ڕاگەیاندراوی کۆبونەوەی هاوبەشی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی

ڕاگەیاندراوی کۆبونەوەی هاوبەشی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی


دوای دەستپێشخەریەکەی جەنابی کاک مەسعود بارزانی کە رۆژی 11 ی 5ی 2023 لە مەراسیمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی خستیە ڕوو ، ئەمرۆ 16 ی 5ی 2023 هەردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی لە سلێمانی کۆبونەوە .
لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا، هەردوولا وێرای بەرزنرخاندنی دەستپێشخەری سەرۆک بارزانی کە لەکاتی پێویستداهات، هەردوو لا هاوڕا بوون کە پێکەوە لەگەڵ لایەنە بەڕێزەکانی دیکەش هەنگاوی کرداری بنرێت بۆ بەپیرەوەچوونی ئەو دەستپێشخەرییە و ناوماڵی کوردستانی ڕێکبخرێتەوە و لاپەرەیەکی نوێ لە کۆی پەیوەندیەکان بکرێتەوە.

هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی دەستخۆشی لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ پەسەندکردنی پرۆژەی رێکخستنەوەی دارایی کە پرۆژەى تێکڕای لایەنەکانی پێکهێنەری کابینەی نۆیەم و هەردوو مەکتەبی سیاسی بە تەواوی پشتیوانی لێ دەکەن.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا هەردوو لا پەرۆش و هاوڕابوون لەسەر بەهێزکردنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی و پەلەکردن لە هەنگاوە یاسایی و سیاسییەکان بۆ فەراهەمەکردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان لەوادەی خۆی لەمساڵدا .

هەردوولا خوازیاری ئەوەین کە هەموولایەک هاوکاربن لەبەردەوامی کەشی برایەتی و کاری پێکەوەیی و نەهێشتنی کەلێنەکانی ڕابووردوو .
هەردوو لا بڕیارماندا وەک یەک تیم کار بکەین و زنجیرەیەک کۆبونەوەی دیکەش ئەنجامبدرێ بۆ فەراهەمکردنی کەش و هەوای لەبار لە ڕووی یاسایی و سیاسییەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ڕووبەڕووبونەوەی ئەو تەحەدیاتانەی لە ناوچەکەدا هەیە .

Top