دیداری سەرۆكی هەرێم لەگەڵ زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان هەنگاوێكی گرنگ و دیدارێكی مێژوویی
لە میانەی ئەو دیدار و ئێوارەخوانەی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆتایی مانگی پیرۆزی ڕەمەزانی ئەمساڵ بۆ ژمارەیەكی بەرچاو لە مامۆستایانی ئایینیی هەرێمی كوردستان ڕێكیخست، پێم خۆش بوو ئاماژە بە هەندێ بڕگەی دیدارەكە و ڕەهەند و لێكەوتەكانی بكەم، بۆ ئەوەی تەواوی خەڵكی كوردستان و بەتایبەت مامۆستایانی ئایینی بەرچاویان ڕوون بێت و ئاگاداری ناوەرۆكی دیدارەكە بن.
لە ڕاستیدا ئەم دیدارە لەبەر ئەوەی تایبەت و لوتكەیی و مێژوویی بوو، گرنگی و بایەخ و تایبەتمەندیی خۆی هەبوو، بەتایبەت لە كاتێكی وادا ڕێزگرتن بوو لە كۆشش و ئەرك و ماندووبوونی سەرجەم زانایانی ئایینی لە پای ئەو خزمەتەی لە گەیاندنی پەیامی دینداری و ئامۆژگاری و بەرزكردنەوەی لایەنی ڕۆحی و ئیمانیی خەڵكی موسڵمان و هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە دەیكەن، لەو سۆنگەیەوە سەرۆكی هەرێم ڕێز و دڵسۆزی و هەستێكی خۆش و خۆشحاڵییەكی زۆری بەرانبەر مامۆستایانی ئایینی پیشان دا، بۆ وەها دیدار و چاوپێكەوتنی لەگەڵ نوخبەیەكی دیاری مامۆستایانی ئایینی بە جیاوازی ئایدیا و بۆچوون و شوێنی خزمەتكردنەوە، كە ئاماژە و بەڵگەی ڕێزگرتنی دەستەڵاتی ئەم هەرێمەیە لە پێگەی ئایین و مامۆستایانی ئایینی و ڕۆڵی ئایین لە ئاراستەكردنی كۆمەڵگە و سەقامگیریی كۆمەڵایەتیدا.
لە هەمان كات ئەم لێكنزیكی و گفتوگۆیانە بایەخی زۆریان بۆ بەرژەوەندیی گشتی و ئایندەی كوردستان هەیە، هەروەها بە ڕاوێژ و وەرگرتنی پەیامی دڵسۆزانەی زانایانی ئایینی و ڕێزگرتن لە نیشتمانپەروەران و ئاییندۆستانی كوردستان، دەتوانرێ نزیكتر و وردتر لە هەست و خواستی هاووڵاتیان و كۆمەڵگە دەستنیشانی گرفتەكان بكرێ و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە، چونكە مامۆستایانی ئایینی شەریحەیەكی گرنگ و كاریگەر و خاوەن نفووزی جەماوەری و پێگەی كۆمەڵایەتین و، نوێنەرایەتیی پەیامێكی پیرۆز دەكەن، ڕۆژانەش بە حوكمی كار و پیشەیان تێكەڵاوی خەڵكن، كەواتە ڕێزگرتن لە زانایانی ئایینی ڕێزگرتنە لەو زۆرینەیەی پێی دەگوترێ موسڵمان لە كۆمەڵگەدا، لە هەمان كات هەستكردنە بە كاریگەریی گوتاری ئایینی لە بەرزكرنەوەی هۆشیاریی تاك و پاراستنی كەلتوور و بەها مرۆڤایەتییەكان و ڕێزگرتن لە ئیرادە و هەستی نەتەوەپەروەری و ڕێبازی عیرفانی و بڵاوكردنەوەی بەها و ڕەوشتی جوان و بەرزكردنەوەی لایەنی ڕۆحی، بۆیە دانیشتنەكەش لەو كەشە مەعنەوییە بێبەش نەبوو و كۆمەڵێك قەسیدەی ئایینی و عیرفانییش خوێندرانەوە.
