قەشە ئیشایا داود فلیبس بۆ گوڵان:   مسعود بارزانی درێژەپێدەری عەقیدەی بارزانە و لەسەر ئاستی جیهان بووەتە ڕەمزی پێكەوەژیان و ئاشتی

قەشە ئیشایا داود فلیبس بۆ گوڵان:     مسعود بارزانی درێژەپێدەری عەقیدەی بارزانە و  لەسەر ئاستی جیهان بووەتە ڕەمزی پێكەوەژیان و ئاشتی

 

 

 

 

جیهان بە شانازییەوە دەڕوانێتە ئەو پێكەوەژیانەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، مەسیحییەكانی كوردستانیش لە دێرزەمانەوە لەگەڵ پێكهاتەكانی تردا پێكەوە دەژین و هیچ گرفت و كێشەیەكی ئایینی و كەلتوورییان نەبووە، لە ئێستاشدا مەسیحییەكان بە ئومێدێكی زیاترەوە دەڕواننە پارێزگاریكردن لە مافەكانیان و نایانەوێت تێكەڵی موزایەداتی سیاسی بكرێن. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پێكەوەژیانەی كوردستان گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ قەشە ئیشایا فلیبس بەرپرسی كەنیسەی «مارگیورگیس»ی ڕۆژهەڵات/ شۆڕش سازدا و بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

 

* سەرەتا بەو پرسیارە دەست پێ دەكەین، بەو پێیەی كوردستان ئەو هەرێمەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كە هەموو ئایین و ئایینزا و نەتەوەكان پێكەوە بە ئاشتەوایی دەژین، ئایا كریستیانەكانی جیهان چۆن دەڕواننە ئەم پێكەوەژیانەی كوردستان؟

- پێكەوەژیانی ئایین و ئایینزاكان بۆ هەموو كۆمەڵگەیەكی زیندوو بە بنەمای سەرەكی بونیادنانی ئەو كۆمەڵگەیە دادەنرێت، بە پێچەوانەشەوە لێكترازان و قبووڵنەكردنی ئەوی دیكە، هۆكاری سەرەكیی دواكەوتن و خراپبوونی بارودۆخی سەقامگیری و ڕاوەستانی گەشە و ئاوەدانییە. خۆ ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی نزیك، هەر پێش 100 ساڵی ڕابردوو بەتایبەتی لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلامی یەكەم و دواتر لە سەردەمی مەلا مستەفا بارزانی، ئەوا بە ڕوونی ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەكەوێت، كە ڕێزگرتن و كەلتووری پێكەوەژیان لەو سەردەمەدا چەند بەهایەكی بەرز و پیرۆزی هەبووە و گرنكی پێ دراوە و، بنەمایەك بووە بۆ بونیادانی كۆمەڵگەیەكی ئاشتیخواز، هەر ئەو ڕێبازەی بارزان لە لایەن سەرۆك مسعود بارزانی درێژەی پێ دراوە و بەڕێزیان لەسەر ئاستی هەموو جیهان بوونەتە ڕەمزی پێكەوەژیان، جیهانیش بەچاوی ڕێزەوە دەڕواننە ئەم پێكەوەژیانەی كە تاكو ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا بوونی هەیە. ئێمەی پیاوانی ئایینی مەسیحی لە نزیكەوە زۆر گفتوگۆمان لەگەڵ مەسیحییەكانی جیهان هەیە و ئەو واقیعە جوانەی كوردستانمان بۆ گواستوونەتەوە و بووەتە جێگای خۆشحاڵی و تێڕامانێكی گەورە و ئاسوودەیی بۆیان. لەم ڕوانگەیەوە ئەركی سەرشانی هەموو تاكێكی ناو كۆمەڵگەیە پێكەوەژیانی ئایینی و ئایینزاكان بپارێزن و دەوڵەمەندتری بكەن، تاوەكو كوردستان بەو پێكەوەژیانە زیاتر ببێتە جێگای ڕێز و متمانەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

* ئەگەر كەمێك لەسەر ئەم خاڵە ڕاوەستین، وەكو ئاگادارن كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان درێژەپێدەر و پشتگیری تەواوی ئەم پێكەوەژیانە ئایینییە دەكات، هەر لە ماوەی ئەم كابینەیەدا قەداسەتی پاپای ڤاتیكان سەردانی هەولێری كرد، ئایا هەوڵەكان و ستراتیژیەتی ئەم كابینەیە بۆ پێكەوەژیان چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

