د. سەمیر محۆ جەمیل ڕاگری پەیمانگەی تەكنیكیی بەردەڕەش بۆ گوڵان:   كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم گۆڕانكاری لە فەلسەفە و دیدگەی حوكمڕانیدا دروست كردووە

د. سەمیر محۆ جەمیل  ڕاگری پەیمانگەی تەكنیكیی بەردەڕەش بۆ گوڵان:     كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم گۆڕانكاری لە فەلسەفە و دیدگەی حوكمڕانیدا دروست كردووە

 

 

 

هەڵسەنگاندنی ئەدا و كارەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لایەن ئەكادیمیست و شارەزاكانەوە، ئەو ڕاستییە دەردەخەن كە حكومەتی هەرێمی كوردستان وێڕای ئەو هەموو تەحەددا و قەیرانانەی ڕووبەڕووی بوونەوە، بەڵام توانیویەتی لە ئەركی خزمەتكردنی هاووڵاتیان و گۆڕانكاری لە زۆر سێكتەر بەردەوام بێت، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر سەمیر محۆ جەمیل ڕاگری پەیمانگەی تەكنیكیی بەردەڕەش ساز دا، لێرەدا پوختەی وەڵامەكانی بڵاو دەكەینەوە.

 

 

* سەرەتا دەمانەوێت وەكو كەسایەتییەكی ئەكادیمی و شارەزا، هەڵسەنگاندنت بۆ ئەدا و كارەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بزانین؟

- حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی خەڵك بووە و سەرۆك بارزانی پارێزەری ئەم قوربانیدانە بووە، گەورەترین دەستكەوتی ڕاپەڕین و شۆڕش و بەرخۆدانی میللەتی كوردیش ئەم حكومەتەیە، بۆ قسەكردن لەسەر ئەدا و كارەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت بەراورد لە نێوان كارەكانی ئەم حكومەتە و كابینەكانی پێشوودا بكرێت، كە ڕەنگە لێرەدا ئەو بوارە نەبێت، بەڵام كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دوای كەڵەكەبوونی كۆمەڵێك گرفتی زەقی ئابووری و دارایی دامەزرا، لەوانە قەرزاری و قەیرانی دارایی و پشتبەستن بە تاكە سەرچاوەی داهاتی نەوت و سستبوونی كار و ئەدای زۆربەی سێكتەرەكان و زاڵبوونی عەقڵییەتی حزبایەتی لە ناو زۆربەی دامەزراوەكاندا، لە هەمووشی مەترسیدارتر گەندەڵیی سیاسی بووە، هەر بۆیە كاتێك بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كارنامەكەی ڕاگەیاند، ڕاستكردنەوەی هەموو ئەم كارانەی لەخۆ گرتبوو، بەتایبەتی ڕاگرتنی نەزیفی دارایی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و كەمكردنەوەی پشتبەستن بە تاكە سەرچاوەی داهاتی فرۆشتنی نەوت. لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا ئێمەی مامۆستایانی ئەكادیمی دەركمان بەو بەهێزییەی كابینەكە كردبوو، ئەمە لەگەڵ ئەو تێبینی و سەرنجانەی كە لەسەر زۆر سێكتەر هەمان بوو، بەڵام هەرگیز لەگەڵ زۆر لەو تۆمەتانە نەبووین كە نەیارانی گۆڕانكاری و چاكسازی لە ناو هەناوی ململانێی حزبایەتی و بۆ بەرژەوەندیی تەسكی خۆیان لێرە و لەوێ چەواشەكارییان دەكرد، بۆیە بە هەموو پێوەرەكان كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كابینەیەكی بەهێز بووە.

