د. هونەر ئەحمەد بۆ گوڵان: زیرەكیی دەستكرد شۆڕشێكی جیهانییە و دەبێت ئێمەش خۆمانی بۆ ئامادە بكەین

د. هونەر ئەحمەد بۆ گوڵان:     زیرەكیی دەستكرد شۆڕشێكی جیهانییە و دەبێت ئێمەش خۆمانی بۆ ئامادە بكەین

  •  

     جیهان پێشكەوتنێكی سەرسوڕهێنەر و گۆڕانكارییەكی گەورە بە خۆیەوە دەبینێت و، زۆر كەس بە شۆڕشی چوارەمی پیشەسازی ناوی دەبەن، بگرە لەمە زیاترە، زیرەكیی دەستكرد دوا داهێنانە و لە ئێستادا خراوەتە بەر دەستی مرۆڤایەتی و لە ئاستێكی بەرزدا وەڵامی زانستەكان دەداتەوە، ئەم پێشكەوتنە پڕۆگرامێكی كۆمپیوتەرییە، خۆی فێر دەبێت و هاوشێوەی مرۆڤ ڕەفتار دەكات و بیر دەكاتەوە و بە شێوەیەكی زۆر خێرا هەنگاو بەرەو پێشەوە دەنێت، بەم شێوەیە پڕۆگرامێكی كۆمپیوتەرییە و لێكدانەوە و توانای هەیە لە وەرگێڕانی زمان و شیكاریی بازاڕی پشكەكان دەكات و، یارمەتی دەستنیشانكردنی جۆر و بارودۆخی نەخۆش و وەڵامی پرسیار و شیكارە قورسەكان دەداتەوە، پێویستە ئێمەش لەم پێشكەوتنە نوێیە دانەبڕێین و سوودی لێ وەربگرین. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم بوارە زانستییە نوێیە و ئەم پێشكەوتنە سەرسوڕهێنەرەی كە لە هەموو بوارەكانی ژیاندا دەردەكەوێت و وەرچەرخانێك دروست دەكات، گۆڤاری گوڵان چەند پرسیاری ئاراستەی دكتۆر هونەر ئەحمەد پسپۆڕ لە زانستەكانی مێشك و دەمار كرد، كە لە زانكۆی كامبریدج لە بەریتانیا خوێندوویەتی و توێژینەوەی لەسەر زیرەكیی دەستكرد هەیە، هەر وەكو خۆی دەڵێت داهێنانەكە پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ بەشەكانی زانستی مێشك و دەماغی مرۆڤەوە هەیە و توانای بەشەكانی خەزنكردن و بیركردنەوە و داهێنان لە مێشكدا تێدەپەڕێنێت.

     

     

    * با لە سەرەتادا لە توێژینەوەكەتەوە دەست پێ بكەین، كە تێیدا زیرەكیی دەستكردت بە (دواداهێنانی مرۆڤایەتی) وەسف كردووە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە خۆت كە پزیشكێكی مێشك و دەماریت چۆن ڕووت لەم زانستەی (زیرەكیی دەستكرد) كردووە و ئایا پەیوەندییەكی هاوبەش لە نێوانیاندا هەیە؟

