په یامی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووك- گەرمیان له (٤٧)مین ساڵیادی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخوازدا

په یامی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووك- گەرمیان له (٤٧)مین ساڵیادی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخوازدا

 

به بۆنەی چل وحەوتەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵانی گەلی کوردستان سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی سەرۆکی نەتەوەییمان ھەڵۆی بەرزەفڕ و بیر پاك و بیر تیژ و دووربینی کوردستان مستەفا بارزانی و کاکە ئیدریسی ھەمیشە لەیاد و گشت شەھیدانی کورد و کوردستان و شەھیدانی ئەنفال دادەنوێنین.
سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان
و، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵکی سەربەرزی کوردستان و ھەموو بەرپرس و کادر و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەین، کە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول بە ماویەکی کەم و زۆر پێوانەیی لە دژوارترین کاتەکاندا گیان لەسەر دەست و بە دڵێکی پڕ لە ھیوا و، باوەڕ بە خۆ و، بە گەل و بە پرسی ڕەوای گەلی کوردستان و، بە سەرکەوتن، وەستان و بەرەو ڕووی مەرگ چوون و توندوتیژییەکانی ڕژیمی دیکتاتۆری بەعسی بەغدا و پیلانی نێودەوڵەتی و ھەرێمی ، بەرامبەر بە کارە دڕندانەکانیان بە سەربەرزی و نەترسی و مەردانە و بێ سڵکردن لە مەرگ، بە باوەڕی تەواو بەخۆ و پشت ئەستوور بە ھێزی گەل وڕێبازی پیرۆزی بارزانی نەمر وەستان و، شۆڕشی گوڵانی پڕ له شکۆ بۆ ڕزگارکردنی گەل و خاکی کوردستان لە ستەم و دیکتاتۆریەت و بەدەستھێنانی مافی ڕەوای گەلی کوردستان له کوردستانی باشوور بەرپا کرد لەسەر ڕێبازی پیرۆزی بارزانی نەمر و، ووتیان «کوردستان گۆڕەپانی ڕاستەقینەی خەباتە».
بۆ ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی پارتیمان و بۆ ئەو مەبەستە لەژێر ڕێنمایی وچاودێری بارزانی نەمرو وبەسەرپەرەشتی بەڕێزان کاکە ئیدریس ھەمیشە لەیاد وجەنابی کاک مسعود بارزانی لەگەڵ ژمارەیەک کادری گیان فیدای پارتیمان سەرکردایەتیی کاتی (قیادەی مؤقەتە) دامەزرێندرا و سەرکردایەتیی کاتیش شۆڕشی گوڵانی بەرپا کرد و ئومێد و متمانه و باوەڕی بۆ گەلی سەربەرزی ستەملێکراوی کورد و کوردستان - گەڕاندەوە و بۆ کوردستانییان و گشت عێراق و دەوڵەتەکانی ھەرێمی و جیھانی سەلماند که هیچ کات ئیرادەی گەلی کوردستان ناشکێت و له خەبات و تێکۆشان کۆڵنادەن تاکو تەواوی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان بە دەست دێتن.
شۆڕشی گولان ھەستانەوەی نەتەوەیەك بوو دژی داگیرکەرانی گەل و خاکی کوردستان و شکستھێنان بوو بە پیلانەکانی داگیرکەرانی گەلی کورد و کوردستان وەکو ڕێککەوتننامەکانی گامبڵ و سایکس پیکۆ و سەعد ئاباد و ڕێککەوتننامەی شوومی جەزائر و لە ھەمان کاتیشدا ھاوڕدانەوە و وەبیرھێنانەوەی ڕێککەوتننامەی سیڤەر - یش بوو. لەو کاتە تاریك و سامناکەدا کە زۆر بە نھێنی و دڵسۆزی و ئارامی کار کار دەکرا تا گەیشتە ئەوەی لە پڕ بریسکەی بەھێز و ڕووناك و بەدەنگ لە بادینان و لە سۆران لە ناو جەرگەی کوردستانی باشوور دەنگ بداتەوەو دوژمنانی گەل وخاکی کوردستان سەرسام بکات .
