مافی كارمەندانی ناحكومی لە یاسای پەروەردە

مافی كارمەندانی ناحكومی لە یاسای پەروەردە

گەورە سەركردە وشۆڕشگێری هیندی (مهاتما غاندی) دەلێ" ناتواندرێ سۆز دروست بكرێ یان ڕێك بخرێ بە پێی یاسا".
لەو وتارەدا دەمەوێ چەند دێرێك لە سەر خوێندنی ناحكومی بنوسم كە لە یاسای ژمارە(13)ی ساڵی (2022) پەروەردە و فێركردن داهاتووە، بێگومان یاساكە كە لە (176)ماددە پێكهاتووە كە (49)ماددەیان لە سەر خوێندنی ناحكومییە بە گشتی واتە لە یاساكە گرنگی زۆر بە خوێندنی ناحكومی دراوە و زۆر بە ووردی ڕوون كراوەتەوە هەوڵ دەدەم لەم وتارەدا ڕوون كردنەوەیەك بۆ ماددەی (131)ی تایبەت بە مافی كارمەندانی دامەزراوە پەروەردەییە ناحكومییەكان بكەم، كە یەكێكە لەو كێشانەی بەردەوام رووبەڕووی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن دەبێتەوە و زۆر جاران لێرە و لەوێ مافی كارمەندانی دامەزراوە پەروەردەییە ناحكومییەكان وەكو پێویست نە پارێزراوە و رێك نەخراوە و ئەوەش دەبێتە مایەی گلەیی و سەرپێچی و دروست بوونی کیشە و بەدواداچوون و بە فیرۆدانی كات و بەهەدەردانی وزە و ساركردنەوەی تواناكان هەمووی لە ئەنجامی جێ بەجێ نەكردنی رێنمایی و یاساكان و هەبوونی نادادپەروەرییە.
لەو ماددەیە دا بە ڕوونی و بە ڕاشكاوی لە دقەکەدا هاتووە ( خاوەن دامەزراوەی پەروەردەیی ناحكومی بەرپرسە لە پاڕاستنی ماف و شایستە ماددی و مەعنەوییەكانی كارمەندانی لە ماوەی خزمەت كردنیان لە دامەزراوەكە).
واتە سەرجەم ماف و شایستەكانی كارمەندان دەبێ پاڕێزراو و مسۆگەر بێت لە ڕووی پێدانی مووچەی مانگانە، واتە كەمترین بڕی مووچەی مانگانەی كارمەندانی دامەزراوە ناحكومییەكان نابێت لە شایستە دارایی هاوتاكانیان لە كەرتی گشتی كەمتر بێت.
واتە مووچەی مامۆستای قوتابخانەیەكی ناحكومی نابێ كەمتر بێت لە مووچەی مامۆستای قوتابخانەیەكی حكومی، هەروەها پێویستە دامەزراوە ناحكومییەكان ساڵانە خولی بەهێزكردنی تواناكان و فێربوونی بەردەوام بۆ بەرێوەبەر و یاریدەدەر و مامۆستا و ڕێنماییكاری پەروەردەیی بكەنەوە كە لە (30)سی كاتژمێر كەمتر نەبێت خولەكە لە سەر خەرجی دامەزراوەكە دەبێت. جگە لەوەش پێویستە ئەو تۆمارانەیان هەبێت كە یاسای دەستەبەری كۆمەڵایەتی بە مەرجی داناوە بۆ مەبەستی جێگیر بوونی مافەكانی مامۆستا و كارمەندەكان، وە لە پشووی هاوین دا مووچەی مامۆستا و كارمەندانی دامەزراوەكە بە پێی گرێبەستی نێوانیان دەبێت و، بەڵام لە هیچ بارێكدا نابێت(70%)ی مووچەی مانگانە كەمتر بێت.
وەخاوەنی دامەزراوەی پەروەردەیی ناحكومی بەبێ دیاری كردنی هۆیەكەی مافی دەركردنی بەرێوەبەر ین كارمەندانی وانە وتنەوە و كارمەندانی تری نییە كە بە نوسراو ئاگادار كرابیتەوە پێشتر، وە پشت بە ڕاسپاردەی لیژنەیەك ببەستێ‌ كە لەلایەن دامەزراوەكە پێك هێنراوە، دوای ئەوەی ڕەزامەندی وەزارەتی بۆ وەردەگیرێت و بڕیاری لە بارەوە دەدرێت، هەروەها سەرجەم بەكارخستن و هەڵوەشانەوەی گرێبەست و ناكۆكییەكانی نێوان دامەزراوە پەروەردەییە ناحكومییەكان و مامۆستایان و كارمەندانی دیكەی دامەزراوەكە بە پێی حوكمەكانی یاسای كاری بەركار لە هەرێم مامەلەیان لەگەڵ دەكرێت، هەروەها لەو ماددەیە كاتژمێرەكانی كاركردن لە ڕۆژ و هەفتە دا بۆ كارمەندان و مافی پشوو وەرگرتن ڕوون كراوەتەوە. كە ئەو ماددەیە تایبەتە بە مافی كارمەندانی دامەزراوە پەروەردەییە ناحكومییەكان.
ماوەتەوە بلێم كەوا ناو و ناوبانگی هەر دامەزراوەیەك و كوالێتی خوێندنی بە دڵسۆزی و توانایی كارمەندەكانیەتی تا ئەو دامەزراوەیە مافی كارمەندەكانی مسۆگەر بكات، ئەوان ئاسودە تر دەبن و پرۆسەكەش بێ كێشە دەبێت و قوتابیانیش سوودمەند دەبن، واتە هەموو لایەك قوتابی و مامۆستا و دامەزراوەكە ئامانجەكانیان بەدەست دەهێنن و وەزارەتیش دڵنیا دەبێت لە پرۆسەكە.

بەرێوەبەری گشتی/ وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕی پەروەردەیی

Top