پ.د. عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك: تەنیا لە ماوەی 3 ساڵدا 684 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 624 ملیار دینار لە پارێزگای دهۆك جێبەجێ كراون

پ.د. عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك:  تەنیا لە ماوەی 3 ساڵدا 684 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 624 ملیار دینار لە پارێزگای دهۆك جێبەجێ كراون

 

 

‎بەڕێز پ.د.عەلی تەتەر لە ساڵی 1979وە ئەندامی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان بووە و لە كۆنگرەی 13ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 2010 هەڵبژێردراوە بۆ ئەندامی سەركردایەتی و لە ساڵی 2022ش لە كۆنگرەی چواردەیەمدا جارێكی دیكە بۆ ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی هەڵبژێردراوەتەوە، لە بواری ئەكادیمییش دكتۆرای لە بەشی مێژووی زانكۆی دهۆك وەرگرتووە و لە ساڵی 2018 پلەی پڕۆفیسۆری لە مێژوو وەرگرتووە و، خاوەنی چەندین توێژینەوە ئەكادیمییە لە بواری مێژوویی و سیاسی و خاوەنی 16 كتێبیشە لەم بوارەدا، چەندین بەپرسیاریەتیی دیكەشی وەرگرتووە وەك بەرپرسی لقەكانی (10، 8)ی پارتی دیموكراتی كوردستان و ماوەی 3 ساڵیشە پارێزگاری دهۆكە و لەم گفتوگۆیە جیا لەوەی كار و پڕۆژەكانی ئەم 3 ساڵەی پارێزگای دهۆك و بەشێكی زاخۆ پێش ئەوەی ببیتە ئیدارەی سەربەخۆ خستە ڕوو لە هەمان كاتدا ئاوڕێكی گرنگی لە ڕابردوو دایەوە و ئاماژەشی بەو پڕۆژانەش كرد كە لەدوای سەرهەڵدانەوە لە پارێزگای دهۆك ئەنجام دراون. سەبارەت بە تەوەری ئەم جارەی بازنەی گفتوگۆش بەم جۆرە را بۆچوونەكانی خستە ڕوو.

 

‎دەستخۆشی لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن دەكەین كە دەرفەتی بۆ ئەم گفتۆگۆیە ڕێكخست و، بە دیداری هەموو ئەو برا بەڕێزانە شاد بووین. سەرەتا لەو ڕاپرسییەوە دەست پێ دەكەم كە بۆ ئەم گفتوگۆیە ئامادەتان كردووە، پێش هەموو شت دەبێت گلەیی و گازندەی خەڵك بە هەند وەربگرین و ڕای خەڵك زۆر گرنگە، ئەوجا ئەگەر وەك كاك ئومێد خۆشناویش ئاماژەی پێ كرد، بە تەواوەتی ڕەنگدانەوەی واقیعی حاڵیش نەبێت، من تا ڕاددەیەك لەگەڵ ئەو بۆچوونەشم كە خەڵكی ئێمە دەقی بەوەوە گرتووە كە چووە بەردەمی مایك حەز دەكات ڕەخنە بگرێت، بەڵام من لەم گفتوگۆیە حەزدەكەم، كۆمەڵێك زانیاری و داتا سەبارەت بە كار و پڕۆژەكانی پارێزگای دهۆك بخەمە ڕوو:

‎- سەبارەت بە ڕێگا و بانەكان:

‎تەنیا لە ماوەی ئەم سێ ساڵەی من پارێزگاری دهۆكم (815) كیلۆمەتر ڕێگە و ئۆتۆبان دروست كراون و قیرتاو كراون.

‎1- ڕێگەی دووسایدی نێوان هەولێر، دهۆك، زاخۆ تەواو بووە.

‎2- ڕێگەیەكی 46 كیلۆمەتری لە قەزای خەباتەوە بۆ ڕۆڤیا تەواو كراوە.

‎3- بە تەنیا لە ناو شاری دهۆك 55 كیلۆمەتر شەقام قیرتاو كراوە.

‎4- زۆربەی گەڕەكانی شاری دهۆك هەموویان قیرتاو كراون

‎5151000 مەتر ڕێگە لە ناو قەزا و ناحیەكاندا قیرتاو كراون.

‎- سەبارەت بە پڕۆژەكان:

‎تەنیا لە ماوەی 3 ساڵدا 684 پڕۆژە بە بڕی زیاتر لە 624 ملیار دینار لە پارێزگای دهۆك جێبەجێ كراون، بەمجۆرە:

‎1- - لە ساڵی 2020 كە پەتای كۆرۆنا بڵاو بووەوە و ئێمە وەك پارێزگای دهۆك زۆر بە سەركەوتوویی بە سەریدا زاڵ بووین، 147 پڕۆژە بە بڕی زیاتر لە 356 ملیار دینار ئەنجام دراون و هەر لەو ساڵە 143 پڕۆژەیان تەواو بووە و 3 پڕۆژەشیان كاری تێدا دەكرێت.