دوای پێشوازییەكی گەرم لە تاك بە تاكی بەشداربووان و بەخێرهێنانی گەرم لەلایەن خودی سەرۆكی هەرێم، دانیشتنێكی تایبەت بەڕێوە چوو، سەرۆكی یەكێتیی زانایان بەڕێز د. عەبدوڵا مەلا وەیسی بە ناوی زانایانەوە سوپاسی سەرۆكی هەرێمی كرد، بۆ ڕەخساندنی دەرفەت و سازكردنی ئێوارەخوان بۆ زانایانی ئایینی وەك ڕێزگرتن لە ئەركی پیرۆزیان لە مانگی ڕەمەزان، دواتر بە كورتی و پوختی دوو خاڵی باس كرد: لە خاڵی یەكەم تیشكی خستە سەر ئەسڵ و ڕەسەنایەتیی میللەتی كورد و ئاماژەی بەوە دا، كە بەرپرسیارێتیی قۆناغی ئێستای كورد لە ئەستۆی سەرۆكی هەرێمدایە و ئەم هەرێمەش تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بۆیە ئەم پەیامە بە ناوی سەرجەم زانایانەوە ڕادەگەیێنین، كە گرنگە لە ڕووی تایبەتمەندیی ئایینی و ڕەسەنایەتی و بەها مرۆڤایەتییەكان و ئەخلاق و كەلتووری نەتەوەیی بپارێزرێت و درز و دەستی ڕەشی كەس دۆخی كۆمەڵگە و لایەنی كۆمەڵایەتیمان بەرەو ئاقارێكی خراپ و ناڕێك نەبات.
لە خاڵی دووەمیش باسی لە واقیعی ئێستای كوردستان و ئەو كەشە سیاسییەی نێوان حزب و لایەنە سیاسییەكان كرد، كە پێویستە هەمووان پێكەوە لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و باشتركردنی گوزەران و بەرەوپێشبردنی كوردستان جەژنی ڕەمەزان بكەنە دەرفەتێك بۆ ڕاگەیاندنی ئاشتەوایی نیشتمانی و دانیشتن لەسەر مێزی دیالۆگ و گفتوگۆ و هێوركردنەوەی گرژییەكان، لەوەشدا هیوای خواست سەرۆكی هەرێم وەك ئەندازیاری ئاشتەوایی دوای جەژن ڕۆڵی زیاتر و هەوڵی جددی بدات، بۆ كۆكردنەوەی سەرجەم لایەنەكان و وەلانانی ناكۆكییەكان و ڕاگەیاندنی موژدەی ئاشتەوایی نیشتمانی، چونكە لە ئەنجامی یەكڕیزیی نێوماڵی كورد و ئاشتەوایی نێوان لایەنەكان ئەگەری باشتربوونی گوزەران و ژیانی خەڵكی كوردستان زیاترە و قەزیەی كورد لە ناوخۆ و دەرەوە، سەركەوتنی پتر و باشتر مسۆگەر دەكات.
بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دەستپێكی قسەكانی زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی مامۆستایانی كرد و، ئامانجی دانیشتنەكەی ڕوون كردەوە و گوتی: «هەموو لایەكتان زۆر بەخێر بێن، هەر لە زاخۆ تا خانەقین، بەڕاستی زۆر زۆر خۆشحاڵین كە داوای ئێمەتان قەبووڵ كرد و تەشریفتان هێناوە، زۆر سوپاستان دەكەین و هەموومان لە سەرۆكایەتیی هەرێم بەخێرهاتنتان دەكەین. مەبەستمان بوو هەموو زانایانی ئایینی دەعوەت بكەین، بەڵام لەبەر گونجان و مانگی ڕەمەزان ئێوە تەمسیلی هەموویان دەكەن و ڕێزی زۆرمان بۆ یەك بە یەكی مامۆستایانی ئایینی هەیە كە لەگەڵ ئێمە ئێستا ئامادە نین، بە هیوام هەر مامۆستایەكی ئایینی لە هەر شوێنێكە بە گەورەیی خۆی لێمان قەبووڵ بكات، خوای گەورە تاعەتی هەموو لایەك قەبووڵ بكات و، داواشتان لێ دەكەم لە دوعا و نزاكانتان لەبیرمان نەكەن و دوعای خێرمان بۆ بكەن، وە سوپاسی سەرۆكی یەكێتیی زانایان دەكەم لەسەر ئەوەی عەرزی كرد، لە ڕاستیدا ئەوەی ئێمە بیكەین، یان كردوومانە و یان دەیكەین، ئەوە ئەركی ئێمەیە و نە مننەتی تێدایە و نە مننەت لەسەر كەس دەكەین، ئەگەر پێمان بكرێ خزمەتێك بكەین، دەبێ بیكەین».
