هوشەنگ ئەمیرئەحمەدی تایبەتمەندی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی ڕۆتگێرز بۆ گوڵان: شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا لە بەرژەوەندیی هەژموون و باڵادەستیی زیاتری ئەمریكایە
هوشەنگ ئەمیرئەحمەدی بەڕێوەبەری سەنتەر ڕۆتگێرزە بۆ دیراساتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوكات دامەزرێنەری سەنتەری توێژینەوە و شرۆڤەكاری ئێرانییە و، بۆ چەندین ساڵ بەڕێوەبەری ئەم سەنتەرە بووە، هەروەها دامەزرێنەری ئەنجومەنی ئەمریكی-ئێرانییە، كە ڕێكخراوێكی قازانج نەویستە و كار دەكات بۆ پەرەپێدانی تێگەیشتن و دیالۆگ لە نێوان هەردوو گەلی ئەمریكی و ئێرانیدا. هەروەها توێژەر و وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە، وەك سیاسەتی پەرەپێدانی ئابووریی نیشتمانی و جیهانگەرایی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا سازكرد كە تەوەرە سەرەكییەكانی پەیوەست بوون بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و دەرهاویشتە و دەرئەنجامەكانی ئەم شەڕە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار.
* ئاشكرایە كە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا تەنیا ڕەهەند و ڕایەڵێكی سەربازی نییە، بەڵكو لەم شەڕەدا پەنا بردراوەتەبەر هەموو ئامرازە بەردەستەكان بۆ مەبەستی دروستكردنی گوشار و ناچاركردنی بەرامبەر بە گۆڕینی سیاسەتەكانی، بۆ نموونە ڕۆژئاوا و بە دیاریكراوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا چەندین سزای ئابووری و داراییان بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە، سەرەتا دەمانەوێت بزانین بۆچوونی ئێوە لە ئاست كاریگەری و كارایی ئەم سزایانەدا چییە؟
- لە ڕاستیدا ڕەنگە ئەو پێشبینییە لە ئارادا بووبێت كە پەنابردنەبەر سەپاندنی سزاكان بە چەشنێك دەبێت و كاریگەرییەكی هێندە كارای لێ دەكەوێتەوە كە سەردەكێشێت بۆ ئەوەی دەستبەجێ شەڕەكە ڕابوەستێت، بەڵام ئاشكرایە كە ئەم پێشبینی و چاوەڕوانییە زیادەڕەوی لەخۆ گرتبوو، چونكە لە كۆتاییدا ئێمە باس لە وڵاتێكی گەورە و مەزن دەكەین كە چەندین ڕایەڵی پەیوەندیی ئابووری و دارایی هەیە لەگەڵ ژمارەیەكی زۆری وڵاتانی جیهاندا. تەنانەت ئەگەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش پێشەنگ بێت لە بەرهەمهێنانی تەكنەلۆژیا لەسەر ئاستی جیهان، ئەوا ڕووسیا دەتوانێت دەروازەی دەربازبوون لە سزاكان بدۆزێتەوە و بگرێتەبەر، چونكە هەمیشە لایەنێك دەبێت كە ئامادە بێت چاكەیەك، یان ڕێككەوتن و سەفقەیەك لەگەڵ ڕووسیادا بكات. بەم شێوەیە ڕووسیا دەتوانێت و توانیویەتی ڕێگاچارەیەك بدۆزێتەوە بۆ بەدەستهێنان و هاوردەكردنی ئەو كەرەستە تەكنەلۆژییانەی پێویستی پێیانە. كەواتە ئەمە هۆكارێك بوو بۆ ئەوەی كە سزاكان و ئەو ڕێكارە دارایی و ئابوورییانەی گیرانەبەر دەرئەنجام و دەرهاویشتە و ئاكامی دەستبەجێ و ڕاستەوخۆیان نەبێت.
