گوڵان .. بەرخودان و بەردەوام بوون

گوڵان .. بەرخودان و بەردەوام بوون


له‌ ئه‌ده‌بیاتی پارتی دیموكراتی كوردستان و مێژووی هاوچەرخ دا كه‌ ئه‌ده‌بیاتێكی شۆڕشگێڕی و مێژوویەکی ڕەسەن و دەوڵەمەندە ، شۆرشی 26ی گوڵانی 1976 به هەستانەوەو ‌درێژه‌ پێدەری شۆڕشی ئه‌یلوول دانراوەو هەژمار کراوە .
هه‌مدیس گوڵان مل نەدان و نەچەمانە و خۆ بەدەستەوەنەدان و بەرخودانە ، ئەو هەڵسانەوەیەیە کە شکستی بە نسکۆ هێناوە و هاوکێشەی نێو دەوڵەتی رێکكه‌وتنامه‌ی خیانه‌تكاری 6ی ئاداری 1975ی جه‌زایری نێوان سه‌دام حوسێن وشای ئێرانی ئاوەژوو کرۆوەتەوە و جیهانی بەرامبەر پرس و دۆزی بێ کەسترین نەتەوەی دونیا ڕوو زەردو شەرمەزار کردووە .
گوڵان،هەر زوو خۆرێكخستنه‌وه‌ی پارتایەتی و پێشمەرگایەتییە لە شانە و دەستەی نهێنی و ئاشکرایی جەماوەر و خەڵکی شۆڕشگێرو تێکۆشەرەو سەرەتا لە ناوچەی گەڵالەو باڵەکایەتییەوە دواتر ناوچەو شوێنی دیکەی کوردستانی تەنییەوە ،
بە رابەرایەتی و رێنمایی مستەفا بارزانی باوکی نەتەوەیی و جێبەجێکردنی یەکسەرو راسته‌و‌خۆی مەسعود بارزانی و ئیدریس بارزانی و وەک دوو ڕۆڵەی تێکۆشەڕ ی بارزانی باوک و دوو سەرکردەی فریادرەس پاشان بە ئامادەبوونی راستەوخۆیان لە نێو کۆڕی خەبات و لە نێوجەرگەی مەیدانی تێکۆشاندا بەچەشنێ ببێتە بروسکە وەڵامێ بۆ دۆست و دوژمنی ناوخۆو دەرەکی و بۆ تەواوی بەند و برگەکانی رێککەوتنە خیانەتکارییە نێودەوڵەتییەکەی جەزایر .
لە پشت پەردەی ئەم رێککەوتنەدا بەجۆرێ لەجۆرەکان ئەمریکا، یەکێتی سۆڤیەت و نەتەوەیەکگرتووەکانیش لێی ئاگادارو بەشداربوون و زلهێزەکانی دیکەی دونیاش لە وانیشەوە فەرەنساو و بەریتانیا لە بەرخاتری چاوی کاڵی بەغداو تاراندا ورتەیان
لێوە نەهات و قسەیەکی خێریان بۆ کوردی بێکەسترین نەتەوەی دونیا نەکرد . کە ده‌ڵێین 6ی ئازاری1975 ی جه‌زایر رێككه‌وتنێكی نێوده‌وڵه‌تی بوو، به‌تایبه‌تی بۆ له‌باربردنی پرسی كورد وشۆرشه‌كه‌ی رێكخرابوو ،جۆری رێككه‌وتنه‌كه‌ خۆی ئه‌و راستییه‌ ده‌سه‌لمێنێ ، له‌ نێوان دوو وڵات و نەتە‌وه‌ی وه‌ك ئێران و عێراق فارس وعه‌ره‌ب ، له‌ وڵاتی سێیه‌م جه‌زایر ، به‌ ئاگاداری هه‌ردوو بلۆكی زلهێزی ئه‌مریكی و بێده‌نگی و پێخۆش بوونی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی هاتبووه‌ سازكردن ، تائاستی ئه‌وه‌ی هه‌ردوو وڵات عێراق و ئێران بۆ له‌ناوبردنی پرسی كورد و شۆرشی ئه‌یلوول گه‌لێ سازشیان له‌سه‌ر خاك وسنووری خۆیان بە خاك و نیشتیمانی كورد بۆ یه‌كتری كرد .