‎2- لە ساڵی 2021، ژمارەی پڕۆژەكانمان 129 پڕۆژە بوون، بە بڕی زیاتر لە 90 ملیار دینار ئەنجام دراون و هەر لەو ساڵە 128یان تەواو بوون و یەك پڕۆژە ماوە كە كاری تێدا دەكرێت.

‎3- لە ساڵی 2022 ژمارەی پڕۆژەكانمان 408 پڕۆژە بوون، بە بڕی زیاتر 181 ملیار دینار هەر لەو ساڵە 44 یان تەواو بوون و 358یش كاریان تێدا دەكرێت.

‎- سەبارەت بە دابەشكردنی پڕۆژەكان:

‎ئەو 624 پڕۆژەی لە ماوەی ئەم 3 ساڵە ئەنجام دراون، بەم جۆرە بەسەر قەزاكانی پارێزگای دهۆك دابەش كراون:

‎1- قەزای دهۆك 147 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 163 ملیار دینار.

- قەزای ئامێدی 192 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 134 ملیار دینار.

‎3- قەزای شێخان 96 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 26 ملیار دینار.

‎4- قەزای ئاكرێ 57 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 39 ملیار دینار.

‎5- قەزای زاخۆ (پێش بوونی بە ئیدارەی سەربەخۆ) 54 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 65 ملیار دینار.

‎6- قەزای سێمێل 69 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 29 ملیار دینار.

‎7- قەزای بەردەڕەش 69 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 169 ملیار دینار.

‎ئەم پڕۆژانە تەواوی ئەو سێكتەرە جیاوازانە دەگرێتەوە كە ڕاستەوخۆ خزمەتگوزاریی هەمەجۆر پێشكەشی هاووڵاتیان دەكەن.

‎- پڕۆژەكانی بواری گەیاندنی كارەبا:

‎ئەم پڕۆژانە بەشێكیان وەزارەتی كارەبا و بەشێكی یونیسێف و دەوڵەتی ژاپۆن ئەنجامی داون كە بەم جۆرە بوون:

‎1- گەیاندنی تۆڕی كارەبای نیشتمانی بۆ 50 گوند.

‎2- نۆژەنكردنەوەی سەرجەم تۆڕەكانی سەنتەری قەزا و ناحیەكانی پارێزگای دهۆك.

‎3- دانانی وێستگەی كارەبای مۆبایل لە شیلادزێ.

‎4- دروستكردنی وێستگەی سۆلار سیستم 2 میگا لە زانكۆی دهۆك.

‎5- پڕۆژەی كارەبای هایدرۆ پاوەری بەنداوی دێرە لوك.

‎- سەبارەت بە پڕۆژەكانی كەرتی پەروەردە:

‎بایەخێكی تەواو بە كەرتی پەروەردە دراوە و هەر لەم سێ ساڵە 22 قوتابخانەی (12 و 8) پۆلی دروست كراون و هەموو قوتابخانەكانی دیكەش نۆژەن كراونەتەوە.

‎لە بوارەكانی دیكەش ئێستا نەخۆشخانەیەكی گەورە لە ئامێدی دروست دەكرێت و ڕێژەی 60-70% كارەكانی تەواو بووە، بەشێك لە نەخۆشخانەی دهۆك بە هاوكاریی دەوڵەتی ئەڵمانیا نۆژەن كراوەتەوە و بڕی 50 ملیار دیناری تێچووە و كارەكانی تەواو كراون، سەبارەت بە دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ شار و قەزا و ناحیەكان، دەتوانم بڵێم ئێستا بە ئاستی ستاندەری جیهانی و زیاتریش (دهۆك، ئامێدی، ئاكرێ، بەردەڕەش، شێخان، زاخۆ، سێمیل) كێشەی دابینكردنی ئاوی خواردنەوەیان نییە، تەنانەت لە ناحیە و گوندەكانیش كێشەی ئاوی خواردنەوەیان نییە، تەنانەت ئەگەر گوندێكیش بە هۆی كێشەی وشكە ساڵییەوە كێشەی ئاوی خواردنەوەی هەبێت، بە تانكەر ئاوی خواردنەوەی پاكمان بۆ دابین كردوون.

‎- لێرەدا دەمەوێت ئەو وەرچەرخان و گۆڕانكارییانە ئاماژە پێ بكەم كە لە دوای سەرهەڵدانەوە هەتا ئێستا لە هەموو سێكتەرە جیاوازەكانی پارێزگاری دهۆك هاتوونەتە ئاراوە، ئەمەش وەك ئاماژەیەك كە كار و پڕۆژەكان هەر ئەم سێ ساڵە نەبوون و پێش ئێمەش كاری و پڕۆژەی زۆر باش كراون:

‎1- پێش سەرهەڵدان ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای دهۆك 293 هەزار كەس و 4 قەزا و 12 ناحیە بووە، ئێستا ژمارەی دانیشتووان 1.638.612 كەسە و 8 قەزا و 24 ناحیەیە.

