوە لە مەشق بهێنمە كوردستان تا بتوانین ئاستی تۆپی پێی باشتر بكەین.
*ئامانجتان چیە لە وەرزش كردن؟
-وەرزش كردن تەنیا حەزێكە لای من، بەڵام بە هۆی نەبوونی پاڵپشتی بە شێوەیەكی كاتی وازم لە كاری ڕاهێنەری هێناوە ئێستا كاری كارگێڕی دەكەم تەنها بۆ ئەوەی بتوانم پاڵپشتی زیاتر بەدەست بهێنم بۆ وەرزشی كچان بەهیوای ئەوەی بتوانین كاری باش بكەین.
* هەوڵت نەداوە بوودجەیەك بۆ وەرزشی ئافرەتانی كوردستان دابین بكەن؟
-زۆر جار داوای بودجەی وەرزشی كچان دەكەین، بەڵام تا ئێستا دەنگمان نەگەیشتییە زۆر بەداداخەوە، ئەگەر بودجە بۆ وەرزشی ئێمەش هەبێت لە وەرزشی ئێمە سەرف ناكرێت و مافی ئێمە خوراوە.
*هێنانی ڕاهێنەری بیانی تا چەند سوود بە وەرزشی عێراقی دەگەینێ‌؟
- هێنانی ڕاهێنەری بیانی بۆ وەرزشی عێراق زۆر پێویستە، یەكەم شت لەبەر ئەوەی ئاستی ڕاهێنەرمان لە چاو ئاستی ڕاهێنەری بیانی لاوازە، لێرەش هەموویان ناكەمە تاوانی ڕاهێنەری ئێمە، چونكە لە هەموو دونیا یەكێتی تۆپی پێی ماوە بۆ ماوە وۆركشۆپ و خولی پێگەیاندن بۆ باشتر كردنی ڕاهێنەران دەكەنەوە هەموو ڕاهێنەرەكان بەشدار دەبن، نوێترین رێگای راهێنەری بۆیان روون دەكەنەوە، بەڵام ئەم شتە لە عێراق و كوردستان نییە، دووەم هێنانی ڕاهێنەری بیانی دەبێتە هۆی ئەوەی بیر و هونەری تۆپی پێی دەرەوە بهێتە عێراق، وە تاوەكو لە كاتی هەڵبژاردنی یاریزانەكان بە پێی ئاست و مافی یاریزان دەبێت و، ئەگەر ڕاهێنەری خۆشمان ببن بە یاریدەدەر دەتوانن سود لە ڕاهێنەری بیانی ببینن.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئەو هەموو خزمەتەی بە وەرزشی كوردستان و بەتایبەتی وەرزشیی ئافرتان دەكات.

 

 

Top