ئه‌و سازشه‌ی ئه‌وساڵه‌ لە 6ی ئازاری 1975دا لە نێوان عێراق و ئێران كرا به‌ واژۆی محه‌مه‌د ره‌زا په‌هلەوی و سه‌دام حوسێنی و به‌ ئاماده‌یی وسه‌رپه‌رشتی راستەخۆی هه‌واری بۆمیدین به‌رێوه‌ چوو، واژۆیه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌ودیكۆمێنته‌ی حوكمی شۆڤینییانه‌ و سیاسه‌تی خۆسه‌پاندنه‌ به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی غه‌درلێكراو وسته‌م دیدەی بێ پشت و پەنا هەروا دیکۆمێنتێکی زلهێز و باڵادەستانەی خۆسەپاندنە ، بەسەر پرس و دۆز و خاکی نەتەوەیەکی بێ کەسی وەک کورد ، مەگەر ئەوسا وەک مستەفا بارزانی گوتەنی ( تەنیا چیاکان دۆستی بوون ) .
به‌دیوێكی دیكه‌ش له‌ ئه‌نجامی ئه‌و غه‌درو سته‌مه‌ی له‌كورد كراوه‌ ،كه‌ خۆی له‌ چاره‌سه‌رنه‌كردنی پرسه‌ مه‌زنه‌كه‌ی ده‌بینێته‌وه‌ ، له‌وساوه‌ ناوچه‌كه‌ چه‌ندین ده‌رهاویشته‌و لێككه‌وته‌ی مه‌ترسی داری به‌دوای خۆیدا هێناوه‌، نه‌ك هه‌ر بۆ عێراق و ئێران بۆ وڵاتانی كه‌نداو و ناوچه‌كه‌ش چه‌ندین شه‌ڕ و جه‌نگی مه‌زن و قه‌یران و گرژی و ناكۆكی به‌دوایی خۆیدا جێهێشتووه‌ ، بەڵکو بۆتەواوی وڵاتانی جیهان ناوچەیەکی هەڵایساوی پڕ لەگرفت و ئاریشەی سیاسیی و ئابورییە .
ناوچه‌یه‌ك ئه‌وسا له‌ ساڵی 1975 گه‌ر ته‌نیا شۆرشی كوردو پرسی كوردی تێدا هه‌ڵایساو بووبێت و مه‌به‌ستیان بوو بێت به‌ رێككه‌وتنێك دایمركێننه‌وه‌ ، وا ئێستا هه‌مان ناوچه‌ به‌چه‌ندین جه‌نگی مه‌زن و شه‌ڕو قه‌یران وگرفت و ئاستەنگ تێپه‌ڕیوه‌ و تێده‌په‌ڕێت و ته‌واوی وڵاتانی ناوچەکەو هه‌رێمه‌كه‌ به‌ قه‌یران و گرفت وگرژی و شه‌ڕهه‌ڵئاوساون وتێکقژاو وتێکئاڵاون وهیچ كامێك له‌وڵاتانه‌ ی ناوچەکە بەتایبەتیش ئێران و عێراق و وڵاتانی دەرودراوسێیان نابینرێ ، وه‌ك به‌رمێلێكی بارووتیان لێ نه‌هاتبێ و له‌ئان وساتی خۆیاندا له‌ته‌قینه‌وه‌ دانه‌بن .
26 ی گوڵان له‌رۆژانی سه‌ره‌تای ته‌مه‌نییه‌وه‌ ، له‌ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌یدا له‌ نێو ژیله‌مۆی ئه‌یلوله‌وه‌ پشکۆی گەشاوە بوو تاراپه‌رینی ئازاری 1991 ئه‌و شۆڕشه‌ بوو به‌چه‌ندین قۆناغی سه‌خت و دژواری ناوخۆو ده‌ره‌كیدا تێپه‌ڕیوه‌ ، دیارترینیان شه‌ڕی نه‌گریسی ناوخۆو هێڕش و په‌لاماره‌ پیلان بۆداڕێژراوه‌ له‌راده‌به‌ده‌ره‌كانی سوپاعێراق و حزبی به‌عس بوو،هه‌رله‌ راگوێزان و جینۆساید کردنی بارزانیانی قوشته‌په‌ و هه‌ریرو به‌حركه‌وه‌ تا بۆردومانی زێوه‌ و قۆناغه‌كانی ئه‌نفال و كیمیا باران و سوتماكردنی خاك ،هه‌موویان هه‌ر بالیسان و شێخ وەسانانەوە تا ‌گه‌رمیان و هەڵەبجەو بادینان به‌مه‌به‌ستی جینۆساید و ئەنفالكردن پیاده‌ده‌كران .