* باسی قەیران و ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەكانت كرد، یەكێك لەو تەحەددییانە قەیرانی دارایی بوو كە بە هۆی پەتای كۆرۆنا و بڕینی بودجە و داشكانی بەهای نەوتەوە دروست بوو، پرسیار لێرەدا ئەوەیە تا چەند حكومەت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم قەیرانانەدا سەركەوتوو بووە؟

- قەیرانی دارایی بەرهەمی ساڵ و دوو ساڵی حكومەت و هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكو ئەزموونی حوكمڕانیی كوردستان و هێرشی نەیارانی كورد و بەشێكی زۆری دژایەتی عێراق و ڕۆڵی خراپی حزبەكان و كاربەدەستەكانیان بوو، كە هەر خۆیان پێكهێنەری كابینە یەك لە دوای یەكەكان بوون و ڕۆڵیان لەم قەیرانە داراییانەدا هەبووە، واتا قەیرانی دارایی هۆكاری سیاسی و ئابووریی خۆی هەیە، ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم قەیرانە لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانەوە بە چەند ڕێگەیەك بوو، سەرەتا كاری حزبی لە حكومەت دوور خستەوە و دواتر بەهەدەرچوونی خەرجییە زەبەلاحەكانی ڕاگرت، ئەو خەرجییانەی دەچووە چوارچێوەی خەرجیی ناپێویستەوە، لەمەشدا ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی كە زۆرجار كێشە و گرفت و سەرئێشەی زۆری بۆ حكومەت دروست دەكرد، بەو پێیەی ئەوانەی لەپشت قۆرخكاری و گەندەڵییەوە بوون كەسانی دەستڕۆیشتووی سیاسیی ناو حزبەكان بوون، تەنیا بە چاوخشاندنەوە بە گرێبەستەكاندا و كەمكردنەوەی بەهەدەردانی پارەی گشتی و ڕێكخستنەوەی باج و مولزەمكردنی ئەوانەی خۆیان لە باجدان دەدزییەوە، پارەیەك زۆری بۆ حكومەت گەڕاندووەتەوە، لە بەرانبەریشدا چەند دوژمنایەتیی حكومەت كراوە، لەلایەكی دیكەوە تەرشیقكردنی حكومەتێكی قەبە كە چەندین ساڵ حزبەكانی پێكهێنەری حكومەت و دروستكەری بوون، زیانێكی زۆری بە گەنجینەی حكومەت و موڵكی گشتی و لاوازیی ئەدای خزمەتگوزارییەكان گەیاندووە، هەروەها پشتبەستن بە تاكە سەرچاوەی داهاتی فرۆشتنی نەوتێكی ناجێگیر مەترسییەكی زۆری لێ كەوتەوە، بۆیە سەرۆك وەزیران هەنگاوی بۆ فرەچەشنكردنی ئابووری ناوە، بەڕێز وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لە حزبێكی دیكەیە و هەڵگری دروشمی گۆڕانكاری و چاكسازییە و پێگە و مەكانەتی خۆی هەیە، هەموو ئەو ڕاستی و خەمخۆرییەی سەرۆكی حكومەت و تیمەكەی بۆ خەڵك ئاشكرا كرد و، زۆر بە ڕوونی دەموچاوی ڕاستەقینەی بەرهەڵستكارانی چاكسازی و گۆڕانكارییەكانی خستە ڕوو، ئەگەر ئەو گۆڕانكارییانە نەبووایە كە لە بواری سیستمی دارایی و ئاراستەی ئابووری و ڕاگرتنی گەندەڵی و نەزیفی داراییدا هەنگاوی بۆ هەڵگیرا، ئەوا هەرگیز نەدەتوانرا لە ماوەی چوار ساڵدا هەموو مووچەكان بێ پاشەكەوت بدرێت و ئەو هەموو هەلی كارەش لە كەرتی تایبەت دەست خەڵكی نەدەكەوت.

* زۆر جار باس لە نەیاران و بەرهەڵستكارانی گۆڕانكاری و چاكسازی دەكەیت، وەكو كەسێكی ئەكادیمی دەكرێت زیاتر ئەمەمان بۆ ڕوون بكەیتەوە؟

