هەڵگورد شێخ نەجیب بەرپرسی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: هەر شەش مانگ جارێك هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای بەڕێوەبەرە گشتییەكان دەكەین

هەڵگورد شێخ نەجیب  بەرپرسی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران:  هەر شەش مانگ جارێك هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای بەڕێوەبەرە گشتییەكان دەكەین

 

 

بەڕێز هەڵگورد شێخ نەجیب كە ئێستا سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە و، پێش بوونی بە سەرپەرشتیاری ئیدارەكەش هەر خۆی قائیمقامی قەزای سۆران بووە، بڕوانامەی ئەندازیاریی زانستی كۆمپیۆتەری لە زانكۆی كوین ماری لە لەندەن وەرگرتووە و ماستەریشی لە بواری ئەندازیاری كۆمپیوتەر و تۆڕەكانی ئەنتەرنێت لە زانكۆی شاڵمەرشی سویدی وەرگرتووە و لە گفتوگۆی ئەمجارە «خەڵك و ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری» بەمجۆرە باسی لە سەرەتای دروستبوونی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و چۆنیەتیی هەڵسووڕانی كاروبارەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كرد.

 

ئەوەی لە ڕاپرسییەكە گوێمان لێی بوو و ئەوەی پێش من پارێزگارە بەڕێزەكانیش باسیان كرد، ئەو گلەیی و گازندەیەی هاووڵاتیان لەو ڕاپرسییە هەیانبووە، زیاتر پەیوەستن بە دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەكان لە دەسەڵاتی ئەواندایە، لەبەر ئەوەی كێشەی دارایی كێشەیەكی گشتییە، هەموو لایەكیش ئەو ڕاستییە دەزانین كە ئەولەوییەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابینكردنی مووچەیە و هەتا پارەی پێویست بۆ مووچە دابین نەكرێت، ناتوانرێت هیچی دیكە بكەین.

هەر بۆیە ئەوەی كە پێویستە هاووڵاتیان گلەیی و گازندەیان لە یەكە ئیدارییەكان هەبێت، كاری ڕۆژانەی ئەو فەرمانگەیانەیە لە سنووری ئەو پارێزگایە، یان ئەو ئیدارە سەربەخۆیە، هەروەها بابەتی ئەو بودجەیە كە بۆ هەر پارێزگا و ئیدارەیەكی سەربەخۆ تەرخان دەكرێت، چۆن خەرج دەكرێت بۆ پڕۆژەكان و پێشكەشكردنی خزمەتكردنی هاووڵاتیان و، چۆن بەپێی ژمارەی دانیشتووان بەسەر قەزا و ناحیە و گوندەكاندا دابەشی دەكەین، بەڵام ڕاستییەكیش هەیە كە جێگەی خۆیەتی ئاماژەی پێ بكەم، ڕۆژێكیان یەكێك لە كەناڵەكانی ئۆپۆزسیۆن لە سۆران كاتێك گەڕەكێكیان قیرتاو دەكرد، پەیامنێرەكە زوومی كامێراكەی خستبووە سەر ڕێگە قوڕەكە، لەو كاتەدا سەرۆكی شارەوانی سۆران بە پەیامنێرەكە دەڵێت: باشە تۆ وێنەی ڕێگە قورەكەت گرت، دە زوومی كامێراكەشت بسووڕێنە بۆ ئەوەی وێنەی ئەو قیرتاوكردنەش بگریت، ئەویش لە وەڵامدا بە سەرۆكی شارەوانی گوتبوو «نانی من لە قوڕەكەدایە، لە قیرەكەدا نییە»، ئەوجا كێشەكە ئەوەیە كە بەرژەوەندیی هەندێك ڕاگەیاندن لە قوڕەكەدایە و نایانەوێت خەڵك ئەو كارانە ببینن كە كراون، یان دەكرێن.

ئێمە خۆمان لەناو ئەو واقیعەین، من لێرەوە پشتگیری لەو پێشنیارەی برای بەڕێزم د. هەڤاڵ ئەبووبەكر پارێزگاری سلێمانی دەكەم كە پێشنیاری كرد «پارێزگارەكان و بەرپرسی ئیدارە سەربەخۆكان» لە هەندێك لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران بەشدار بن، ئێمە زیاتر لە وەزیرەكان لە ناو واقیعی خەڵكداین و دەتوانین باشتر ڕاستیی وێنەكان بۆ ناو كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بگوازینەوە، تا بتوانرێت بڕیاری دروست و پڕاكتیزی بۆ بدرێت.

