نەتەوە یەکگرتووەکان: لە ساڵی ٢٠٢٢ لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە مالی زیاتر لە ٥٠٠ کەس کوژران

نەتەوە یەکگرتووەکان: لە ساڵی ٢٠٢٢ لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە مالی زیاتر لە ٥٠٠ کەس کوژران

 

 

نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٢ لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا لە گوندی مۆرا لە مالی زیاتر لە ٥٠٠ کەسی مەدەنی کوژراون.

لەم ڕاپۆرتەدا سەربازانی مالی و کارمەندانی سەربازی بیانی بە بەرپرسی ئەم کوشتارە تاوانبارکراون.

جگە لە لێدوانی کەسوکار و نزیكەكانی قوربانییەکان، ڕاپۆرتەكە بە بەڵگەنامە و وێنەی مانگی دەستکرد سەلمێنراوە.

لەسەر بنەمای ئەمەش لە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی گوندی مۆرا لە مالی کە ماوەی پێنج ڕۆژ بەردەوام بوو، پێشێلکارییەکی بەرفراوان بۆ سەر مافەکانی مرۆڤ ڕوویداوە.

بەو پێیەی دەسەڵاتدارانی مالی ڕێگەیان بە تیمەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان نەداوە بچنە ناو گوندی ناوبراوەوە، نیگەرانییەکان لەبارەی لێپرسینەوە و شەفافیەت زیاتر بووە.

شایەتحاڵانی ئەم ڕووداوە ڕایانگەیاندووە، عەلیکۆپتەرە سەربازییەکان تەقەیان لە خەڵکی گوندەکە کردووە، سەربازەکانیش خەڵکەکەیان لە ناوەڕاستی گوندەکە کۆکردەوە و تەقەیان لەو کەسانە کردووە کە هەوڵی هەڵهاتنیان دەدا.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

Top