- سەرەتا بە شاهیدیی هەموو خەڵك و وەزیری دارایی، لای هەمووان ئاشكرا بووە كە هەنگاوەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ڕاستكردنەوەی فەلسەفە و دیدگەی حوكمڕانی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵكاران بووە و لەم پێناوەدا زۆر جددی بووە، بەوەی حكومەت كاری خۆی بكات و ئەم بەهەدەردان  و بێ سەروبەرییە ڕابگرێت و، حكومەت كاری خۆی بكات و، حزبەكان چ حزبە حوكمڕانەكان بن، یان ئۆپۆزسیۆنەكان دژی گۆڕانكاری و چاكسازی نەبنەوە، بێگومان هەنگاوەكانی حكومەت لای وڵاتانی هەرێمییش دڵخۆشكەر نەبووە، ئەوان و زۆر لە حزبەكان هەرگیز پێیان خۆش نەبووە كورد ببێتە خاوەنی حكومەتێكی بەهێز و نموونەیی لە ناوچەكە و جیهاندا، بۆیە هەرچەندە لە كارنامەی حكومەتەكە و لە واقیعیشدا سەرۆك وەزیران دەستی هاوكاری و یارمەتیی بۆ هەمووان درێژ كرد، بەڵام ئەوان مەبەستم زۆر لە حزبە كوردستانی و عێراقییەكان و وڵاتانی دەوروبەریش قسە و دروشمەكانیان لەگەڵ ڕەفتارەكاندا یەكیان نەدەگرتەوە، بۆ نموونە لەلایەك ئیدعای ئارامی و ئاسایشی هەرێم و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیانیان دەكرد، كەچی لە ناو دامەزراوەكانیاندا كاری تیرۆر و كوشتنیان ئەنجام دەدا، لە لایەك ئیدعای چاكسازییان دەكرد، تا ئەو كاتە لەگەڵیدا بوون كە چاكسازییەكان نەیەتە سەر بەڕەكانی خۆیان، كاتێك سەرۆكی حكومەت دەیویست سەرچاوەكانی داهات دیار و ڕوون بێت و هەمووی بگەڕێتەوە بۆ حكومەت، هەر وەكو چۆن لە مەسەلەی داهاتی گومرك و ڕسووماتی دەروازە سنوورییەكان بینیمان، ئەوان هەڕەشەی شەڕی ناوخۆیان دەكرد، هەندێك بەناو حزبی ئۆپۆزسیۆن بوون كەچی خێر و خۆشییان بۆ میللەتەكەیان لە ئەرزی واقیع نەدەویست و لە بەغدا كاریان بۆ بڕینی بودجە و قووتی مووچەخۆران و خەڵك دەكرد، ئەوان ئۆپۆزسیۆنێك بوون خوازیاری بەردەوامیی مەینەتی خەڵكیان بوون، تاوەكو ماكینە ئیعلامییەكانیان گەرم بێت، نەك ئامادەكردنی پڕۆژە و بەكاری باش بڵێن باش و بە خراپ بڵێن خراپ، بە كورتی و كوردی حزبە كوردستانییەكان لە دوای هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان و پرۆسەی حوكمڕانی هەر لە ناو ئەو هەڵمەتە لەو چوار ساڵەدا بەردەوام بوون، ئەوەیان لە بیر كردووە كە ئەوان خۆشیان بەرهەمی ئەم واقیعە بوون و بەشدارن لە حوكمڕانیدا، بۆ نموونە یەكێتی نیشتمانی كوردستان چ لە ناو حكومەت و ئەنجومەنی وەزیران، چ لە ناوچەی زۆنی سەوز حوكمڕانی ڕاستەقینەن، كەچی دەڵێن لە حكومەت كشاوینەتەوە، ئەی باشە كێ ناوچەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەرین و گەرمیان بەڕێوە دەبات؟ حزبایەتی لە هەرێمی كوردستان تەنیا بە هێزی گەل و سندووقەكانی دەنگدان ڕاست دەكرێتەوە، زۆرینەی میللەت دەنگی خۆی بەو حزب و سەركردانە دەدات كە لە بەرپرسیارێتی هەڵنایەن و لە ڕۆژە سەختەكاندا میللەتەكەی خۆیان بەجێ ناهێڵن و بە حەقیقی دروشمی «كردار شەرتە» جێبەجێ دەكەن .

