دكتۆر هەڤاڵ سدیق ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتیی هەڵسەنگاندن و مۆڵەتدان لە دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان بۆ گوڵان: بەم نزیكانە ناوی ئەو كەسانە ڕادەگەیەندرێت كە سوودمەند نەبوون و یەكەكانی نیشتەجێبوونی كرێچی و كەمدەرامەت دەیانگرێتەوە
یەكێك لە دەستكەوتەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دروستكردنی 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكی كەمدەرامەت و كرێنشینان بوو، بۆ بەدواداچوون لەسەر دوایین پرۆسەی دروستكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون و شێوازی ڕاگەیاندن و دابەشكردنەكە، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ دكتۆر هەڤاڵ سدیق ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتیی هەڵسەنگاندن و مۆڵەتدان لە دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان ئەنجام دا.
* سەرەتا پێش ئەوەی پرسیاری پرۆسەی یەكەكانی نیشتەجێبوون بۆ كرێنشینان بكەین، دەمانەوێت بپرسین بەو پێیەی دەستەكەتان گرنگییەكی زۆری بە فرەچەشنكردنی ئابووری داوە، ئایا ئەمە كاریگەریی لەسەر كەمبوونەوەی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون هەبووە؟
- بەپێی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پلان و بەرنامەی دەستەی وەبەرهێنان، گرنگییەكی زۆرمان داوە بە وەبەرهێنان لە سێكتەرەكانی (پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتیاری...)، لەمەشدا دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان سەركەوتوو بووە، بەوەی فرەچەشنكردنی ئابووری لە وەبەرهێناندا دروست بكەین و بە سەدان پڕۆژە و هەلی وەبەرهێنان لەم سێكتەرانەدا بەدەست هاتوون، لەگەڵ ئەمەشدا پڕۆژەكانی نیشتەجێبوونیش كە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی خەڵك و بەدەستهێنانی هەلی كار و هەڵسووڕاندنی چەندین پیشەسازی و پیشەوەرەوە هەیە، هێشتا لە ڕیزبەندی پێشەوەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان دێت، ئەمەش لەو ڕوانگەیەوە هاتووە كەوا پڕۆژەكانی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون پرۆسەیەكی گرنگی وەبەرهێنانە لە هەرێمی كوردستان و پەیوەندییان بە ژیان و گوزەرانی خەڵكەوە هەیە و سەدان هەلی كاریشی بەگەڕ خستووە، بۆ زۆر لە كاری پیشەوەران و تەنانەت ساخكردنەوەی بەرهەمی كارگەكانیش پێویستە، دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان توانیویەتی 200 مۆڵەتی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان بە سەرمایەی نزیكەی 19 ملیار دۆلار بدات، كە پارێزگای هەولێر 98 یەكە و پارێزگای سلێمانی 46 و پارێزگای دهۆك 35 و پارێزگای هەڵەبجە و یەكە ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و سۆران و ڕاپەرین و زاخۆش چەندین یەكەی نیشتەجێبوونیان لێ دروست كراون. لە ئێستادا بە شێوەیەكی كاتی بۆ پێداچوونەوە بە ستراتیژیەتی دروستكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون مۆڵەتدانمان ڕاگرتووە.
* مەبەستتان لە پێداچوونەوە بە ستراتیژییەتی یەكەكانی نیشتەجێبوون چییە؟ ئایا دەستەی وەبەرهێنان مەرج و ڕێنمایی نوێی بۆ پێدانی مۆڵەت بە یەكەكانی نیشتەجێبوون دەركردووە؟
- لە ئێستادا لە گفتوگۆ و دیراسەتكردنین بۆ پێداچوونەوە بە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون و دانانی ستراتیژیەتێك بۆ جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژانە، واتا لە ڕووی كوالێتی و دیراسەی كەڵكی ئابووری و نرخەوە سەرقاڵی پێداچوونەوەین، بۆ ئەم مەبەستە سەرەتا هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان دەكەین كە ئەم پڕۆژانە بەپێی پلاندانان بێت و ڕەچاوی ژمارەی دانیشتووان و پێشبینیی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و چەندین فاكتەری دیكە دەكەین، دواتر ڕێنمایی نوێ دەردەچێت و پێداچوونەوە بە كۆدی بیناسازیدا دەكەین و كوالێتیی بینا بەرزەكان بەهێزتر دەكرێت، ئێمە ناڵێین ئەو بینایانەی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون كە دروست كراون لە ڕووی كوالێتی و باشییەوە كەموكورتی هەیە، سوپاس بۆ خودا تاكو ئێستا لەم ڕووەوە هیچ كێشەیەكمان نییە، بەڵام هەموو ئەگەرەكان لە ڕووی كوالێتیی ئەندازیاری و بەهێزیی خۆڕاگریی بینا بەرزەكانەوە ڕەچاو دەكەین، هاوكات لە ئێستادا لەگەڵ زۆر لەو پڕۆژانەی نیشتەجێبوون كە دروست دەكرێن لە گفتوگۆداین كە بە مۆدێرنتر و دیزاینی پێشكەوتوو دروست بكرێن و هەموو سەلامەتییەكی بۆ ئاگركەوتنەوە و بوومەلەرزەی بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكانی بێت، بۆ بەرهەمهێنانی كارەباش پڕۆژەی وزەی خۆر بەكاربهێنن و ڕاكێشانی گازەكەش لە ڕێگەی كۆمپانیای بەناوبانگ و باوەڕپێكراوەوە بێت و زەمانەتی كارەكە لەئەستۆ بگرێت.
