سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بە بۆنەی دامەزراندنی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بڵاو كردەوە
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی بە بۆنەی دامەزراندنی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بڵاو كردەوە و ڕایدەگەیەنێت: "یەکێتیی مامۆستایانی كوردستان، ڕۆڵێکی دیار و خەباتێکی درەوشاوەی هەیە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا."
ئەمڕۆ دووشەممە 15/5/2023، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی بە بۆنەی دامەزراندنی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بڵاو كردەوە و دەڵێت: "بە بۆنەی شەست و یەکەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەت و سەرجەم مامۆستایانی کوردستان دەکەم و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم."
سەرۆكی حكوومەت دەشڵێت: "یەکێتیی مامۆستایانی كوردستان، ڕۆڵێکی دیار و خەباتێکی درەوشاوەی هەیە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا، کە هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریکردن بووە لە مافەکانی خەڵکی کوردستان و خەباتی پیشەیی لە پێناو داکۆکیکردن لە مافەکانی مامۆستایان."
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش داوە: "لەم بۆنەیەدا، بە سوپاس و پێزانینەوە ڕۆڵی مامۆستایانی کوردستان بەرز دەنرخێنین کە لە قۆناغە جیاواز و سەختەکاندا، درێژەیان بە ئەرکی پیرۆزی خۆیاندا لەپێناو بەردەوامبوونی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن و پێگەیاندنی نەوەکانمان."
هەر لە پەیامەكەیدا، سەرۆكی حكوومەت باسی لەوەش كردووە: "هیوادارم مامۆستایانی كوردستان، سەرکەوتوانە لە ئەرک و ڕۆڵی کاریگەریی خۆیان بەردەوام بن لەپێناو دروستکردن و پێگەیاندنی نەوەیەکی نیشتمانپەروەر و داهێنەر، بۆ ئەوەی بە هاوکاریی هەموولایەک، کوردستان زیاتر گەشە بکات و لە هەموو بوارەکاندا پێش بکەوێت."