- بە خۆشخاڵییەوە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كابینەكانی پێشووی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەمان ستراتیژیەت و بەرنامەی پاراستنی پێكەوەژیانیان هەبووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان وای كردووە، بنەماكانی پێكەوەژیان قووڵ بكاتەوە لەناو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی كوردستاندا، هەر ئەمەشە وای كردووە قەداسەتی پاپای ڤاتیكان سەردانی هەولێری پایتەختی كوردستان و شاری پێكەوەژیانی ئایینی بكات، سەردانەكەی پاپای ڤاتیكان بۆ لە نزیكەوە بینینی ئەو پێكەوەژیانەی هەرێمی كوردستان بوو، كاتێكیش گۆڕەپانی شەهید فەرەنسۆ هەریری هەڵبژارد و نوێژی قەداسەتی تێدا ئەنجام دا، لە چەندین شوێنی دیكەی عێراق و ناوچەكەوە مەسیحییەكان ڕوویان لەم گۆڕەپانە كرد، پاش گەڕانەوەشی قەداسەتی پاپای ڤاتیكان ڕاستەوخۆ سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد، كە وای كردووە گیانی برایەتی و متمانە و دڵنیایی بەهێز لەنێوان نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان دروست بێت، لەمەش گرنگتر خودی جەنابی سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دامەزراوەكانی حكومەت هەموو ئایین و ئایینزاكانی بەشداری پێ كردووە، دامەزراوەی مافی مرۆڤ و سەرۆكایەتیی پەرلەمان و وەزارەتی گواستنەوە و چەندین دامەزراوەی دیكە بەڵگەی ڕوونی ئەم گرنگیدانەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بە هەموو پێكهاتە و ئایین و ئایینزاكان، بگرە لە بەڕێوەبەردنی چەندین دامەزراوە و سێكتەری گرنگ پێكهاتەكانی مەسیحی و ئێزدی و توركمان و ئایینزاكانی دیكە بەشدارن، ئەمەش جێگای سەرنج و سەركەوتنی حكومەتی هەرێمی كوردستانە.

* لە پرۆسەی نووسینەوەی دەستووری كوردستان، سەرۆك بارزانی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە پێویستە نوێنەری نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان خۆیان مافەكانی خۆیان لە دەستووری كوردستاندا بنووسنەوە و، بە ئاستێك بێت كە خۆیان پێی ڕازی بن، ئایا ئێوە وەك مەسیحییەكان دەتانەوێت چۆن مافەكانتان لە دەستووری كوردستاندا دیاری بكرێت؟

- با كەمێك لەسەر ئەم پرسیارە گرنگە ڕابووەستین. زۆربەی جار گوێبیستی ئەوە دەبین كە پێویستە پێكهاتەكان بە مافی خۆیان بگەن و ماف و بەرژەوەندییەكانیان پارێزراو بێت، لەمە گرنگتر ئەوەیە جەنابی مسعود بارزانی فەرموویەتی پێویستە ئەندامانی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكان لە لێژنەكانی نووسینەوەی دەستوور بەشدار بن، تاوەكو خۆیان مافەكانیان لە نووسینەوەی دەستوور بنووسنەوە و جێگیری بكەن، ئەمەش بە مەبەستی قووڵكردنەوەی ئەو پێكەوەژیانەیە كە جەنابی سەرۆك بارزانی داكۆكیكاریەتی و دەیەوێت بە یاسا مافەكانی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان بپارێزرێت و لە چوارچێوەیەكی ڕێكخراوەییدا مومارەسەی بكەن .

* ئایا هۆكار چییە كە هەندێ لایەن و حزبی كوردستانی كێشە بۆ كورسیی كۆتا دروست دەكەن، یان دەیانەوێت بە شێوەیەك بێت كە خۆیان مەبەستیانە، لەو بارەوە ئێوە چی دەڵێن؟

- من پیاوێكی ئایینیم و حەز ناكەم باسی بابەتی سیاسی بكەم. هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان دەیانەوێت بۆ مەرام و بەرژەوەندیی خۆیان كار بكەن، زۆربەی جار كێشەی لابەلا دروست دەبێت، ئەمە تەنیا موزایەدەی سیاسییە و هیچی تر، ئێمەی مەسیحییەكانی كوردستان پێمان خۆشە زیاتر كورسی بەپێی ژمارەی دەنگدەرانمان بە دەست بهێنین و كورسیی كۆتا هەر نەبێت، بەڵام لەم قۆناغەدا ئەوەی لە كوردستان ڕێكخراوە بە یاسای كۆتاكان مافێكی خۆمانە و ناكرێت تێكەڵی موزایەدەی سیاسی بكرێت .