* دروستكردنی 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكی كەمدەرامەت و كرێنشین بڕیارێكی گرنگ بوو، ئایا ئەم پرۆسە گرنگە بە كوێ گەیشتووە؟
- لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا دروستكردنی 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لەسەر بڕیاری ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ خەڵكی كەمدەرامەت و كرێنشینان بوو، ئەمەش بۆ خەڵكی كەمدەرامەت و كرێنشینان گرنگە بەو پێیەی ئەم پڕۆژەیە قیستەكانی درێژخایەنە و كاریگەریی و بارگرانی لەسەر كرێنشینان و خەڵكی كەمدەرامەت نابێت و، وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی حكومەتیش پاڵپشتییەكی باشی ئەم پڕۆژەیە دەكەن و خزمەتگوزارییەكانی كارەبا و ئاو و ئاوەڕۆ و شەقام و قوتابخانەی بۆ دابین دەكەن.
لە ئێستادا دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان دەسەڵاتەكانمان داوە بە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی وەبەرهێنان لە پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان، ئەوان بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاكان و شارەوانییەكان بۆ دابینكردنی زەویی گونجاو لە شوێنێكی زۆر باش كە خزمەتگوزاریی تەواوی لێ بێت، كاری لەسەر دەكەن، هەروەها گفتوگۆ و دانوستاندن دەكەن لەگەڵ وەبەرهێنەكان بۆ ئەوەی بە كوالێتیی باش و نرخێكی هەرزان دروستی بكەن، هەر مەترێك لە نێوان 300 دۆلار تاكو 350 دۆلار دەبێت، ئێستا لەگەڵ بانكەكان دانوستاندن بەردەوامە تاوەكو بانك هاوكاریی هاووڵاتی بكات و بە قیستێكی كەم و درێژخایەن بتوانێت ئەو قەرزە بدات. لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەردی بناغەی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی كرێنشینان و كەمدەرامەت دانراوە و لە هەندێك قەزا و ناحیە زەوی دابین كراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی لە دووریی شارە ئێمە ڕازی نەبووین، چونكە خەڵكی كەمدەرامەت بە هۆی دووریی زەوییەكەوە ڕەنگە سوودی لێ وەرنەگرێت، ئێمە هەموو هەوڵمان بۆ ئەوەیە زەوییەكان نزیكی سەنتەری شار و قەزاكان بێت، لەمەشدا دەتوانین بارگرانی كەم بكەینەوە لەسەر وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بۆ دروستكردنی قوتابخانە و بنكەی تەندروستی و ڕاكێشانی كارەبا و ئاوی خواردنەوە، لە ئێستادا كارەكان سەرپەرشتییەكی مەركەزی دەكرێت و هەرچی ڕۆتین و ئاستەنگ هەیە لە بەردەم جێبەجێكردنی پڕۆژەكە، بە خێرایی هەڵدەگیرێت.
* پێت وانییە دەستپێكردنی پڕۆژەكان زۆری خایاندووە؟ ئایا هیچ كێشە و گرفتێك هاتووەتە بەردەم جێبەجێكردنی پڕۆژەی دروستكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون؟
- ڕەنگە بە هۆی پێداگریمان بەوەی یەكەكانی نیشتەجێبوون بكەونە نزیك سەنتەری شار و قەزاكان و بۆ دیاریكردنی زەوییش كەمێك دواكەوتووین، بەڵام هەمووان دڵنیا دەكەینەوە كە پڕۆژەكە زوو دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، سەبارەت بە ژمارەی یەكەكانی نیشتەجێبوون، ئەوا بەپێی چڕی و زۆرترین ڕێژەی دانیشتووانی ئەو پارێزگا و یەكە ئیدارییە سەربەخۆ و قەزایە دەبێت، بەڵام پارێزگای هەولێریش قەزای هەیە و یەكەكانی نیشتەجێبوون بەپێی ژمارەی دانیشتووانەكان بەسەر ئەو یەكە ئیداریی و قەزایانەدا دابەش دەكرێن.
