وتاری سەرۆک بارزانی لە دیداری یەکەمی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە لۆزان خوێندرایەوە
ڕۆژی شەممە 27ی ئایاری 2023 وتاری سەرۆک مەسعود بارزانی لە لایەن بەڕێز شفاء بارزانی سەرپەرشتیاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی لە دیداری یەکەمی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە لۆزان خوێندرایەوە،
دەقی وتاری سەرۆک مەسعود بارزانی
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەڕێزان نوێنەر و ئەندامانی كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی
میوانانی بەڕێز
ئامادەبوانی قەدەرگران
زۆر بەخێر بێن
زۆر سوپاسی ڕێكخەرانی ئەو دیدارە گرنگە دەكەم، ئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاوی كەسایەتی سیاسی و نوخبەی كوردستانی و ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا لەسەر ڕووداوێكی مێژوویی و لە شوێنێكی مێژوویی، هەنگاوێكی گرنگ و پێویستە، بەتایبەتیش ڕووداوەكە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر چارەنووسی گەلی كورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەجێهێشتووە. ئێمە لە كاتێكدا لێرە كۆبووینەتەوە كە سەد ساڵ بەسەر ڕێككەوتننامەی (لۆزان)ـدا تێدەپەڕێت.
كاریگەریی و دەرهاوێشتەكانی ڕێككەوتنی لۆزان لەسەر چارەنووسی گەلی كوردستان لە هەژمار نایەت و تژییە لە كارەسات و بێبەشبوون و پەراوێزخستن و نكۆڵیكاری. زیانمەندی سەرەكیی ئەو ڕێككەوتننامەیەش گەلی كوردستان بوو. چونكە ڕەچاوی مافە بنەڕەتییەكان و ئیرادەی ئەو گەلە نەكرا كە هەزاران ساڵە ڕیشەی لە خاك و جیۆگرافیای ناوچەكەدا هەیە. ڕێككەوتنی لۆزان لە یاددانی كورددا هەمیشە مانای زوڵم و بێبەشكردن و دەستپێكی سەردەمێكی تاریك دەدات.
لە ڕێككەوتننامەی (سیڤەر)ـدا كە سێ ساڵ بەر لە ڕێككەوتننامەی لۆزان لە ئابی 1920 مۆر كرابوو، ڕێگەی ئەوە هەبوو كورد بتوانێ بە مافی سەربەخۆیی شاد ببێت كە مافێكی ڕەوا و ڕەهای هەر نەتەوەیەكە بەڵام لە ڕێككەوتننامەی (لۆزان)ـدا ئەو ئومێدەی كورد كوژایەوە و كۆتوبەندی دژواری بۆ دانرا. لەدەرئەنجامدا چارەنووسی گەلی كوردستان بە چارەنووس و یاسا و كڵێشەی ئەو دەوڵەتانە بەسترایەوە كە بەسەریاندا دابەشكرابوو.
لێكەوتە و كاریگەرییەكانی ڕێككەوتننامەی لۆزان، پێشكەوتن و پێكەوەژیان و تەبایی بۆ گەلانی ناوچەكە بەدی نەهێنا و بە تایبەتی بۆ گەلی كوردستان بووە هۆی سەپاندنی واقعێكی ناتەندروست و ناسروشتی. واقعی دروستكراوی دوای لۆزان بارودۆخێكی جیۆسیاسیی زۆر ئاڵۆزی دروست كرد و دەرگەی بۆ ناسەقامگیرییەكی دوورودرێژ لە ناوچەكەدا كردەوە. كێشانی سنووری تازە و دابەشكردنی كوردستان وایكرد هەر بەشێكی كوردستان تایبەتمەندیی خۆی وەربگرێت. بە داخەوە لە هیچ پارچەیەك دان بە مافە ڕەواكانی كورد نەنرا و نكۆڵی لە هەبوونی كرا. لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە چەوتەی دەوڵەتانی ناوچەكە، كورد كەوتە بەرگریكردن لە خۆی و ناسنامەی خۆی و ململانێیەكی دوورودرێژ دەستی پێكرد كە هەتا ئێستاش هەر بەردەوامە. لەو ململانێیەدا نە دەوڵەتەكان توانیان گەلی كوردستان لەناو بەرن و نە كوردیش توانی ئەو دەوڵەتانە بڕووخێنێ كە كوردی بەسەردا دابەش بووە. لەمەدا زەرەرمەندی سەرەكی گەلانی ناوچەكە و ئاشتی و سەقامگیری بوون. هەروەها خوێنێكی زۆر ڕژا و كات و وزەی زۆریش بەفیڕۆ ڕۆیشت.
