غەفوور مەخموورى : ئەو گۆڕانکارییانەى لە پڕۆژە یاساى بودجە کراون پێشێلکارییەکى زەق و نادەستووریین و رەتیاندەکەینەوە

غەفوور مەخموورى : ئەو گۆڕانکارییانەى لە پڕۆژە یاساى بودجە کراون پێشێلکارییەکى زەق و نادەستووریین و رەتیاندەکەینەوە


غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى YNDK ، سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانى پرۆژە بودجەی عێراق لە پەیامێکیدا، داواى کشانەوەى کورد لە بەغدا دەکات و چەند خاڵێکیشى وەک چارەسەرى خستۆتەڕوو.
غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK ، سەبارەت بە پیلانى بەشێک لە ئەندامانی لێژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و، چەند گۆڕانکارییەک لە پرۆژە بودجەی عێراق بۆ ساڵانی (2023 و 2024 و 2025) و زیادکردنى بڕگەیەکی نوێ بۆ هەردوو ماددەی (13 و 14) ی پرۆژە یاسای بودجە، لە پەیامێکدا بۆ راى گشتى هەڵوێستى خۆى خستۆتەڕوو و، تەواوى ئەو گۆڕانکارییانە رەتدەکاتەوەو، لە ئەگەرى چارەسەرنەکردنى کێشەکان، داواى کشانەوەى کورد لە پرۆسەى سیاسیى عێراق دەکات و چەند خاڵێکیشى وەک چارەسەر خستۆتەڕوو، لە هەمان کاتدا بانگ لە تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان دەکات کەوا کار بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى بکەن، ئەمەش دەقى پەیامەکەیە:

