د.ماجید شنگالی سەرۆكی لێژنەی تەندروستی و ژینگە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان: ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا زەمینەیەكە بۆ چارەسەربوونی سەرجەم كێشەكانی نێوانیان
ئاشكرایە كە دوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق و ڕێككەوتنی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا لەسەر پرسە گرنگەكان، ئومێدی ئەوەی لێ دەكرێت كە پەیوەندییەكان بچنە قۆناغێكی باشتر و بەرهەمدارەوە بۆ هەردوولا، گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا ئەم پرسە و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیداری لەگەڵ دكتۆر ماجید شنگالی سەرۆكی لێژنەی تەندروستی و ژینگە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێ كرد.
* لەگەڵ ئەوەی سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی حكومەتی فیدڕاڵی بەڵێنی ئەوەیان داوە كە ئەوان بەرپرسیارن لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، لەبەر ئەوەی ئەوە ماوەی مانگێگ زیاترە نەوتەكە هەناردە ناكرێت، ئایا تاچەند حكومەتی فیدڕاڵی ئەم بەڵێنەی خۆی جێبەجێ دەكات؟
- ئاشكرایە كە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان پێویستی بە نزیكەی (900) ملیار دینارە، بەڵام ئەوەی كە حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ دەینرێت (400)ملیار دینارە، كە لە هەقیقەتدا پارەكە كەمە و بەشی مووچەكە ناكات، لەگەڵ ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، ئەوا هەرێم تەنیا نیوەی داهاتەكانی بۆ دەمێنێتەوە كە بریتییە لە داهاتی بەرهەمە نانەوتییەكان، ئەمەش بڕێكی زۆر كەمە و بەشی هیچ ناكات. بەڵام بە هۆی ئەو ڕێككەوتنەی لە 4ی نیسانی ڕابردوو لەلایەن ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ ئیمزا كراوە، عێراق پابەند دەبێت بە جێبەجێكردنی ئەركەكانی، ئەوەتا وەك دەبینین بۆ مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بڕی (400)ملیار دیناری بۆ هەرێمی كوردستان نارد.
* كێشمەكێشی گەرم ئێستا لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقە و هەتا ئێستا دیار نییە لێژنەی دارایی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم بودجە گەورەیە دەكات، هەروەها دیار نییە كەی پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدات. ئایا خاڵی گرنگ بۆ خەڵكی كوردستان و هەرێمی كوردستان لەم بودجەیەدا چییە؟
- لە هەقیقەتدا لێژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەوڵێكی زۆری لەسەر پڕۆژە یاسایی بودجەكە داوە، لەم ڕووەوە تا ئێستا زیاتر لە (100) كۆبوونەوەی ئەنجام داوە لەگەڵ وەزارەتەكان و پارێزگارەكان و لەگەڵ چەندین كەسی شارەزا و پسپۆڕ و چەندین جار دانیشتن و گفتوگۆی لەگەڵ وەزارەتی دارایی كردووە و هەوڵێكی زۆر جددییان خستووەتەگەڕ، واتە لێژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران زۆر بە گرنگییەوە كار لەسەر موازەنەكە دەكات. بێگومان پرسی گرنگ بۆ هەرێمی كوردستان لەو بودجەیە بریتییە لە موستەحەقات و ماف و شایستە داراییەكان بەگشتی و بڕی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان لەناو بودجەكە بە تایبەتی، كە بە تەواوی و ڕوونی جێگیر كراوە، بۆ ئەوەی بە بەردەوامی و بە بێ گرفت حكومەتی هەرێم بتوانێت مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی دابەش بكات. كە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق دیاری كراوە، كە لە (10) تریلۆن دینار بڕی (62) ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دانراوە، كە ئەمەش زۆر كەمە، بەڵام لە نەفەقاتی حاكیمەش بڕی پارە بۆ بەشە خۆراك و داودەرمان و كڕینەوەی گەنمی جووتیاران دیاری كراوە، كە ئەو بەشەش بە ڕێكوپێكی دەگاتە هەرێمی كوردستان. ئەگەرچی حكومەتی عێراق هەوڵی داوە بەشی بودجەی سیادی زیاد بكات، بەڵام ئەمە لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان نییە، چونكە وەزارەتی بەرگری و دەزگای هەواڵگری هیچ كوردیان تێدا نییە، كە لەسەر بودجەی سیادییە. بەڵام هەرچۆنێك بێت، ئەوەی تا ئێستا لە حكومەتی محەمەد شیاع سوودانی بەرانبەر كوردستان بەدی دەكرێت، باشە و ئومێدەوارین باشتریش بێت.