    - «زیرەكیی دەستكرد» لەگەڵ «هۆشمەندیی مرۆڤ» بەشێكی توێژینەوەكانم بوو، وێڕای جیاوازییەكانی ئەم دوو بوارە، بەڵام لایەنی هاوبەشیان زۆرە، خۆ دوا جار ئەگەر لایەنی بایۆلۆژی و زانستی مێشك نەزانین، لە كاركردنی زیرەكیی دەستكرد شارەزا نابین، ئەو زانستە بە شێوەیەك پێش كەوتووە كە چەندین بەشی دەماغی مرۆڤی بەجێ هێشتووە، زیرەكیی دەستكرد بە یەكێك لە داهێنانە گەورەكانی مرۆڤایەتی دادەنرێت و پێشكەوتنێكی زۆر سەرسوڕهێنەرە، تەنانەت وا پێشبینی دەكرێت ئەم داهێنانە ببێتە هۆكاری چارەسەری زۆربەی ئەو كێشە و گرفتانەی كە مرۆڤ بەدەستییەوە گرفتار بووە، وەك: ئەو نەخۆشییانەی چارەسەریان نییە، یان ئەو كێشانەی لە دەرەوەی توانای مرۆڤن و تەنانەت پێشبینی و پێشهاتەكانیشمان بۆ دەكات، ئەمەش بۆ خۆدوورخستنەوە لە قەیرانەكان و تەنانەت بەڕێوەبردنی قەیرانەكان زۆر پێویستە و بەشەرییەت بە قۆناغی زۆر خێرادا دەچێتە پێشەوە، وڵاتە پێشكەوتووەكانی جیهان سەرقاڵی گرنگیدانن بەم داهێنانە، چونكە دەزانن بەهۆی ئەم داهێنانەوە لە داهاتوو دەبنە پێشەنگی وڵاتان، من خاوەنی بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرام لە بواری زانستی مێشك و دەماغ و دەمار، بەڵام لەم بوارەدا سەرقاڵی توێژینەوە و پەرەپێدانی تواناكانم دەست پێ كردووە، چونكە باش دەزانم زیرەكی و هۆشمەندیی دەستكرد، چ وەرچەرخانێك لە زانستی پزیشكی و سەرجەم زانستەكاندا دروست دەكات، زیرەكیی دەستكرد بۆ سەرجەم زانستەكان زەروورە، بەڵام بۆ بواری پزیشكی زۆر گرنگە و سەدان ساڵە مرۆڤایەتی خەون بەم وەرچەرخانەوە دەبینێت، زیرەكیی دەستكرد تا دوێنێ جۆرێك بووە لە خەیاڵ و ئەمڕۆ بووەتە واقیع، چاوەڕوانیش دەكرێت هەموو داهێنانەكانی داهاتوو لە ڕێگەی یان بە هاوكاریی زیرەكیی دەستكرد بچێتە پێشەوە و بەڕێوە ببرێت.

    * ئایا هیچ پێوەرێك هەیە بۆ خێرایی پێشكەوتن و پەرەپێدانی ئەم زانستە، چونكە زۆربەی زانستەكان و پێشكەوتنەكان بەستراوەتەوە بە قۆناغێكی مێژوویی لە تەمەنی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتییەوە؟