ده‌بێ بۆمێژوو بگوترێ گوڵان به‌قه‌د چیاكانی كوردستان خۆراگر ونه‌به‌رد وقاره‌مان بوو،نه‌ك هه‌رله‌به‌ر ئه‌وه‌ی خودان په‌یامی نیشتیمانی شۆرشگێڕی و قارەمانیەتی پێشمه‌رگەکانی رێبازی بارزانی بوو به‌ڵكو هۆ كاری هه‌ره‌گرنگیشی له‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبوو كه‌ په‌چه‌كرداری ئه‌و سته‌م و زوڵم و خۆسه‌پاندن و شۆڤینیه‌تی نه‌ته‌وه‌ باڵاده‌سته‌كانی جوگرافیا و مێژووی ده‌رودراوسێی كوردستان وگه‌له‌كۆمه‌كی و خیانه‌تی نێو ده‌وڵه‌تی بوو كه‌ له‌ ‌جه‌زایرله‌ 6 ی ئازاری 1975دا پیادەکرا .
کورد و کوردستان لەم سەردەمەدا به‌رامبه‌ر رۆژگاری سه‌خت و شەڕی نا به‌رامبه‌ر وهێرشی نوێترین چه‌كی كوشنده‌و قه‌ده‌غه‌ی سه‌رده‌م له‌ فرۆكه‌ی جه‌نگی و هه‌لیكۆپته‌رو جۆره‌ها رۆكێت و چه‌كی هه‌ره‌ پێشكه‌وتووی وڵاتانی دونیا نه‌ك هه‌ر نه‌چه‌مایه‌وه‌ بەڵکو بە سه‌بری ئه‌یوبی به‌رخودان و قارهمانیەتی پێشمه‌رگه‌ له‌خۆبردووه‌كان بوو شه‌و و رۆژی پڕ له‌ ئاسته‌نگیان كرده تاجی سه‌ركه‌وتنه‌كان له‌داستانی خواكوڕك وخواكوڕكیش مژده‌ی ڕاپه‌ڕینی ئازاری 1991 ی به‌دوای خۆیدا هێنا .
ئه‌مساڵ كه‌یادی چل و حەوت ساڵه‌ی هه‌ڵگیرسانی گوڵانه‌،كوردستان و شۆرش وراپه‌ڕینه‌كانی، كوردستان وپرسه‌ ڕه‌وایه‌كه‌تی له‌ مێژه‌ ئه‌زموونی قۆناغی نێو شاخ و قۆناغی شۆڕشگێڕایه‌تی خۆی به‌سه‌ركه‌وتوویی تێپه‌ڕاندووه‌ وگه‌یشتۆته‌ قۆناغی شارستانی و بونیاتنان وبه‌دامه‌زراوه‌یی كردنی كایه‌كانی ژیان كه‌خۆیان له‌حوكمڕانی ده‌وڵه‌تداری و چه‌سپاردنی سیسته‌می دیموكراتی په‌رله‌مانی و حوکمەتایەتی و خۆبه‌رێوه‌بردنی حوکڕانی سەردەمیانە ده‌بینێته‌وه‌ .
پارتی دیموكراتی كوردستان ، له‌گه‌ڵ هێزولایه‌نی ‌سیاسی نیشتیمانیی وکوردستانی هاوسه‌نگه‌ره‌كانی دوێنێ و ئەمرۆی دا له‌دوای پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و دامه‌زراندنی یه‌كه‌مین په‌رله‌مانی كوردستاندا له‌ ساڵی 1992 وه‌ سه‌ركه‌وتوانه‌ سەرکردایەتی قۆناغه‌كانی ئه‌م ئه‌زموونه‌ تازه‌یه‌ی حوكمداری كردووه‌و به‌ڕێوه‌ی ده‌بات .
لەم بارەیەوە گەر سەیری هەرێمی کوردستان لە وێنە گشتی ومەزنەکەیدا بکەین
هەولێر وەک باخچەیەکی ڕازاوەی دیموكراتی و فره‌ژیانی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینیی ده‌بینرێت له‌ ناوچه‌یه‌كە دا کەچی بەغداو تاران و ئەنقەرەو دیمەشق تەنها لە بیابانێکی وشك وبرینگی یه‌كتر قه‌بوڵ نه‌كردن دەچن و تا ئه‌و ئاسته‌ی هزری نه‌ته‌وه‌ باڵاده‌سته‌كانی ناوچه‌كه‌ ، هزری عەرەبی و و فارسی و تورکی نه‌ته‌وه‌ی دیكه‌یان پێ قبووڵ نه‌كرێت و به‌چاوی هاوڵاتی پله ‌دوو و پاشكۆ سه‌یری کورد و نەتەوەی دیکە بكەناوچەکە هەر بیابانی ووشک و برینگی خودان بەرهەم هێنەری حوشترالووک دەبێ .