بابەتێكی دیكە كە دەمەوێت تیشكی بخەمە سەر، ئەویش ئەو بڕیارە گرنگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو كە بڕیاری دا سۆران بكرێتە ئیدارەی سەربەخۆ كە پێنچ قەزای گرنگ دەگرێتەوە و بریتین لە قەزاكانی «سۆران، ڕواندز، چۆمان، مێرگەسوور، سیدەكان» و ڕۆژی 14ی ئەیلوولی 2021 بڕیاری بوونی سۆران بە ئیدارەی سەربەخۆ ڕاگەیەندرا.

لە سەرەتای دەستپێكی كارەكانماندا پێشنیارمان كرد لەبەر ئەوەی پێشتر سۆران و قەزاكانی دیكەش (ڕواندز، چۆمان، مێرگەسوور)

 سەر بە پارێزگای هەولێر بوون، با ئەو مامەڵە كۆنانەی لەگەڵ پارێزگای هەولێر هەبوون، وەك خۆی بڕۆن و لە ڕێگەی پارێزگای هەولێرەوە كارەكانیان تەواو بكرێت، تا خاڵی سفر، بەڵام بە ڕاستی ئەوە نەكرا بۆیە ئەركی ئێمە زۆر بە قورسی دەستی پێ كرد .

هەر بۆیە بە ستافێكی كەمەوە (ئەو ستافەی پێششتر لە قەزای سۆران هەبووە) ئێستاشی لەگەڵدا بێت، كارمەندێكمان بە گرێبەست لە ناو ئیدارە بۆ دانەمەزرێنراوە، بەڵام وەك ئیدارەیەكی سەربەخۆ دەستمان بە كارەكان كرد، سوپاس بۆ خوا و پشتگیریی خودی جەنابی سەرۆكی حكومەت و هاووڵاتیان و كارمەندانی تەواوی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، توانیمان لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی ئەمساڵ و ساڵی پاریش لە پێش هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی دیكەوە بین. هەر بۆیە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان بەو ئاستە وای كرد، كە خەڵك زیاتر بە بڕیاری بوونی سۆران بە ئیدارەی سەربەخۆ دڵخۆش بن و بە بڕیارێكی ڕاستیان دانا، بەڵام هێشتاش ئاواتی ئێمە ئەوەیە كە زیاتر كار بكەین و زیاتر خۆمان ماندوو بكەین، بۆ ئەوەی باشتر خزمەتی خەڵكی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بكەین.

لایەنێكی دیكە كە دەبێتە ئاستەنگ و گرفت لە بەردەم كارەكانمان، بە ڕاستی هەندێك كارت بۆ دروست دەبێت، كە بووەتە عورف و دەبێت پێوەی پابەند بیت و هیچ بەرهەمێكیشی نییە، بۆ نموونە من ئەمڕۆ بەیانی پێویست بوو لە دوو بۆنەدا ئامادە بم و لەوێ وتارم هەبێت، پاشانیش هاتووم بۆ ئیدارەی سەربەخۆ و چەندین هاووڵاتیم بینیوە كە زۆربەیان كارەكانیان پەیوەندی بە ئێمەوە نەبووە، كەواتە من ئەمڕۆ تا هاتوومەتە ئێرە هیچ بەرهەمێكی ئەوتۆم بۆ كارەكەی خۆم نەبووە، بۆیە دەبێت ئەمە كاری جددی لەسەر بكرێت و میكانیزمێك بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی ئەو ئاستەنگانە لە بەردەم كارەكانمان دروست نەكرێت.

هەر بۆ نموونە ئەم پرسە ڕاستە بابەتێكی كۆمەڵایەتیی زۆر گرنگە، بەڵام لە ئەنجامدا لەسەر ئەركی ڕۆژانەی خۆمان دەبێت.

زۆرێك لەو كارانە بوونەتە ڕێگر لە بەردەم كارە ستراتیژییەكانمان، هەر بۆ نموونە من ماوەی چەند مانگێكە دەمەوێت لەگەڵ چەند وەبەرهێن دابنیشم و ئەو پڕۆژانەی هەمانە لەگەڵیان باسی بكەین و دەستی وەبەرهێنان بۆ ناوچەكە لەسەر ئاستی «گەشتیاری و بازرگانی و سەنتەری بازرگانی» ڕابكێشین، بەڵام لەبەر ئەو كارە لابەلا و بێ بەرهەمانە نەمانتوانیوە كارە ستراتیژییەكانی خۆمان بكەین. سەرەڕای ئەمەش زۆر جار هاووڵاتی گلەیی ئەوە دەكەن كە ناتوانن بمانبینن، من حەز دەكەم هەموو كەسێك ببینم، بەڵام ئەمە مومكین نابێت.