* پاراستنی ئارامی و ئاسایش بە یەكێك لە خاڵە بەهێزەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دادەنرێت، ئایا لەم ڕووەوە تاچەند توانراوە پارێزگاری لەم دەستكەوتە بكرێت؟

- پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان لە پێشەنگی كارەكانی سەرۆك وەزیران بووە، ڕەنگە هەندێك جار لێرە و لەوێ كێشەی كوشتن و تیرۆر هەبووبێت، ئەمە لە هەموو دونیادا هەیە، بەڵام كاتێك دامەزراوەكانی پۆلیس و ئاسایش و دادگاكان بەكاری خۆیان هەڵدەستن و لە كاتی بوونی تیرۆر و كوشتندا ڕاستەوخۆ خەڵكی پەنا بۆ داواكردنی سەرۆكی حكومەت (خودی مەسرور بارزانی) دەبات، هەروەكو چۆن لە هێرشەكەی داعش بینیمان لە گوندی خدر جیجە لە نزیك مەخموور و ئەویش دێتەدەنگ و بە هانای هاووڵاتیانی خۆیەوە دێت، لە ناو جەرگەی پایتەخت كارێكی تیرۆری ئەنجام دەدرێت، ڕاستەوخۆ دەزگاكانی ئاسایش دێنە سەر هێڵ و ئاشكرای دەكەن، یان لە شارێكی دیكە كەسێك بە هۆی كێشەی كۆمەڵایەتییەوە بەرپرسێكی حزبێكی دیاریكراو دەكوژێت و لە پایتەخت خۆی دەشارێتەوە، تەنیا لە ماوەی 24 كاتژمێردا دەستگیر دەكرێت، ئەمە نموونە زیندووەكانی پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیانە، ئەوەتا لە ڕووی یاسایی و دادگاشەوە لەم كابینەیەدا یاسای چەك دەرچوو بۆ كۆنتڕۆڵكردنی چەكی بێمۆڵەت، لەپێناو كەمكردنەوەی تاوان و توندوتیژییەكان .

* رێككەوتنی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكاندا بە گرنگییەوە وەسف كراوە، چۆن ئەم ڕێككەوتنە هەڵدەسەنگێنن؟

- هەر لە دەستپێكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لە كارنامەكە و دواتر، یەكەمین وێستگەی سەردانی سەرۆكی حكومەت بۆ لای سەرۆكی حكومەتی عێرق بوو، لە ماوەی ڕابردوودا بەم سەرۆك وەزیرانەی عێراقەوە سێ سەرۆكی حكومەتی عێراقمان بینی، لە كۆتاییدا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان توانی بۆ پاراستنی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم لە بەغدا پەیوەندییەكانی بگەیەنێتە ئاستێكی بەرز، یەكێك لەم دەستكەوتانەی ئەم پەیوەندییانە ڕێككەوتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بوو، كە ڕێخۆشكەر بوو بۆ چەسپاندنی مافە دەستووری و شایستە داراییەكانی هەرێم لە ناو پڕۆژە یاسای بودجەی گشتیی عێراقدا و، لە چاوەڕوانیی كۆمەڵێك دەستكەوتی دیكەشداین، وەكو چەسپاندنی مافی هەرێم لە یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی و دروستكردنی بەنداوی گەورە و بەرزكردنەوەی ئاستی پێداویستییەكانی هەرێم لە هەر دوو بودجەی حاكیمە و سیادی، بە دڵنیاییشەوە ئەم ڕێككەوتنە نەیاری زۆرە، بەڵام پاڵپشتیی سەرۆك بارزانی و پەیوەندییە بەهێزەكانی لە ناوخۆی عێراق و ناوچەكە و جیهاندا هێزێكی گەورە دەبەخشێتە شكستهێنانی هەموو ئەو جۆرە پیلان و مەرامانە، بۆیە ئایندەیەكی باش چاوەڕوانی ئەم پەیوەندییانە دەكات، ئەمەش لە كاتێكدایە ئەنجام و بەرهەمی گۆڕانكارییەكان لە فەلسەفەی حكومەت و هەنگاوەكانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمدا بە كردەوە وردە وردە بۆ هەمووان دەردەكەوێت.

 

Top