پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی چل و حەوتەمین ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز

پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی چل و حەوتەمین ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز

 

هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز بە ڕابەرایەتی بارزانیی نەمر و سەرکردایەتی پارتیمان لە(٢٦ـی ٥ـی ١٩٧٦) بە قۆناغێکی گرنگ و نوێی خەباتی سیاسی و شۆڕشگێڕی دادەنرێت لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان.
بەرپاکردنەوەی شۆڕش لەو سەردەمەدا و دوای ئەو پیلانگێڕیە هەمەلایەنەی کە بەرامبەر شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی کرا، بایەخ و کاریگەریەکی زۆری هەبوو بەسەر بزاڤی رزگاریخوازی و نەتەوەیی و نیشتیمانیمان، لەبەرئەوەی سەلماندی کە ڕەگ و ڕیشەی ئیڕادە و ورەی پۆڵایینی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لەبن نایەن و تا بەدیهێنانی ئامانجەکانمان کۆڵ نادەن.
شۆڕشی گوڵان زەمینەی بارودۆخێکی نوێی تێکۆشان و بەردەوامبوونی هێنایە ئاراوە، هەروەها خاوەن پەیامێکی ڕوون و هەقخوازانە بوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمێکی ستەمکار و دیکتاتۆریی.
شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز درێژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو، بۆیە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو لە نێو جەماوەری شار و شارۆچکەکانی کوردستان، کاتێک حکومەتی ئەوسای عیراق لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد شکستی هێنا و پاشگەزبۆوە، ئەو شۆڕشە ڕەوایی دا بە خەباتی شۆڕشگێڕی و جەماوەری بۆ بەدەستهاتنی مافە ڕەوا و زەوتکراوەکانی گەلەکەمان.
لەلایەکی دیکەوە شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز وەک ڕووداوێکی گرنگ ڕۆڵ و سەنگی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی بۆ قۆناغێکی سیاسی پێشکەوتووتر گواستەوە بە جۆرێك لەسەر گۆڕەپانی سیاسی نێوخۆیی و جیهانیدا ئەو بزووتنەوە شۆڕشگێڕەیە وەک هێزێکی کاریگەر و خاوەن بڕیار ڕۆڵی شیاوی خۆی بگێڕێ.
ئامانجی سەرەکی و ستراتیژی سەرکردایەتیی پارتیمان ئەوسا هەنگاونان بوو بەرەو ئایندەیەکی گەش و بەرهەمدار، کە خۆی لە بەرجەستەکردنی ناسنامەی نەتەوەیی و داننان بە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد دەبینیەوە، هەر بۆیەش چەندین دەستکەوتی بەدواداهات، لەوانەش ڕاپەڕینی شکۆداری سەرتانسەری ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە (٥ـی ئاداری ١٩٩١) و پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان، کە بە خوێنی ئاڵی شەهیدە نەمرەکان هاتنەدی.
ئەو بۆنەیە بەدەرفەت دەزانین وەک هەمیشە جەخت بکەینەوە لە سەر ڕێبازی ڕەگداکوتاوی کوردایەتی و نەتەوەیی پارتایەتیمان و هەروەها هەڵوێست و هەوڵ و دەستپێشخەری پارتیمان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی یاسایی خۆیدا، کە لە ڕاگەیاندراوی فەرمی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیمان لە(١٨ـی ١ـی ٢٠٢٣) زۆر ڕاشکاوانە و بە ڕوونی خراوەتە ڕوو و ڕەزامەندی دراوە یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە، بۆیە پێویستە هەموو لایەنەکان هەنگاوی کردەیی بنێن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژرادن لە وادەی دیاریکراودا، هاوکات جەخت لەسەر پابەندبوونمان بە پەیامی جەنابی سەرۆک بارزانی دەکەینەوە، کە لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی ئاراستەی سەرجەم لایەنەکانی کرد و بەردەوامین لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە پێناو یەکخستنەوەی نێوماڵی کوردستانی لەگەڵ سەرجەم هێز و لایەنە کوردستانییەکان.

لە بیرەوەری شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز پیرۆزباییەکی گەرم لە جەماوەری دڵسۆزی کوردستان دەکەین، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و سەربەخۆیی کورد و کوردستان دادەنوێنین، سڵاو و ڕێز لە خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدە نەمرەکانمان، سڵاو لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان..

سڵاو لە بیرەوەری(47)ساڵەی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز..

سڵاو لە گیانی پاکی بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشە زیندوو..
بەرز و شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان..
هەمیشە گەلەکەمان سەربەرز و کوردستانیش هەر ئاوەدان..

مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٦ـی٥ـی٢٠٢٣

Top