‎2- پێش سەرهەڵدان زانكۆ لە دهۆك نەبوو، ئێستا شەش زانكۆمان هەیە.

‎3- تەنیا 2 پەیمانگا لە دهۆك هەبوو ئێستا 26 پەیمانگامان هەیە.

‎4- تەنیا 291 گوند ئاوەدان بوون، ئێستا 914 گوند ئاوەدانن.

‎5- تەنیا 212 قوتابخانە هەبوو ئێستا 1727 قوتابخانەمان هەیە.

‎6- شوێنی ئایینی 400 بوون ئێستا بوونەتە 1588 شوێن.

‎7- تەنیا 6 باخچەی ساوایان هەبوو، ئێستا 79.

‎8- تەنیا 3 نەخۆشخانە هەبوو، ئێستا 15.

‎9- تەنیا 6621 مامۆستا هەبوو ئێستا 29887.

‎10- تەنیا 43 بنكەی تەندروستی هەبوو ئێستا 171

‎11- پێش سەرهەڵدان ویستگەی گۆڕینی كارەبای «KV132»مان نەبوو، ئێستا 27 وێستگەمان هەیە.

‎12- وێستگەی گۆڕینی كارەبای «KV33» نەبوو، ئێستا 44 وێستگەمان هەیە.

13- ڕێژەی بەرهەمهینانی ئاوی خواردنەوە تەنیا 90.030.000مەتر سێجا بوو لە ساڵێكدا، ئێستا گەیشتووەتە 242.550.000 مەتر سێجا لە ساڵێكدا.

‎14- پێش سەرهەڵدان هیچ ڕووبەرێكی باخچە و سەوزایی نەبوو، ئێستا ڕووبەری 409.400 هەزار مەتر دووجا باخچە و سەوزاییمان هەیە.

‎ئەم ئامار و داتایانەم بۆیە خستە ڕوو، بۆ ئەوەی بزانین كە كاری زۆر باش كراون و هەر نابێت بڵێین هیچ نەكراوە. لێرەدا بەسەرهاتێك باس دەكەم. ماوەیەك پێش ئێستا سەردانی بەردەڕەشمان كرد بۆ بەسەركردنەوەی پڕۆژەكان، هاووڵاتیەك هاتە لام و گوتی: هیچ پڕۆژەیەك بۆ بەردەڕەش نەكراوە. منیش بە داتا و ئامار هەموو ئەو پڕۆژانەم بۆ خوێندەوە كە تەنیا لە بەردەڕەش ئەنجام درابوون كە بایی 50 ملیار دینار بوو، بەڵام ڕۆژێكی دیكە بەردی بناغەی قوتابخانەیەكی سەرەتاییمان دادەنا، كچێكی تەمەن 8 ساڵ هاتە لام و پێی گوتم: «زۆر سوپاست دەكەین كە ئەم قوتابخانەیەمان بۆ دروست دەكەن، بەڵام هیودارین ئەم كۆڵانەشمان بۆ قیرتاو بكەن.. خۆزگە هەموو كەس وەك ئەم كچە منداڵە داواكاری دەبوو، هەم دروستكردنی قوتابخانەكە دەبینێت، هەمیش داوای قیرتاوكردنی كۆڵانەكەشی كرد، بە ڕاستی ئەمە داواكارییەكی جوانە و ئەگەر ڕەخنەش بێت، ڕەخنەیەكی بونیادنەر و جوانە. ‎بەڵام وێڕای هەموو سەرنجێك كە لەسەر ڕاپرسییەكە دەبینرێت، بەڵام دووپاتی دەكەمەوە، ڕای خەڵك زۆر گرنگە و دەبێت بە هەند وەربگیرێت، لە هەمان كاتدا دەبێت میدیاش ڕۆڵی خۆی زیاتر بگێڕێت و هەوڵ بدات كەلتووری بینینی هەردوو لایەنی باش و خراپ پیشانی هاووڵاتیان بدات، هەروەها نابێت میدیاش تەنیا لایەنە نەرێنییەكان و كەموكورتییەكان ببینیت، دەبێت بایەخ بەو لایەنە ئەرێنییانەش بدات كە بەشێكە لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی وڵاتەكەی خۆی، ئەگەر میدیا ئەم هاوسەنگییە ڕابگرێت، ئەوا هاووڵاتی دەبینێت كە هەم كاری باش دەكرێت و هەمیش ئەو كەموكورتییانەی كە ماون، دەبێت هەوڵیان بۆ بدرێت، چارەسەر بكرێن.

‎لە كوتاییدا سوپاسی جەنابی سەرۆكی حكومەت بەڕێز مەسرور بارزانی دەكەم، كە هەمیشە جەنابیان دەستپێشخەر و هاندەرمان بووە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و نەهێشتنی ڕۆتین و بێ جیاوازی خزمەتكردنی هەموو ناوچە و چین و توێژەكان.

Top