سەبارەت بە ڕۆڵ و پێگەی مامۆستایانی ئایینی و مێژووی پڕ شانازی گەلەكەمان بە هەردوو ئاراستەی خەباتی نەتەوەیی و خزمەتی ئایینی، سەرۆكی هەرێم تیشكی خستە سەر ئەو كاریگەرییەی زانایانی ئایینی هەیانە لەناو كۆمەڵگەدا و گوتی: «ئێوەی مامۆستایانی ئایینی باشتر لە هەموو كەس زیاتر ڕۆڵ و پێگەی خۆتان لەناو كۆمەڵگە دەزانن، هەر لە كۆمەڵگەی كوردەواری و شۆڕشەكانی كوردستان و شۆڕشی مەلا مستەفای بارزانی و هەموو قۆناغەكان، لە قۆناغی بەرگری و ئازادی و دوای سەرهەڵدان، ڕۆڵی زانایانی ئایینی بەرجەستە بووە و، ڕۆڵی چاكە و خێریان هەبووە، بۆ ئاشتكردنەوەی كۆمەڵگە و لایەنە سیاسییەكان، بەو پێیەی ئێمە كۆمەڵگەیەكی موسڵمانین و زۆرینەی كۆمەڵگە موسڵمانە، خۆشمان وەك بنەماڵەی بارزان و ڕێبازی خزمەت و خەبات ئەسڵی خۆی پتر لە سێسەد ساڵە دەستپێكردنەكەی دەستپێكێكی ئایینی بووە و دیفاع بووە لە حەق و لە ئایین و ئێستاش ئێمە پابەند دەمێنینەوە بەم بنەما و ئەسڵەی هەمان بووە».
دواتر هاتە سەر دۆخی سیاسیی كوردستان و پەیوەندیی نێوان لایەنەكان و گرنگیی ئەو هەنگاوانەی بەپێی ئەزموون گرنگە ڕەچاو بكرێن، بەڕێزیان گوتی: «كوردستان وڵاتی هەموومانە و ئەوەی ئەمڕۆ لە كوردستان هەیە، بەرهەمی خەبات و قوربانیدان و بەرخۆدان و تێكۆشانی هەمووان بووە، ئێمە كە پێكەوە بووین و پێكەوە تێكۆشاوین و یەكڕیز بووین و لە یەك سەنگەر بووین، دەستكەوتی باشمان بەدەست هێناوە، بەڵام لە لێكترازان و غیابی یەكهەڵوێستی، هەموو لایەك زەرەرمان كردووە و كەس قازانجی نەكردووە. سەیری قۆناغەكانی ڕاپەرین بكەن، ساڵی 1991 ڕاپەرین بە بڕیاری بەرەی كوردستانی لەلایەن خوالێخۆشبوو مام جەلال و خوالێخۆشبوو كاك نەوشیروان و جەنابی كاك مەسعود بارزانی (خوا تەمەنی درێژ بكات) لەگەڵ هەموو لایەنەكانی تر بەردی بناغەی سەرهەڵدان و سەركەوتنیان دانا، لەم قۆناغەدا سەركەوتین، چونكە پێكەوە بووین، دوای قۆناغی 2003 كە دەستووری هەمیشەیی عێراق نووسرا و كۆمەڵێك دەستكەوت بۆ كورد مسۆگەر كرا، نەتیجەی ئەو یەكگرتن و یەكهەڵوێستییەی كورد بوو، كە پێكەوە دەبین، دەستكەوتمان دەبێت، بەڵام كە لەگەڵ یەك نابین، زۆر شت لەدەست دەدەین. بۆ دڵنیایی ئێوەی بەڕێز، ئەو دەستكەوتانەی ئەمڕۆ هەمانە لە سایەی خەباتی هەموو گەلی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكانمانەوە بووە». بەڕێزیان دووپاتی كردەوە كە دەبێ بە گەشبینییەوە لە چارەسەربوونی كێشە ناوخۆیی و پرسە هەڵواسراوەكان لەگەڵ بەغدا بڕوانین، چونكە بێجگە لە پێكهاتن هیچ بژاردەیەكی دیكە لە بەردەم لایەنەكاندا نییە و لەگەڵ بەغداش لەسەر ڕێگەی ڕێككەوتن و لەیەكگەیشتنین.