    - ئەم پرسیارە زۆر گرنگە بۆ ئەوەی بیسەلمێنین كە زیرەكیی دەستكرد چەند خێرا گەشە دەكات، بەڵگەش بۆ ئەمە، با بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای سەرهەڵدانی شارستانییەت و پێشكەوتنی مرۆڤایەتی كە خۆی لە 10 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەبینێتەوە، ئەمە لە كاتێكدا سەرەتای مرۆڤایەتی مێژووەكەی 200 هەزار ساڵە، زۆربەی داهێنانەكانی مرۆڤایەتی مێژووەكەی لەم 300 ساڵەی دواییدا بووە، هیچ شارستانییەتێكیش پێش سەرهەڵدانی نووسین دروست نەبووە و نووسین بە داهێنانی وەرچەرخان ناو دەبرێت، چونكە هاوكاری مێشكی مرۆڤ بوو، بۆ هەڵگرتنی زانیاری و توێژینەوە و دەركەوتنی بیردۆزەكان، با ڕوونتر بۆتان باس بكەم، لە ناو مێشكی مرۆڤدا بەشێك هەیە پێی دەگوترێت (یادكردنەوەی كارا – زەینی مرۆڤ) ئەمەش وەكو ڕامی كۆمپیوتەرە و زانیارییە ئەكتیڤ و نوێیەكان خەزن دەكات، بەڵام توانای ئەم بەشەی مێشك لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگۆڕێت و خۆی هەر لە ئەسڵدا توانای سنووردارە، دووەم داهێنان لە ناو كۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا بریتی بووە لە میتۆدی زانستی كە نزیكەی 300 ساڵ پێش ئێستا ڕووی داوە، بە واتایەكی دیكە (توانای نووسین و میتۆدی زانستی) پێكەوە وایان كرد كە مێژووی مرۆڤایەتی وەرچەرخانێكی گەورە بەخۆیەوە ببینێت، لە ئێستاشدا پێویستیمان بە ڕێگەچارەسەرێكە بۆ ئەوەی كێشە ئاڵۆزەكان كە لە دەرەوەی سنووری مێشك و دەسەڵاتی مرۆڤ و تەنانەت نووسین و میتۆدی زانستییە تێپەڕێنین، كە ئەویش زیرەكیی دەستكردە، كە ئامرازێكە چاوەڕوان دەكرێت پێشكەوتنی مرۆڤایەتی زۆر خێراتر بكات، ئەم زیرەكیی دەستكردەش بە واتای زیرەكیی مێشكی مرۆڤ نایەت، چونكە مێشكی مرۆڤ زۆر شتی دیكە ئەنجام دەدات، ئێمە لێرەدا تەنیا مەبەستمانە هاوكاریی ئەو بەشەی مێشك بكات كە توانای داهێنان و بیركردنەوە و پێشكەوتنی هەیە، خۆی پرۆسەكە زۆر خێرا بەڕێوە دەچێت و تەنانەت كۆمەڵگە پێشكەوتووەكانی ئەمریكا و چین و ئیسرائیلیش خۆیان بۆ حازر نەكردووە و چاوەڕوانی ئەو خێراییەیان لێ نەدەكرد كە لە ماوەی تەنیا ساڵێكدا وا پێشكەوتووە.

    * ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان لە كوێی ئەو داهێنانە گەورەیەی مرۆڤایەتیداین؟ بە واتایەكی دیكە ئایا چی بكرێت بۆ ئەوەی لانی كەم لەم زانستە بێ ئاگا نەبین؟

    - هەرچەندە لێرە و لەوێ لەسەر زیرەكیی دەستكرد بە توێژینەوە باس دەكرێت، یان زۆرجار بەكار دەهێنرێت، بەڵام بەداخەوە ئێمە بە خۆشمەوە، زۆر بێ ئاگاین لێی و لە سەرەتاداین، ئەمە لە كاتێكدا وڵاتە پێشكەوتووەكانی دونیا و گەورە كۆمپانیاكانیان بە ملیۆنها دۆلار لە پێناو لێكۆڵینەوە و پێشخستنی ئەم زانستەدا خەرج دەكەن، ئەگەر ڕیزبەندی وڵاتان سەیر بكەین، دەبینین ئەم نۆ وڵاتە لە ڕیزبەندی پێشەوە دێن كە بریتین لە (ئەمریكا، چین، ئیسرائیل، فەرەنسا، سەنگاپورا، ئەڵمانیا، سوید و هیندستان) ئەم وڵاتانە بە ملیۆنان دۆلار بۆ قۆرخكاری و بەدەستهێنانی ئەم زانستە خەرج دەكەن، هەروەكو چۆن لە تەكنەلۆژیا و زانستی دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمیدا بوونەتە پێشەنگ و كۆنتڕۆڵی جیهانیان كردووە، بە هەمان شێوە ئەمە زانستێكی گەورە و مەترسیداریشە، ئێمە كاتێك ئەم دیدارە ئەنجام دەدەین، زیرەكیی دەستكرد بە توانایەكی زۆر سەرسوڕهێنەرەوە ئێمە بە جێ دەهێڵێت، زیرەكیی دەستكرد توانای گشتاندنی زۆر بووە و دەرخەری زیاتر بووە و بە خێرایی وەڵامی پرسیارەكان و شیكارییەكانیش دەداتەوە، با خۆمان بۆ پێشبینی و ئاراستەكردنی مرۆڤایەتیش ئامادە بكەین، كە داهێنانی گەورەمان بۆ دەهێنێت. ئێمە هەر وەكو تەكنەلۆژیاكانی دیكەی ئەنتەرنێت و فەیسبووك و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و زۆر زانستی دیكە بەكارهێنەرین، لەكاتێكدا زیرەكیی دەستكرد لە ناو كۆمپیوتەر و لاپتۆپ و مۆبایلە زیرەكەكانماندا دەتوانێت ئەپڵیكەیشنیش دابەزێنین و سوودی لێ وەربگرین، بەڵام بە هاوشێوەی مێشكێكی قەبارە بچووك، بە واتایەكی دیكە ئەگەر بمانەوێت زیرەكیی دەستكردی گەورە دروست بكەین، ئەوا پێویستیمان بە دامەزراوە و كۆمپیوتەری بەتوانا و قەبارەی زۆر گەورە دەبێت.

