شوانی وەرزشوانانی دێرینی كوردستان كۆچی دوایی كرد
شوانی وەرزشوانانی دێرینی كوردستان كۆچی دوایی كرد
زاگرۆس نانەكەلی
شوان تەڵعەت دزەیی وەرزشكاری دێرین و ناوێك ناسراوتر لە پێناسە و وەرزش لە كوردستان وشاری هەولێر،كاتژمێر 7:10 بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە رێكەوتی 14-6-2023 كۆچی دوایی كرد
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە دوای بیستی هەواڵی كۆچی دوایی وەرزشوانی دێرین شوان تەلعَەت دزەیی،وەرشوانی دێرین و دۆستان وخزمان و بنەماڵەی كۆچكردوو بەروە گۆرستانی مەعمەل قیر بەرێكەوتن بۆ رێورەسمی ناشتنی كۆچكردووە.
جێگای ئاماژەكردنە شوان تەڵعەت دزەیی یاریزان و راهێنەرێكی دێرین و دڵسۆزی یاری باسكەی كوردستان بوو،مرۆڤێك وەك گەوهەر و مرواری پاك بوو لە ماندبوون وكاركردن بێ بەرانبەر،هەمیشە لەخەمی وەرزشوانانی دێرین ودەنگێكی بەرزیش بوو بۆ نا راستییەكان،وەرزشوانێك بوو هەردەم لەگەڵ یاریزان و راهێنەر و كەسی خەمخۆر بوو وبەپێچەوانەكەشی لەگەڵ بەرپرسانی وەرزشی دۆست نەبوو،،زوو زوو هەڵدەچوو،بەڵام راستگۆ بوو،زۆر خەمی لەوەرزش دەخوارد،هەمیشە دەنگی بەرزدەكردەوە،بەڵام بۆ راستی.
بەڵی شوان تەڵعەت شوانی راستەقینە و چاودێر وچاوساغی وەرزشوانانی كوردستان بوو،ئەو هەمیشە لە گیرفانی خۆی خزمەتی دەكرد و دەگوت: باخۆمان خزمەتی یەكتر بكەین،كۆچكردوو جگە لەمانەش (شێخ رەزای تاڵەبانی ) ئاسا لە ناو پاشا و گەدان قسەی حەقی خۆی دەكرد و جارجارەش نوكتەیەك و بەسەرهاتێكی خۆشی دەگێڕایەوە و هەموانی دەخستە قاقای پێكەنین.
شوان تەڵعەتی كۆچكردوو،تێكڕای خانەنشینەكان لەباغی شار لە هەولێر،چاوەڕێی شوان تەڵعەتیان دەكرد،بۆ ئەوەی دڵنەوایی وقسەخۆش و دەنگ وباسی دونیایان بۆ بكات،هەموو بەكورسیەكانی باغی شار بازنەیەكیان دروست دەكرد وشوانی كۆچكردووش قسەی خۆشی بۆ دەكرد،بەڵام لەبەیانیەوە،شوان تەڵعەت چووە دونیای حەق و باغی شاریش بێ شوان مایەوە!.
كورتە باسێكی كۆچكردوو شوان تەڵعەت
شوان تەڵعەت موشیر دزەیی،ساڵی 1953 لە گوندی سیاوی شاری هەولێر لەدایكبووە،ساڵی 1977 دار موعەلمینی بەشی وەرزشی تەواوكردووە،خێزندارە و دوو كوڕ و دووكچی هەیە،سەرەتا ساڵی شەستەكان لە قوتابخانەی موزەفەریە وەرزشی دەست پێكردووە بە یاری تۆپی سەرمێز،هەنگاو بەهەنگاو چۆتە هەڵبژاردەی پەروەردە وهەڵبژێردراوە بۆ تەریباتی هەڵبژاردەی عێراق.
دواتر چۆتە ئیسكان و دواتر چۆتە قوتابخانەی زازا لەلای كۆچكردوو فاروق تۆفیق دەستیان كردووە بە یاری باسكە و وازی لە تۆپی سەرمێز هێناوە،لەباسكەی قۆناغەكانی تازەپێگەیشتوانی عێراقی بڕیوە،دواتر لە هەڵبژاردەی باسكەی لاوانی عێراق وەرگیراوە،لە پاڵەوانیەتی (سەداقە) لە وڵاتی ئوردن یاریی بۆ هەڵبژاردەی لاوانی باسكەی عێراق كردووە ساڵی 1970،ساڵی 1982 بەیەكجار وازی لەیاریكردن هێناوە،دواتر بۆتە دەستەی كارگێڕی یانەی هەولێر،دواتر سەرۆكی لقی باسكەی عێراق بووە لە هەولێر،دوای راپەڕین بۆتە سەرۆكی یەكێتی ناوەندی باسكەی كوردستان، یەكێك بووە لە دامەزرێنەرانی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان،دواتر بۆتە سەرۆكی باسكەی هەولێر،دواتر سەیری كردووە وەرزش و حزبابەتی یەكتر ناگرێتەوە،بۆیە وازی هێناوە،كۆچكردوو یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی كوردستان ساڵی 1974 لەشۆڕشی ئەیلول.