بۆ ڕاى گشتى

- جەماوەرى وڵاتپارێزى کوردستان ...
- هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان ...
وەک لاى هەموو لایەکمان روونە؛ ئەزموونى زیاتر لە سەد ساڵەمان لەگەڵ عەرەبى عێراقدا ؛ ئەزموونێکى تاڵە، لەماوەى سەد ساڵى رابردوودا تەواوى دەسەڵاتەکانى عێراق دژى کورد بوون و هەوڵى لەناوبردنى کوردستانیانداوە بەخاک و خەڵکەوە، دەسەڵات و شەقامى عەرەبى عێراق هاوڕاو هاوکاربوون لەو دژایەتییەدا (جگە لە چەند کەساتییەک نەبێ)، تەواوى دەسەڵاتدارانى عێراق لە بەرامبەر کورددا یەک لە یەکتر خراپتر بوون، هەندێ لایەنى دەسەڵاتى ئێستاش لە هەموویان خراپترو زالمتر.
بەداخەوە بەشێک لە لایەنە عێراقییەکان جارێکى دیکە دژایەتى خۆیان بەرامبەر هەرێمى کوردستان نوێکردەوە و، لە ڕێکەوتی 25 / 5 / 2023 لە لایەن بەشێک لە ئەندامانی لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، چەند گۆڕانکارییەک لە پرۆژە بودجەی عێراق بۆ ساڵانی ( 2023 و 2024 و 2025) کە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ڕێکەوتنی لەسەر کرابوو ئەنجامدرا و هەندێک بڕگەی نوێ بۆ هەردوو مادەی (13 و 14) ی پرۆژە یاسای بودجە زیاد کرا، کە پێچەوانەی ڕێکەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقى فیدراڵ-ن، لەهەمان کاتدا ئەو گۆڕانکارییانەى لە پڕۆژە یاساى بودجە کراون پێشێلکارییەکى زەق و نادەستوریین و دژی ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقى فیدراڵن، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کەوا هەندێ لایەنى دەسەڵاتدارانى عێراق وەک هەمیشە دژە کوردن و یەک لە یەک زالمترن بۆ گەلى کوردستان، لە مێژووى بەشەرییەتدا لە دەسەڵاتدارانى عێراق زاڵمتر و بێنمەکتر نەبوون، ئەو گۆڕانکارییانەى پڕۆژە یاساى بودجەى عێراق و بڕیارەکانى پیشووترى دادگاى باڵاى فیدرالى عێراق و هەڵوێستى شۆڤێنییانەى زۆربەى دەسەڵاتدارانى عێراق ئەو بۆچوونەمان دەسەلمێنن، ئێمە لە یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK دژى ئەو هەوڵە نەزۆکانە دەوەستینەوەو رەتیدەکەینەوە.
لە رەوشێکى وادا ؛ ئەگەر عێراق پابەندى رێکەوتنەکانى لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان نەبوو، پێویستە سەرکردایەتى سیاسیى کوردستان بڕیارى یەکلاییکەرەوەى خۆى بدات و لە بەغداى عەرەبى بکشێتەوە و بگەڕێتەوە کوردستان و، بە هەموو لایەکمان هەوڵبدەین ناوەندى پەرش و بڵاوى سیاسیى کوردستان رێکبخەینەوەو چەترێکى هاوبەش بۆ کۆکردنەوەى لایەنە سیاسییەکانى کوردستان پێکبهێنین و هەموو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان لەژێر ئەو چەترەدا کۆببینەوەو هیچ لایەک پەراوێز نەخرێت و، لەوێوەوە کار بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى بکەین و بەیەکگرتووى بڕیار لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان بدەین، لەبەرئەوەى هێزى ئێمە لە یەکڕیزى و یەکدەنگیماندایە، هەر کاتێ یەکڕیزو یەکدەنگ بووبین بەهێزبووین ؛ هەر کاتێکیش پەرش و بڵاوبووبین ناحەزان سوودیان لەو پەرش و بڵاوییە وەرگرتووە وەک ئێستا، بۆیە پێویستە لەم پێناوەدا هەموو لایەکمان هاوکارو پشتیوانى یەکدى بین و جلى تەنگى حزبایەتى باڤێژین جلى کوردایەتى لەبەرخۆ کەین و، پێویستە لەسەر هەموو ئاستەکاندا بەخۆماندابچینەوەو سوود لە هەڵەکانى رابردوومان وەربگرین و، جارێکى دیکە لێرەوە داوا دەکەین کەوا هەموو لایەکمان کاربکەین بۆ :
1- رێکختستنەوەى ناوەندى سیاسى کوردستان و پێکهێنانى چەترێکى هاوبەش، کە تەواوى لایەنە سیاسییەکان بگرێتەخۆ.
2- داهاتى کوردستان رێکبخرێتەوەو، بۆ ئەم مەبەستە خەزێنەیەکى نەتەوەییمان هەبێت بەناوى (سندوقى داهاتى کوردستان) و، بەپێى ئەم داهاتە مانگانە مووچەو شایستە داراییەکانى فەرمانبەران و پێویستییەکانى کوردستان خەرج بکرێت.
3- لێژنەیەکى باڵاى دیبلۆماسى لە هێزە سیاسییەکانى کوردستان پێکبهێنرێت بۆئەوەى پەیوەندى بە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بکات و زولمەکانى عێراق بەرامبەر گەلى کوردستان بگەیەنێتە هەموو لایەک، ئەمەش وەک پاڵپشتییەک بۆ پەرلەمان و حکومەتى کوردستان.
4- پێکهێنانى بۆردێک بەناوى (بۆردى سەربەخۆیى کوردستان)، بۆئەوەى ئەنجامى ریفراندۆم بجوولێنێت و لەسەر ئاستى نێودەوڵەتیدا کارى بۆ بکات.
5- تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەکانى پارچەکانى دیکەى کوردستان هاوکارو پشتیوانى باشوورى کوردستان بن و رێز لە یاسا و رێنماییەکانى بگرن.
وەک لاى هەموو لایەکمان روونە دەسەڵاتدارانى عەرەبى عێراق بە سوننە و شیعەوە زۆربەى هەرەزۆریان لە دژى کورد یەکدەگرن و یەکدەنگن ئەى باشە ئێمەى کورد بۆ یەکنەگرین و بەگژ ئەو سیاسەتە شۆڤێنییەى عەرەبى عێراق دانەچینەوە ؟ لەم پێناوەدا پێویستە هەموو لایەکمان بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى و هاوهەڵوێستى کاربکەین، بۆ ئەمەش بێگومان ئەمڕۆ باشترە لە سبەى .
- سەرکەوێ ئیرادەى هەقخوازانەى گەلى کوردستان.
- نەمرى و سەربەرزى بۆ تەواوى شەهیدانى رێى سەرخۆبوون و ئازادى کوردستان.
- بێتەدى ئازادى و سەربەخۆیى کوردستان.

غەفوور مەخموورى
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
27 / 5 / 2023

Top