    * پێشنیاز و بۆچوونت بۆ گرنگیدان بە زیرەكیی دەستكرد لە هەرێمی كوردستاندا چییە ؟

    - زیرەكیی دەستكرد دوا داهێنانی مرۆڤایەتییە و لە سەرەتای ڕێگەدایە، بەڵام زۆر خێرا بەرەوپێشەوە دەچێت و گۆڕانكاریی گەورەتر و سەرسوڕهێنەرتری لێ دەكەوێتەوە. چاوەڕوان دەكرێت تواناكانی تەنیا بۆ دۆزینەوە و وەڵامدانەوە نەبێت، بەڵكو توانای دروستكردنی پەیوەندیی قووڵ و بێسنووری هەبێت، زۆر پێویستە لە زانكۆ و پڕۆگرامەكان و قوتابخانەكان و ناوەندە پزیشكی و سەنتەرەكان و گەورە كۆمپانیاكان و تەنانەت دامەزراوەكانی حكومەت، بەشی ئای تی و كۆمپیوتەر و زانیارییەكان لە ڕێگەی خولی ڕاهێنان و پەرەپێدانی توانای مرۆییەوە پێش بخرێت، تاوەكو لانی كەم بۆ ئەوەی ئەگەر پێشەنگیش نین، بەڵام بێ ئاگا نەبین لە زانستی زیرەكیی دەستكرد، تەنانەت دەبێت ئاگاداری لایەنی خراپیشی بین، بۆ نموونە: ئەم زیرەكیی دەستكردە دەتوانێت بە ڤیدیۆ و دەنگ و ڕەنگی هاوشێوەی ڕاستەقینە هەواڵێكت بۆ دروست بكات، كە ڕاستیی تێدا نییە و تەنانەت بێتە ناو كۆمپیوتەر و لاپتۆپ و ئامێرەكانی بەردەستت و بیركردنەوەت بزانێت و هاوشێوەی ویست و بۆچوونی تۆ وەڵامت بداتەوە و بگرە مەترسی هەیە گەمە بە نرخەكانی بۆرسە و بازاڕە داراییەكانیشەوە بكات، ئێمە لە بەردەم تەكنەلۆژیایەكی نوێداین كە بە شێوەیەكی زۆر خێرا لەدایكبووە و گەورە دەبێت، كەچی تا ئێستا لە قۆناغەكانی ناوەندی و دواناوەندی و زانكۆدا شارەزاییمان لە تەكنەلۆژیا و دروستكردنی ئەپڵیكەیشن و سۆڤت وێرەكاندا نییە و هەر بەكارهێنەرین، بۆیە زیرەكیی دەستكرد شۆڕشێكە دەبێت خۆمانی بۆ ئامادە بكەین .

Top