* ئاشكرایە كە هۆكاری سەرەكیی درێژەكێشانی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا، یان با بڵێین بێتوانایی ڕووسیا لەوەی نەتوانێت بە خێرایی و لە ماوەیەكی كورتدا سەركەوتن بەدەست بهێنێت و شەڕەكە یەكلا بكاتەوە، تەنانەت تووشی چەندین پاشەكشەی سەربازیش بێت، هاوكارییەكانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە دیاریكراوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بووە بۆ ئۆكرانیا، بۆچی پێتان وایە ئەمریكا هێندە پابەندە بەوەی ڕێگە نەدات ڕووسیا لەم شەڕەدا سەركەوتن بەدەست بهێنێت؟
- سەرەتا دەبێت ئاماژە بەوە بكرێت كە كاتێك ڕووسیا هێرشی كردە سەر ئۆكرانیا و هەوڵی داگیركردنی ئەو وڵاتەی دا، ئەوا ڕۆژئاوا و بە دیاریكراوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێیان وابوو ناكرێت هەمان هەڵوێستی ئەو كاتەیان هەبێت، كە ڕووسیا هێرشی كردە سەر هەرێمی كریمیا، چونكە هەر زوو دەركەوت كە ئەمە تەنیا شەڕ و ناكۆكییەكی هەرێمی نییە لە نێوان ڕووسیا و دەوڵەتێكی دراوسێ، بەڵكو تێڕوانینەكە ئەوە بوو كە ئەم هێرشە پەلاماردانی ئەو بەهایانە بوو كە ڕۆژئاوا باوەڕی پێیانە و پەلاماردانی وڵاتێك بوو كە بڕیاری دابوو هەمان سیستمی سیاسی و مەدەنی ڕۆژئاوا بگرێتەبەر. كەواتە لە ڕوانگەی ڕۆژئاواوە ئەمە هۆكاری سەرەكی بوو بۆ ئەوەی ئەمجارە هەڵوێست و سیاسەتێكی جیاواز بگرنەبەر. دواتر ئەگەر بێینە سەر وەڵامی پرسیارەكەی ئێوە و ئەگەر شرۆڤەی بارودۆخەكە، یان شەڕەكە بكەین، لە ڕوانگەی بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە، ئەوا دەكرێت لێرەدا ئاماژە بەوە بكەین، كە یەكێك لە دەرئەنجام و دەرهاویشتەكانی ئەم شەڕە ئەوەیە كە پێگەی ڕووسیا تووشی زەبر و زیانی بەرچاو بووەتەوە.
* یەكێك لە ڕەهەندەكانی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا پرسی وزە و ئاسایشی وزە بووە، چونكە ڕووسیا وەك چەكێك پرسی وزەی بەكار هێناوە و وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە دیاریكراوی وڵاتانی ئەوروپا هەوڵ و كۆششەكانیان چڕكردووەتەوە بۆ ئەوەی بە یەكجاری دەست لە پشتبەستن بە هاوردەكردنی وزە لە ڕووسیاوە هەڵبگرن، تێڕوانین و خوێندنەوەی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
- من لێرەدا دەمەوێت باس لەوە بكەم كە هەر دوو لایەنی پەیوەست بە پرسی وزەوە كە ئێوە لە پرسیارەكەتاندا ئاماژەیان پێ دەكەن، لە پێشبینییەكانیاندا ورد نەبوون و نەیانتوانی دەرئەنجامەكە بپێكن، چونكە هەر دوو لای ئەو تێڕوانین و تێگەیشتنەیان لا گەڵاڵە بوو، كە پێیان وایە و دەتوانن لە ڕێی بەكارهێنانی پرسی وزەوە كە كارتێكی گوشار لایەنی بەرانبەر ناچار بە پێداچوونەوە بە بڕیارەكان و سازشكردن و هەڵوێست گۆڕین بكات. واتە هەم ڕووسیا پێی وابوو كە دەتوانێت لە ڕێی بەكارهێنانی وزە وەك چەكێك ئەوروپا بخاتە دۆخێكی نالەبار و ناهەمواری ئەوتۆوە كە نەتوانێت بەرگەی بگرێت، هەم وڵاتانی ئەوروپا و ڕۆژئاوا بە گشتی پێیان وابوو و پێشبینی ئەوەیان دەكرد كە ئەگەر ڕێكار و سزای پێویست لە دژی كەرتی وزەی ڕووسیا بگرنەبەر ئەوا ڕووسیا لە داهاتی پێویست بێبەش دەكەن و بەم شێوەیە ناچاری دەكەن كە پێداچوونەوە بە بڕیاری شەڕەكە و بەردەوامیدان و درێژەدان بە شەڕەكەدا بچێتەوە. بەڵام دەرئەنجامەكە ئەوە بوو كە هەم وڵاتانی ئەوروپا توانییان سەرچاوەی بەدیلی هاوردەكردن و دەستەبەركردنی وزە بدۆزنەوە، هەم ڕووسیاش داهاتێكی زیاتری لە ئەنجامی فرۆشتنی نەوت و غازەوە بەدەست هێنا، كە توانیویەتی خەرجی شەڕەكەی پێ دابین بكات. كەواتە لە پەیوەندی بە پرسی وزەوە نە وڵاتانی ئەوروپا و نە ڕووسیا نەكەوتنە بارێكی نالەبار و ناهەموارەوە.