* ئایا لە كاتێكدا سیستەمی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بكرێتە فرەبازنە، یان چەند بازنەیەك، ئێوە وەك مەسیحییەكان بەو جۆرە سیستەمە ڕازی دەبن، چونكە لەو شێوازی هەڵبژاردنە دەنگ و ڕەنگی پێهكاتەكان پەرشوبڵاودەبێت و نابنە خاوەن كورسی و ڕاوبۆچوون لە ناو پەرلەماندا؟

- ئێمە لەگەڵ ئەو سیستەمەی هەڵبژاردن نین كە دەنگدەری مەسیحی پەرشوبڵاو بكات، واتا مەسیحییەكان دەنگ بە نوێنەر و كاندیدی خۆمان بدەن، تا ئەو كاتەی بەپێی دەستوور و یاسا دەبینە خاوەنی ماف و نوێنەرایەتیشمان لە پەرلەمان لەسەر بنەمای ئەو یاسایانەی لە دەستوور بۆمان دانراوە، دەتوانین داكۆكی لە مافەكانی خۆمان بكەین. بۆ ئێمەی مەسیحییەكان بەشداری لە هەڵبژاردن و پەرلەمان لەسەر بنەمای ژمارە نییە، بەڵكو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە وەكو نەتەوە و پێكهاتەی سەرەكی و ڕەسەنی ئەم كۆمەڵگەیەین و مافی خۆمانە بەشداری لەم پرۆسەیەدا بكەین، ئەوەی ئێستاش هەیە لە پەرلەمانی كوردستان بە یاسا ڕێكخراوە و مافێكی خۆمانە.

* ئایا بوونی عەنكاوە بە قەزا، وەك یەكێك لە شوێنی مەسیحییەكان لە هەرێمی كوردستان چی دەگەیەنێت؟ ئایا تمووحی ئێوە لەوە ڕادەوەستێت، یان ئومێد و ئایندەی زیاتر و گەورەتر لە حكومەتی كوردستان چاوەڕووانن؟

- بە قەزا بوونی عەنكاوە بڕیارێكی زۆر باش بوو، وا دەكات لە ڕووی ئیدارە و خزمەتگوزارییەوە گرنگی زیاتر بە قەزاكەمان بدرێت، بەڵام خۆ دەبێت تایبەتمەندێتی عەنكاوە پارێزراو بێت، بەڵام ئێمە تمووحی زیاترمان هەیە، ئێمە پێشتر لە دەشتی نەینەوا داوای ئۆتۆنۆمیمان كردووە، بەو ئومێدەشین لە هەرێمی كوردستان كاری گەورەترمان بۆ بكرێت.

* سەرۆك مسعود بارزانی لە كاتی هێرشی تیرۆریستانی داعش دەرگای هەرێمی كوردستانی واڵا كرد بۆ ئەوەی هەموو كریسیتانەكان و ئایینە جیاوازەكانی دیكە لە سەرانسەری عێراق بیانپارێزێت، ئایا ئەو پێداگرییەی سەرۆك بارزانی بۆ پێشوازیكردن لە هەموو كریستیانەكان كە لە ناوچە جیاجیاكانی عێراقەوە بێنە كوردستان چۆن لێك دەدەیتەوە؟

- بەدەنگەوەهاتنی سەرۆك بارزانی بۆ خێزانە لێقەوماوەكانی مەسیحییەكان لە كاتی هێرشەكانی داعشدا بۆ عەقیدەو بیروباوەڕی گەورەی بارزانی و خەڵكی كوردستان دەگەڕێتەوە و، هەرگیز لەبیری ناكەین بەدەنگەوەهاتنی سەرۆك بارزانی و حكومەتی هەرێمی كوردستان، گیانی سەدان ماڵ و منداڵ و ئافرەتی مەسیحییان ڕزگار كرد، ئەمە لە كاتێكدا بوو، بارودۆخی هەرێمی كوردستان لەو پەڕی خراپیی دارایی و قەیراندا بوو، نەوە لە دوای نەوە جوامێری و بەهاناهاتنی بارزانی و حكومەتی هەرێمی كوردستان و برا كوردەكانمان دەگێڕینەوە.

* لەگەڵ بەشی زۆری قەشە و مەتران و پیاوانی ئایینی لە كەنیسەكانی كوردستان قسەمان كردووە، هەموویان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە لە سایەی لۆژیك و ڕابەرایەتیی سەرۆك بارزانی هەست بە ئەمان و دڵنیایی دەكەن، ئایا ئەم ئەمان و دڵنیاییەی تێكڕای پێكهاتە و ئایینە جیاوازەكان بە عەقیدەی بارزانیان هەیە، لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟

- عەقیدەی بارزان بیركردنەوەیەكی قووڵی بۆ پێكەوەژیان و ئاشتی و خێری مرۆڤایەتی تێدایە، هەر بۆیە ئایین و ئایینزاكان تا ئەمڕۆ ئەو دڵنیایی و متمانەیەی هەیانە، بووەتە كۆڵەگەیەكی سەرەكیی پێكەوەژیان و درێژەپێدەری ئەو عەقیدەیەیە كە جەنابی مسعود بارزانی پارێزگاری لێ دەكات و گەشەی پێ دەدات، مێژووی كۆنی كورد و عەقیدەی بارزانە وای كردووە لە هەرێمی كوردستان نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان پێكەوە بژین و بووەتە بنەمایەك بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە هەرێمی كوردستان.

Top