بە داخەوە سەرجەم ئەو دەوڵەتانەی كە كوردستانیان بەسەردا دابەشكرابوو بە شێوازی جۆراوجۆر دەستیان بۆ پلانی گۆڕینی دیموگرافی و سیاسەتی نكۆڵیكردن و سەركوتكردن و تواندنەوەی گەلی كورد برد. هەروەك گوترا گەلی كورد لەبەرانبەر ئەو زوڵمەدا بێدەنگ نەبوو و ڕێگەی شۆڕش و سەرهەڵدان و ناڕەزایەتی لە شوێنە جیاجیاكانی كوردستان گرتەبەر. چارەنووسی ئەو بەشەی كوردستانیش كە بە دەوڵەتی عێراقەوە لكێندرابوو، پڕ بوو لە كارەسات و تڕاژیدیا. تەنانەت كار گەیشتە ئەوەی حكوومەتەكانی عێراق لە سەدەی بیستەمدا پلانی تواندنەوەی گەلی كوردستان لە چوارچێوەی سیاسەتی تەعریب و ڕاگواستن و ئەنفال و كیمیاباران و جینۆسایددا جێبەجێ بكەن.
بەڵام گەلی كوردستان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد لەبەرانبەر ئەو ڕەفتارە دڕندانەیەی ڕژێمەكانی عێراق خۆی بەدەستەوە نەدا و دلێرانە ڕووبەڕووی سیاسەتی نامرۆڤانە و شۆڤینیانەی حكوومەتەكانی عێراق بوویەوە. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا لە عێراقدا لەچاو وڵاتانی تر، دەرفەتی ڕێككەوتن و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی دۆزی كورد زیاتر بووە و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد لەو بەشەی كوردستاندا گەشەی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە.
ئەم واقعە ناتەندروستە سەدساڵەیە كە زیان و ناسەقامگیریی بەدوای خۆیدا هێناوە پێمان دەڵێت دەبێ هەر دوولا (هەم دەوڵەتانی ناوچەكە و هەمیش لایەنە كوردیەكان) پێداچوونەوە بە بەرنامە و ستراتیژی خۆیاندا بكەن. لەبری شەڕ و گرژی بیر لە چارەسەری دیموكراتی و ئاشتیانە بكەنەوە. هەر بەم پێیەش دەبێ كێشەی هەر پارچەیەك بەپێی تایبەتمەندییەكانی خۆی و بارودۆخی خۆی لە چوارچێوەی دیالۆگ و ئامرازی ئاشتیانە و دیموكراتیانەدا چارەسەربكرێت.
جێگەی خۆشحاڵییەكی زۆرە لەو ململانێیە دوورودرێژ و سەدساڵەیەی لەنێوان حكوومەتەكانی ناوچەكە و گەلی كوردستاندا دروست بووە، بە هیچ شێویەك گرفتەكان ڕەنگی ناكۆكیی نەتەوەیی نەگرتووە و كورد هەمیشە لەنێو نەتەوەكانی ناوچەكەدا دۆست و هاوسۆزی گەورەی هەبووە. گرفتی سەرەكیی گەلی كوردستان لەگەڵ ڕژێمەكان و سیاسەتی هەڵە و سەركوتكاری و دیكتاتۆرییەتدا بووە نەك نەتەوە و گەلانی ناوچەكە. بیریشمان نەچێت مامەڵەكردن لەگەڵ لێكەوتە خراپەكانی لۆزان و ڕاستكردنەوەی هەڵەكان تەنیا لەسەر شانی گەلی كوردستان نیە بەڵكو دەبێ دەوڵەتانی ناوچەكە و زلهێزەكان و ئەو وڵاتانەی لە هاوكێشە نێودەوڵەتییەكاندا كاریگەرییان هەیە و هەروەها ڕێكخراوە ناحكوومەییەكان و ناوەندە ئاكادیمی و كۆمەڵایەتی و چالاكوانان و كەسایەتییە جیهانییەكان لە دروستكردنی چوارچێویەكی ئاشتیانە و دیموكراتیانە و نیازپاكانە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بەشدار بن.
ڕەوندی كوردستانی لە دەرەوەی وڵات دەتوانن ڕۆڵێكی یەكجار گەورە لە ناوەندە سیاسی و كۆمەڵایەتی و زانستییەكانی وڵاتان ببینن، ئەوەش بە ئاراستەی ناساندنی دۆزی كورد و گەیاندنی ڕاستییەكان و بەرگریكردن لە مافەكانی گەلی كوردستان و پەیداكردنی زۆرترین دۆست و لایەنگر لەناو خەڵكی وڵاتانی تر و كەمكردنەوەی لێكەوتەكانی ئەو زوڵمە مێژووییەی لە كوردستانیان كراوە. بە دڵنیاییەوە ئەوە ئەركێكی پیرۆزیشە و جێبەجێكردنی ئەو ئەركەش پێویستی بە برایەتی و هاوبەشی و پێكەوەیی هەمووتانە. لەو ئەركەدا پێویستە دەستبەرداری بەرژەوەندییە بەرتەسكەكان بن و كوردستان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەكی تر ببینن.
هیوادارم ئەو دیدارە گرنگە دەرئەنجامی بەسوودی هەبێت و ڕاسپاردە و بەرچاوڕوونیی لەسەر چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ كاریگەری و لێكەوتەكانی ڕێككەوتننامەی لۆزان، بداتە هەموو لایەكمان و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.
زۆر سوپاس و بمێنن لە خێر و خۆشیدا
مسعود بارزانی
27ی ئایاری 2023