بەردەوامیی پاراستن و چاككردنی ژینگە لە كارنامەی كابینەی نۆیەمدا
لە كاتێكدا لەسەر ئاستی جیهان زۆرێك لە كۆمپانیا و دەوڵەتانی خاوەن پیشەسازی و ئابووریی گەورە زیانێكی زۆریان بە ژینگە گەیاندووە، زۆرێكیش لە مرۆڤەكان پڕۆسەی ئاشتبوونەوەیان لەگەڵ سرووشتدا زۆر دوا خستووە و گەیاندوویانەتە بنبەست، بێ ئاگا، یان ئاگادار لەوەی كە گشت ئەو كێشانەی ڕووبەڕووی هەسارەكەمان بوونەتەوە و دەبنەوە لە گۆڕانی كەش و هەوا و خراپ بەكاربردنی دەرامەتەكان و زۆر كێشەی دیكە، دەستكردی مرۆڤن.
ئێمەش لە وڵاتانی بەكاربەردا وەك هەر مرۆڤێكی دیكەی سەر ئەم هەسارەیە، وێڕای ئەو كارە دژ بە ژینگەییانەی جیهان، خۆشمان چ وەك تاك و چ وەك كۆمەڵگە بە ڕێژەی جیا جیا ڕۆڵی نەرێنیمان لە زیان گەیاندن بە ژینگە هەبووە. بەڵام كابینەی نۆیەم و بەردەوامیی كارنامەكەی لە بواری پاراستن و چاككردنی ژینگەدا ناونیشانێكی گرنگی بە ژینگەپارێزی داوە، كاتێك دەڵێت: «ژینگە گەورەترین سەرمایەی هەرێمە»، بۆ ئەم مەبەستەش لە دوو خاڵی سەرەكیدا كار لەسەر چەمكی ژینگەپارێزی دەكات:
یەكەم: هەوڵدان بۆ بەكەلتووركردنی چەمكی ژینگەپارێزی لە ڕێگەی هۆشیاركردنەوە.
دووەم: كەمكردنەوەی مەترسییە ژینگەییەكان لە ڕێگەی یاسا و پەیڕەو و ڕێنماییەكانەوە.
بۆیە دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان لە جێبەجێكردن و وردكردنەوەی ئەو ئامانجە سەرەكییەی پێشەوەدا، لە ماوەی نێوان ڕۆژی ژینگەی كوردستان لە ساڵی پارەوە تا هەمان بۆنە لە ئەم ساڵدا (2023) ئەم هەنگاوانەی لای خوارەوەی ناوە:
بەردەوامیی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی باڵای پاراستن و چاككردنی ژینگە لەگەڵ نوێنەرانی وەزارەت و دەستەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكوومییەكان و ڕێكخراوە ژینگەییەكان.
دامەزراندنی ئەنجومەنی پاراستن و چاككردنی ژینگە لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان.
پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ كەناڵەكانی میدیای بینراو، بیستراو و خوێنراو.
بە یەك گەیاندنی كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتی بیانی و ناوخۆ بە وەزارەت و دەستەكان بە مەبەستی ئەنجامدانی وەبەرهێنانی ژینگەیی بە ئاراستەی ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی كەش و هەوا.
بەردەوامیدان بە كۆبوونەوە ئاساییەكانی ئەنجومەنی دەستەی ژینگە.
كاراكردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان.
تاوتوێكردنی كێشە ژینگەییەكان لەگەڵ ئاژانسەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان.
بوون بە ئەندام لە 15 لێژنەی نیشتمانیی تایبەت بە بوارەكانی ژینگە لەسەر ئاستی عێراق.
بەشداربوون لە كۆنگرە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە گۆڕانی كەش و هەوا.
واژۆكردنی یاداشتنامەی لەیەكگەیشتن لەگەڵ ژمارەیەك لە زانكۆ حكوومی و ئەهلییەكان.
بڵاوكردنەوەی كتێب و نامیلكە و پەخشنامەی دیواری و دەستیی تایبەت بە ژینگەپارێزی.
ئاشناكردنی كونسوڵخانەی زۆربەی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان بە بارودۆخی ژینگە و كێشەكانی.
ناساندنی زیاتری ژینگە بە هاووڵاتیان لە ڕێگەی بەردەوامیی ڕێوڕەسمی ڕۆژی ژینگەی پارێزگاكان.
هەماهەنگیی لەگەڵ ئاژانسە جیهانییەكانی وەك: جایكا، جی ئای زێد، یو ئێس ئەید، یوكەی ئەید.
هەماهەنگیی لەگەڵ ڕاوێژكارانی سەرۆكایەتیی هەرێم و سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان.
دەرچوواندنی ڕێنمایی و هەمواركردنەوەی یاسایی و دەركردنی بەیانی یاسایی وەك ئەمانەی لای خوارەوە:
هەمواركردنی ماددەی 42 لە یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2008ی پاراستن و چاككردنی ژینگە.
دەرچوواندنی ڕێنمایی تایبەت بە دانانی چاودێریی ژینگەیی بۆ پڕۆژەكان.
دەرچوواندنی ڕێنمایی تایبەت بە بەخێوكردنی ئاژەڵ و باڵندەی كێوی.
دەرچوواندنی ڕێنمایی تایبەت بە پۆڵێنی پڕۆژەكان و ڕەزامەندیی ژینگەیی.
دەرچوواندنی ڕێنمایی تایبەت بە پاراستنی چینی ئۆزۆن.
دەرچوواندنی ڕێنمایی تایبەت بە سەرچاوە تیشكدەرەكان.
دەرچوواندنی ڕێنمایی تایبەت بە خۆپاراستن لە تیشكی نائایۆنی.
ئامادەكردنی پەیڕەوی نوێی تایبەت بە پارێزراوە سرووشتییەكان لە هەرێمی كوردستان.
دانانی سیستمی ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە لە بارەی ماددە تیشكاوەرەكانەوە لە فەرمانگەی ژینگەی هەولێر و سلێمانی و دهۆك.
بەردەوامبوون لە ئەنجامدانی سیمینار و كۆڕ و وۆڕكشۆپ و پانێڵ و كردنەوەی پێشانگای ژینگەیی.
دابەشكردنی دە هەزار دانە كتێبی ڕێبەری ژینگەیی بۆ قوتابخانەكان بە هاوكاریی دەزگای ڕوانگە.
كردنەوەی فەرمانگەی ژینگە لە پارێزگای هەڵەبجە.
كردنەوەی فەرمانگەی ژینگە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
وەرگرتنی ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران بۆ كردنەوەی فەرمانگەی ژینگە لە زاخۆ.
پەسەندكردنی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پلانی ساڵی 2023ی دەستە تایبەت بە گۆڕانی كەش و هەوا.
بە ئومێدی ئەوەی بە هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان هەموو لایەنەكانی پەیوەست بە ژینگەوە، بتوانین تا ڕۆژی ژینگە لە ساڵی 2024دا كار و چالاكیی باشتر ئەنجام بدەین، بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە سەرەكییانەی كە لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتوون، بەو دروشمەی كە جەخت دەكاتەوە لەسەر ئەو ڕاستییەی كە: «ژینگە گەورەترین سەرمایەی هەرێمە».