* رۆژی 4ی نیسانی ڕابردوو مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی ڕێككەوتنێكی گرنگیان واژۆ كرد، لایەنە گرنگەكانی ئەم ڕێككەوتنە چی بوون؟ ئایا گرنگیی ئەم ڕێككەوتنە بۆ خەڵكی كوردستان چییە؟
- ئەم ڕێككەوتنەی كە لە نێوان ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ ئەنجام درا، زۆر گرنگ و مێژوویی بوو، چونكە بەبێ ئەو ڕێككەوتنە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان تووشی كێشە دەبوو، واتە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بودجە بۆ هەرێمی كوردستان نەدەهات و بەبێ ئەو ڕێككەوتنە كێشەی نەوت و غاز لە نێوان هەرێم و كوردستان چارەسەر نەدەكرا. بۆیە ئەو ڕێككەوتنە وەك بنەما و زەمینەیەكە بۆ چارەسەربوونی هەموو كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، هەر لە سایەی ئەو ڕێككەوتنەیە دەبینین پەیوەندی و هەڵسوكەوتی حكومەتی عێراق لەگەڵ هەرێمی كوردستان زۆر باش و جددییە و یاسای نەوت و غازیش كە لە بەرژەوەندیی هەموو عێراق و هەرێمی كوردستاندایە دێتە دانان و پەسندكردن. لەلایەكی دیكەوە ئەو ڕێككەوتنە لەسەر هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكەوێتە سەر بەرپرسیاریەتیی حكومەتی عێراق و ئەو كۆمپانییانەی نەوت لە كێلگەكانی هەرێم دەردەهێنن، گرێبەستی تازە لەگەڵ عێراق بە شێوەیەكی تازە دەبەستن و داهاتی نەوتەكە دەچێتە ژێر چاودێری و ژمارە حیسابێك كە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان چاودێری و سەرپەرشتی دەكات، كە ئەوەش ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت كە ڕێككەوتنەكە لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستاندایە و هاوكات لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقیشە و هۆكارێكی گرنگ و بەهێز دەبێت لە گەشەكردنی ئابووری و ئاودانكردنەوەی هەرێمی كوردستاندا.
* چەند ڕۆژێك پێش ئیستا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كرد و جیا لە كۆبوونەوە گرنگەكەی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، هەروەها بەشداری لە كۆڕبەندەكەشدا كرد كە لە هەمان كاتدا سەرۆك وەزیرانی عێراقیش بەشداری بوو، لەو كۆڕبەندە قسەكانی سەرۆكی هەرێم و سەرۆك وەزیرانی عێراق زۆر جێگەی دڵخۆشی بوون، تەنانەت گەیشتە ئەوەی سوودانی بڵێت بۆچوونەكانمان لەگەڵ سەرۆكی هەرێم نەك لێك نزیكە، بەڵكو وەك یەكن، ئەمەش حاڵەتێكی دەگمەنە لە پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا لە دوای ساڵی 2003وە، ئایا ئەم قەناعەتە لای حكومەتەكەی سوودانی چۆنی بخوێنینەوە؟
- گوتەكانی هەردوولا چ جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و چ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كە لە سەردانەكەی ڕێزدار سەرۆكی هەرێم بۆ لای محەمەد شیاع سوودانی و لە پاشان ئەو گفتوگۆو گوتانەی جەنابی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆڕبەندەكەدا كە زۆر بە ڕاشكاوانە پەنجەی لەسەر كێشە و گرفتە بنەڕەتییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دانا و وەڵام و هاوڕابوونی محەمەد شیاع سوودانی بۆ قسەكانی سەرۆكی هەرێم، بە قوناغێكی نوێ دەبیندرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، نەك هەڵپەساردن و تازەكردنەوەی كێشەكانی نێوانیان. لەو سەردان و گوتانەی جەنابی سەرۆكی هەرێم و سوودانی ئەوەی خستەڕوو كە كار و هەوڵ و پلان و كۆششەكان لە هەردوو لایەنەوە بەرەو ئایندەیەكی بەهێز و پێشكەوتوو و سەقامگیر و گەشەكردنی ئابووریی هەر دوولا بوو بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق بە هاوتەریبی یەكتر بەبێ دروستكردنی هیچ كێشە و بیانوویەك.
