بەرەو زیاتر پاراستنی مافە ژینگەییەكانی منداڵان
لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا هاتووە: هەموو كەسێك مافی ژیانی هەیە لە ژینگەیەكی سەلامەتدا، هەروەها هاتووە: خێزان بناغەی كۆمەڵگەیە و دەوڵەتیش قەوارە و بەها ئایینی و ئاكاری و نیشتمانییەكانی دەپارێزێت. ئەوەش هاتووە: دەوڵەت مافەكانی دایكان و منداڵان و بەساڵاچووان زامن دەكات و چاودێریی تازەپێگەیشتووان و لاوان دەكات.
هەروەها لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا هاتووە: دەوڵەت مافەكانی تاك و خێزان زامن دەكات، بەتایبەت منداڵ و ئافرەت لە بیمەی تەندروستی و پایە بنەڕەتییەكانی گوزەران لە ژیانێكی ئازاد و شكۆمەند و دابینكردنی دەرامەتی گونجاو و نیشتەجێبوونی شیاو.
بۆیە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان دوو مافی دەستووریدا كە یەكێكیان پاراستنی مافەكانی منداڵە و ئەوی دیكەشیان مافی هەموو كەسێكە بۆ ژیان لە ژینگەیەكی سەلامەتدا، هەروەها پاڵپشت بە ماددەی یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2008ی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان، پێویستە لە سەرەتاوە بایەخ بدەین بە جیهانی پڕ لە بەرائەت و جوانیی منداڵان كە جیهانێكی هێند فراوانە مەگەر تەنیا پسپۆڕان و شارەزایان پەی بە بەشێكی بچووكی ئەو جیهانە ببەن.
بۆیە وڵاتانی خاوەن ئەزموون و پێشكەوتووی دونیا ساڵانێكی زۆرە كار بەو بنەمایە دەكەن بۆ گۆڕان و پێشكەوتن كە دەڵێت: زانست لە منداڵیدا وەك نەقشی سەر بەردە، بەو مانایەی كە هەموو گۆڕانكارییەك لە سەرەتاكانەوە و لە منداڵانەوە بەرهەم دەهێنێت.
بۆیە پێویستە ئێمەش هەرچی هەوڵی جوان و نایاب هەن بۆ منداڵانی كوردستانی بدەین، چونكە منداڵان خاوەنی ویژدانێكی ئاسوودە و دونیایەكی پڕ لە جوانی و ناخێكی پاك و خاوێن و دڵێكی میهرەبانن، ڕێك هەر وەكو ژینگەی كوردستانمان كاتێك لە حاڵەتی خاوێنی و پاكی و جوانیدایە.
بۆیە لێرەوە جێگەی خۆیەتی مرۆڤە گەورە و بەتەمەنەكانی بوارەكانی ژیان، بە بواری ژینگەشەوە، ئومێدی گەورە و هیوای زۆر لەسەر منداڵان هەڵبچنن، چونكە بۆ ئەوەی ژینگە و پێكهێنەرەكانی بە پاكی و خاوێنی بمێننەوە، هەر دەبێت لە منداڵانی دۆستی ژینگە و ژینگەدۆستەوە دەست پێ بكەن.
جا بۆ ئەوەی لە ئێستاوە خەم لە دواڕۆژی منداڵانی ئازیز و خۆشەویستمان بخۆین، پێویست بەوە دەكات لە تەمەنی ئێستای ئەوانەوە پاراستنی ژینگە، كەس و ڕێكخراوی خەمخۆری بۆ پەیدا ببێت، ئێمەش لە هەرێمی كوردستاندا پێكەوە ڕەچاوی ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بكەین لە بواری پتەوكردنی پەیوەندیی نێوان ژینگە و مافەكانی منداڵ:
1- ڕەچاوكردنی مافە ژینگەییەكانی منداڵ لە كاتی داڕشتنی یاساكاندا.
2- دیاركردنی ئەو ئەركانەی دەكەوێتە ئەستۆی لایەنی جێبەجێكار.
3- دەستنیشانكردنی كاریگەریی نەرێنیی زیانە ژینگەییەكان لەسەر مافەكانی منداڵ.
4- بەشدارییپێكردنی منداڵان لە دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ گرفتە ژینگەییەكانیان.
5- دیاركردنی ڕۆڵی كەرتی كار لە دابینكردنی ژینگەیەكی تەندروست و سەلامەت بۆ منداڵان.
6- ڕەچاوكردنی بارودۆخی منداڵان لە ڕاپۆرتەكانی هەڵسەنگاندنی كاریگەریی ژینگەیی.
7- زیادكردنی هوشیاریی ژینگەیی بە ڕەچاوكردنی مافەكانی منداڵان لە ڕێگەی ژینگەی خاوێنەوە.
8- دابینكردنی ڕووبەری سەوزایی بۆ شاری منداڵان لە نێو شارە گەورەكاندا.
9- دوورخستنەوەی خوێندنگای منداڵان لەو شوێنانەی هۆكاری گواستنەوە و كارگە و ژاوەژاوی تێدا بڵندە.
10- جێكردنەوەی مافەكانی منداڵان لە ڕاپۆرتە وەرزییەكانی وڵاتان و نەتەوە یەكگرتووەكان.
11- ڕەچاوكردنی مافە ژینگەییەكانی منداڵان لەو ڕاپۆرتانەی لە بارەی كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەواوە ئامادە دەكرێن.
12- دانانی بابەتەكانی پەیوەست بە ژینگە و مافە ژینگەییەكانی منداڵان لەنێو پڕۆگرامەكانی خوێندندا.
13- چەمكەكانی پاراستنی ژینگە لە یاری و گەمە و چالاكییە وەرزشی و هونەرییەكانی منداڵاندا.
14- بایەخدانی زیاتر بە ئامادەكردنی ئەو توێژینەوانەی پەیوەندیی نێوان ژینگە و منداڵان بەهێزتر دەكەن.