* ئایا بە شێوەیەكی گشتی پێت وایە چ لایەنێكی ئەم شەڕە براوەیە، كە لێرەدا مەبەستمان ڕووسیا و وڵاتانی ئەوروپا و بە دیاریكراوی ئۆكرانیایە؟ ئایا دەكرێت بڵێین براوە هەیە لەم شەڕەدا یان ڕاستییەكە ئەوەیە كە هەردوولا دۆڕاوی ئەم شەڕەن؟
- لە ڕاستیدا ئەوە ئاشكرایە كە ئەنجامی شەڕەكە لە زیانی وڵاتانی ئەوروپا بووە، بە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتەوە، ئەوەی پەیوەندی بە وڵاتی ئۆكرانیاوە هەبێت ئەوا هەموومان دەزانین كە ئەم دە وڵاتە تووشی چ وێرانكاری و كاولكارییەك بووەتەوە. هەروەها ڕووسیاش زیانێكی زۆری بەركەوتووە، بە تایبەتی ئەگەری ئێمە باس لەو وێنا و تێڕوانینە بكەین كە لە پێش هەڵگیرسانی شەڕەكەوە لە ئاست ڕووسیادا لە ئارادا بوو، چونكە ئێستا وەك دەوڵەتێكی داگیركار و دەستدرێژكار و تاڵانكار لە ڕووسیا دەڕوانرێت، ئەگەرچی لە ڕووی ئابوورییەوە تا ئێستا ڕووسیا لە بارێكی جێگیردایە و شڵەژان و هەژانێكی گەورەی بەخۆیەوە نەبینیوە.
* ئێوە لە وەڵامی پرسیاری یەكەمدا ئاماژەتان بەوە كرد كە ئەم شەڕە دۆخێكی خوڵقاندووە كە لە بەرژەوەندیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە، ئایا ئەمە لەبەر ئەوەیە كە لە دوای ئەم شەڕە و لە ئەنجامی ئەم شەڕەوە وڵاتانی ئەوروپا پتر گرێدراوی ئەمریكا دەبن لە ڕووی ئاسایش و وزەوە؟
- بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین كە لە ڕووی پرسی وزەوە دۆخەكە لە بەرژەوەندیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە، هەرچەندە دەبێت لێرەدا ئاماژە بەوە بكەین كە سیاسەتی وزە لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پرسێكی تەواو هەستیارە، چونكە ئەگەر لە بەر پرسەكانی پەیوەست بە ژینگەوە نەبێت، ئەوا ئەمریكا دەتوانێت بە چەشنێكی بەرچاو پەرە بە بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی وزە بدات لە وڵاتەكەیدا و ببێتە وڵاتێكی پێشەنگ لەم ڕووەوە. ئەوەتا لە دەرئەنجامی ئەم شەڕەشەوە ئەمریكا غازی سرووشتی هەناردەی ئەوروپا دەكات. هەرچۆنێك بێت لە پەیوەندی بە ئابووریی ئەمریكاوە، بەتایبەتی دوای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا، گرفتارە بە دەست جۆرێك لە هەڵئاوسانەوە، بەڵام بە تێڕوانینی من ئەم وڵاتە لە بارێكدایە كە دەتوانێت بەرگەی ئەم هەڵئاوسانە بگرێت.