دواتر هاتە سەر قۆناغی شەڕی داعش و ڕووبەڕووبوونەوەی فكری توندڕەوی و ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە و بەرهەڵستكاریی هزری توندڕەوی و گوتی: «لە سەردەمی هاتنی داعش ڕۆڵی زانایانی ئایینی یەكجار گرنگ و گەورە بوو، جێی خۆیەتی بڵێم پڕ بەدڵ سوپاسی مامۆستایانی ئایینی دەكەم، ئەگەر دیقەت بدەن، زەمینەی توندڕەوی و پاڵپشتی لە فكرەی توندڕۆیی لە كوردستان نەبوو، ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ وتاری ئایینیی مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی كە هۆشیارییان لەناو كۆمەڵگە بڵاو كردووەتەوە و تاكی كوردیان پاراستووە، لەو كاتدا كە دوو ملیۆن ئاوارە بە هۆی داعشەوە هاتنە كوردستان، لە بیرمە لە شاری دهۆك دەرگای مزگەوتەكان بۆ ئاوارەكانی مەسیحی و ئێزدی كرانەوە و لەلایەن زانایانی ئایینی هاوكاری دەكران، ئەمە نموونە و تابلۆیەكی جوانە و هەموو لایەكمان شانازی پێوە دەكەین. من پێش ئێستا لە دەرەوە بووم لای پاپای ڤاتیكان، یەك لەو شتانەی كە لە لای ئەو گرنگ بوو لەسەر كوردستان باسی كرد، مەسەلەی ئەو پێكەوەژیانە بوو كە لە كوردستان هەیە و هەموو ئایینەكان بە ئاشتی و ڕێزگرتن لە یەكتری بە یەكەوە دەژین».
هەروەها نموونەیەكی دیكەی لە خزمەت و ڕۆڵی زانایان هێنایەوە كە دەگەڕایەوە بۆ سەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و گوتی: «لە سەردەمی كۆرۆنا مامۆستایانی ئایینی ڕۆڵێكی گەورەیان لە هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان و مەسەلەی خۆپارێزی گێڕا، بەداخەوە بەشێكیشیان بە هۆی نەخۆشیی كۆرۆناوە گیانیان لەدەست دا، كە لێرەوە سەری ڕێز و نەوازش بۆ كۆچكردووان دادەنوێنم و، ڕۆڵی هەموو لایەك لەم پرۆسەیەی هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە بەرز دەنرخێنم.
ماوەتەوە بڵێم؛ ئەو ڕێزگرتنەی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە زانایانی ئایینی و پیشاندانی هەست و هەڵوێست و بەرزنرخاندنی خزمەت و ڕۆڵیان، نیشانەی بایەخدانی بەڕێزیانە بە پێگەی مامۆستایانی ئایینی و كاریگەریی وتار و پەیامیان، كە خۆی لە گەیاندنی ئیسلامی ڕاستەقینە و هەستی نیشتمانپەروەری و نەتەوەپەروەری دەبینێتەوە و خەمی لە پێشینەیان بەرەو پێشبردنی ڕەوشی دینداری و هێشتنەوەی ڕەسەنایەتی و كەلتووری كوردەواری و یەكبوونی نێوماڵی كورد و پاراستنی بەها مرۆڤایەتییەكان و مۆڕاڵی كۆمەڵگەیە، زانایانی ئایینیش زۆر خۆشحاڵ بوون بەو هەڵسوكەوت و مامەڵە بەرز و جوانەی سەرۆكی هەرێم، بەتایبەت لە ڕێزگرتن و وەستان لە كاتی بانگدان و ئەنجامدانی نوێژی بەكۆمەڵ لەگەڵ زانایان و داوای نزا و دوعای مۆفەقییەت و گوێگرتن لە قەسیدەی عیرفانی و خۆشحاڵی دەربڕین بە كەشی ڕۆحی و ئیمانی و مەجلیسی زانایان، بۆیە دواجار باسی لە هەستی خۆی كرد بەرانبەر دیدارەكە و گوتی: «جارێكی تر بەخێرهاتنتان دەكەم و پڕ بەدڵ ئەو قسەیە دەكەم كە بۆ من دانیشتنێكی خۆش و مایەی خۆشحاڵییەكی یەكجار زۆر بوو، بەتایبەت لە ڕۆژێكی پیرۆزی وەك ڕەمەزان، ئەو شتە ڕۆحییانەی خوێندتانەوە، منیش زۆر پێی ئاسوودە بووم، ئینشائەڵڵا خوای گەورە هیدایەتی هەموو لایەكمان بدات و، لە دوعای خۆتان بێبەشمان نەكەن و كوردستان هەر بە خۆشی بمێنێتەوە و هەموومان بە برایەتی و یەكڕیزی و پێكەوەیی هەرچی قۆناغی ناخۆشیشە دەربازی بكەین».