* خاڵێكی دیكەی گرنگی بەرنامە وەزارییەكەی سوودانی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگالە، بەڵام ئەوە شەش مانگ بەسەر حكومەتەكە تێپەڕی، بەڵام بارودۆخی شنگال هەروەك خۆیەتی و ئاسایی نەكراوەتەوە، ئایا ئەمە مانای ئەوە نییە ڕێككەوتنی شنگال پشتگوێ خراوە؟
- لە هەقیقەتدا محەمەد سوودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ بەڵێنی داوە كە ڕێككەوتنی شنگال جێبەجێ بكرێت، كە ئاشكرایە ئەمە ڕێككەوتنێكی گرنگە لە نێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا بە چاودێریی نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی هاوپەیمان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال و سنوورەكە، تاوەكو خەڵكی ئەو شارە كە جگە لەوەی كۆمەڵكوژی و جینۆسایدیان لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش دەرهەق كراوە، ئەوا چەندین ساڵیشە لە ئاوارەیی و مەرگەساتدا ژیان دەگوزەرێنن، بگەڕێنەوە سەر ماڵ و موڵكی خۆیان و قەرەبوو بكرێنەوە و ئیدارەی شنگال قائیمقامێكی لە خەڵكی خۆیان بۆ دابنرێت، بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی هەیە، ئەو پۆلیسانە ئەركیان پێ دەسپێردرێت لە خەڵكی شنگال دەبن و ئەوان بەرپرسیارێتی و چاودێریكردن و دابینكردنی هێمنی و سەقامگیری بۆ شار و سنوورەكە دەگرنە ئەستۆ، بەڵام گرنگترین خاڵی ڕێككەوتنەكە دەركردن و نەهێشتنی ئەو هێز و چەكدارانەیە كە نایاسایی و ناشەرعین، كە هێزی چەكدارانی یەپەشەی سەر بە پەكەكەن كە بوونی ئەو چەكدارانە بووەتە هۆكاری سەرەكیی ناسەقامگیریی شنگال و ناوچەكە بە تەواوی.
* تاچەند گەشبینی بەوەی كە حكومەتی سوودانی تەواوی بەرنامە وەزارییەكەی جێبەجێ دەكات؟ ئایا هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی یەكدەنگن بەرانبەر ئەو خاڵانەی پەیوەستن بە مافەكانی خەڵكی كوردستان لە ناو ئەو بەرنامە وەزارییەدا؟
- ئەمڕۆ هاوپەیمانییەك هەیە لە عێراق بە ناوی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی كە كوردیش لەو هاوپەیمانییە بۆ پێكهێنانی حكومەتی سوودانی بەشداری كردووە، حكومەتەكەی سوودانییش بە ڕێككەوتنێكی سیاسی پێكهێنراوە و ئەنجومەنی نوێنەران بە هەمان شێوە بە ڕێككەوتنێكی سیاسی بەڕێوە دەچێت، بۆیە پێویستە ئەوەی لەناو ڕێككەوتن و هاوپەیمانییەكە و لە ناو حكومەت دەكرێت و دێت بۆ پەرلەمان بە زووترین كات گفتوگۆی لەسەر بكرێت و پەسند بكرێت، كە بۆ بەرژەوەندیی هەموو لایەك وەك یەكە و گرنگە و سەركەوتن و جێبەجیكردنی هەموو كارەكانی حكومەتەكە، كە ئەوە سەركەوتنی عێراق و ئەو هاوپەیمانییە سیاسییەیە كە لە عێراق ئەنجام دراوە و بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستانیش لەخۆ دەگرێت، ئەوەی لەو شەش مانگەی ڕابردوو لە حكومەتەكەی شیاع سوودانی بینیومانە جێگای گەشبینییە و ئیرادەیەكی جددی هەیە و دەیەوێت بەرنامە وەزارییەكەی جێبەجێ بكات.