بە فەرمانی ڕێزدار سەرۆکی نەتەویی کورد بارزانیی نەمر و، ڕێنمایی ھەردوو ڕێزدار کاکە ئیدریس بارزانیی ھەمیشەزیندوو و سەرۆك کاك مسعود بارزانی و ژمارەیەك لە ئەندامانی سەرکردایەتیی کاتی کە ھەم کادر و ھەم پێشمەرگەی گیان لەسەر دەستی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەی مەرگ بوون بۆ بەدەستھێنانی مافە ڕەوا داگیرکراوەکانی گەلەکەمان وگەڕانەوە بۆ سەر خاکی کوردستانی داگیرکراو بۆ زیاتر بەھێزکردنی باوەڕی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان بە خۆیان و بە ڕەوایەتیی مافەکانیان، بۆ بەدەستھێنانی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان بوو. ھەرچەندە ئەو سەردەمە کوردستان لە ناو تەمومژ و تاریکیی سامناكدا بوو، ڕۆڵە گیان لەسەر دەستانی پارتیمان ھیچ سڵێکیان لە دڕندایەتیی دیکتاتۆرەکان و بیرە شۆڤینییەکانیان و دامودزگا داپڵۆسێنەرکانیان نەدەکرد و ئاسۆی ڕووناکیان دەبینی. دەستیان بە ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی پارتیمان کرد و سنووری کاری سیاسی و چالاکیی سەربازی لە ناو کوردستانی باشوور کرایە دوو ھەرێم، بۆ گونجاندنی کاری سەربازی و سیاسی لەگەڵ بارودۆخی دژوار و لەخۆباییبوونی ڕژێمی دیکتاتۆری ئەو سەردەمە ھەرێمی (١) یەك ناوچەی بادینان - (دھۆك و موصل). بەرپرس و جێگری بەرپرسی بۆ داندرا و سەرەتا ژمارەیەك مەفرەزەی چەکداریان ڕێکخست و لەناو شارەکانیش ڕێکخستنی نھێنییان دامەزراند و لە سنووری ھەولێریش بۆیان ھەبوو کار بکەن.
ھەرێمی (٢) دوو ناوچەی سۆران (ھەولێر و کەرکووک و سلێمانی) بەرپرس و جێگری بۆ داندرا. لە ھەرێمی دوو ژمارەیەك مەفرەزەی چەکدار ڕێکخران و ڕێکخستنی نھێنیش لە ناو شارەکان و زانکۆکان دامەزرێندران و، شۆڕشی گولان، ئەو شۆڕشە گرینگەیان ھەڵگیرساند و دەستی پێکرد.
ھەر لەو سەردەمە سەخت و دژوارەدا تواندرا ئێزگەی دەنگی کوردستان بگەیەندرێتە چیاکانی ئازادکراوی کوردستان و دەس بەکار بوو.
ئەو ڕێزدارانەی کە لەبەر نسکۆی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن چووبوونە ھەندەران بەتایبەت (ئۆروپا و ئەمریکا) کاری سیاسی و دیپلۆماسییان دەکرد و ڕۆڵە دڵسۆزەکانی کوردستان کە ئاوارەی ھەندەران بووبوون ڕێکدەخستەوە.
ژمارەیەکیش چووبوونە سوریا و لەوێ خۆیان ڕێکخستبوو بۆ گەڕانەوە و بەردەوامی بە خەباتی چەکداری و سیاسی بدەن لە یەکێك لەو دوو ھەرێمە و ژمارەیەکیانیش چوونە ئۆروپا.
لێرەدا زۆر گرینگە بووترێت گەلی سەربەرزی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان ھاوکار و پاڵپشتی زۆر گرینگ بوون بۆ شۆڕشی گوڵان
بێپایان سوپاسگوزاری ڕۆڵەکانی نەتەوکەمانین لە باکور و، ڕۆژھەلات و، ڕۆژئاوای کوردستان و، لبنان و گشت سەربەرزانی ئاوارەی ھەندەران لە ئێران و تورکیا و سوریا و میسرو باکورو گشت ڕۆڵەکانی گەلی کوردستان وئۆروپا و گشت شوێنێکی جیھان.
لەم یادە پڕشکۆیەدا جارێکی دیکە سڵاو لە گیانی پاکی سەرکردەی سەربەرزی گەلی کوردستان بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی ھەمیشە زیندوو.
سڵاو بۆ شەھیدانی سەرکردایەتیی کاتی (قیادەی مؤقەتە) و گشت شەھیدان و شەھیدانی ئەنفالکراوی کورد و کوردستان.
سڵاو بۆ گشت پێشمەرگە قارەمانەکان و کادر و بەرپرسانی شۆڕشی گوڵان وئەیلول و سەرھەڵدان وشەڕی تیرۆریستانی داعش وپێشمەرگەکانی ئێستای لەکوردسانن .

سڵاو له گیانی پاکی شەهیدە سەربەرزەکانی شۆڕشی گوڵان کە بە فیداکاریی بێوێنە شکستیان بە پیلانی دوژمنانی گەلەکەمان ھێنا و ئومێدیان بۆ گشت گەلی کوردستان جێگیر کرد کە سەردەکەوین و مافەکانمان بەدەست دێنین و گەلی کوردستان خۆی فەرمانڕەوایی خۆی دەکات.
نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی شۆڕشی گوڵان و گشت شەھیدانی کورد و کوردستان.
دکتۆر کەمال کەرکووكی
بەرپرسی مەکتەبی پارێزگای کەرکووک -گەرمیان
٢٦-گولان-٢٠٢٣

Top