 ئێمە وەك ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئیدارەیەكی نوێین، ئەو كەسانەی پێشنیار كراون بۆ پۆستی بەڕێوەبەرە گشتییەكان، ئێمە سەرەتا داوامان كرد كەسی پسپۆڕ و تەكنۆكرات بن، بەڵام دیسان لەوانەیە لێژنەیەكی پڕۆفیشناڵ لە وەزارەتەكان ئەو كارەیان نەكردبێت، كە چاوپێكەوتن لەگەڵ چەندین كاندید كرابێت، ئێمە خۆشمان دەزانین و واقیعی كوردستانیش بەو جۆرەیە بەو پرۆسەیە نەبووە، بۆیە ناچار بووم پەنا بۆ میكانیزمێكی دیكە بەرین، ئەویش هەر لە سەرەتاوە لەگەڵیان دانیشتین و پێمان گوتوون و فۆڕمێكی فەرمیی هەڵسەنگاندمان بۆ دروست كردوون كە دەبێت لە ماوەی شەش مانگدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای كارەكانیان بكرێت لە لایەن لێژنەیەكی پسپۆڕ، پاش ئەوەی ئەم هەڵسەنگاندنەیان بۆ دەكەین و ئەو خاڵانەیان بۆ دەستنیشان دەكەین كە دەبێت كاری لەسەر بكەن، دیسان شەش مانگی دیكە دەرفەتیان دەدەین، دوای ساڵێك ئەگەر زانیمان وەكو پێویست هیچ بەرەوپێشچوونێك بە دی ناكرێت، ئەوا بێگومان زۆر زۆر ئاساییە گۆڕانكارییان تێدا بكرێت. لەسەر ئەم پرسە سەرنجم داوە، سوپاسنامە گشتگیر كراوە، بە نموونە بۆ هەموو قائیمقامەكانی دەڤەرێك، ئێ باشە كە تۆ سوپاسنامەكەت گشتگیر كرد و بۆ هەموو قائیمقامەكان، یان بەڕێوەبەری ناحیەكان، مانای وایە لە بنەڕەتەوە تۆ لە مانای سوپاسنامەكە نەگەیشتوویت. لەبری ئەوەی سوپاسنامەكەت گیانی هاندان دروست بكات، تۆ ئەو حەماسەشی هەیە لە فەرمانبەری چالاك و دڵسۆز نایهێڵیت.

لە دوماهیدا دەخوازم ئاماژە بەوە بكەم، لە ڕووی ئیداری و كارگێڕییەوە زۆر گرنگە كاری جددی لەسەر بكەین و میكانیزمێك بۆ نەهێشتنی ئەو كارە لابەلایانە پیادە بكەین كە بەڕاستی بوونەتە ڕێگر لەبەردەم كارەكانمان و، دەبێت بە میكانیزمێكی نوێ و لەسەر بنەمای داتا و ئامار كارەكانی خۆمان پیشان بدەین، من ئێستا دەتوانم بە داتا و ئامار ئەو كارانە ئامادە بكەم كە لەوماوەیەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانم كردووە، ئەو كارانەمان كردووە. بۆیە گرنگە پارتی دیموكراتی كوردستان كە منی كاندید كردووە بۆ ئەو پۆستە ماوەیەكی دیكە كە دەبێتە دووساڵ، بانگم بكات و لێم بپرسێت لە ماوەی ئەم دووساڵە چیم كردووە، یان كام گۆڕانكاریم لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەنجام داوە، هەر بۆیە ئەگەر بە كردنی سۆران بە ئیدارەی سەربەخۆ كارێكی باشتر و گۆڕانكارییەكی ئیجابی دروست نەبووبێت، ئیدی زیادكردنی سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری گشتی و قووتكردنەوەی بینایەی تازە چ سوودێكی هەیە؟ ئەوە تەنیا دەبێتە بارگرانی بە سەر حكومەتەوە. ئەو ڕۆژە لەگەڵ جەنابی سەرۆك وەزیران لە كۆڕێك بووین، لەوێ بە جەنابیم گوت هەقە دوای ساڵێك ئێمە بانگ بكەیت و ئەدای كارەكانمان هەڵسەنگێنن، بە خۆشحاڵییەوە جەنابیان پێشنیارەكەی بە كارێكی باش زانی، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر سەرۆكی حكومەت هەڵسەنگاندنی بۆ كارەكانی من كرد و لێپرسینەوەی لەگەڵ كردم، ئەوا منیش ناچار دەبم هەم خۆم باشتر بكەم و هەم هەڵسەنگاندنی زیاتر بۆ ئەدای قایمقامەكان و بەڕێوەبەرە گشتییەكان بكەم و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكەم.

دوا قسەم لەم گفتوگۆیەدا ئەوەیە كاری باش بە بەرنامەی باش دەكرێت و مەرج نییە تۆ تیمێكی گەورەت لەبەردەستدا بێت، بەڵكو دەكرێت تۆ تیمێكی بچووكی ڕێكخراوت لەبەردەست بێت و كاری زۆر باشیش ئەنجام بدەیت.

Top