* ئایا پرۆسەی پڕكردنەوەی فۆرم بە ئۆنلاین و بەدواداچوونی ناوەكان و بڵاوكردنەوەی تەواو بووە؟
- سەرەتا دەمەوێت جەخت لەسەر ئەو خاڵە بكەمەوە، كە نابێت ئەو كەسەی فۆرمەكەی پڕ كردووەتەوە، سوودمەند بووبێت لە زەوی، خانوو، شوقە و قەرزی یەكەكانی نیشتەجێبوون و، نابێت هیچ موڵكێكی بە ناوەوە بێت، مەبەستمان لە خانوویەك ئەوەیە كە خانووەكە مینحەی حكومەتی تێدا نەبێت، لە هەر پارێزگایەك بێت، لەبەر ئەوەی ئەم پرۆسەیە ڕێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕاستەوخۆ چاودێری و بەدواداچوونی بۆ دەكات، بۆیە ڕێگە نادرێت سوودمەند ئەم یەكانە وەربگرێت و تەنانەت ئەگەر خوانەخواستە حاڵەتێكی وا هەبێت، لە دوای ڕاگەیاندنی ناوەكەشی لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكرێت و لێی وەردەگیرێتەوە، هەر كەسێك لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سوودمەند حیساب بكرێت لە زەوی و پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون و شوقەیەكدا، یان موڵكێكی بەناوەوە بێت، ڕێگە نادەین سوودمەند بێت لەم پڕۆژەیە و، یەكە ئیدارییەكان زۆر جددیین لەسەر دیاریكردنی ناوەكان و بوار بە فرت و فێڵكردن نادەن، بەتایبەتی كە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر تەئكیدی لەوە كردووەتەوە كە نابێت كەسی سوودمەند جارێكی دیكەش سوودمەند بێت، بە میكانیزمێكی ورد و چاودێرییەكی توند پێداچوونەوە بە ناوی ئەو كەسانەدا دەكرێت، كە فۆرمەكانیان پڕ كردووەتەوە.
پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان ڕێنمایی توندیان لەم ڕووەوە جێبەجێ كردووە و لە فەرمانگەكانی تاپۆ و شارەوانی بەدواداچوونیان بۆ سەرجەم ناوەكان دەست پێ كردووە، تاوەكو كەسێك سوودمەند بووبێت، تەنانەت لە قەرزی عەقاریش ڕێگەی پێ نادرێت ناوەكەی بە واسیتە تێپەڕێنرێت، ئەم دواكەوتنەی ڕاگەیاندنەش بۆ ئەو پێداچوونەوە وردە دەگەڕێتەوە كە سەرجەم بەڕێوەبەریەتی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی وەكو تاپۆ و شارەوانیی تێدایە و هەموو سوودمەندەكان دەرهێنراون.
* حەز دەكەین باسی دیزاین و كوالێتیی یەكەكانی ئەم پڕۆژەیەمان بۆ بكەیت، بەتایبەتی جیاوازی لەنێوان شوقەیەك كە كەسەكە هاوسەگیری كردبێت، لەگەڵ كەسێكدا هێشتا ژنی نەهێناوە؟
- ئەم یەكانەی نیشتەجێبوون بە كوالێتیی باش و دیزاینێكی ڕێكوپێك دروست دەكرێن كە توانای خۆڕاگری بوومەلەرزەیان هەبێت، لە دانوستانەكانمان لەگەڵ كۆمپانیاكان زۆر تەئكیدمان لەسەر ئەم خاڵە كردووەتەوە، بڕیاری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە ئەو پرۆژانە بدرێتە خەڵكی وەبەرهێنی ڕاستەقینە و بەتوانا كە توانای دارایی باشیان هەبێت، شوقەكانیش بۆ كەسی سەڵت 80 مەترە و بۆ خێزاندار 120 مەترە.
* هەر سەبارەت بە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون وەكو ئاشكرایە ژمارەیەك یەكەی نيشتەجێبوون گرفت و كێشەی تێكەوتووە، یان خاوەنەكەی تووشی مایەپووچی بووەتەوە، لەمەشدا كەسانێكی زۆر زیانی داراییان بەر كەوتووە، دەستەی وەبەرهێنان تاچەند توانیویەتی ئەم گرفت و كێشانە چارەسەر بكات؟
- دەستەی وەبەرهێنان كاری جددی كردووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ئەو ژمارە كەمەی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون، ئەمەش لەپێناو گەڕانەوەی مافی ئەو هاووڵاتیانەی لە ڕاوەستانی پڕۆژەكان زیانمەند بوون، لەمەشدا چەندین كێشەمان چارەسەر كردووە، وەكو هێژا سیتی و ئارام سیتی و وەرین سیتی و هەنگ سیتی و فلۆرا سیتی، هەرچی دەشتی بەهەشت و كانی ئەڵمانی هەیە، لێژنەی بۆ دیراسەتكردن و چارەسەركردن بۆ دانراوە، بە شێوەیەكی گشتی لە سەرەتای كارەكانماندا بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەو یەكە نیشتەجێبووانەی كێشەیان هەبووە، هەشت پڕۆژە هەبووە، لە ئێستادا تەنیا ژمارەیەكی كەمی پڕۆژە ماوە و ئەوانیش لە ماوەیەكی كەمدا دەست بە كارەكانیان دەكەینەوە.