چی لە داگیرکەر هەڵدەچنرێت؟

چی لە داگیرکەر هەڵدەچنرێت؟

 

 

“مارکوس تولیۆس سیسێرۆ” دەڵێت: میللەت دەتوانێت لە گەمژەکانی ڕزگاری بێت، بەڵام ناتوانێت لە ناوەوەی وڵات لە خیانەتکاری ڕزگاری بێت، چونکە خائین خۆی وەک خائین دەرناخات، بەڵکو کە وەک دڵسۆزێک، بەڵام لەناوەوە وڵات بەرەو هەرەس دەبات.

 

بەکارهێنانی وشەی داگیرکەر لێرەدا، ڕاستەوخۆ مەبەست لەو دەوڵەتە زلهێزانەی ناوچەکەیە، لە هەر شوێنێک ناوی کورد و خاک و جوگرافییاکەیان بەرچاو کەوتبێت، هەوڵی تێکدان و شێواندنیان داوە، سڵیان لە کووشتن و قەتڵ و عام و بڕین و دەربەدەرکردنی ئەم میللەتە نەکردۆتەوە، ڕەنگە ئەگەر باس لە بارودۆخە ناهەموار و سەختانەی کورد بکرێت کە لەماوەی مێژوویی خۆیدا بەسەر هاتووە، بە چەندان کتێبیش دوای نەیات، ئەگەر خوێنەر یان لێکۆڵەرێکی باشی مێژوویی نەتەوەکەمان بین و گوزەرێک بەنێو ڕابردووی پڕ لە هاوکێشەی ئاڵۆزدا بکەین، کۆمەڵێک ڕاستی دەدۆزینەوە، تا ئێستاش نەبووەتە پەند بۆ ئێستا و داهاتوومان؛

هەر لە شەڕی چاڵدێرانەوە کە جەنگێکی بەنێوبانگی مێژووی ناوچەکەیە و لە ساڵی (1514) لە ورمێ لەنێوان عوسمانییەکان و صەفەوییەکاندا ڕوویدا، کورد بە ئاشکرا بەسەر ئەم دوو بەرەیەدا دابەشبوو، ئەوەی سەیر بوو، کورد سەڕەرای ئەوەی قوربانییەکی زۆری لەو شەڕەدا دا، کەچی زیانمەند دەرچوو، بەهیچ شێوەیەک لەلایەن هەردوو دوو تەرەفدا مافەکانی نەخوێندرایەوە بە پێچەوانەوە، وەکو گرووپی بچووکی شەڕکەر لێی ڕوانراو خاکەکەشی دابەشکرا.

 

ئەم حەزە لە خۆڕادەستکردن و خۆبەدەوەستدانی نەیار لەپێناو بەرژەوەندی شەخصی و بنەماڵەی ناوچەییدا بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی ناشەریفانە، سەردەم دوای سەردەم درێژەی هەبووە، ئیدی هەر لەو کاتەی کە “شێخ عەبدولسەلام بارزانی” لە ماڵی سۆفیێکدا بە ناوی عەبدوڵڵا میوان بوو، عەبدوڵڵا بە چاوچنۆکی ئاگاداری لەگەڵ تورکەکانا پەیوەندی هەبوو عەبدولسلام دەستگیرکرا. دوای ماوەیەک لە مووسڵ (١٩١٤ زایینی) لەسێدارە درا. تاوەکو ئەوەی لەناوەڕاستی شەستەکان چۆن لە گەرمەی شۆڕشی ئەیلولدا تاقمێک دەچنە پاڵ ڕژێمی ئەوکاتی عێراق دژی ئەم جووڵانەوە شۆڕشگێڕییە دەبنە داردەستی نەیاران.

 

خوولیا بە خزمەتی نەیار و داگیرکەر هۆکاری سەرەکی؛ ڕووخانی 64 ئیمارەت و میرنشینی کوردیی بووە بەهۆی خیانەتی ناوخۆییەوە، لە کاتێکدا دەکرا هەر بە یەکێک لەو جووڵانەوانە دەوڵەتێکی گەورەی لێکنەپچڕاو دروستبووایە کە ئێستا زامنی ماف و خاکی کوردستانی بکردایە.

 

بە درێژایی مێژووی کورد، هەموو ئەو گرووپ تاقمانەی چوونەتە پاڵ دەوڵەتی نەیار و ڕێگە و جێگەیان نیشانداون، زۆر بچووک لێیان ڕوانیوون، وەکو دەسکەلا و دەستکێش بەکاریان هێناون، هەر لە دوای ئامانجگرتنی مەبەستە داگیرکارییەکانیان فرێیان داون، ئیدی حەقە ئەوە ببێتە پەندێکی مێژوویی باش بۆ ئەو حیزب و گرووپە سیاسییانەی کە ڕۆژانە بەناوی داواکردنی ماف و سیاسەتی پۆلۆیستیانەوە میللەت چەواشە دەکەن، تێبگەن و هوشیار ببنەوە لەوەی گەل زۆر لەوە بە ئاگاترە کە بکەوێتە ژێر کاریگەری کۆمەڵێک خەڵک کە ئارەزووی یەکەم و کۆتاییان خۆڕادەستکردنە بە داگیرکەر و هیچی لێ هەڵناچنن جگە تۆماری مێژووییەکی پڕ لە شەرمەزاری.

 

 

 

 

Top