ئه‌م قۆناغه‌یی ئێستای حومكداری كوردستانی باشوور ، وێرای بوونی هه‌ر سه‌رنج و تێبینی وڕه‌خنه‌ و كه‌مووكوڕی و په‌تای گه‌نده‌ڵی له‌ سێكته‌ره‌كانی كاری ده‌وڵه‌تداری دا، زۆرگرنگه‌ به‌بایه‌خه‌وه‌ وه‌ریانگرین وچاره‌سه‌ریان بكه‌ین وله‌روانگه‌و دیدی چاكسازی هه‌میشه‌یی وبه‌رده‌وام له‌ خه‌می هێنانه‌ پێشی توانای تازه‌و دروستكردنی سه‌ركرده‌ی گه‌نج دابین .
له‌م بارودۆخه‌ی ئه‌مڕۆشدا ، زۆر گرنگه‌هه‌ڵوه‌سته‌یێك بكه‌ین وبه‌راوردێكی دوێنی له‌گه‌ڵ ئه‌مڕۆدا بكه‌ین و له‌وه‌ ش وردبینه‌وه‌ كه‌ كوردستان له‌ سه‌رده‌می خه‌بات و تێكۆشانی شۆڕشی گوڵان دا به‌چه‌ندین قۆناغ دا گوزه‌ری كردوه‌ ، رابه‌رو سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی به‌ ئاگا و وشیاریی و به‌لێزانی و كارامه‌ییه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌ستیارترین جومگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردستانی كردووه‌و له‌پاڵ كاره‌ مه‌زنه‌كانی دا ، په‌تای شه‌ڕی نه‌گریسی ناوخۆی بنبڕكردوه‌و به‌ ووشیارییه‌وه‌ سه‌یری هه‌موو ئه‌و پلانگێڕییانه‌ی كردووه‌ و هاوكێشه‌كانی پیلانگێڕانی ئاواژوو كردۆته‌وه‌ و بۆ چه‌ندین
جاریش بۆتە فریادرەس و ئەزموونی حوکومەتمەداری و سیستەمی پەرلەمانی له‌لێواری له‌ناوچووندا رزگاركردوه‌و گوڕوتینێکی دیکەی بەجۆشتری بەخشیوەتە ژیانی سیاسی و دیموکراتی هەرێمی کوردستان .
ئاخر، له‌قۆناغه‌ جیاجیاكانی گوڵان دا كه‌ دوژمنان و پیلانگێڕان هه‌ر سه‌رۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستانیان به‌ ئامانج گرتبوو و گرتووه‌ ، مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌ بووه‌ کوردستان بەئامانجی كۆتایی و سه‌رفرازی خۆی نه‌گات ولە بەرامبەر پرس و دۆزه نیشتیمانییه‌ ره‌وایه‌ كه‌شی بێ هیواو بێهێزبێ یا بپووكێته‌وه‌و له‌ڕه‌گ و ریشه‌وه‌، پرسێک نەمێنێ بەناوی دۆزی نیشتیمانی نەتەوەی .
باشترین به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌م بۆ چوونه‌ له‌ ناوخۆدا شه‌ڕی داسه‌پاوی داعش و پاشان گه‌له‌كۆمه‌كی وئه‌و پیلانگێڕییانه‌ بوو له‌دوای پرۆسه‌ی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان رووبه‌ڕوومان بوویه‌وه‌ و ئێستایش بەدەستییەوە دەناڵێنین .
گرنگە ئێستا هەموو حزب و لایەنەسیاسییەکانی کوردستان چاویان لە ئایندەیەکی گەشتر بێ و لەیەکتری بە هەنجەت نەبن و بڕوبیانوو بۆ یەکتری بەداوێ وەنەکەن وکوردستان و وێنە گشتییەکەی ، پێشکەوتنی بەردەوام و پێکەوە ژیانی سەرفرازانە و گەیشتنە ئامانج و مەبەست هەمیشە داواکاری نیشتیمانی نەتەوەیییمان بێ .
هەولێر 25-5-2023

Top