ڕاهێنەر لە هەمووان باشتر دەزانێ تیپەكە چۆن لە یارییەكان سەركەوتوو دەبێ

ڕاهێنەر لە هەمووان باشتر دەزانێ تیپەكە چۆن لە یارییەكان سەركەوتوو دەبێ

هەنگاو محەمەد یاریزانی هێلی بەرگری یانەی هەولێر
تیپی تۆپێی یانەی وەرزشیی هەولێر ئەم وەرزە لە قۆناغی یەكەمی خولی نایابی یانەكانی عێراقی ئاست و ئەنجامی وەكو پێویست نەبووە لە خولەكە، لە قۆناغی دووم بە ئامانجی باشتر كردنی ریزی پێكهاتەی یانەكەی و بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە لە یارییەكانی قۆناغی دووەم گرێبەستی لەگەڵ چەندین یاریزانی بەتوانا مۆركرد، یەكێك لە یاریزانە بەتواناكانی شاری هەولێریش هەنگاو محەمەدی یاریزانی لاوی شارەكەیە كە ئەو لەگەڵ یانەی دهۆك خاوەن ئاستێكی بەرز بوو و ڕۆڵی گرنگی بینی لە سەرخستنی یانەی دهۆك بۆ خولی نایابی كوردستان، ئێستاش هەنگاو بەرگری لە درێسی یانەی هەولێردەكات لە خولی نایابی عێراقی ، هەنگاومحەمەد لە دایك بووی ساڵی 1997ی شاری هەولێرە و پێشووتر یاری بۆ یانەكانی هەندرێن و دهۆك كردیە، دەرچووی پەیمانگەی وەرزشیی هەولێرە ، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان لێ‌ كرد ئەوەیش بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە:كارزان كانەبی
*ئێستا بارودۆخی یانەی هەولێر چۆنە؟
-لە ئێستادا یانەی هەولێر بە بارودۆخێكی زۆر باش تێدەپەری.
* ماوەیەكە هاندەران ناتبینن لە پێكهاتەی سەرەكی یانەكە هۆكاری چییە؟
- ڕاستە لە پێكهاتەی سەرەكی نیمە، بەڵام ئەوە ڕاهێنەرە خۆی دەزانێت لە چ بارودۆخێك منی پێویستە بۆ یاری كردن و چ كاتێكیش منی پێویست نابێت بۆ یاری كردن.
*كێشەت لەگەڵ ڕاهێنەر هەیە یان كێشەكە هونەرییە؟
-نا من هیچ كێشەیەكم نییە، ڕاهێنەر لە هەمووان باشتر دەزانێ تیپەكە چۆن لە یارییەكان سەركەوتوو دەبێ ئەو ستایلە یاری پێ دەكات.
*پێش بینی چی دەكەی بۆ ئەنجامی یانەكەتان لەم یارییانەی ماوتانە؟
-پێش بینی دەكەم سەركەوینە پلەكانی پێشەوە زیاتر.
*گرفتان چییە لە ئێستادا؟
-هەندێ: گرفتی پارەمان هەیە، پەنا بەخوای گەورە بەلێنیان داوە چارەسەری بكەن.
*ئەمساڵ ئاستت بەرز بوو لەگەڵ یانەی دهۆك، بەڵام لە ناكاو بڕیاری رۆیشتنت دا هۆكاری چی بوو؟
- من زۆر ئاسودە بووم لەگەڵ یانەی دهۆك، بەڵام ڕاهێنەر ڕاستگۆ نەبوو لەگەڵم دەتوانم بلێم ئەو هۆكار بوو من و یانەی دهۆك لێك جیا بینەوە.
* هۆكارێكی باش بووی بۆ سەرخستنی یانەی دهۆك بۆ خولی نایاب، ئەوان رێزی ئەو ماندوو بوونەی تۆیان نەگرت؟
-بەلێ ڕاستە من وەكو كوڕی ئەو شارە وابووم، زۆر سوپاسی هاندەرانی یانەی دهۆك و خەڵكی دهۆك دەكەم زۆر پاڵپشتی من بوون، بەڵام من نازانم تاكو ئەو كاتەش كێشەی ڕاهێنەر لەگەڵ من چی بوو، چونكە دوو ڕۆژ پێش كۆتایی هاتنی وادەی گواستنەوە ئەوكات بەمنی گوت تۆم ناوێت.
*نیازی ئەوەت نییە ڕوو لە یانەكانی ناوەڕاست و باشووی عێراق بكەی؟
-من گرێبەستم بۆ هاتووە، دەمتوانی بچم بۆ یانەكانی باشوری عێراق، بەڵام یانەی دهۆك ئەو كاتەی بۆ من نەهێشتەوە تا بتوانم لەگەڵ یانەیەك رێك بكەوم بچم یاری بۆ ئەو یانەیە بكەم.
*بیری خولی كوردستان ناكەی؟
-بەلێ زۆر بیری دەكەم، بەڵام یاریزان دەبێ بەرەووپێش بچێت، نەك بۆ دواوە بگەرێتەوە.
*خۆت بە قەرزاری كێ دەزانیت؟
- باوكم دواتر ئەو كەسانەی بە وشەیەكیش بێ پشتگیریان كردووم.
* ژمارەیەكی زۆر هاندەرت هەیە لێرەوە چیان پێ دەلێ؟
- چاوی هەر هەمووان ماچ دەكەم كەوا بەردەوام پاڵپشتی من دەكەن.
*هەوڵی گەیشتن بە هەڵبژاردەی عێراق نادەی؟
-هەموو یاریزانێكی گەیشتنی بە هەڵبژاردەی عێراق هەیە، بەڵام كورد بوون تۆزێك سەختە هەتا دەگەیتە هەڵبژاردەی عێراق.
* لە كۆتایدا دەتەوێت چی بلێ؟
-سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكەم كە بۆتە میمبەرێكی باش بۆ گەیاندنی دەنگی وەرزشكاران، سوپاس بۆ سەرجەم وەرزشكارانی كوردستان

 

Top