هەمواركردنەوەی بڕگەی 13 و 14 لەناو پڕۆژە یاسای بودجە پێشێلكردنی دەستوور و ڕێككەوتنی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵە  

هەمواركردنەوەی بڕگەی 13 و 14 لەناو پڕۆژە یاسای بودجە پێشێلكردنی دەستوور و ڕێككەوتنی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵە   

 

پێكهێنانی حكومەتی محەمەد شیاع سوودانی بەرهەمی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە، كە تیایدا (هەموو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هاوپەیمانیی سیادە، هاوپەیمانیی عەزم، بابیلۆن)ی لە خۆگرتووە و ڕێككەوتنیكیان واژۆ كردووە بۆ نووسینەوەی پەیڕەوی وەزاری (المنهاج الوزاري)، ئەم پەیڕەوە وەك بەرنامەی حكومەت پێشكەشی پەرلەمان كراوە و لەناو پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە، ئەمەش واتە ئەو مەنهەجە وەزارییە بۆ چوارچێوەیەك بۆ بەرنامەی حكومەت و چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵیدا و، لە بەشێكی دیكەی ئەم مەنهەجە وەزارییەدا ئاماژە بەو كێشانەش كراوە كە پێویستیان بەوەیە لەلایەن پەرلەمانەوە یاسای بۆ دابنرێت، وەك كێشەی نەوت و گازی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی كە لە مەنهەجە وەزارییەكەدا هاتووە: «دەبێت پەرلەمان یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی دەربكات بۆ ئەوەی ئەو كێشەیە لە چوارچێوەی ئەو یاسایەدا چارەسەر بكرێت، بۆ ئەمەش هەتا پەرلەمان ئەو یاسایە پەسەند دەكات، لەبەر ڕۆشنایی ئەو مەنهەجە وەزارییەدا بەڕێز مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 4ی نیسانی 2023 هاتە بەغدا و لەگەڵ بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی ڕێككەوتنێكی زۆر گرنگیان واژۆ كرد، ئەم ڕێككەوتنە كە دەرنجام ڕێككەوتننامەی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدڕاڵی لێ كەوتەوە، بە ئاراستەی بەرژەوەندیی هەردوولا و لەسەر بنەمای دەستوور و دابینكردنی شایستەی هەرێم لە پڕۆژە یاسای بودجەدا، ئەم ڕێككەوتنە زۆر گرنگە بۆ پەسەندكردنی بودجە و دەبێت ڕێز لە ماف و شایستە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بگێریت و، دەبێت هیچ گۆڕانكارییەك لە دەرەوەی بڕگەكانی ڕێككەوتنەكە و لە یەك تێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوولا لە پڕۆژەكە نەكرێت.

هەر بۆیە ئەو هەوڵەی ڕۆژی پێنج شەمەی ڕابردوو 25ی ئایاری 2023 لەلایەن چەند ئەندامی لێژنەی دارایی (كە لە ناویاندا دوو ئەندامی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی لە گەڵدا بووە) ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق درا، كە هەوڵی هەمواركردنەوەی ماددەكانی 13 و 14یان داوە، پێشنیارەكانیان دژی بنەماكانی دەستوور و ئەو مەنهەجە وەزارییە بوو كە حكومەتی بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی لەسەر دامەزاروە، هەروەها پێشنیارەكانیان دژی ماف و شایستەكانی هەرێمی كوردستانە كە ڕۆژی 4ی4ی 2023 لە نێوان سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی حكومەتی فیدڕاڵی واژۆی لەسەر كراوە، هەر بۆیە كاتێك ئەم پێشنیارانە هێنرانە ناو دانوستاندنەكانی كۆبوونەوەی لێژنەی دارایی پەرلەمان و خرانە دەنگدانەوە، ئێمە وەك فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونەوەكەمان بەجێهێشت و ڕازی نەبووین غەدر لە ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بكرێت، یان دەستتێوەردان لە دەسەڵاتە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بێتە ئەنجامدان، ئەمەش لەبەر ئەوەیە هەموو ئەو گۆڕانكارییانەی لە هەر دوو ماددەی 13 و 14ی پڕۆژە یاسای بودجەی هەر سێ ساڵی (2023، 2024، 2025) كراون، پێشێلكردنی بنەماكانی دەستوور و پێشێلكردنی ڕێككەوتنی ئەو مەنهەجە وەزارییەیە كە پەرلەمان دەنگی لەسەر داوە و هەروەها پێشێلكردنی ئەو ڕێككەوتنەشە كە ڕۆژی 4ی4ی2023 لە نێوان بەڕێزان مسرور بارزانی و محەمەد شیاع سوودانی واژۆی لەسەر كراوە.

لێرەدا جێگەی ئاماژەپێكردنە كە لە ڕێككەوتنی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ماددەیەكی زۆر ڕاشكاوی تێدایە كە ماددەی 20ـە و تیایدا هەر دوو سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی تەخویل دەكرێن، ڕێككەوتن لەسەر بودجە و پرسی نەوت و گاز بكەن، تا یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمان پەسەند دەكرێت، لەم چوارچێوەیەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو پابەندییەكانی خۆی جێبەجێ كردووە، بۆیە دەبێت لە بەرانبەردا حكومەتی فیدڕاڵیش ئەركی سەرشانی خۆی جێبەجێ بكات و ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عێراق دابین بكات.

هەر بۆیە ئێمە وەك فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە هەموو جۆرێك ئەم هەمواركردنە ڕەت دەكەینەوە و قبووڵ ناكەین كە ماف و شایستەكانی هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان پشتگوێ بخرێن، یان كەم بكرێنەوە، بۆیە لەم چوارچێوەیدا ئومێد دەخوازین شاندی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت لە پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی فیدڕاڵ و فراكسیۆنە كوردستانییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ئەوەی هەموو هەوڵەكان بخرێنە گەڕ بۆ ڕێگرتن لە هەر هەوڵێك بە ئاراستەی پێشێلكردنی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، كە دەستوور جێگیری كردوون و، لە ناو ڕێككەوتنی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدڕاڵی و پڕۆژە یاسای بودجەدا ڕەنگیان داوەتەوە

Top